خالید مەجید فەرەج: بەرەبەیانی فەلسەفە.
هەزاران ساڵ بەر لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڕەگەزی مرۆڤایەتی و هۆشیاری بۆ خۆی و ژیان و گەردوون، سەری سووڕماوە لە هۆکاری بوونی خۆی و ژیان و ئایا لە کوێوە هاتووە، کێ دروستی کردووە، هۆکاری بوونی چییە و پرسیارە بوونگەراییەکانی دیکە کە مرۆڤی کۆن، تەنیا خەیاڵی خۆی شک بردووە بۆ لێکدانەوەیان بۆیە لەو ڕێگەیەوە دەستی پێکردووە، ئەوەش بە هۆنینەوەی ئەفسانە و تێڕوانینە ئایینییەکان، دەستی بە لێکدانەوە بۆ جیهان و ژیان کردووە، هۆکاری بوونی خۆی و دیاردە سروشتییەکانی دەوروبەری پێ لێک دەدانەوە، و ئەم ئەفسانانە بە ڕێگەی زارەکی لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر دەگوازرانەوە و باوەڕی مرۆڤی کۆنیان پێک دەهێنا.. ئەوە حاڵی مرۆڤایەتی بوو لە هەموو جێیەکی دنیادا تا وەکوو گۆڕانکارییە ڕیشەیییەکە لە مێژووی بیری مرۆڤایەتیدا ڕوویدا، کاتێک فەلسەفەی یۆنانی لە سنووری ساڵی 600 پێش زایین دەرکەوت، ئیدی بەڕەکەی لە ژێر هەژموونی ئەفسانە ئایینییەکان دەرهێنا و بۆ یەکەم جار لە مێژوودا جۆرێکی دیکەی وەڵامی خستە ڕوو کە لۆژیکیتر و عەقڵانی تر بوو. هەروەها بۆ یەکەم جار لە مێژوودا شێوازێکی جیاوازی بیرکردنەوەی خستە ڕوو بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارە بوونگەراییەکان.
با پێکەوە گوێ لە چیرۆکی فەلسەفەی یۆنانی بگرین، یەکێکە لە چیرۆکە سەرنجڕاکێشەکان، بەڵام بیر کردنەوەی دەوێت، چونکە کەمێک ئاڵۆزە. چیرۆکەکەمان بە پرسیارێکی زۆر گرنگ دەست پێ دەکەین، ئایا فەلسەفە چییە؟ فەلسەفە شێوازی بیرکردنەوەیە یان شێوازێکی جیاوازی بیرکردنەوە و وەڵام دانەوەی پرسیارەکانە. ئێستا دێینە سەر ئەو پرسیارەی بۆ چی فەلسەفە لە یۆناندا سەری هەڵدا؟ سەرهەڵدانی فەلسەفە لە یۆنان پەیوەستە بە چەند فاکتەرێکەوە، گرنگترینیان شێوازی ژیانی یۆنانییەکان بوو، کە بە شێوەیەکی سەرەکی لەسەر بنەمای بیرۆکەی دیموکراسی، یان بیرۆکەی ئازادی هەڵبژاردن و ئازادی بیرکردنەوە بەڕێوە دەچوو. جگە لەو شێوازەی ژیان لە یۆنان وەک زۆربەی شارستانیەتەکانی جیهانی کۆن، کە لەسەر بیرۆکەی کۆیلە دروست بووبوو، بەو مانایەیە کە کۆیلەکان کاری ڕۆژانەیان دەکرد. بۆیە پێ دەچێت ئەمە مەیدانەکە و کاتێکی باشی بۆ هاووڵاتییانی ئازاد تەرخان کردبێت کە بیر لە پرسیارە وجودییەکان بکەنەوە. بەڵام فاکتەری دوایی و لە هەموو گرنگتر کە هۆکاری دەرکەوتنی فەلسەفە بوون لەو وڵاتەدا تۆمارکردنی ئەو ئەفسانانەیە کە پەیوەندییان بە خوداوەندەکانەوە هەیە لەلایەن شاعیرە یۆنانییەکانەوە وەکو هۆمیرۆس و ئیزۆس کە وەڵامی خەڵکیان لە شێوەی شیعردا دەربارەی پرسیارە بوونگەراییەکانیان دەدایەوە و بەم شێوەیە شیعرەکان