دانا مەنمی: مافەکانی مرۆڤ پێوەرە بۆ گەشەکردن و پێشکەوتنی وڵات.
کابینەی نۆیەم و نەفەسی پارتی بەرەو ستەمکارییەکی گەورەو حوکمی تاکڕەوییانەی خێڵەکی هەنگاو دەنێت، ئینجازو دەستکەوتی کابینەی نۆیەم قەیران و ناکۆکی و برسێتی و تۆخکردنەوەی زۆنەکان و ئاگرخۆشکردن بۆ شەڕی ناوخۆو زیندوکردنەوەی عەقڵیەتی شارچێتی و دووئیدارەیی بووە لەپاڵ پێشێلکاری بەرامبەر رۆژنامەنوسان و چالاکوانان و مامۆستایان، لە کابینەی نۆیەمدا ئیعتیباری نێودەوڵەتی لاواز بووە و شتێک نەماوە بەناوی سەنگ و متمانەی نێودەوڵەتی لای ئەوروپیەکان و ئەمریکیەکان بەرامبەر کابینەی نۆیەم و پارتی و یەکێتی.
بێگومان هەرێمی کوردستان هەموو ساڵێک پشکێکی بەرکەوتووە لە ڕاپۆرتی ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان و بەپێی زۆربەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتیەکان حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پلە یەکەمەکانی گەندەڵی جیهانیدایە، لە دوایین ڕاپۆرتدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەبارەی دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان ڕەخنەی تووند لە پێشێلکاری و گەندەڵیی و ئەنجامدانی توندوتیژی دژ بە ڕۆژنامەنوسان و چالاکوانان دەگرێت، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راپۆرتی ساڵانەی خۆیدا دەڵێ: دەستگیرکردنی ناڕەوا دژ بە ڕۆژنامەنوسان و چالاکوانان لە هەرێمی کوردستان هەیە و ئازادی رەخنەگرتن و گردبونەوەو خۆپیشاندان و هێڵەکانی ئینتەرنێت سنوردار کراوە ،سەرباری چەندین حاڵەتی دەستگیرکردن بەبێ بڕیاری دادگاو ئاگاداربوونی کەسوکاری دەستگیرکراوان.
لەمڕۆدا مەسەلەی مافەکانی مرۆڤ لە سەرتاسەری جیهاندا، بووەتە یەکێک لە گرنگترین ئەو مەسەلانەی پێویستی بە قسە لەسەرکردن و چاودێری و بەدواداچوونی ورد هەیە، مافەکانی مرۆڤ بایەخ بە هەموو لایەنەکانی ژیانی مرۆڤ دەدات، لەوانە لایەنی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابوری، کەلتووری، دەروونی، جەستەیی ، مافی مرۆڤ مافێکی ناوخۆیی یان ناوچەیی نییە، واتە تایبەت نییە بە وڵات و کەلتورو کیشوەرێکی دیاریکراو، بەڵکو مافێکی گەردونی و سنوربەزێنە ئەوەی هەیە کۆمەڵێک مافە، بۆ سەرجەم مرۆڤەکانە لە هەرکوێیەکی ئەم دونیایەدابن ، لە ئێستاداو لەم رۆژگارەدا، مافەکانی مرۆڤ بووەتە ئەو پێوانەیەی گەشەکردن و پێشکەوتنی وڵاتانی پێدەپێورێت ، گرنگ نییە چ سیستمێکی سیاسی حوکم دەکات، بەڵکو گرنگ ئەوەیە تا چەند هاوڵاتی خاوەنی مافەکانی مرۆڤە.
دۆسیەی گیراوانی بادینان تا ئێستا دۆسیەیەکی زیندوو کراوەیە لای ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە چاودێری مافەکانی مرۆڤ و رۆژنامەنووسان ، کاتی خۆیشی ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان هاتنە سەرخەت و سەرەڕای ئیدانە کردنییان، دەستبەجێ داوای ئازادکردنی گیراوانی بادینانیان کرد ، بەڵام پارتی بەمەبەستی زیاتر ترساندنی خەلکی بادینان و قەڵەمڕەوییەکەی لەپاڵ نەبوونی سەروەری یاساو بە حیزبیبوونی دادگاکان هەر رۆژەو سیناریۆو تۆمەتێکی سیاسی بۆ زیندانیانی بادینان دەهۆنیەوەو گرنگی و بایەخی بە مافەکانی مرۆڤ نەداو بەردەوام بوو لە سەر عینادی و عەبەسیەت تا گەیشتین بە مریشکە ڕەشە ! ئەوەی ئێستا دەگوزەرێ بەرئەنجامی سیاسەتی هەڵەی حوکمڕانیەتی ئیدارەدانی کاروباری خەڵکە بەشێوەیەکی نازانستی و نا عەقڵانی کە پارتی گەمەکەری سەرەکی و پلانداڕێژەریەتی کە خەڵکی کوردستانی توشی تەنگەژەی قورسی ئابوری و سیاسی كردووە.