هەڵۆ بەرزنجەیی: خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی: پرۆژەی لە چاپدانەوەی بڵاوکراوەکانی، پاسۆک – ژمارە 4.
گۆڤاری ئاڵای سووری کوردایەتی، بەرگی یەکەم/ ژمارەکانی 1 تا 16 چاپی 2022
پێش ئەوەی ھەر شتێ بین، ئەبێ کورد بین
چەکی بێ بیروباوەڕ سێدارەی جەماوەرە
ئاڵای سووری کوردایەتی ژمارە { 4 } ی مایسی 1981 ف. بانەمەڕی 2593 ک
ئۆرگانی ناوەندی ھێزی پێشمەرگەی پاسۆک.
بەرگی گۆڤارەکە ھەمان لۆگۆی ژمارەکانی پێشووی خۆر بە چوار تیرۆژەوە و قەڵەمێک قەدی مەشخەڵێکی داگیرساوە و خەنجەرێک لە تەنیشتیدا، وەک سیمبۆلی بیر و ھێز.
لەم ژمارەدا 11 بابەتی جۆراوجۆ بەرچاو دەکەوێت..
سەرەتا دیسان شیعرێکی پەشێو- ناوی شاعیری لەسەر نەنووسراوە- پێشوازی لە خوێنەرانی ئاڵا دەکات و شیعرەکەش بۆ ئەوکاتە و ھەتا ئەم چرکەساتە لە ئەدەبی کوردیدا گرنگترین و بەھێزترین بنەمای پێناسە و بەھای ئاڵا دەردەخات.. ئاڵا ھەر سیمبۆڵێک نییە بۆ پارچە پەرۆیەک یان قوماشێک، وەک ناحەزەکانی دەیانەوێ وێنای بکەن! ڕەھەندی گەورەی وا لە پشتەوە، ھەر لە سیفات و نیشانە جیاکەرەوەکانی میللەتان لەیەکتر تا دەگاتە سیمبۆلی شانازیی و سەروەریی لەسەر ئاستی دنیادا… بەشێکی گرنگی ناسنامەی بوونی ھەر گەلێکە، ھاوکات لێرەدا بۆ کورد مانای سەربەخۆیی و بەدەوڵەت بوونیش دەگەیەنێ و لەڕووی نێونەتەوەییشەوە ددان پێدانراوە…
[دۆستەکانم باش بزانن، دوژمنانم باش بزانن ، چەند باوەڕم بە زەردەشت و بە ئاویستا و بە خوا ھەیە، ھەزار ھەندەش، باوەڕم بە ھەڵکردنی ئاڵا ھەیە]…پەشێو بەم ھاوارە بەڕووی دۆست و دوژمنانی ئاڵای کورددا دێتە دەنگ لەگەڵ مانگی ئاداردا یەکێ لە بۆنە و جەژنە جیھانییەکانمان وەبیر دێتەوە.. ١ ی ئایار لە ساڵی 1886 ەوە باسی تێکۆشان و ھەوڵی بەدەستھێنانی مافی کرێکاران لە کەمکردنەوەی کاتی کارکردن و کرێی کاری پێویست گەرمە بەتایبەت لەدوای یەکەم جەنگی جیھانییەوە.. بۆتە جەژنێکی فەرمی لە زۆربەی وڵاتانی جیھان بەیاسا ئەو رۆژە بپشووە و کاری تێدا ناکریت.. زەحمەتکێش و کرێکاران لە جیھان دا و ئەم توێژە ماندوو و بەشمەنەت و دووجار چەوساوەیەی کورد، سووتەمەنی سەرەکی ژیانی بندەستین. بۆیە گۆڤاری ئاڵای سوور سەروتاری خۆی[ ئایار و ڕەنجدەرانی کورد] تەرخان دەکات بۆ ئەم بۆنە گرنگ و پیرۆزە. ئاخر دەبێت ژیان و گوزەران و چارەنووسی رەنجدەر و کرێکاری کورد لەسایەی نیشتمانێکی داگیرکراو و دابەشکراودا چ بێت؟.. لەم وێرانەماڵەدا کامە ماف و خۆشی و ئاسوودەییەکیان ھەبێت؟!.