لەناو هاووڵاتییە ئازادەکاندا بڵاو دەبووەوە کە بۆ یەکەم جار لە مێژوودا تێڕوانینی ڕەخنەگرانە بۆ فیکری ئایینی لەسەر دەستی شاعیر و فەیلەسووف زینوڤانیس و شاعیری یۆنانی دروست بوو، دەیگوت مرۆڤ خوداوەندەکانیان لە شێوەی بەشەردا دروست کردووە وەکو مرۆڤ نان دەخۆن و جلوبەرگ لەبەر دەکەن. دەبینین ئەتیوبییەکان خوداوەندەکەیان ڕەش و لووتێکی کراوەیان وەکو خۆیان بۆ دروست کردووە، بەڵام تەراقییەکان -خەڵکی شاری تەراقییە- خوداوەندەکەیان قژ سوور و چاو شین دروست کردووە. خۆ ئەگەر ئەسپ و شێر بیانزانیانە خوداوەند چییە ئەوانیش لە شێوەی ئەسپ و شێردا دروستیان دەکرد، ئەو دەیگوت خودا تاک و تەنیایە و چەند دانەیەک نییە و هیچ سیفاتێکی مەخلوقاتی بەسەردا ناسەپێت. ئەم فەیلەسووفە بە شیعر و گوتارەکانیشی فیکرەی ئەفسانەی ئایینی و هەر وەکوو گوتمان بیرۆکەی فرە خوداوەندیشی ڕەت دەکردەوە و دەیگوت هەموو ئەو ئەفسانانە لەخەیاڵی مرۆڤ زیاتر هیچی دیکە نین. ئەو دەیگوت ئەوانە لە گەڵ کەماڵی ئیلاهیدا ناینەوە. ئەوە یەکەم قۆناغ بووە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا لەپەرینەوە لە شێوازی بیرکردنەوەی ئەفسانەیی بۆ شێوازی بیرکردنەوەی عەقڵی و مەنتیقی.
لەدوای ئەوە چیی ڕوویدا؟ ئەوەی ڕوویدا لە ئاکامی ڕەخنەکانی زینوڤانیس و غەیری ئەو بۆ بیرۆکەی ئەفسانەکان و تەسەوری ئەفسانەیی بۆ دیاردە سروشتییەکان بۆ نموونە بیرۆکەی ئەوەی کە ڕۆژ خوداوەندە و هەورەتریشقە دەنگی خوداوەندەکانە و شەڕ بەگشتی غەزەبی خوداوەندە و خێریش ڕەزامەندی خوداوەندە، هەموو ئەو تەسەورە ئەفسانەییانەیان بۆ لێکدانەوەی دیاردە سروشتییەکان ڕەت کرانەوە و بواریان بۆ فەیلەسووفەکان ڕەخساند تاوەکوو لێکدانەوەی مەنتیقی و عەقڵی بۆ ئەو دیاردە سروشتیانە بکەن.
لە یۆنان یەکەم کۆمەڵە لە فەیلەسووفەکان دەرکەوتن کە ئەو ئەرکەیان خستە سەرشانی خۆیان بۆیە ناو نران کۆمەڵەی فەیلەسووفە سروشتییەکان. ئەمانە کێ بوون؟ ئەمانە یەکەم کۆمەڵەی فەیلەسووفەکان بوون کە لە یۆنان سەریان هەڵدا و هەوڵی بیرکردنەوەی عەقڵیان دا بۆ دۆزینەوەی لێکدانەوەی عەقڵی و مەنتیقی بۆ دیاردە سروشتییەکان، بۆ ئەسڵ و سەرچاوەی ژیان، یەکەم فەیلەسووف لە وانە فەیلەسووفی یۆنانی بەناوبانگ ((تالیس)) بوو، دەتوانین فەلسەفەکەی لەیەک ڕستەدا کورت بکەینەوە، کە دەڵێت: ئاو سەرچاوەی هەموو بوونێکە (مەوجوداتەکان) دەڵێن ئەمەی لەوەوە هێناوە کاتێک کە سەردانی میسری کردووە بینیویەتی کرم و بۆقەکان لە زەوییەوە دوای باران بارین دێنە دەرەوە بە عەقڵی خۆی هۆکاری ژیانی بە ئاوەوە بەستووەتەوە. بێ گومان ئەوە هەوڵێکی سادە بووە، بەڵام دادەنرێت بە یەکەم هەوڵدان بۆ لێکدانەوەیەکی عەقڵی بۆ هۆکاری دروست بوونی ژیان و سەرچاوەکەی.
