عەبدوڵا کەریم مەحمود: میدیا و کێشە کۆمەڵایەتییەکان!
حیزبەکانی کوردستان لە دوای راپەڕین، لە کاتی هەڵبژاردنی پەرلەمان، بۆ ململانێی یەکتریی و بەدەست هێنانی دەنگ و رەنگ و کورسی، بە هەمان کلتووری بەعس، هەموو ئەو (خائین و جاسوس و مستەشارو ئەنفلان چی )یانەیان، بە پلەو پایەی دەسەڵاتی سیاسیی و سەربازی کڕی.
جیاوازییان لە نێوان( شەهید و خائین )، ( پێشمەرگەو جاش) دا سڕییەوە، هەموو شکۆی مێژوویی و بەهای کۆمەلایەتی کۆمەڵگای کوردەوەریان تێک و پێک دا، ئینتیمای نیشتیمانیان لە لای گەنجەکان بە جۆرێک کاڵ و ون کرد، گەنجەکان لە ناو تەم و مژو گەڕەلاوژەی پەرلەمان و حکومەتی هەرێم و حیزبەکاندا، هیچ ( بەها و هەڵوێست و جیاوازیەک) لە نیوان ( دەسەڵاتدارانی کوردستان و داگیرکەرانی نیشتمان ) نابینن.
دوای هەڵبژاردنی پەرلەمان و دامەزراندنی حکومەتی هەریم، پەرلەمانتاران، نەیان توانی یاسایەک بۆ ئەو هەموو چەکە جۆراو جۆرانە و کۆمەڵگا چەکدارە بێ سەرەوبەرە کەیان دابنێن.
سەرکردەی حیزبەکان، دەیان و سەدان دەمانچە و چەکی گەورە و جۆراو جۆروگران بەهایان کرد بە دیاری، بۆ کڕینی دەنگی کەسایەتیە جیاجیا و دیارییەکانی نیشتمان.
سەرکرەکانی کورد بە هۆی بەخشینی( دیاری چەک)ـەوە، بە هۆی بێ موبالاتی پەرلەمان و بێ یاسایی حکومەتی هەرێم، رۆژانە دەیان کارەساتی دلتەزێن و تاوان لە سەراپا گوندەکان و ناوچە جیاجیاکان و شارەکان روودەدات.
هەندێ لە سەرکردەی حیزبەکان بە عەقڵی مەزاجیانە و حەساسێتی حیزبی، یاری بە عەقڵی خێڵەکی ئەو خانەوادانەوە دەکەن، تراژیدیای کارەسات و تاوانەکانەکان، لای خاوەنی کارەساتەکان چڕ تردەکەنەوە، بۆ ئەوەی رەوتی یاسایی و چارەسەری کۆمەڵایەتیان بۆ نەکرێ، کارەساتەکە گەورەترو ئاڵۆزتر دەکەن.
رۆژانە حیزبەکان، لە میدیای بینراو و بیستراو و تۆماریانەوە، ئەو کارەساتانە لە بەردەم دەرگای ماڵەکان و بەردەرگای دادگا پەخش دەکەن، دوور لە هەموو پێوەرێکی یاسایی و کلتوریی کۆمەلایەتی کوردەواری و دەروونی، دوور لە هەموو رەوشتێکی پیشەی رۆژنامەوانی، بە جۆرێک وا دیمەنە کان لە میدیاکانیان پەخش دەکەن، کاریگەری نەشیاو و نابەجێ لە سەر هەموو ئەندامانی خانەوادەکان دروست دەکەن.
ئەو رۆژنامەنوسانە، لەوکات و ساتە دژوارو ناسکانەدا، بە جۆرێک پرسیاری نەشیاو و نابەجێ لە خاوەن کارەساتەکان و لە تاوانبارەکان دەکەن، باری دەروونی نائاسییان، ئەوەندەی تر ئالۆزو دژوارتر دەکەن، رق و کینە و توندو تیژی و تۆڵە و تۆڵە کردنەوەیان لە لا بەرجەستە دەکەن.
ئەو هەموو دیاردە نەشیاو نابەجێ یانەی حیزبەکان و میدیاکانیانیان، ئیستاو ئایندەی کۆمەڵگەی کوردەواری بەرەورۆژگارێکی تاریک و نادیارتر دەبات،
گەر حیزبەکان و پەرلەمان و حکومەتی هەرێم، لە ئاستی کەم کردنەوە و بنبڕکردنی کارەساتی کۆمەڵایەتی و تاوانەکاندا نین، با دیمەنی ئەو هەموو زنجیرە توند توتیژیی و کارەسات و کێشە کۆمەڵایەتی و تاوانانە، بەو ئاستە نزم و نەشیاوە، لە میدیاکانیانەوە پەخش نەکەن و نە گەیەننە هەموو ماڵەکانی نیشتمان.
- بابەتەکانی تری عەبدوڵا کەریم مەحمود
عەبدوڵا کەریم مەحمود: سەرۆک جاشەکان و کەسایەتییە دیارەکان!
-عهبدوڵا کهریم مهحمود: رهشهبای ژه هروئەنفال، سێیهمین تاوانی جینۆسیده له جیهان – بەشی کۆتایی.
-عهبدوڵا کهریم مهحمود: رهشهبای ژههرو ئەنفال، سێ یهمین تاوانی جینۆسایده له جیهان – بەشی سێیەم
- All Posts