[ زەحمەتکێشان و ڕەنجدەرانی ھەر کۆمەڵێک بەردی بناغەی کۆمەڵ و دینەمۆی بەرەو پێشەوە بەری مێژوون].. یەکەم دێڕی نووسینەکەیە..
ھەقیقەتی دۆزی کورد کە زەحمەتکێشان و کرێکاران بەشێکی بەرچاو و زیندووی پێک دێنن ئەوەیە کێشەکەی نەتەوەییە، نەک چینایەتی. گریمان کرێکارێکی کورد لە عێراق یان تورکیادا لە ڕووی چینایەتییەوە ئازاد بوو! ئەی خۆ پرسە نەتەوەییەکەی وەک بەشە سەرەکییەکەی خەباتی ھەر زیندوو دەمێنێتەوە!..
وتارەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە وەک پاسۆک لەگەڵ تەواوی مافی ئەم توێژە چەوساوەیەدایە و بەڵنییاییەوە لەسایەی [کوردستانێکی ئازاد و گەلێکی یەکسان]دا دەرفەتی فەراھەمکردنی ئەو مافانەی بۆی تێکۆشاون مسۆگەر دەکرێن.. بۆیە لە کۆتایی وتارەکەدا داوایان لێ دەکرێ [ پتر تینوتاوی شۆڕشەکەیان بڵێسە بسێنێ و ھەنگاوی چەسپاو بەرەو کوردستانێکی ئازاد و گەلێکی یەکسان] بنێن.. تا گەورەترین دینگەی چەوساندنەوە و ناڕەوایی و ئیمپریالیزم و گەراکانی لە جیھاندا پاکتاو کرێت]..شەکاوە بێت ئاڵای زەحمەتکێشانی کورد
ئەمەش چمێک ترە لە دروشمەکانی پاسۆک بۆ زەحمەتکێشانی کوردستان:
بۆ ئەوەی بتوانین یارمەتی چەوساوانی دنیا بدەین دەبێ جارێ چەوساندنەوە لە کوردستاندا نەھێڵین. دوژمنی چەوساندنەوەین لە دنیادا و خۆشمان بۆ نەھێشتنی چەوساندنەوەی کورد تەرخان کردووە.+ ئێمەی کورد دۆستی ڕاستەقینەی چەوساوانی جیھانین.
[ ڕازێکی کوردانە] ی ئەم ژمارەیە لەژێر ناونیشانی[ چۆن خەمی دواڕۆژ ھەڵدەگیرێ؟].
ئەو دەرفەتەی شەڕی ھەشت ساڵەی ئێران و عێراق ھێنایە بەردەم کورد،چانسێکی گەورە و زێڕینی خستە بەردەم بەتایبەت لە باشووردا و تەنانەت رۆژھەڵاتیش دا، دەرفەتەکە بقۆزنەوە.. ڕازەکەی ئەم جارە بە دوورودرێژی دروشمە سەقەتەکانی حیزبی کوردی لە یاسای پارێزگاکانەوە ھەتا فشە مافەکانی ئۆتۆنۆمی راستەقینە کە باڵاترین داوای ئەو رۆژگارەی حیزبە کوردییەکان بوو. بەتایبەت ڕووماڵێکی ئەزموونەکانی کورد لەگەڵ بەعسدا لە ساڵی 1963، 1968 و دوا ئەزموون 11ی ئازاری 1970 لە تێکڕایاندا کورد دۆڕاو و دەستبەتاڵ دەرچووە.. ئەگەر کورد بەراستی و دروستی ھەر کام لەو مافانەی بەدەست بھێنایە، تەخت و تاراجی دەوڵەتە داگیرکەرەکە لەبەر یەک ھەڵدەوەشایەوە.