هەرچی هەوڵی دووەمە لەسەر دەستی قوتابییەکەی فەیلەسووف (ئەناکسیماندر) بوو کە سەر لەبەری لێکدانەوەکەی ئوستادەکەی (تالیس)ی ڕەت کردەوە کە ئاو سەرچاوەی بوون بێت و گووتی: ئەوە تەفسیری هەموو بوونەکان ناکات بۆ نموونە ئاگر، پرسیاری لێ کرد ئایا چۆن ئاگر لە ئاوەوە دروست دەبێت؟ لێرەوە فەیلەسووف ئەناکسیماندر بیری کردەوە و ئەم بیرۆکە شۆڕشگێڕانەیەی بۆ خولقاندین کە دەڵێت: سەرەتای یەکەمی ژیان یان ئەو پرەنسیپەی کەژیانی لێوە دروست بووە دەبێت لە ژیان خۆی یان بوونەکان جیاواز بێت ئەو ناوی لێ نا بێ سنوور ئەپیرۆن ((Apieron)) وشەیەکی یۆنانییە بە واتای بێ کۆتایی ئەو وای دەبینی کە مادە ئەسڵییەکە کە هەموو شتێکی لێوە دروست بووە ماددەیەکی دیاریکراو نییە و ماهییەتی ناسراو نییە. ئەو عالەمێک یان دنیایەکە لەناو چەندین دنیای دیکەدا کە دەردەکەوێت و دواتر لە چوارچێوەی چەمکە بێ کۆتایییەکەدا دیار نامێنێت.
دەتوانین بڵێین فەیلەسوف ئەلکسیماندر یەکەم کەس بووە کە بیرۆکەی بوونی نوقتەیەک یان خاڵێکی پێشکەش بە مرۆڤایەتی کردووە کە هەموو شتێکی لێوە دەردەکەوێت. هەروەها یەکەم کەس بوو کە مەفهوومی بێ کۆتایی و چەمکی فرەکەونەکانی هێنانە گۆڕێ کە ئێستا لە چوارچێوەی گریمانە زانستییەکاندا بەرچاو دەکەون.
دوای ئەو قوتابییەکی خۆی هات کە فەیلەسووف ئەناکسیمینس بوو و لێکدانەوەی ئوستادەکەی ڕەت کردەوە کە دەڵێت ماددەیەکی دیاری نەکراو هەموو شتێکی لێ دروست بووە. ئەو گوتی کە هەوا سەرچاوەی بنەڕەتی بوونە، گوتی ئاو لە هەواوە دەردەچێت کاتێک کە باران لە ئاسمانەوە دەبارێت، ئاگر لە هەواوە دەردەچێت. هەروەها غەیری ئەوانە و لە ئەنجام گیری کۆتاییدا دەڵێت: هەوا سەرچاوەی گشت بوونەکانە (مەوجودات).
ئێستا دەتوانین بڵێین کە ئەو سێ فەیلەسووفە پێکەوە شتێکیان پێک هێنا کە بە مەدرەسەی المیلیسیە دەناسرێت و دەگەڕێتەوە بۆ شاری میللی کە خۆیان خەڵکی ئەو شارە بوون و دادەنرێت بە یەکەم مەدرەسەی فەلسەفی لە مێژووی فەلسەفەدا. هەر وەکوو بینیمان هەرچەندە هەوڵدانەکانیان زۆر سادە و ساکار بوون، بەڵام یەکەم هەوڵ بوون بۆ خستنە ڕووی تێڕوانینێکی زانستی و مەنتیقی و عەقڵانی بۆ تەفسیر کردنی دیاردە سروشتییەکان دوور لە کاریگەرییە ئەفسانەییەکان.
