کەمال عەبدوڵا: کاریگەری چیرۆکی منداڵان لە سەر پەروەردەیەکی تەندرووست.
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە
هەرسێ کتێبە ئاسمانییەکان (تەوڕات – ئینجیل- قورئان) بەچیرۆک دەستیان پێکردووە، بەشی زۆری پێکهاتەی هەرسێ کتێبەکە چیرۆکە، کەواتە چیرۆک لە دروستبوونی کەسایەتی مرۆڤدا بەگەورە و بچووکەوە دەورێکی گرنگی هەیە. بەڵام بەتایبەت باسکردن و گێڕانەوەی چیرۆک بۆ منداڵان کاریگەری زیاتری هەیە لە سەرهەست و نەستییان بەراورد بە دنیای گەورەکان، چونکە منداڵان خاوەنی هەست و ویژدانێکی خاوێن و پاکن و لەگەڵ ناڕێکی و خراپییەکانی دنیا کارلێکیان نەکردووە.
پێغەمبەری سەروەرمان فەرموویەتی: هەموو منداڵێک بەپاکی لەدایک دەبێت، بەڵام دوایی دایک و باوکی دەیگۆڕن و خراپی دەکەن. ڕۆسۆش دەڵێ: هەموو منداڵێک بەپاکی لەدایک دەبێت، بەڵام دوایی لەناو کۆمەڵدا بۆگەن دەکات.
چیرۆک گێڕانەوە بۆمنداڵانی قۆناغی بنەڕەتی بەتایبەت پۆلەکانی یەک و دوو سێ، زۆر کارێکی پێویست و گرنگە و یەکێکە لەفاکتەرە کاریگەرەکانی ناو پڕۆسەی پەروەردەو فێرکردن. لەبەرئەوەی منداڵ ناتوانێ گوێ لەئامۆژگاری و وتاری لەجۆری مزگەوت و سیاسییەکان بگرێ. دەبێ هەرشتێک بتەوێ بیخەیە ناو دڵ و دەروون و هەست و بیرکردنەوەی منداڵاندا بەشی زۆری دەبێت لەڕێگای چیرۆکەوەبێت!
هەروەها چیرۆک بیروخەیاڵی منداڵ فراوان دەکات و وای لێدەکات دنیا بەجۆرێکی جوانتر ببینێت. دنیای منداڵان دنیایەکی پاک و بێگەرد و جوانە و پڕیەتی لەخەونی ڕەنگاوڕەنگ، وەکو دنیای گەورەکان وشک و برینگ و ڕەق و تەق نییە و دنیایەکی ئەرخەوانی و ڕەنگاڵەیی نایاب و پڕتام و چێژە! دەبێ ئەوانەی بەئەرکی پەروەردەیی هەڵدەستن کەسانی شارەزاو پسپۆڕبن، مەبەستم ئەوەنییە بڵێم دەبێ ئەو کەسانەی دەبنە پەروەردەکار کەسانی ئەکادیمی بن و لەڕێگای نمرەی ئەم جۆری خوێندنەی لەوڵاتەکەمان و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناویندا هەیە بەو پلەیە گەیشتبن، نەخێر بەڕای بەندە دەبێ پەروەردەکاران بەدڵ و ناخی دەروونییان لەگەڵ دونیای منداڵان و جۆری پەروەردەکردنەکەیان تێکەڵاو بن و بزانن چۆن هەڵسوکەوت و قسەوباس ڕەفتارو گوفتار لەگەڵ منداڵاندا دەکەن، چۆن دەتوانن دڵ و مێشک و هزرو بیرییان بکەنەوەو ئامادەیان بکەن و بتوانن خەونییان بۆ دروستکەن، بیانکەنە مرۆڤگەلی ڕووخۆش و نەرم و نییان و خاوەن ئامانج.
بەڕای بەندەو ئەوەندەی لەسەر ئەو بابەتەم خوێندۆتەوەو سەرنجم داوەو توێژینەوەو لێکۆڵینەوەم کردووەو هەروەها بەهۆکاری ئەوئەزمون و شارەزاییەی لەماوەی ساڵانێک لەکاری مامۆستایەتی و وانە وتنەوەدا بەدەستم هێناوەو پێیگەیشتووم، دەرکم بەهەندێک سەرەداو و نهێنی ئەو بوارەکردووە و گەیشتوومەتە ئەو ڕاستییەی ئەو منداڵانەی چیرۆکییان بۆدەگێڕدرێتەوە یا بۆیان گێڕدراوەتەوە، ئاسۆی بیرییان فراوانتردەبێت و یادگەو بیرەوەرییان جوانتر و باشتر کاردەکات بەبەراورد بەومنداڵانەی چیرۆکییان بۆ نەگێڕدراوەتەوە. چیرۆک دەورێکی گرنگ و باڵا لەدروستکردنی پێکهاتەی کەسایەتی مرۆڤدا دەگێڕێت بەگشتی و بەتایبەت بۆمنداڵانیش.