لەو دۆخەی دوای ھەرەسدا، لەنێو حیزبە کوردییەکاندا بەرنامە و پرۆژەیەکی ھاوبەشی کوردی نەبوو.. گەر ھەر لایەنێک بیشیویستبایە ڕێگاچارەیەک بۆ کۆتایی ھێنان بە دۆزی کورد ھەڵبژێرێ، حیزبە کوردییەکان توانای ئەوەیان نەبوو پێکڕا مەلەفی کوردی بخەنە بەردەستی. ھەر حیزبە بە ھەوا و ئارەزووی خۆی قسەی لە مافەکان دەکرد و سەربەخۆ دەجوڵانەوە..
پاسۆک لەگەڵ ئەوەدا ھەوڵی دەدا، بنمیچی دروشم و داواکانی کورد بەرز بکاتەوە بۆ داوای دیاریکردنی مافی چارەنووس ، ھاوکات دەیویست ئەم دۆزە بە داوا و سیاسەت و دروشمی ھیچ حیزبێکەوە گرێ نەدرێ..وەک دۆزی نەتەوەیەک مامەڵەی لەتەکدا بکرێ..
ڕازەکە ئەوەش دەدرکێنێ کەوا داگیرکەری ئیمڕۆ و ئەوەی سبەینێش ھیچی لە ھەگبەدا بۆ کوردد پێ نییە، ئیدی نابێت بە درۆ خۆمان فریو بدەین و بە دیار داری زڕەوە خەونی سەوز و سوور ببینین.. ئەم ھەقیقەتەش ئێستا ھەموو بە چاوی خۆمان بە زیندووی دەیبینین لە دۆخی ھەڵبژاردەکان یاخود گۆڕانی دەسەڵاتەکانی ھەر چوار پارچەکەی کوردستان دا و بەڵگەی تریش زۆرن ئەمڕاستییە بسەلمێنن.
ناوەڕۆکی وتارەکە داوا لە جەماوەری زەحمەتکێشی کورد دەکات[ ئێوە خوێنی چاکترین ڕۆڵەی خۆتان پێداوە- بە دۆزی کورد- خاوەنی شەھید و گوندی سووتاو و ژیانی دەوروبەری و پڕ مەینەتین.. خاوەنی ڕاستەقینەی ئەم مەسەلەیە ئەو ڕۆڵانەتانن کە ژیانیان بە مەرگ گۆڕیوەتەوە]..
کاتێکیش داوا لە پێشمەرگەی کوردی گیان لەسەر دەست دەکات ئەوەی ئێوەی پێشمەرگە دەیکەن و تۆماری دەکەن لە داستانی ئازایەتی و گیانبەختکردن ھیچی لە [ فەلەستین و ڤێتنام و لاوس] کەمتر نییە.. پاشان دەنووسێ:[ داوای حسابی تەواو ڕوون لە ھەموو لایەکمان بکەن و ئێوەش ڕێ مەدەن لە ناو زاراوەی ” ئیزم” اتیدا بتان تاسێنن].
> پەیام لەمە ڕاستگۆیانەتر و دڵسۆزانەتر لە ھیچ شوێنێکی تردا بەدیدا ناکرێ! بەتایبەت لە دنیای حیزب و حیزبایەتی دا، داوا لە جەماوەر بکەیت بێتە چاودێر بەسەرتەوە و لێپێچینەوەت لەتەکدا بکات!..
[شادەمارە سەرەتاکانمان].. لەژێر ناونیشانی [[ ڕێز و سوود لە ھەموو تاقیکردنەوەیەکی جیھانی و نێونیشتمان دەگرین و وەردەگرین بە مەرجێ لەگەڵ بەرژەوەندی و ویست و ئارەزووی دەروونی کورددا بگونجێ]]… دەرگا بەسەر کۆمەڵێ باسوخواستی گرنگی چارەنووسسازدا دەکاتەوە و دەمانخاتە بەردەم ئەرکێکی قورس کە یەخەی بە چارەنووس و شۆڕشی کورد گرتووە:
1ـ بۆ شەڕی داگیرکەرانی کوردستان بەتەنیا ئەزموون و تاقیکردنەوە و وزە و ھێزی کورد بەس نییە؟ ئەی کەواتە دەکرێ سوود لە چی و کێ وەرگیرێ و ھانا بۆ کوێ ببرێ؟؟…
2- کامانەن ئەو ئەزموونانەی بەکەڵکی واقعی کۆمەڵایەتی و سیاسی کورد دێن و کورد کورد دەتوانێ سوودیان لێ وەگرێ؟!.