دەتوانین ئەو فەلسەفەیە لە یەک ڕستەدا کۆ بکەینەوە کە ئەو فەیلەسووفانە باوەڕیان وا بووە کە ماددەیەکی ئەسڵی هەیە عالەم و بوون (مەوجوودات)ی لێوە دروست بووە ئاو لای ((تالیس)) و لەلای ئەنکسیمندریس مادەی بێ کۆتایی (( ئیبرون)) و هەوا لەلای ئەنکسیمانس.
گرنگ ئەوەیە لە کۆتاییدا فەلسەفەکەی ئەوان لە بوونی ماددەیەکی ئەسڵی بۆ کەون کە هەموو بوونەکانی لێوە دەرکەوتووە ئیشکالیەتێکی ئاڵۆزی دروست کرد کە ئیشکالیەتی یان پرسی گۆڕانە و زۆر بە سادەیی واتاکەی ئەمەیە: ئەگەر کەون هەمووی لە یەک مادەوە دروست بووبێت چۆن ئەو مادەیە گۆڕاوە بۆ ئەوەی هەموو ئەو بوونانە دروست ببن ئەم پرسە دوو فەیلەسووف هەوڵیان دا بەرەنگاری ببنەوە و هەرچەندە هەردووکیان سەر بە هەمان شار بوون کە شاری ئیلی بوو و لە یەک دەور و زەمانیشدا دەژیان، بەڵام دوو وەڵامی زۆر جیاواز لە یەکیان پێشکەش کردووین.
یەکەمیان فەیلەسووفێک بوو بەناوی بارامینیدس کە فەلسەفەکەی دەکرێت لە یەک ڕستەدا چڕ بکرێتەوە ( هەرچییەک لە بووندا هەیە هەر لە ئەزەڵەوە هەبووە)، ئەم ڕستەیە چ واتایەک دەبەخشێت؟ واتا هەرچییەک لە سروشتدا هەیە هەر لە ئەزەڵەوە هەبووە. هیچ شتێک نابێت بگۆڕێت بۆ شتێکی دیکە. هیچ شتێکیش لە عەدەمەوە دروست نابێت، هەرچییەک کە بە حەواسی خۆمان دەیبینین لە گۆڕانکاری لە سروشتدا تەنیا وێنەی خەڵەتێنەرە و لەگەڵ عەقڵدا نایەتەوە. بارامینیدس دەیەوێت بڵێت کە عەقڵ سەرچاوەی مەعریفەتە و حەواس خەڵەتێنەرە و هیچ شتێک لە سروشتدا ناگۆڕێت و هەموو شتێک هەر لە ئەزەڵەوە هەبووە.
بەڵام فەیلەسووفەکەی دیکە کە فەیلەسووف هیرکلیتس بوو ئەویش وەڵامی ئیشکالیەتەکەی گۆڕانی دایەوە تەواو بە پێچەوانەی بارامینیدس بوو ئەو بەڕوونی گوتی شتێک نییە ئەبەدی بێت و هەموو شتێک لە سروشتدا دەگۆڕێت و ڕستە بەناوبانگەکەی گوت (ناتوانین دوو جار بچینە ناو یەک ڕووبارەوە، چونکە ئاوەکەی بەردەوام لە گۆراندایە). هەروەها گوتی حەواسی ئێمە نامانخەڵەتێنێت هەرچییەک کە بە حەواسی خۆمان بیبینین لە گۆڕانکارییەکانی دنیا ڕاستەقینەن، واتا تەواو پێچەوانەی فەلسەفەکەی بارامینیدس بوو.
