عیماد عەلی: ئەو وەزارەتەی تەنها ئەرکی پاساوهێنانەوەیە.!
هەمووان ئەرک و کاری وەزارەتەکان دەزانن و وەزیری خاوەن هەڵوێستە و چالاک و خاوەنە کەسایەتی خۆی لە تەمەڵ و بێ هەڵوێست و تەنها پشتبەستوو بە سەرکردە و حزب جیادەکەنەوە. بەڵام تۆ وەزارەتێکی زلوزەبەلاحت بە ناوی حزبێکەوە وەرگرتبێت و هەمیشە پاساو بۆ دەسەلاتەکەت و خاوەن برٍیاری راستەقینە بهێنێتەوە و بە ئاشکراو نهێنی تەنها قازانجت بۆ حزبەکەت و بازنەیەکی داخراوی دەوروبەرت بێت، دەبێت چاوەرٍەیی وەڵامێکی تۆڵەسەندنەوەی هەڵبژاردنیش یت، بێگومان هەموو هەنگاوێکت لەسەر خۆت و حزبەکەت دەکەوێت و هیچ کەس باوەر بە خۆت و حزبەکەت و پاساوەکانیشت ناکات کە تەنها بۆ روو سپیکردنەوە و رەفتارەکانی دەسەڵاتەکەت دەیهێنیتتەوە و بەخۆت، ئەگەر نارازیش بیت و سێ چوار مانگ جارێک بتۆرێیت و بەخۆت دەزانیت کێ هۆکارە، بەڵام بەرژەوەندی تەسک دەست و قاچای بەستویتەوە. جارجار ئەگەر زویریش بیت لە پێناو بەرژەوەندی خۆت و حزبەکەتە نەوەک بۆ بەرژەوەندی خەڵکەکە بەگشتی و ئەگەر دواتر خەڵک تۆڵەی ئەو کردارەت لە حزبەکەت بکاتەوە ئەوە بزانە کە ئۆباڵەکەی لەسەر خۆت و حزبەکەتە نەک کەسی تر و ئەمەش هیچ گلەییەک هەڵناگرێت.
وەزارەتی دارایی هەرێم لەو رۆژەوە بەدەستە حزبێکەوەیە تەنها ئیمزاکردنی بریاری حکومەت و پاساو هێنانەوە بۆ کردەوەکانی دێنێتەوە، خەڵک هۆشیارە و ئاگای لە هەموو شتێکەو بە بەهانە و پاساوهێنانەوە هەڵناخەڵەتێت.
تۆ لە کاتێکدا خشتەی دابەشکردنی موچەت بڵاوکردبێتەوە کە هەواڵی هاتنی ئەو پارەیەی بەغدا لە ئارادا نەبوبێت لەو کاتەدا و داهاتیش بە پێی نرخی نەوت و ئەو بارەی ئابووری هەرێم و دەروازەکان تەنها بەمەزەندەش بێت نەک داتاکان بە روونی دیارە و بواری هیچ چەواشەکاری و هەڵخەڵەتاندن و بەهانەیەکی تێدا نیە و ئێستا تۆ بێیت وەک ئەوەی قسە بۆ منداڵان بکەیت و بڵێیت پارەکەی بەغدا بۆ موچەی ئەو مانگە خەرج کراوە کە زووتر داهاتەکەی لای تۆ دابینکراوە، ئەگەر گەندەڵی و فەرمانی حزب وات لێنەکات و بەم دەردەت ببات و تەنها پاساو بهێنیتەوە، دەبیت بزانیت کە کەس باوەرت پێ ناکات، هەڵبژاردن نزیکە و تۆڵەی خەڵک بە زەبرە و رەفتار و گوفتاری لەم حۆرە بوار بۆ هیچ گلەییەک لە میلەت ناهێڵێتەوە.