3- ھیچ کەس و لایەک ھەیە دەستی یارمەتی بێ مەرج و بێ بەرانبەر درێژ بکات؟.
لە شیکارێکی بابەتیی حەوت لاپەڕەییدا بە تانوپۆی ئەم باسەدا دێتە خوارێ و پانۆڕامایەکی مێژووی رووداوەکانی کورد بە چاک و خراپەوە دەخاتە بەرچاو و پێداگریی لەسەر ئەو تایبەتمەندییانە دەکات، کە دۆزی کورد لەوانی دیکە جیا دەکاتەوە.. بۆیە ئەگەر بمانەوێ تاقیکراوە سەرکەوتووەکانی جیھان بھێنین و کتومت لە کوردستاندا دووبارەیان بکەینەوە، مەرج نییە سەرکەوتوو بین، چونکە بمانەوێ و نەمانەوێ زەمینەیان جیاوازە و ھەر یەکەیان بە چەندین ھۆکاری جۆراوجۆری سەربەخۆوە گرێ دراون. بە دەربڕینێکی تر مەرج نییە قاڵبی ئەوان بۆ کورد دەست بدات!!..
لەوەش گرنگتر نموونەیەکی کەم ھەیە لە خەباتی رزگاریخوازی و شۆڕش لە جیھان دا ، بێ ھاوکاریی دەرەکی سەرکەوتنی بەدەستھێنا بێت..شۆرشی ئەمەریکا و شۆڕشی ئۆکتۆبەر و خەباتی ڤێتنام و زۆر شوێنی تری جیھان بەھاوکاریی دەرەکی بە ئەنجام گەیشتووە.
شیعرێکی حاجی قادری کۆیی – تا ڕێک نەکەون؟ لە سەر تەبایی و ڕێککەوتن و ڕاگەیشتن بە دنیای پێشکەوتوو، ناوەڕۆکی گۆڤارەکە دەوڵەمەند دەکات .
[ بانگێ لەسەنگەری پاسۆکەوە]. ناونیشانی وتارێکی ترە کە ئاڕاستەی [ برا بەزیوە ترسنۆکەکەم] کراوە..
بانگەوازەکە چرپەیەکە بۆ گوێی ئەوانەی بە ھۆوھۆکارێک یان پاساوێکی نالۆژیکی خۆیان لە ئەرکی شۆڕشگێریی دەدزنەوە و شەرەفی نەتەوایەتی ناخەنە سەر شانی باوەڕ و تێکۆشانیان.. بەتایبەت کە لەسەرەتای ھەشتاکان دا لێشاوێکی زۆر لە گەنج و خوێنەوەر و رۆشنبیر و خەڵکی ئاسایی کوردستان بەجێ دێڵن بەرەو ئەوروپا دەڕۆن..
شۆڕشگێر خۆی دەبێت ئازا و لە خۆبووردوو و بێنیاز و دڵسۆز بێت، بەشداریش لە بزاڤی رزگاریخوازیدا ئەرک و ڕوومەتێکی بەرز و پیرۆزە.. نابێت پەندی ( گا ئەیکات و کەر دەیخوات) لە ئایندەی کوردستاندا بێتە دی و ئێوەش پێویستە بەشداری کاروانی خەباتی خوێناوی کورد بن..
{ دەمانەوێ لەسەنگەری ئەو شەرەفەوە کە بە خۆی ڕەوا نابینی دەنگێکت بە گوێدا دەین، بەڵکوو ئێ! جووڵەیەکی پیاوەتیت تێدا مابێت و دەمار بتگرێ! بیرت دەخەینەوە کە شۆڕش باڵارتین شێوەی چالاکی ئیجابی مرۆڤە بۆ چەسپاندنی ڕەوا و ڕاستکردندنەوەی بارێکی ئاڵۆز و ناسروشتی نێو کۆمەڵ .. بەواتایەکی دیکە ڕسکانە لەنێو ژاندا و خۆ تەرخان کردنە بۆ کۆمەڵ..].
