کاوسێن بابەکرد: بڕیاری دادگای پاریس، ئەوەی جگە لە دەستەڵات، هەموان چاوەروانیان دەکرد!
دە ساڵە دەستەڵاتدارانی هەرێم بەناوی ئابوری سەر بەخۆوە کوردستانیان بەگریبەستێکی پەنجا ساڵە خستۆتە دۆخێکی شڵەژاوی ئابوری،کەجگە لەخۆیان و تورکیا، کەس سودی لێ نەبینی و کەسیش دانی خێری پێدانەناوەو بەردەوام رەخنەی لێگیراوەو، داوای رونکردنەوە لە نێچیربارزانی کە ساڵی 2013ئەم ڕێکەوتنەی لەگەڵ تورکیا واژووکرد و حکومەتە یەک لەدوای یەکەکان کراوە، تا ئێستاش بە ناڕۆشنی ماوەتەوە، تەنها ئەوەندە دەزانین کە ئەو داهاتەی لەنەوتەکە دێتە دەست تەخشان و پەخشان دەکرێ و نیوە موچەو موچەی لێبڕاو و دوومانگ موچەیەک بۆ فەرمانبەران و ڕاوەستانی خزمەتگوزاریەکانی لێکەوتۆتەوە. لەڕوی یاساییشەوە پێچەوانەی ماددەی 110 بڕگەی یەکەم و سێیەمە کە لە پسپۆرییە تایبەتییەکانی دەوڵەتی ناوەندە. هەر بۆیەش لەساڵی 2014 ەوە سكاڵای تۆمارکردووەو پێشبینیش دەکرا کە کەیسەکە بباتەوەو ئەوا بردیشیەوە! تەنها دەستەڵاتداران وەک هەموو کێشەکانی تر بێخەم بوون و ئێستاش حەپەساو و شۆکن! دڵیان بەوە خۆشە کە دادگای پاریس لەڕوونکردنەوەیەکدا دەڵی هەموو ڕێکارەکانی هەرێم لەمەمەڵە بە نەوتەوە لە دەرهێنان و بارکردن و خەزنکردن یاسایین، تەنها ئەو بەشە نایاساییە کە بردویەتیە بەندەری جیهان و فرۆشتویەتی! پێشینان دەڵێن (شەل نیە بەڵام پای شکاوە!).
لێکەوتەکانی ئەم بڕیارە لەم چەند خاڵەدا کورت دەکەمەوە:
یەکەم/ بڕیارەکە پابەندیە، چونکە لەجۆری تەحکیمەو هەردولای تورکیاو عێڕاق، پێشەکی ڕازیبون و تورکیە یەکسەر پابەندبونی خۆی ڕاگەیاندو نەوتەکەی ڕاگرت.
دووەم/ ئەم بڕیارە داشی بەغدای لەدانوسانەکاندا بەرانبەر بەهەرێم سوارکردو دەبێتە پێشینەیەکیش بۆ هەموو ئەو کەیسانەی کەمشتومڕیان لەسەرە، تا ئێستا.
سێیەم/ هەرەس بە ڕێککەوتننامە پەنجاساڵیەکە دەهێنی.
چوارەم/ فرۆشتنی نەوت و داهاتەکەی ڕوون و شەفاف دەبێ و هەموو خەڵکی کوردستان وەک باقی شارەکانی تری عێڕاق سودمەند دەبن لێی مادەی111 ی دەستور. بەپێی مادەی112 لەگەڵ حکومەتی هەرێم پێکەوە دەبێ مامەڵەی لەگەڵ بکەن.