خالید مەجید فەرەج: تروتسکی، شۆڕشی بەردەوام.
یرمەندێکی مارکسی زۆر گرنگە، ناوە ڕاستەقینەکەی لیف دافیدوفیتش برونشتاین لە ساڵی 1879 لە دایک و باوکێکی جولەکە لە ئۆکراینای سەر بە ئیمپراتۆریەتی ڕووسی لە دایک بووە. لە ئۆدیسیا بەند دەبێت، سەرۆکی پاسەوانەکانی بەندیخانەکە ناوی ترۆتسکی دەبێت. پێی باش دەبێت ئەو ناوە وەک ناوێکی نهێنی خەباتی سیاسی بۆ خۆی هەڵبژێرت. ئیدی خەڵکەکە ناوەکەی خۆیان بیر دەچێتەوەو هەر بە ترۆتسکی بانگی دەکەن و بەناوبانگ دەبێت.
هەرچەندە وا باوە، یان زۆر کەس وا دەزانێت کە ڕکابەری ستالین بووە، بەڵام هەندێک لە توێژەران دای دەنێن بە ڕکابەری یەکەمی لینین، بەشێک لە ترۆتسکیە نوێیەکان وای بۆ دەچن کە لە لینینیش بەتوانا تر بووە، بەڵام هەندێک هۆکاری مەوزوعی و شەخسی وای کردووە کە لینین شەخسی یەکەمی شۆڕشە بەڵشەفییەکەی ڕووسیا بێت.
لینین سەرکردایەتی بەڵشەفیەکانی لە ململانێیاندا لەگەڵ مەنشەفیکەکاندا دەکرد، بەڵام تروتسکی هەندێک جار وا دەردەکەوت کە لەگەڵ مەنشەفیکەکاندایە و هەندێک جاریش خۆی وا دادەنا کە لەگەڵ هیچ لایەنێک لەو دوو لایەنەدا نییە.(( بەڵشەفیک واتا زۆرینە و مەنشەفیک واتا کەمینە. لە کۆنگرەی حیزبی کرێکارانی سۆسیالیستی ڕووسی پرەنسیپەکانی حیزب و پێشنیازی یەکێک لە سەرانی حیزب کە مارتۆڤ بوو خرایە ڕوو، لە پێناسەی ئەندامدا گوتی: ئەو کەسەیە کە باوەڕی بە پرەنسیپەکانی حیزب هەیە و یارمەتی دەدات بە پارە و لەژێر فەرمانیدا دەبێت. لینینیش لەلای خۆیەوە شتێک بۆ ئەو پێناسەیە زیاد دەکات و دەڵێت: دەبێت ئەو ئەندامە ڕۆڵێکی کاریگەریشی هەبێت لە یەکێک لە کۆمەڵەکانی حیزب دا. ئەوە بوو بە زۆرینەی سێ ئەندام ڕەزامەندی لەسەر ئەو هەموارە کرا، ئەو زۆرینەیە کە دواتر لە دەوری لینین کۆبوونەوە ناویان لێ نرا بەڵشەفییەکان و ئەوانی دیکە کە کەمینە بوون ناویان لێ نرا مەنشەفیکەکان. جیاوازی نێوان بەڵشەفی و مەنشەفیک ئەوە بوو بەڵشەفیەکان بەڕابەرایەتی لینین بانگەوازیان بۆ سۆسیالیزم لەڕێگەی شۆڕشەوە دەکرد، بەڵام مەنشەفیکەکان داوای گرتنە بەری ڕێگا دیموکراسییەکانیان دەکرد. هەروەها لینین ویستی سۆسیالیزم لەڕێگەی یەک شۆرشەوە بەدیبهێنرێت، بەڵام مەنشەفیکەکان ئامادە بوون کار لەگەڵ کۆمەڵەکانی سەر بە چینە ناوەڕاست و بۆرجوازیەکە بکەن بۆ پێکهێنانی سیستەمێکی لیبرالیزمی سەرمایەداری لە ڕووسیا، وەک هەنگاوێکی بەرایی بۆ بەدیهێنانی شۆڕشی سۆسیالیزم لە داهاتوودا)).
