سەردەشت محەمەد: کەی پەندێک لە مێژوو وەردەگرین؟
ئەوانەی ئەمڕۆ لەگەڵمان ناوەستن، با سبەی خۆیان نەکەنە خاوەن دەستکەوتەکانمان و سوود لە سەرکەوتنەکانمان وەرنەگرن.ڤئەمە دواپەیامی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمە، کە لەڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوکەوە بڵاوی کردۆتەوە، دیارە بڵاو کردنەوەی ئەو پۆستە دوای ئەوەدێت کە هەمووان دەزانین بارودۆخی هەرێمی کوردستان لە هەموو ڕویەکەوە و بەتایبەت لە پرسی نەوتدا، خەریکە دەچێتە قۆناغێکی نوێوە و جارێکی دیکە پێناچێت هەرێم و بەتایبەت چەند سیاسییەکی تایبەت و ئاگادار لە مەلەفی نەوت بتوانن وەک ساڵانی ڕابردوو دەست بەسەر ئەو پرسەدا بگرن و بەئارەزوی خۆیان چۆنیان بوێت و لەگەڵ کێدا بیانەوێت ڕێکەوتن بکەن.
هەموو بۆچونەکان بەو جۆرەن کە ئەمجارەیان بەغداد دەست بەسەر ئەو مەلەفەدا دەگرێت، چونکە هێزە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکانانیش ئەو ڕێگایە بەچارەسەر دەزانن و لەماوەکانی ڕابردوشدا، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نشتیمانی کوردستان، ئەو ڕاستییەی نەشاردەوە و بەئاشکرا بۆ ڕای گشتی ئاشکرایکرد کە ئەمەریکییەکان لە مامەڵەی دەسەڵاتدارانی کورد ناڕازین و وتی: ئەمەریکییەکان پێیان وتوم: سی ساڵە خەریکین ئیدی تاقەتمان چوو.
ئەوەی لە ڕابردوو و ئێستاشدا بەلای ئێمەشەوە جگەی پرسیارە ئەوەیە، ئایە سی ساڵە چیتان کرد و کامە بەرهەمی سی ساڵ حکومڕانی و بەڕێوەبردنی ئەم هەرێمەیە، سی ساڵە هەرچی نوخبەی ڕۆشنبیر و دڵسۆز و خەمخۆری ئەم هەرێمەیە پێتان ئەڵێت: ڕوو لە میللەت و پشت لەدووژمن بکەن کەچی بەپێچەوانەوە سی ساڵە ئەم هێزە سیاسیانە ئەوەی بایەخ بوو بەم هەموو هاوار و نوسین و خۆپیشاندان و مانگرتنەی ئێمەیان نەدا، سی ساڵە لەدەرگای هەرچی هێز و دەوڵەت و لایەنی بەرژەوەندی خوازهەیە دایان، کەچی جارێک دەرگایان لە ئێمە نەکردەوە و نەیان پرسی ئێوە ئەم هەموو هاوارە لە پێناو چیدا دەکەن،
لە ساڵی 2012 وە دەسەڵاتدارانی ئەم هەرێمە بەبێ ئاگاداری خەڵک و بەبێ ئەوەی سودێکی ئەوتۆی بۆ میللەت هەبێت ڕێکەوتنی پەنجاساڵەیان لە گەڵ دەوڵەتی تورکیادا مۆرکرد، کەچی ئەمڕۆ تورکیا ئامادەیە لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیدا پشت لەهەرێم و ئەو ڕێکەوتنەش بکات، ئەم هەڵوێستەی تورکیا و هێزە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکان شۆکهێنەر و شتێکی نوێ نییە، بەڵکو بەپێچەوانەوە مێژووی کورد دەیان ڕووداو و پێشهاتی وەهای تێدا تۆمارکراوە، بەڵام بەداخەوە ئەوە دەسەڵاتدار و حاکمەکانی ئەم هەرێمەیە پەڕەیەک لەمێژووی ڕابردووی ئەم میللەتە ناخوێننەوە و ئەزمونێک لەو هەموو پشت هەڵکردنەی بەناو دۆستەکانیان لە کاتی تەنانەدا وەرناگرن.
ئەکرێت لێرەوە دەسەڵاتدارنی هەرێم و ئەوانەشی کە لەداهاتوودا دەسەڵات دەگرنەدەست، پەندێک لەم ڕووداوانەوە وەربگرن و تێبگەن تاکە ڕێگە بۆ مانەوە و سەرکەوتن ئەوەیە، دەبێت ڕوو لە دۆست و پشت لە دوژمن بکەن بەپێچەوانەوە هەر ڕۆژێک دێت جگە لەدۆڕان و خۆبەدەستەوەدان هیچ چارەیەکی دیکەیان نییە و ڕێگەیەکی دیکە نییە بۆ دەربازبون.
- بابەتەکانی تری سەردەشت محەمەد
سەردەشت محەمەد: بەهاری ڕۆژئاوا و زستانی قەندیل.
-سەردەشت محەمەد: بارین گیان، ئێمەش گریاین.
-سەردەشت محەمەد: چاوەڕێی بەرهەمی هەڵبژاردنین.!
- All Posts