وتارەکە توندە و بە قورسی دەستی داگرتووە بەرانبەر ئەوانەی فیزماڵک لە گۆڕەپانی خەبات دەکەن و بیانوو و پاساوی نابەجێ بۆ جێھیشتنی کوردستان و شۆڕشەکەیی و ھەڵاتنەکەیان دەدۆزنەوە.. جێی خۆیەتی بڵێن دواتر زۆر لەم کەسانە بوونە ھێزێکی مادی و گەورە لە دیاسپۆڕا بۆ کۆمەکی کورد و کوردستان و ریسواکردنی دوژمنانی ..
> [[ شۆڕشگێڕایەتی شەرەفێکی ھێندە مەزنە، کە نە بەر ھەموو کەسێ دەکەوێ و نە ھەموو کەسێکیش شانی ھەڵدەگری، تەنھا ئەوانەی کە ژیان لە خزمەتی نەتەوەکەیاندا دەبێنن و ( زات) یان ئاوێتەی( زات) ی نەتەوەکەیان دەبێت ، دەتوانن تا سەر ئەو شەرە بپارێزن]]..
ئەو سەردەم کورد لە باشووردا کەوتبووە بەردەم دڕندانەترین سیاسەتی داگیرکاری و فوژمنانەی ڕژێمی بەعس و دەوڵەتەکەی.. سیاسەتی بە عەرەبکردن و ڕاگوێزان و دەرپەڕاندن و شێواندنی دیمۆگرافیای کوردستان و ئاگر و ئاسن باران بەسەر شاروگوند و دەشت و کێوی کوردستان دا..
[ قوتابخانەی پاسۆک] ئەم جارە وانەی [[ کۆلۆنیال و کۆلۆنیالیزانی/ ئیستعمار و ئیستعمارانی کوردستان]].. ی تێدا دەوترێتەوە.
زۆر بەدەگمەن باسی کۆلۆنیالیزم لە ئەدەبیاتی حیزبی کوردیدا بەرچاو دەکەوێت.. بەتایبەت لەو سەردەم و ڕۆژگارەدا جگە لە پاسۆک ھیچ حیزبێکی کوردی ئامادە نەبوو ددان بەوەدا بنێ (کوردستان وڵاتێکی کۆلۆنیکراوە). باشترین پێناسەیان ئەوە بوو عێراق رژێمەکەی رەفتار فاشیانەیە..
کەواتە ئەم باس و بابەتانە جۆرێک لە تابوو و نامۆبوون لە ئەدەبیاتی سیاسی حیزبی کوردیدا.. خوێنەری کوردیان پێ ھوشیار نەکراوەتەوە و بگرە لە ترس و شەرمدا زەندەقیان لەبەکارھێنانی ئەم چەمکەدا چوو بوو. حیزبەکانی دیکە زیاتر سەرگەمی خەباتی ھاوبەشی کوردی ژێردەستە بوون لەگەڵ میللەتانی سەردەستی تورک و فارس و عەرەب..
ڕەنگە ئەم ژینگە نالەبارەی حیزبی کوردی بە ئایدۆلۆژیای ھەرشەوە سازیان دابوو، کۆسپیش بوو بێت بۆ بەردەم بیرکردنەوەی پاسۆک، لە دەربڕینی قورس و دروستی ئەم چەمکەدا.. جێی نیگەرانیشە کەوا تا ئێستا لە کتێبخانەی کوردیدا سەرچاوەگەلێکی پێویست لەسەر ئەم باسە فەراھەم نییە..دواتر لەسەردەمێکی کورتدا پ ک ک ش ئەم باسەی زەق کردەوە و زانای بەناوبانگی سۆسیۆلۆژی تورک ( ئیسماعیل بێشکچی ) بە تێزە گرنگەکانی کتێبە بەناوبانگەکەی ( کوردستان دوا کۆلۆنی) ئەم باسەی دەوڵەمەندتر و زیندووتر کرد و سەلماندی کە کوردستان کۆلۆنییەکی نێودەوڵەتی دەستی سیستەمی جیھانی خوڵقاوە، کە ھێزە ئەھریمەنە جیھانییەکان نەخشیان کێشاوە… داگیرکەرانی تورک و عەرەب و فارسیش بەشێکی زیندوو و جێبەجێکاری ئەو تاوانە نێودەوڵەتییەن!..