لێرەوە ئیشکالییەتێکی دیکە سەر دەردەهێنێت کەئەویش ئەوەیە کامیان لەسەر هەقن. ئایا هەرچییەک کە لە سروشت و ژیاندا هەیە هەر لە ئەزەڵەوە هەبووە و هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نایەت و حەواسمان هەڵمان دەخەڵەتێنێت هەر وەکوو بارامینیدس دەڵێت: هەموو شتێک لە گۆراندایە و حەواسی ئێمە جێگەی باوەڕە و هەر وەکوو هیرکلیتس دەڵێت؟
پاشی ئەوان فەیلەسووفێک دەردەکەوێت بەناوی ئیمبیدوکلیس کە بیرۆکەیەکی عەبقەریانەوە ئەو ئیشکالیەتەی حەل کرد و گووتی ئەو ناسازییە (تناقض) هۆکەی ئەوەیە کە گریمانەکەی هەردووکیان کە لێوەی دەستیان پێکردووە هەڵە بووە کە کەون یەک سەرچاوەی هەبێت ( کە بیرۆکەی مەدرەسەی میللییە) گوتی ناکرێت هەوا پەپوولە دروست بکات و یان ئاو ئاگر بخولقێنێت بۆیە مەحاڵە یەک مادە هەبێت هەموو کەونی لێوە دروست بووبێت.
ئەو گەیشتە تیۆرییە بەناوبانگەکەی کە تیۆری چوار ڕەگەزە بەناوبانگەیە (ئاو، هەوا، گڵ، ئاگر) ئەو چوار ڕەگەزە سەرچاوەی هەموو بوونەکانن و بە ڕەگەکانی ژیان ناو دەبرێن و لەڕێگەی تێکەڵ کردنیانەوە بە ڕێژەی جیاواز هەموو ئەو بوونانە کە دەیبینی دروست دەکەن بۆمان. بۆیە ئەو ڕەگەزانە خۆیان لە خۆیاندا ناگۆڕێن ئەوەش بیرۆکەکەی فەیلەسووف بارامینیدس بوو کە دەیگوت هیچ شتێک ناگۆڕێت و گوتی ئەو لەوەدا ڕاستی گوتووە، بەڵام لە هەمان کاتدا بە تێکەڵکردنی ئەو ڕەگەزانە ئەو گۆڕانکارییانە دەبینین کە بە حەواسی خۆمان هەستیان پێ دەکەین .کەواتە حەواسی ئێمە جێگەی باوەڕە لێرەدا تیۆرییەکەی فەیلەسووف هیرکلیتس پشت ڕاست دەکاتەوە.
بەم شێوەیە ئەم فەیلەسووفە ئەو ناسازی و ئیشکالیەتەی چارە سەرکرد و ئەم بیردۆزەی بۆ بەرهەم هێناین کە هەزاران ساڵە عەقڵی مرۆڤی داگیر کردووە بە تایبەتیش ئەگەر بزانین ئەم فەیلەسووفە جیاوازی دەکرد لە نێوان ئەو چوار ڕەگەزەکە و ئەو هێزەی کە پێکەوە دەیانبەستێتەوە کە هێزی خۆشەویستی و ڕقە، و بۆیەکەم جار لە مێژووی مرۆڤایەتیدا بیرۆکەی بوونی ڕەگەزی بنەڕەتی و بوونی هێزێکی سروشتی کە باڵا دەستی هەیە بەسەریانەوە یان کاریگەری هەیە لەسەریان زادەی بیری ئەم فەیلەسووفە بوو. ئەوەیش ئێستا بووە بە ڕاستییەکی زانستی هەموومان دەزانین کە ڕەگەزە بنەڕەتییەکان هەیە و هێزی سروشتیش هەیە وەکو هێزی کارەبایی موگناتیسی.
بۆ ئەوەی لەوەی کە دواتر دێت تێ بگەین دەبێت ئەوەی کە ڕابورد لە چەند خالێکدا چڕ بکەینەوە:
1- سەرەتا ئەفسانەی ئایینی و لێکدانەوەی غەیبی بۆ دیاردە سروشتییەکان وەکو باران ڕەحمەتی خوداوەند و لافاو غەزەبی بێت و هتد باڵی بەسەر بیرکردنەوەی مرۆڤایەتیدا کێشابوو.