ترۆتسکی زۆر باوەڕی بە خۆی هەبوو، واتا حەزی دەکرد جێ پەنجەی دیار بێت و ناوی لەسەر هەموو ئەو شتانەی کە بەدی دێن هەبێت. بەپێچەوانەی لینینەوە کە دەیویست ئەوەی کە باوەڕی پێی هەیە، پیادەی بکات، گرنگ نەبوو لەلای ئەو کە بڵێ هی خۆمە گرنگ لەلای ئەو هاتنە دی بیرۆکە کە بوو.
ترۆتسکی تێڕوانینەکانی خۆی زۆر بەڕاشکاوی دەردەبڕی، ئەوەش کێشەی زۆری بۆ دروست کردبوو لەگەڵ نەیار و تەنانەت لەگەڵ هاوخەباتەکانیشیدا.
دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئۆکتۆبەر نزیکەی بۆ هەشت مانگ تا وەکوو ساڵی 1918 دەبێت بە وەزیری دەرەوە، دواتر تا وەکوو ساڵی 1925 دەبێت بە وەزیری بەرگری، واتا تا پاش مردنی لینین بە ماوەیەکی کەم. ڕۆڵێکی بەرچاو لە سەرکوت کردنی نەیارەکانی شۆڕشدا دەبینێت. بەمەدا بۆمان دەردەکەوێت ترۆتسکی نەک هەر بیرمەند و مونەزیر بووە، بەڵکوو پیاوێکی ئیدارە و دەوڵەتی پلەیەکیش بووە.
دوای مردنی لینین ململانێی سەرەکی لەنێوان ترۆتسکی و ستالیندا سەر هەڵدەدات، هەرچەندە وەکوو پێشتریش گوتمان ترۆتسکیەکان بەرکابەری یەکەمی لینینیان دەزانی و هەندێکیشاین لەویان بەتوانا تر دەزانی، واتا لە دامەزرێنەری یەکێتی سۆڤیەت.
کێشەکان لێرەوە سەریان هەڵدا واتا لە قۆناغی دوای لینینەوە، چونکە ترۆتسکی خۆی بە شیاوتر دەزانی بۆ سەرکردایەتی، بەڵام ستالین توانی بە دەستێکی پۆلایینەوە دەست بەسەر یەکێتی سۆڤیەتدا بگرێت. ( وەک دیکتاتۆرێک -کە عیبادەتی شەخسی دەکرا و بە گرتنە بەری ڕێگەکانی دوورخستنەوە گرتن و کوشتنی بەکۆمەڵ و لەناو بردنی نەیارەکان و تەنانەت لەناو حیزبی شیوعیشدا) توانی ببێت بە شەخسی یەکەمی بێ ڕکابەر لە یەکێتی سۆڤیەت.
دوژمنایەتییەکەی ترۆتسکی و ستالین گەیشتبووە ڕادەیەک لە ساڵی 1938 دا حوکمی ئیعدامی بە غیابی بەسەردا دار، بە بیانووی ئەوەی لە کەوتووەتە موئامەرە و پلان لە ڕژێمەکە. ترۆتسکی ئاوارەی نێوان فەرەنسا و نەرویج و تورکیا دەبێت و تا وەکوو دوایین وێستگەی مەنفای لە مەکسیک دەگیرسێتەوە، لەوێ ستالین یەکێکی بۆ دەنێرێت تەورێک لە سەری دەدا و دەیکوژێت.
ترۆتسکی بە تەنیا نەیارێک نەبوو، بەڵکو بیرمەندێکی ناوازە بوو، بیرمەندێکی گەورەی وەک کارل پۆپەری ئینگلیزی بە ڕەچەڵەک نەمساوی، دەڵێت: لە گەنجیم دا هۆکاری سەرەکی بۆ ئینتیمام بۆ مارکسیزم گوتارەکانی ترۆتسکی بوو.
دیاری ترین بیروباوەڕەکانی ترۆتسکی لە دوو ئاراستەی سەرەکیدا خۆی دەبینییەوە:
1- شۆڕشی بەردەوام
ترۆتسکی تیۆریزەکردنی بۆ شۆڕشی بەردەوام دەکرد، دەیگوت ئێمە دوو جۆر شۆڕشمان هەیە، نابێت تێکەڵیان بکەین:
A- شۆڕشی وڵاتانی پێشکەوتوو، لەم وڵاتانە لەدوای قۆناغی دەرەبەگ سەرمایەداری هاتوون و بەپێی نەخشەسازییەکەی مارکس بەردەوام بوون لە سەرکەوتن تا وەکوو گەیشتوونەتە بەرزترین قۆناغەکان کە سۆسیالیزمە و پاشی ئەو دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا دێت. بۆ نموونە شۆڕشی (المجیدة) (Glorious Revolution)لە بەریتانیا ساڵی 1688 کە سەرمایەداری بەدوای خۆیدا هێنا. هەروەها شۆڕشی فەرەنسی ساڵی 1789.
B- بەڵام وڵاتە دواکەوتووەکان کێشەکەیان لەوە دایە کە ناتوانن بەپێی ماتریالیزمی مێژوویی وەک وڵاتانی پێشکەوتوو ڕێچکەی خۆیان بگرن، بەڵکوو لەو وڵاتانە شێوازی کشتوکاڵیی باڵا دەستە، بۆیە لێرە دەبێت گونجاندنێک لە تیۆرییەکەی مارکسدا بەدی بهێنرێت. بۆ ئەمەش ترۆتسکی ئەو بیرۆکەیەی تەرح کرد، کە دەکرێت لە وڵاتە دواکەوتووەکان بە قۆناغی سەرمایەداریدا نەڕۆین، واتا دەتوانین بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی باز بدەین بەسەر قۆناغی سەرمایەداریدا و بەرەو سۆسیالیزم بچین. ئەوەش هەر وەکوو پێشتریش ئاماژەمان پێدا بەپێی دیالەکتیکەکەی هیگڵ کە مارکس بە ماتریالیزمە مێژووییەکەی پیادەی کردبوو دەبێت دوای دەرەبەگایەتی سەرمایەداری بێت و دوای ئەویش شۆڕشی سۆسیالیزم دەست پێ دەکات. ترۆتسکی گوتی: ئەوە مەحاڵە و من ناتوانم چاوەڕوان ببم لە کاتێکدا کە ئاماژەکان هیچیان ڕوو لەوە نین. بۆیە گوتی شۆڕش دوو شۆڕشە یەکێکیان لە وڵاتە پێشکەوتووەکانە بە شێوەیەک لەدوای یەکەکانە دەرەبەگ سەرمایەداری و سۆسیالیزم ئەوی تر وڵاتە دواکەوتووەکانە کە شۆڕشە پیشەسازییەکەیان تێدا بەدی نایەت.
2- جیاوازە فیکرییەکەی دیکەی ستالین و ترۆتسکی ئەوە بوو کە ستالین مەبدەئی سۆسیالیزمی لە یەک وڵاتدا لا مەترەح بوو. واتا سۆسیالیزم لە یەک وڵاتدا بەدی بێت ئیدی و خودای دەکرد هەموو وڵاتانی دیکە سەرمایەداری دەبوون. بێ گوومان ئەمە ئەو نەبوو کە مارکسیزم دەیویست، بەڵام وتی واقیع وای دەسەپێنێت کە وا بێت. تروتسکی بەپێچەوانەی ستالینەوە گووتی نەخێر شۆڕش لە سنووری وڵاتێکدا ناوەستێت، بەڵکوو بەردەوام دەبێت یان ناوەکەی شۆڕشی بەردەوامە تا وەکوو هەموو جیهان دەچنە ژێر چەتری دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریاوە و ململانێی چینایەتی نامێنێت، ئەو کاتە سۆسیالیزم بەرقەرار دەبێت و لەوێشەوە بەپێی ئەو نەخشەیەی کە مارکسیزم دای ناوە دەپەڕنەوە بەرەو شیوعییەت.
پرسیارەکە ئەوەیە وڵاتانی دواکەوتوو کە لەسەر کشتوکاڵ بەندن، واتا سەر بە سیستەمی دەرەبەگایەتین چۆن شۆڕشی سۆسیالیزمی لەوێ هەڵدەدات؟ ترۆتسکی دەڵێت: ئەوە ڕاستە، بەڵام خۆ هەر کەمینەیەکیش بێت کرێکاریان هەیە ئەو کرێکارانە دەتوانن بەهەم ئاهەنگی و هاوکاری جووتیارەکان کە زۆرینەن ئەو خەباتە بۆ ئەو مەبەستە پێکەوە بکەن و بگەن بە سۆسیالیزم، بەڵام بە مەرجێک ئەوە سەرکەوتوو دەبێت کە ڕابەریەتی بۆ کرێکاران بێت، چونکە بە پێی مارکسیزم لەڕووی هۆشیاری سیاسی و چینایەتییەوە لە جووتیارەکان باڵاترن و لەبەر ئەوەی کرێکارەکان لە قۆناغی سەرمایەداریدان، واتا سەر بە کولتووری سەرمایەدارین، بەڵام جووتیارەکان هێشتا لە قۆناغی دەرەبەگایەتی و سەر بەو کولتوورەن.
لایەنێکی دیکەی جیاوازی ترۆسکی لە لینین ئەوە بوو ئەو لایەنگری بەکارهێنانی توندوتیژی بوو بۆ مەبەستی سیاسی، ترۆتسکی لەسەر مەزهەبی ماکیاڤیلی یان جۆرێک لە ماکیاڤیللیەت بوو، دەیگوت: هەموو ڕێگەیەک مەشرووعە بۆ ئەوەی ئامانجەکەت بەدی بهێنێت کە سۆسیالیزم و پاشان شیوعییەتە.
بەوەی لای سەرەوەدا بۆمان دەردەکەوێت کە ترۆتسکی لەگەڵ:
1- شۆڕشی بەردەوام بوو تا وەکوو هەموو جیهان دەبێت بە سۆسیالیزم و پاشان شیوعی.
2- دەکرێت لە وڵاتانی دواکەوتوودا چاوەڕوانی قۆناغی سەرمایەداری نەبین و سۆسیالیزم بە هاوکاری کەمینە کرێکارەکە و زۆرینە جووتیارەکە بەدی بهێنن.
ترۆتسکی لە ساڵی 1938 دا کۆنگرەی ئومەمیەتی شیوعی لە لەندەن بەست (کۆنگرەیەکە حیزب و ڕێکخراوە شیوعییەکانی هەموو جیهان تێیدا بەشدار دەبن)
ئەو کتێبانەی کە ترۆتسکی بۆی بەجێ هێشتوون زۆرن گرنگترینیان (کتێبی شۆڕشی بەردەوام و کتێبی ستالین) کەلەمەی دوایینادا هێڕشێکی تووندی تێدایە بۆ سەر ستالین و دەگوترێت یەکێک لە هۆکاری کوشتنی لەلایەن ستالینەوە ئەم کتێبەبووە.
شایەنی باسە ترۆتسکیزم تا وەکوو ئێستا هەر ماوە و خەڵکانێک هەن کە باوەڕیان پێی هەیە. یەکێک لە وانە نووسەری بەناوبانگ (ئیسحاق دویتشر)ە کە سێ کتێبی لەبارەی ترۆتسکیەوە نووسیوە لە وانە (پێغەمبەری چەکدار – پێغەمبەری بێ چەک- پێغەمبەری نەفرەت لێ کراو).