نەوزادى موهەندیس: یاساى هەڵبژاردنەکانى عێراق، سەرئێشەیەکى تر بۆ ئایندە!
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
پەڕلەمانى عێراق لەبەرەبەیانى ڕۆژى 2 شەممە 20/ 3/ 2023دا لەکەشوهەوایەکى بارگاوى و ناڕەزایەتى هێزە بچووک و مەدەنى و عیلمانیەکاندا و لە کاتژمێر 3ى بەرەبەیانیدا و بە ئامادەبوونى 171 ئەندام پەڕلەمان دانیشتنى خۆى سازدا و دەستیکرد بە خوێندنەوە و دەنگدان لەسەر چەند مادەیەکى یاساى هەڵبژاردنەکان بۆ (پەڕلەمان و ئەنجومەنى پارێزگاکان) لە عێراقدا. لەسەر بنەماى هەموارکردنەوەى سێهەمى یاساى هەڵبژاردنەکان بەپێى یاساى سانت لیگۆى هەڵبژاردنەکان. وابڕیاریشە ڕۆژى 1شەممە 26/ 3 دەنگدان لەسەر مادەکانى ترى یاساکە کە 15 مادەن بەردەوام بێت و کۆتاییشى پێبێت. لەو مادانەى کە پەسەندکراون گرنگترینیان بریتیە لەوەى کە:
• جیاکردنەوەى دەنگەکان بەدەستى و ئەلکترۆنى دەبێت لەکاتى بوونى جیاوازیدا.
• پێویستە لەماوەى 24 کاتژمێردا ئەنجامەکان ڕابگەیەنرێت.
• ژمارەى کورسیەکانى پەڕلەمان 329 کورسى دەبێت و 9 کورسیان بۆ کۆتاکانى مەسیحى و ئێزیدى و شەبەک و کوردى فەیلى و صابیئەکان دەبێت.
• ڕێکەوتى 6/ 11/ 2023 دیاریکراوە بۆ هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکان.
• عێراق کراوتە 19 بازنەى هەڵبژاردن بۆ هەڵبژاردنی پەڕلەمان و 15بازنەش بۆ هەر 15 پارێزگاکە بە کەرکوکیشەوە بۆ ئەنجومەنی پارێزگاکان جگە لە هەرێمى کوردستان.
• فرەبازنەیى نەماوە لە یەک پارێزگادا بە پێچەوانەى هەڵبژاردنى پێشووى پەڕلەمانى عێراق.
• ڕەنگە قاسم الانتخابى لە 1.9 بگۆڕێت بۆ 1.7.
• هەڵبژاردنەکانى دەرەوەى وڵات ئەنجام نادرێت، چونکە جێگەى گومان و ساختەکارى زۆربووە.
• ئەم یاسایە، هەن دەڵێن دەبێت بۆ هەردوو هەڵبژاردنەکانى (پەڕلەمان و ئەنجومەنى پارێزگاکان) بێت و هەشن کە دەڵێن دەبێت بۆ هەر یەکە لەو دوو هەڵبژاردنە یاساى تایبەت دەربچێت.
ئەم یاسایە لەکاتێکدایە کە لە ئێستادا بەرەى ئیدارەى دەوڵەت کە لە چەند پارتێکى سیاسى شیعە و سونە و کورد پێکهاتووە کە گەورەترین و باڵادەستترین پارتەکانن و ماوەى 20ساڵیشە لەدەسەڵاتدان. کە ئاشکراشە ڕەخنەى زۆرى جەماوەر و شەقامى عێراقیان ڕووبەڕوودەبێتەوە بەهۆى نەبوونى خزمەتگوزاریەکان و ئاوەدانى و گەشەى وڵات و کۆمەڵگا و بوونى گەندەڵى و بێکارى و ململانێ سیاسیەکان و بێدەسەڵاتى و لاوازیان لەبەرامبەر وڵاتانى ناوچەکە و جیهاندا و… هتد.