هەمیشە منداڵان حەزییان لەو چیرۆکانەیە کە پاڵەوانەکانییان کەسانی ڕاستگۆ و چاونەترس و دەستپاک و خەمخۆری میللەتن و لەخەیاڵی خۆیاندا خۆیان دەخەنە شوێنی ئەوکەسانەو خۆیان لەچیرۆکەکان دا دەبیننەوە، وەکو پاڵەوان و ئەوانەی مرۆڤی سەرکەوتوون و دەوری سەرەکی دەبینن، بەسەرکەوتنی پاڵەوانەکان دڵخۆش دەبن و بەشکستی مرۆڤە شەڕانگێزو خراپەکان زیاتر متمانەیان بۆ دروست دەبێت، کە گوفتارو ڕەفتارییان چاکبکەن و لەداهاتوودا ببنە جێگای ئومێدی کەسانی دیکە و هەوڵی پێشەوایەتی و ڕابەرایەتی و داهێنانکاری دەدەن.
تاماوەییەکی زۆریش ئەو چیرۆکانە لەبیرو هزرو خەیاڵی منداڵاندا دەمێننەوە و یادەوەرییان ڕوناک و جوان و پڕشنگدار دەبێت. یەکێک لەکێشەکانی وڵات و میللەتی ئێمە ئەوەیە، میللەتی ئێمە زاکیرەی لاوازەو کەمتر ڕابردووی بیردەمێنێت، پێموایە هەر بیست و پێنج ساڵ جارێک، واتا چارەکی هەرسەدەیەک زاکیرەی مرۆڤی کورد دەسڕێتەوە و دیلێت دەبێت!! هاوڕێیەکم کەسەفەری وڵاتی چینی کردبوو دەیگووت: هەموو کەناڵە لۆکاڵییەکانی تەلەفزیۆنەکانی چین هێرشی ژاپۆنییەکان بۆسەر وڵاتەکەیان پەخش دەکەن، بۆئەوەی نەوەی تازەییان بزانن یابانییەکان لەڕابردوودا چییان بەرامبەر گەلی چین کردووەو نەوەکانی ناوەندو کۆنەکانیش، ئەو داگیرکارییەیان بیر نەچێتەوە! جا ڕاستی ئەو کارانەش هەرلەڕێگای پڕۆسەی پەروەرەکردنەوە دەکرێن. من خۆم کاتێک منداڵبووم، باپیرم بەسەرهاتی سمکۆخانی شکاکی بۆ دەگێڕامەوە، هەروەها کۆمەڵێک چیرۆکی وەکو بزن و گورگ و شێتەکەو ئاقڵەکەو گەلاوێژو ورچەکەو… هتد، بەمنداڵی بۆیان گێڕاومەوەو کاریگەرییان لەسەرم هەبووە.
چیرۆکی باش و پڕواتا ئەگەر چیرۆکبێژەکە بتوانێ چێژبەگێڕانەوەکە ببەخشێ زۆر کار لەدڵ و دەروون و هەست و سۆزی منداڵان و قوتابییانی سەرەتایی جاران و بنەڕەتییەکانی ئێستا دەکات و فێرییان دەکات ئەوانیش چێژ بەژیانی خۆیان و کەسانی دەوروبەرییان ببەخشن. بەشەوقەوە ئەرکەکانی خۆیان و کارەکانییان بەڕێک و پێکی جێبەجێ و ڕایی بکەن. یەکێک لەگرفتەکانی ناو ژیانی ئێمەی کورد بەگشتی و کوردی ئەم هەرێمی باشوورەی لەمەڕخۆمان ئەوەیە، چێژوخۆشی نە لەژیانمان و نە لەکارەکانمان و نە لەگوفتارو ڕەفتارماندا وەکو پێویست نەماوە. بەڕای بەندە زۆرێک لەوانەی لەمڕۆدا دەکرێنە بەرپرس و دەسەڵاتداری وڵات و میللەت کەناتوانن ژیانی کەسانیدیکە خۆشبکەن و لێیان نایات جێگای ئومێدی خەڵکبن، هۆکارەکەی ئەوەیە بەمنداڵی پەروەردەییەکی تەندروست نەکراون و هەرلەخەمی خۆیاندان و هەموو هەوڵ و تەقەللاییەکییان تەنهاو تەنها بۆئەوەیە، بگەنە چێژی ژیان و ئاسودەیی دەروونی بەدەست بێنن. بەڵام پێی ناگەن لەبەر ئەوەی ژیان پێچەوانەیە و دڵی مرۆڤ بۆ لای ڕاست دەڕواو ژیان بۆلای چەپ و هەتا زیاتر دەیانەوێت بگەنە کەناری ئارامی ژیان، زیاتر لێیان دووردەکەوێتەوەو زیاتر هەست بەبچوکبونەوەو دەستەپاچەیی و ڕیسوایی خۆیان دەکەن. مرۆڤگەلێک نەتوانن ژیانێکی جوان بۆ خۆیان دابین بکەن، چۆن دەتوانن پەناوپشتیوان و جێی متمانەی کەسانیدیکەبن؟
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە