كەمال محەمەد: نەوت و ئابوری كۆمیۆناڵ.
ئابوری وەك چەمك و مانا یۆنانییەكەی بەواتای دەستور و ڕێسای بەخێوكردن دێت ،ئابوری كۆمیۆناڵیش سیستەمێكی دیموكراسی و ژینگەپارێزە كە سەبارەت بە پێداویستییەكانی كۆمەڵگاو ڕێژەی پێداویستی و تایبەتمەندیەكانی بریاری ڕاست ئەدات، ئابوری كۆمیۆناڵ دۆكتۆرینێك، یان داهێنانێك نییە، بەڵكو مۆدێلێكی نوێیە كە ئامانجی ئەوەیە كۆمەڵگاو سیستەمی حكومڕانی بتوانێ درێژە بە بونی خۆی بدات، ئابوری كۆمیۆناڵ یەكەیەكی بەهێزی بناغەی نەتەوەی دیموكراسیە، چونكە نەتەوەو كۆمەڵگایەكی دیموكراتی لەسەر بنەمای ئابوری كۆمیۆناڵ گەشەی بەرچاو دەستێنێ.
هەرێمی كوردستان لە دۆخێكدایە كەلەنێو نەبونی پێویستییەكان و بێكاریدا گرمۆڵە بوە، مسۆگەرە ئەم گرفتە نەلە میكانیزمی سروشت و نەپەیوەندیشی بە جوگرافیاو خاكەكەیەوە هەیە، بەڵكو سیاسییە زۆردارەكانە كەلەناوخۆیدایەو دەستیان بەسەر بەهاكانی كۆمەڵگادا گرتوەو وەك گەنەیەكی سیاسی خوێنی كۆمەڵگایان مژیوەو دڵۆپێك لەو خوێنەشیان دەرخواردی هەندێ لایەنەكان و نوسەرو ڕۆژنامە نوسەكانی سەربە لایەنی خۆیان داوەو بەمجۆرە كردونیان بە هاوبەشی قەیران و تاوانەكانیان.
كامە مرۆڤی بیناو خاوەن بیرو ویژدان دەتوانێت نكوڵی لەوە بكات كە سیاسی و بنەماڵە دەست ڕویشتوەكانی ئەم هەرێمە نەبونەتە توێژێكی هەرە خۆش ژێنێ و سەرمایەدار بۆ خۆیان و لە بەرامبەر ئەمەشدا بێكاری وەك هەرەسی بەفر لە زیادبوندایە؟ لێرەدا ڕونە كە چۆن سەرمایەداری ئەم دەسەڵاتەو سیاسییەكانیان وەك تۆڕێكی بەرفراوان لەسەر پشتی كۆمەڵگا ئاوابون و زێدە بەها ئابوری و نەوت و كانزای ئەم هەرێمە تاڵان ئەكەن، ئەو هەرێمەی بە درێژایی مێژوو چەندین نەتەوەو كۆمەڵگای تێر كرد و دایكایەتی بۆ كۆمەڵگایەكی نیولۆتیك كرد هێشتا لەژێر حوكمی نێوخۆییدایەو بە سەرمایەدەستكەوتوەكانیان نەیانتوانیوە داهێنەری زۆربەی سێكتەرەكانی پیشەسازی و گەشتوگوزار و كشتوكاڵ بن لە بواری بەرهەم هێنانیدا، بەڵام پێچەوانەوە ئاسا تەنها لەبیری ئەوەدان تۆرێكی ناقۆلای سەرمایە بۆ خۆیان بەدەست بهێنن ئەویش لەڕێگەی بەتاڵان بردنی نەوتەوە.
لەهەرێمی كوردستان نەوت بەدەست دەسەڵاتە ئۆتاریتارییەكەوە هەمو كایە ئابورییەكانی دیكەی بەرهەمهێنانی لەناو بردوە، ئەم دەسەڵاتە كلیپتۆكراتییە بەناوی سەربەخۆیی ئابورییەوە چەندین ساڵە خەریكی فرۆشتنی نەوتی كوردستانە بە شێوەیەكی ناشەفاف كە كەس نازانێ داهاتەكەی چەندەو دەچێتە خەزێنەی دەوڵەتەوە یان حساب بانكی بازرگانە سیاسییەكانەوە لەسەردەمی ئابوری ئابوری سەربەخۆییەوە نەوت گەورەترن خاڵی نهێنی ئەم حكومەتە بوە بەجۆرێك كابینە یەك لەدوای یەكەكان هەمویان كرێخۆری نەوت بون و پشتیان بەنەوت بەستوەو نەیانویستوە بیكەنە دراوێكی مۆڵكراوی بەهێز تا كێشەی قەیرانەكانی ئابوری وموچەی فەرمانبەرانی پێ چارەسەر و بنەبڕ بكەن.
ئێستا كەباس لەسەر ڕێكەوتنی هەرێم و بەغدا و مەلەفی ڕادەستی نەوت هاتۆتە پێش گێچی كوردایەتی و نەتەوایەتی هاتۆتە پێش بۆ ئەوەی بیرەكان بۆ ئەوە نەچن كە ئایا بۆ لەفرۆشی نەوتی سەربەخۆوە نەتوانتوانیوە ئابورییەكی كۆمیۆناڵ گەشە پێ بدەن كە گرنگترین پێویستی سیستەم و كۆمەڵگایەكی سۆسیۆلۆژی و سیاسیە، ئێستا نەوت بوە بە گرێ كوێرەی كێشەكان و ژەهرێكی ڕەش لە جەستەی حكومڕاناندا.