عیماد عەلی: رەمەزان وەک هەلێک بۆ چاکەخوازیی.
ئەم مانگە زۆر شت لە خۆی دەگرێت و تەنها دەم بەستن نیە. ئەگەر هەمیشە ئەوانەی خۆیان بە باوەردار دەزانن چاویان لەسەر لایەنی ئەرێنی بێت و وەک نەریتێک ئەم مانگە بۆ چاکەکاریی ئەخلاق بەرزی و هاوکاریی و مرۆڤدۆستی بەکاریی بێنێت، جێگەی خۆی دەگرێت و ئەگەر مامەلەکردنی توندرەوانە و رەتکردنەوەی ئەویتری تێیدا وەلابنرێت. دەکرێت تا رادەیەکی باش قازانجی جەستەیی و کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی و ئابووریی باشی لێ هەلهێنجێنرێت.
باری سیاسی و کۆمەڵایەتی خەڵکی کوردستان بەم شێوەیە لە نەبونی هیچ رۆڵیکی چاکەخوازی و پەیرەونەکردنی سیستمی سۆشیال لە کوردستان، وا دەکات بتوانرێت لەم مانگەدا ئەگەر بۆ هەر مەبەستێکی ئاییینیش بێت یان دونیایی، بە ئامانجی مرۆڤدۆستانە و یەکسانیخوازی و هەست بەباری ئەویتر لە ئاوردانەوە لە هەژار و نەدار و کەم دەرامەت بەکاربێت و لەو حاڵەتەشدا کەسی بەخشندەش هەست بە ئاسودەیی دەرونی دەکات و روحی برایەتی و خۆشەویستی و هاوکاری و لێبوردەیی زال دەبێت و ئەگەر باوەرٍدار جگە لەدەم بەستن واز لە رەفتار و قسە و هەڵوێستی خراپ و توندرەوانە بێنێت، ئەم مانگە لە نێو کەلتوری کوردەواریدا بە باشی جێگەی خۆی دەگرێت.
هەر کەسێک لە ناخی خۆیدا مەیلی لە موڵکداری و خودپەرستی و نەرجسیەتی زۆر هەیە و ئەگەر ئامانجێکی گەورەی وەکو باوەربون بە بەهەشت و رازیبونی خودا لەبەردەمیدا بێت، دەتوانێت لەو سیفەتانە دورکەوێتەوە و روو لە پێچەوانەکەی بکات، لەم بارەدا رووبەری چکەخوازی و چاکەکاری زۆرتر دوەبێت، ئەگەر بە هەر بیانویەکەوە بێت و بۆ هەر مەبەستێک بێت سودی گشتی لێدەکەوێتەوە، لەم بارەدا هەموو کەسێک، هەر خێر و خۆشیەکی بۆ خۆی بوێت بۆ ئەویتریشی دەوێت و ناخۆشی بۆ خۆی و ئەویتری ناوێت و ستەم لەویتر ناکات وەک چۆن بۆ خۆی قبوڵی نەکات، چۆن بۆ خۆی دەیەوێت چاکەکرای بکرێت، بۆ ئەوی تریش بە هەمان شێوە دەبێت و ئەوەی پێی رازی دەبێت بۆ خۆی بۆ ئەویتریش دەیکات.
واتە، ئەگەر مرۆڤ بۆ هەر مەبەست و ئامانجێک ئەم مانگە بکاتە هەلێکی باش بۆ بەخۆداچونەوە و رامان و وەرگرتن و بەخشینی وزەی ئەرێنی و گیانی هاوکاری و برایەتی، نەک تەنها هەر دەم بەستن و قسەی ناجۆر و بوختان کردن بۆ ئەویتر بیروباوەرٍی هەرچۆنێک بێت، مانگێک دەبێت بۆ لێکنزیکبونەوە و بەیەکگەیشتنی خەڵک و چاکەخوازی و دوور کەوتنەوە لە ناکۆکی و ئیرەیی و تەکفیرکردن.