مێژووی کۆلۆنیالیزم دەوڵەتە زلھێزەکان ئیسپانیا و پورتوگال و ھۆڵەندە و ئینگلیز و فەرەنسا کۆلۆنیالیزمی نوێ ئەمەریکا کۆنە سیاسەتی پێڕەکراویان جۆری زۆرە و بەتایبەت ھی کوردستان خەسڵەت و تایبەتمەندی خۆی ھەیە..
گۆڤاری ئاڵای سووری کوردایەتی.. بە تێروتەسەلی بەم باسەدا شۆڕ دەبێتەوە و دێتە سەر نموونەی کۆلۆنیالیزم لە کوردستان دا و بە ٤ بە جۆر نیشانی دەدات!..
> ” کۆلۆنیالیزمی: ئابووریی نموونەی کۆلۆنیالیزمی ئینگلیزی لە ھندستان و عێراق و کەنداو و ئەفەریقا، کۆلۆنیالیزمی ڕۆشنبیریی وەک کۆلۆنیالیزمی فەرەنسایی لە جەزائیر و لوبنان و ھەندێ وڵاتی تری ئەفەریقا ، کۆلۆنیالیزمی جێنشینی/ ئیستیتانی، وەک کۆلۆنیالیزمی سیاسی وەک کۆریای خواروو و ڤێتنامی خواروو” ..
کورد لەژێر چەپۆکی فارس و ئیسلامی ئەمەوی و عەباسی عەرەبیدا و دواتر سەفەوی عوسمانی تا ئێستای تورکیا و ئێران و عێراق و سووریا. دوورودرێژترین ئەزموونی لەگەڵ جۆرەھا کۆلۆنیالیزم و دەبڵ کۆلۆنیالیزمدا ھەیە..
{{ لە ھەمووی بەدتر داگیرکەرانی کوردستان ھەر چوار جۆر و شێوازی کۆلۆنیالیستیان لە یەک کاتدا لەخۆدا کۆمەڵ کردۆتەوە و زۆر بە دڕندانەتر و خراپتریشەوە]]..
لەڕووی ئابوورییەوە سامانی کوردستان بەتاڵان دەبرێ و دەکرێتە پارەی مۆڵ و چەک و تەقەمەنی سووک و قورسی پێدەکڕدرێت و کوردستانی پێ کاول دەکرێ و کوردی پێ دەکوژرێ.. لە ڕوویی رۆشنبیرییەوە کۆلۆنیالیزمی کوردستان گەشە بە ھەموو زمان ورۆشنبیریی و فەرھەنگی شتێکی خۆی دەدات و فەرھەنگ و مێژوو و ناسنامەی کورد دەشێوێنێ! یان قەدەغە دەکات.. لەڕوویی نیشتەجێکردنەوە ئەندازەی تەعریب بەڕادەیەک ترسناکە نیوی خاکی کوردستانی گرتۆتەوە.. لە شوێنی کورد عەرەب نیشتەجێ دەکرێ ئیمتیازیان ھەیە لە دامەزراندن لە کارخانە گرنگ و ھەستیارەکانی وەک نەوت..لە ڕووی سیاسییەشەوە بوونی کورد لە زۆر شوێن قەدەغەیە بەشدار نییە لە کایەی سیاسیدا و جومگە بەھێزەکانی دەوڵەت ھەر بەدەست میللەتی سەردەستەوەیە.. نە ھەڵبژاردنی ئازاد ھەیە و نە کورد دەنگی سەربەخۆی خۆی ھەیە.. بێشکچی دەڵی:” سەرتاسەری فەرھەنگ و ژیاری ھەر سێ نەتەوەی فارس و تورک و عەرەب بەپێی درۆ و فریو داڕێژراوە، بۆچی؟ بۆئەوەی کە حاشایان لە ڕۆڵی مێژوویی نەتەوەی کورد کردووە، بۆئەوەی غەدریان لە کورد کردووە”..
