بورهان شێخ رەئوف: سعودیە و ئێران و سەركردایەتی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.
هەر لە كۆنەوە پەیوەندی نێوان عەرەب و فارس سیمایەكی خوێناوی هەبووە، عەرەب خۆیان بەزل زانیووە لە هەمبەر عەجەم، فارسیش رق و كینەیان بەرامبەر عەرەب هەبووە، ئیتر ئەمە وەكو میراتیش ماوەتەوە، سەرەڕای گەلێك هۆكاری تری ئابووری و سیاسی و ئەمنی تێكچڕژاو، بەڵام ئێستا وادیارە فاكتەری مەزهەبی و ئیتنیكی هۆكارێكی رووكەش و ئاسانە بەراورد بەو كێوە بەفرەی ناكۆكی و ململانێ كە لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا هەیە.
سەرەتای ئاڵۆزییەكانی نێوان سعودیە و ئێران دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی پەنجاكانی سەدەی پێشوو، بەهۆی كێشەی نەخشەكێشانی سنوورەوە بە تایبەتی ئەو ناوچانەی كێڵگەی نەوتی هاوبەشی تێدابوو، سەرەڕای گومانی زۆری نێوان هەردوو ماڵباتی حوكمڕانی ئال سعود و پەهلەوی دا، بەڵام ئەم گومان و ناكۆكیانە نەبوون بە ململانێیەك سنوورەكانی نێوانیان تێپەڕێنێت، لەبەرئەوەی هەردوولایان سەرقاڵ بوون بە رێكخستنی ناوماڵی خۆیان و چارەكردنی كێشە ناوخۆییەكانیان تائەوكاتەی بەریتانییەكان خۆیان ئامادەكرد لە ناوچەكە بكشێنەوە لە ساڵی دا1968 كە ئەوان بەرپرسی پاراستنی ئاسایشی ناوچەكە بوون.
دوای كشانەوەی بەریتانیا پەیوەندییەكانی هەردوو وڵات زیاتر ئاڵۆزبوو بەهۆی كێبڕكێ لەسەر سەركردایەتی ناوچەكەو رێكخراوی (ئۆپیك) و ئاسایشی كەنداو، هەرچەندە سعودییەكان شانشینی ئێران و بنەماڵەی پەهلەوییان بە دوژمن نەدەزانی و بە هاوپەیمانیشیان نەدەزانین، بەڵام لە پەیوەندییە بەهێزەكانی شای ئێران و ئەمریكا دەترسان.
دواتر ناكۆكیەكان قووڵ بوونەوە بەهۆی ناكۆكی لەسەر دورگەكانی ئەبو موسا و تەنبەوە كە كلیلی كۆنترۆڵكردنی تەنگەی هورمزە، رێگای سەرەكی نێودەوڵەتی هەناردەكردنی نەوتیشە، كێشەی بەحرین كە شا بە بەشێك لە ئێرانی دەزانی تا لە ساڵی 1970 لە رێگە ریفراندۆمێكەوە كە نەتەوە یەكگرتووەكان رێكیخست سەربەخۆیی خۆی بە دەستهێنا.
دوو وێستگەی گرنگ لە ململانێی وڵاتانی كەنداوی عەرەبی بە سەركردایەتی سعودیە لە لایەك و ئێران لە لایەكی ترەوە بە دەركەوت:
1. دوای شۆرشی گەلانی ئێران لە ساڵی 1979 دا ئایەتوڵا خومەینی رابەری ئێران داوای گۆڕینی هەموو رژێمە پاشایەتییە وابەستەكانی ناوچەكەی بە ئەمریكاوە كرد، وڵاتەكەش كاریشی بۆ ئەوە كرد.
2. ساڵی 2003 داگیركردنی عیراق لە لایەن ئەمریكاوە بە قازانجی ئێرانییەكان شكایەوە، لە یەمەنیش تاران پشتیوانی حووسیەكانیان كرد، لە سوریا پشتیوانی حكومەتی سوریا و بەشار ئەسەدی كرد و پاراستی، كە هەموو ئەمانەش بە قازانجی ئێران و زیانی سعودیە و هاوپەیمانەكانی كۆتایی هات.
دەمێنێتەوە بڵێین ناكۆكی ئێران و سعودیە هەر لایەنی مەزهەبی نییە، وەكو پێشتر باسمكرد، بەڵكو لایەنی جیوسیاسی و رەوایەتی سیاسی و ئەمنی لە خۆگرتووە، چونكە ئێران پشتیوانی بزوتنەوەی تالیبان دەكات كە سووننەن و پشتیوانی بزوتنەوەی حەماسی فەلەستینیش دەكات كە سووننەیە،پەیوەندی باشی لەگەڵ حكومەتی جەزائیر هەیە كە سووننەیە، لەكێشەی ئەرمینیا و ئازربیجانیشدا پشتگیری ئەرمینیای مەسیحی كرد دژ بە ئازربیجانی ئیسلامی و شیعە مەزهەب.