2- بیرکردنەوە بە ڕێگەی عەقڵ بۆ لێکدانەوەی مەنتیقی بۆ دیاردە سروشتییەکان.
3- گەشتی فەلسەفەمان بینی لە یەکەم بیرۆکەی بوونی یەک مادە کە ئەسڵی هەموو شتەکانە و هەموو بوونەکان لەوە دروست دەبن.
4- گواستنەوە بۆ بیرۆکەی چوار ڕەگەزی بنەڕەتی کە کەونی لێ پێک هاتووە.
پاش ئەمانە چی ڕوویدا فەیلەسووفێکی مەزن هات و تیۆری چوار ڕەگەزەکەی بۆ دروست بوونی کەون ڕەت کردەوە وەکو دەڵێن عەقڵی قبووڵی نەکرد و زۆر بە سادەیی گوتی چۆن ئەو چوار ڕەگەزە گۆشت و یەسقانمان بۆ دروست دەکەن. ئەوەش فەیلەسووفی گەورە ئەناکساغورس بوو بیرۆکەیەکی داهێنا کە هۆی ئەو پێشکەوتنەیە ئێستا ئێمەی تێدا دەژین. ئەو باسی تۆوی کرد تۆو چییە؟ پێکهاتووە لە بەشی هەرە بچووک کە بە چاوی ئاسایی نابینرێن ئەو گووتی ئەمانە کە هەموو بوونەکان پێک دەهێنن و گوتی هەموو ئیشکالیەتەکانی پێشوو حەل دەکات و زیاتر گوتی ئەو گەردانە لەڕێگەی هێزێکی باڵای عەقڵییەوە واتا سەر و خۆیەوە کۆ دەبنەوە و نەک لە ڕێگەی خۆشەویستی و ڕقەوە هەر وەکوو پێشتر دەگوترا بیرۆکەی ئەتۆم یان گەردیلە کە دواین فەیلەسووفە سروشتییەکان خستییە ڕوو.گرنگی ئەم تیۆرییە لەوەدایە کە بەردی بناغەی بیرۆکەی کۆتایی و خۆ لاسەی ئەو گەشتە فەلسەفییەی فەیلەسووفەکانی سروشت بوو و گەیشت بە دواین ئەنجامی کە ئەتۆم یان گەردیلە بوو و فەیلەسووفی بەناو بانگ دیموکریتس پێشنیازی کرد و بە عەقڵی خۆی پێی گەیشت و گووتی ناکرێت ئەو ڕەگەزانەی کە کەون پێک دەهێنن بەردەوام و بۆ هەتا هەتا یە دابەش ببن و ئەگەر وا بێت هەرگیز یەکەیەکی بینا یان دروستکردن نابێت و کەونیش هەر لە بنەڕەتەوە دروست نابێت بۆیە ڕای وا بوو کە دەبێت گەردیلەیەک هەبێت کە ئیدی ئەوە دابەش نەبێت و ببێت بە بناغەی دروست بوونی شتەکان بەم شێوەیە دیموکریتس گەیشتە یەکەم تێڕوانینی عەقڵی و مەنتیقی بۆ لێکدانەوەی چۆنیەتی دروست بوونی سروشت دوور لە ئەفسانە و خورافات.
بەوەی لای سەرەوەدا وە یان ڕاستتر ئەو گەشتەدا بە سەرەتاکانی فەلسەفەدا لە یۆنان بۆمان دەر دەکەوێت کە لەپێش زاینەوە فەلسەفە تەنگی بە خورافەی ئایینی و ئەفسانەیی هەڵچنیوە و هەموو بۆچوونەکانی فەیلەسووفەکانیش دەربارەی دروست بوونی کەون بۆچوونێکی سروشتی بووە لە ئاوەوە دەستی پێکردووە تا دەگاتە ئەتۆم A tom کە وشەیەکی یۆنانییە بە واتای دابەش نەبوون دێت.