ھەر لەم ژمارەدا جارێکی تر شیعرێکی ناوداری تری پەشێوی شاعیرمان بەرچاو دەکەوێ لە ناوەڕۆکی وتاری سەرەوە زۆر نزیکە و پەیامێکی ڕەسەنایەتی کوردی لەناوچەکەدا لە خۆ گرتووە. شیعری (( تەعریب)) :
لە ئاسمانەوە نەھاتووم ، من میوان نیم، من میوانی ، سێبەری قورسی کوردستان نیم، بەر لەمێژوو ، ئاگرێک بووم لیرە دەربووم، بەر لەمێژوو ئاگرێک بووم لێرە ھەڵبووم… بارکەن بڕۆن، کانیاوەکان جگە لەمن کەسێکی تر تێر ئاو ناکەن، بارکەن بڕۆن، زەوی ئێمە دانی ئیوەی لێ شین نابێ، مێرگی ئێمە لەژیر پێی گاڕانەکانتان، وەک ئاگرن، تا دار تووشمان یاخی دەبن، جۆلانەیەک بۆ مناڵتان ڕاناگرن،
بارکەن بڕۆن، میوەی درەختەکانمان تاڵە، ئاومان سوێرە، ھەنگوینمان بەدەمتان تاڵە، بارکەن بڕۆن، بارکەن بڕۆن…
دەبێت ئاماژە بەوە بدەین کەوا ئەم دەقە شیعرییانەی (پەشێو)ی گەورە لەو رۆژگارەدا تەنیا لەسەر ڕووپەلی بڵاوکراوەکانی پاسۆکدا بەرچاو دەکەوتن، بێ سانسۆر و بێ پەساپۆرت تێدەپەڕین و دەھاتن.. ئەو شاعیرەش لەبەر ھەڵوێستە نەتەوەییەکانی و شیعرە بەرزەکانی گیانی کوردایەتی خرۆش دەدا، لە زۆر شوێن قاچاخ بوو!.. باجی زۆر قورسی بۆ ئەم بیرکردنەوەی داوە!.
دێینە سەر وتاری [[ تیشکێ لە خۆری کوردایەتی// دێڕێک لە داستانی بەچکەشێرانی نەتەوەیی//]]..
لەم ماوەیەدا ٨ چالاکی جۆراوجۆر ئەنجام دراوە و داستانی گوندی (ئالان و حاسڵ)ی شارەزوور دیارترینییانە، کاتێ ھێزێکی پیشمەرگەی پاسۆک لەگەڵ ھێزێکی برایانی سۆشیالیست دا، دەچن بە ھانای دوو مەفرەزەی (یەکێتی و حیزبی شیوعی)یەوە کە لەلایەن ھێزێکی گەورەی سوپای بەعسەوە گەمارۆ درابوون. لە داستانەکەدا خوێنی شەھید (( دڵشاد ئەحمەد/ دڵە غەزەب))ی پێشمەرگەی پاسۆک لەتەک خوێنی گەشی پێشمەرگەی ھلایەنەکانی تردا دەڕژێ بەسەر یەک سەنگەری بەرگریی و تەبایی کورددا و ھەر چوار لایەن بە ھاوبەشی و بە یەک دڵ و بازوو دوژمن تێک دەشکێنن و دەستکەوتی گەورە بەدەست دێنن… ئەم تەبایی و یەکڕیزییە و سەرکەوتنە دەبێتە مایەی شادی و خۆشییەکی زۆر بۆ جەماوەری ناوچەکە و پێشمەرگە قارەمانەکان و ھەمووان…
لە بابەتێکی تری سەربەخۆدا دوو وتەی (تاریک)ی دوژمنانی کورد و دوو وتەی (روون)ی دۆستەکانی کورد ھێنراوەتەوە .. دوای ئەویش سێیەمین شیعری پەشێوی شاعیرمان لەم ژمارەیەدا بەرچاو دەکەوێت.. ئەم شیعرەش یەکێکە لە شیعرە ھەرە بەرز و مانادارەکانی زنجیرە شیعری یاخود دیوانی ( دوازدە وانە بۆ منداڵان) . ناوەڕۆکەکەی لە فۆڕمی گێڕانەوەی چیرۆکێکدایە بۆ منداڵان باس لە بێ دەوڵەتی و بێ ئاڵایی کورد دەکات..
