شێرزاد شێخانی: بە زمانی قومارچییەکەوە.
کاتێک ئاشبەتاڵی ساڵی 1975 راگەیندراو پێشمەرگەکان یەکلەدوای یەک بەرەو خوار شۆڕ دەبوونەوە، کابرایەکی قومارچی لەرێگای گەڕانەوەیدا لا ئەداتە چایخانەیەک و لەوێ وێنەی ( … ) ئەبینێ کە هێشتا بەسەر دیواری چایخانەکەوە هەڵواسراوە. روو لەوێنەکە ئەکات ئەڵێ: نۆی سینەگی تێگرتی دانەبەزی!. هەشتی کووپەی تێگرتی دیسان دانەبەزی!. بیلی ماچەشی تێگرتی هەر دانەبەزی، هەتا لەئەخیریدا دوو جۆکەری لەدەست گرتی!.
لەسەردەمی مالیکی حکومەتی عیراق داوای سەت هەزار بەرمیل نەوتی لەهەرێم کرد بەرامبەر بە ناردنی بودجەی هەرێم، بەڵام ئەو برادەرانەی ئێرە ئەوەندە بوغرابوون بەو داوایە ڕازی نەبوون. لەسەردەمی حەیدەر عەبادی داوای 250 هەزار بەرمیلیان کرد، دیسان حکومەتی هەرێم بەوەش رازی نەبوو!. لەسەردەمی کازمی ژمارەکە گەیشتە 400 هەزار بەرمیل دیسان ڕازی نەبوون، ئەوەتا ئێستا هەموو نەوتەکەیان لەبەردەستی دەرهێناو دوو جۆکەریان لەدەست گییرا.
بۆ ئەوەی لەوە زیاتر ( قەلۆش ) نەبن و جلوبەرگەکانیشیان نەفرۆشن، دەیانەوێ بە نوسینی چەند وتارێکی نووسەرە دەربارەکانیان دژایەتی بڕیارەکەی دادگای فەڕەنسی بکەن!. دەیانەوێ بە لێدوانی دوو کۆنە پەرلەمانتاری خۆیان و هەندێک بەناو چالاکی سیاسی کە کەس ناشیانناسێ تەصریحات بدەن بەشکو دادگای فیدرالی عیراق تۆزێ خاتریان بگرێ!. دەیانەوێ بە درۆودەڵەسەکانی راسپاردەکەیان وەڵامی ئەو هەموو ئیحراجییە لەسەر لێدوانەکەی کونسڵی گشتی ئەمریکا لەبارەی ئەفلام کارتۆنە بەرهەمهێنراوەکەیان بدەنەوە!. دییقەت لەو زنجییرە رووداوانەی خوارەوە بدەن تا تێبگەن چی روودەدات:
1- دەرچوونی بڕیاری دادگای فیدرالی بە نادەستووری بوونی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم.
2- دەرچوونی بڕیاری دادگای فیدراڵی بە ناقانونی بوونی ناردنی دوو سەد ملیارەکەی مووچە.
3- دەرچوونی بڕیاری دادگای فەڕەنسی بە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی پەنجا ساڵەی نەوت لەگەڵ تورکیا.
4- ئیمزاکردنی رێکەوتنی نێوان حکومەتی عیراق وئێران لەسەر پاراستنی سنوور، کەواتە پاش ماوەیەک حکومەتی عیراق سوپای خۆی دەنێرێتە سەر سنوورەکانی هەرێم.
5- هۆشدارییەکانی جنین بلاسخارتی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر زەمانەت نەبوونی قەوارەی هەرێم.
6- راپۆرتەکەی رۆژنامەی ( الصباح ) بەغدایی لەبارەی هەرێمی کوردستان.
7- راسپاردنی دیوانی چاودێری دارایی عیراق بە لێکۆلینەوە لەداهاتە ناوخۆییەکانی هەرێم، کە ئەمە دەروازە سنووریەکانیش دەگرێتەوەو، پاش ماوەیەک ئەو داهاتانەش دەبێت تەسلیم بە حکومەتی فیدرالی بکرێت.
8- بڵاوکردنەوەی راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سەبارەت بە پێشیلکاری مافەکانی مرۆڤ.
ئەمانەو دەیان بڕیاری تری حکومەتی عیراق لەداهاتوودا کە ئەنجامەکەی پەڕوباڵکردنی ئەم دەسەڵاتەی هەرێمو لاوازکردنیەتی تا ئەو رادەیەی کە دەبێ حەسرەت بۆ سەردەمی دەسەڵاتی ئەنجومەنی تەشریعی و تەنفیزی جاران بخوازن.
گۆرانیە کوردییە خۆشەکەی ساڵی هەشتایەکانتان لەبیرە کە دەیووت ( چەندم پێگۆتی کچێ خەجێ مەچووە بیتوێنێ ). بەراستی گۆرانیەکی خۆش و بە لەززەت بوو.
- Latest Posts by شێرزاد شێخانی
شێرزاد شێخانی: ئاشبەتاڵ بە ئاشبەتاڵ.
-شێرزاد شێخانی: ئایا بایکۆتی هەڵبژاردن چارەسەرە؟
-شێرزاد شێخانی: پەرلەمان و فەعۆیەکانی پارتی.
- All Posts