جا یاساکە لەلایەن ئەم پارتە سیاسیە گەورە و بەدەسەڵاتانەوە لەسەر بنەماى یاساى سانت لیگۆ داڕێژراوە و گەرەکیشە پەسەندبکرێت. بەبیانووى ئەوەى کە یاساى پێشووتر و لەهەڵبژاردنى پەڕلەمانى ئێستادا لەساڵى 2021دا بۆتە هۆى دروستنەبوونى کوتلەى گەورە و بەهێز لە پەڕلەماندا و پەرتوبڵاوى دەنگەکان لەنێوان حیزبەکان و هەرئەمەش وایکرد کە نەتوانرێت گەورەترین کوتلەى پەڕلەمانى پێکەوەبنرێت و زیاد لە 1ساڵ هەڵبژاردنى سەرۆکى کۆمار و حکومەت دوابکەوێت بەهۆى پەرتوبڵاوى کورسیەکان لەنێوان هێزە تازە دروستبوو و بچووکەکان و بەناو سەربەخۆکانەوە. هەربۆیە گەرەکیانە ئەمجارە بەم یاسایە هەڵبژاردنەکان ئەنجامبدرێت بۆئەوەى ئەو قۆناغەى ڕابووردوو دووبارە نەبێتەوە و عێراق دووربکەوێتەوە لە گێژاوێکى سیاسى لە ئایندەدا. گەرەکیشیانە بە زووترین کات یاساکە تێبپەڕێنن، چونکە زۆرینەیەکى بەرچاویان هەیە و ترسیان هەیە کە صەدریەکان وەکو هێزێکى خاوەن جەماوەر و شەقام بکەوێتە ناڕەزایەتى یاساکە.
بەڵام هەموو هێزە تازە دامەزراو و گەنجەکان و تشرینیەکان و مەدەنى و عیلمانیەکان و شیوعى و صەدریەکانیش و هەندێکیش دەڵێن مەرجەعە ئاینیەکانیش دژى یاساى سانت لیگۆن، چونکە دووبارە دەبێتە هۆکارى سەرکەوتن و مانەوەى ئەو سەرکردە و پارتە سیاسیانەى کە ماوەى 20ساڵە لەدەسەڵاتدان و تەنها بێکارى و برسێتى و گەندەڵیان پێشکەشکردوە بەگەلانى عێراق. ئەم یاسایە ڕێگرە لەهاتنە پێشەوەى هێز و تواناى نوێى عێراقیەکان. هەربۆیە دژایەتى توندى دەکەن لەڕێگەى بایکۆتکردنى دانیشتنەکان و خۆپیشاندان لەشارەکاندا و دەڵێن ئەم یاسایە لە قازانجى لیست و پارتە گەورەکاندایە، چونکە (ماوەى دەنگەکان ) دەگەڕێتەوە بۆ لیستە گەورەکان و لیستە بچووکەکانى لێ بێبەش دەبێت. بەمەش دەڵێن نوێنەرى ڕاستەقینەى هەڵبژێردراوى گەل ناچنە ناو پەڕلەمانەوە. و یاسایەکى نادیموکراتیە.
ئاشکرایە یاساى سانت لیگۆ بۆ هەڵبژاردنەکان لەساڵى 1912وە لەلایەن زاناى بیرکارى فەڕەنسیەوە ( ئەندریە سانت لیگۆ)وە دانراوە.کە پوختەکەى بریتیە لە ( دابەشکردنى دەنگە بەدەستهاتوەکان لەلایەن لیستەکانەوە بەسەر کورسى هەڵبژاردندا، لە سیستەمى فرە کورسیدا و کەمکردنەوەى کەموکڕیەکانە کە دروستدەبێت لە ئەنجامى نێوان وەکیەکنەبوونى دەنگەکان و ژمارەى کورسیە بەدەستهاتوەکاندا). ئەم یاسایە لەو وڵاتانەدا بەکاردێت کە سیستەمى فرە لیستى و لیستى ڕێژەیى پەڕلەمانى پیادە دەکەن.