لەزۆر شوێنی دیکەدا باسی بایەخ و گرنگی دەوڵەت و ئاڵامان کردووە و دەیکەینەوە، بۆیەکا لێرەدا بەم کورتە ئاماژە پێدانە دەست ھەڵدەگرین و درێژە بەم باسە نادەین!.
[[ماڵاوا]].. ئەو وێستگەیە ھەر جارێک دوای گەشتە دوورودرێژەکەمان پێی دەگەین.. بابەتی ئەم ژمارەیە بەناونیشانی: [[ یەکگرتنەوەی کوردستانی گەورە جیاخوازییە یان یەکێتی و رزگاری؟؟!!]]..
پرسیارێکی ھەستیارە بە رووی ئەقڵی سیاسی حیزبە کوردییەکان و ھێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی گەلانی سەردەست دا؟!.. ورووژاندنی ئەم بابەتە، وەک شڵەقاندنی گۆمێکی مەنگە کە سەدان ساڵ بێت شەپۆلێکی نەدابێت؟!.. کورد رێک لەوە دەچێت، [[وەکو تاوانبارێکی بێ تاوان لە قەفەزی تاوانیاری دا ڕایگرین ]].. پێش ئەوەی ھیچ کەسێک پەنچەی تاوانی بەڕوودا راوەشێنێ، لەناوخۆیدا گێرمەوکێشەی فیکری و سیاسی دروست دەبێت. چونکە زۆربەی ئەو حیزب و ھیزە سیاسییانە سەرگەرمی ئامانج و داخوازییەک بوون، لەپەراوێزی مافی کولتووریی و فشە ئۆتۆنۆمییەکی تێنەدەپەڕاند!.. [[ئەمە “جیاخوازی” و “تەجزئە تەڵەبی” یە کە بۆتە دێو و کوردی پێ دەتۆقێنن و جێی شانازی و مافی بێ چەندوچوونی ھەموو نەتەوەکانی دنیایە، کورد نەبێت!! لەناو خۆشدا بۆتە پلار و تۆمەت و تاوان و دەپێچرێتە ملی شۆڕشگێڕە ڕاستەقینە نەتەوەییەکانی کورد]].
گرفت و دەردەکە لەوەدا یە کاتێ حیزبێ باوەڕی بە یەکگرتنەوە و رزگاریی و بەسەربەخۆیی کودستان نییە، ڕێگری لەوانەش دەکات کە باوەڕیان پێیەتی و خەباتی بۆ دەکەن!. بەواتایەکی تر حیزبی کوردی خۆی دەکاتە پاسەوانی ئایدۆلۆژی و فیکری و سەربازی سنوورەکانی (سایکس پیکۆ)ی دەستکردی ئیمپریالیزم و کۆلۆنیالیزم!.. گەلۆ چ کوێرەوەرییەکە لە دنیای کوردبوون دا؟!.
وتارەکە دوا قسە و پەیامی خۆی بەم دێڕە کۆتایی پێدێنێ و وەک بۆمبێکی تەقاوە لە نێو ئەقڵ و سیاسەت و دروشمی ئاڵوواڵای ناو گۆڕەپانی ئەوانی دیکەدا بەجێی دێڵیت!.
{ ئەگەر جیابوونەوەش بێت، ئەرێ جیابونەوە لە” سەپاو”و ” ناھەق”و ” زۆر”و ” زۆرەملێ” چ عەیب و تاوانێکی تێدایە؟]]…
منیش دەڵێم تا ژمارەی داهاتوو ماڵئاوا و بەشادیتان دەسپێرم!.