بەم شێوەیە ئەم یاسایە ڕەنگە ببێتە مشتومڕترین یاساى هەڵبژاردن لە عێراقدا و گەر بەزۆرینەش تێبپەڕێندرێت،ئەوا بۆ ئایندە و لەکاتى هەڵبژاردن و دواى هەڵبژاردنەکان عێراق بخاتەوە گێژاوى ناڕەزاییەکان و خۆپیشاندانەکان و حکومەت دوابکەوێت و ئەنجومەنەکان دەستبەکارنەبن و دایاردەکانى نەبوونى خزمەتگوزارى و بەردەوامبوونى گەندەڵى و بەهەدەردانى سەروەت و سامانى گەلانى عێراق بەردەوام بێت و جارێکى تر عێراق بگەڕێتەوە بازنەیەکى بۆشى پڕ ململانێ و سەرئێشەیەکى زیاترى بۆ دروست ببێت. لەم دۆخەشەدا ئەگەرى ڕوودانى هەموو ئەگەرێک کراوە دەبێت لە خۆپیشاندانى توندى دژ بە یاساکە و ئەنجامى هەڵبژاردنەکان و تەنانەت کودەتاى سەربازى و هێنانە پێشەوەى حیزبى بەعسى لەگۆڕنراویش کە ماوەیەکە دەهۆڵى بۆ دەکوترێت، لە سایەى ڕێکەوتنى سعودیە و ئێرانیشدا ڕەنگە دڵڕازیکردنى هەردوولاشى تێبکەوێت و زلهێزەکانیش گەرەکیانە گۆڕانکارى لەم پارت و دەسەڵاتدار و دەموچاوە کۆنانەى 20ساڵى ڕابووردوو ئەنجام بدرێت.
ماوەتەوە کورد، کە گەرەکە لەناوخۆى خۆیدا یەک و یەکگرتوو بێت و تابکرێت بە لیستى یەکگرتوەوە بەشداری بکات بەتایبەتى لەناوچەکانى مادەى 140 و نەکەونە ململانێى ناڕەوا کە ببێتە لەدەستدانى دەنگ و کورسیەکانى کورد لەو ناوچانەدا. بۆیە ئەرکی سەرکردایەتى کوردە لەدواى پەسەندکردنى یاساکەوە بەهەر شێوەیەک بێت بکەونە خۆ بۆ هاندان و کارئاسانیکردن و ئاشتبونەوە لە ناوچەکانى مادەى 140 و بەتایبەتى لەکەرکوک و خانەقین و دەشتى موێڵ کە لە ئێستادا عەرەب و تورکومان لەکەرکوک ناڕەزایى دەردەبڕن بەرامبەر ئەم یاسایە کە بەلاى ئەوانە لە قازانجى کوردە. بۆیە گەر وابێت دەبێت کورد زیاتر توندوتۆڵتر و یەکگرتووتر کاربکات بۆ سەرکەوتنى لیست و کاندیەکانى خۆى و پارێزگارى لە بوون و بەهێزى کورد بکات و ڕێگەنەدات کورسیەکانى لە ئەنجومەنى پارێزگاکاندا کەم بکات بەتایبەتى شارى کەرکوک. کە ماوەى 6ساڵە لەدەست زۆرینەى کورد دەرهێنراوە و عەرەب و تورکومان بەڕێوەى دەبەن و هەموو پیلان و بەرنامە دژ بەکوردەکانیان جێبەجێدەکەن. گەر لەناو هەرێمى کوردستاندا ململانێ و ناکۆکیمان هەیە، با لەناوچە دابڕێنراوەکانى کوردستاندا لەبەر خاترى خوێنى شەهیدان و مێژوو و ئایندەى کوردوکوردستان هاوڕا و تەبا و یەک و یەکگرتووبین.
بەداخەوە ئەمجارەش نەتوانرا یەکڕیزی نێوماڵی کورد بپارێزرێت و هەر لایەنە بۆ قازانجی دەستکەوتی حیزبی خۆی هەوڵ دەدات و کوردایەتیش بوەوە قوربانی و جارێکی تر سەربڕدرایەوە.
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی