ئەرکان عەبدوڵا: کورد قوربانیە گەورەکەی جیۆپۆلەتیک و ململانێی ناوخۆی.
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە
هەر لەمێژەوە کورد لەنیو بەرداشی ئەم کێشەیەدا قوربانی بووە، وە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بۆ دواوە هەنگاو دەنێت و بەردەوام لە بەردەم مەترسی لەناوچووندایە، وە ئەوەی ئەمڕۆ کورد لەگەل حکومەتی ئێراق و وڵاتانی دراوسێ تووشی هاتووە، چەند پەیوەندی بە هاوکێشە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی و کاریگەری جیۆپۆلەتیکەوە هەیە، هێندەش پەیوەستە بە ململانێ و کێشە ناوخۆیەکانی خودی کورد خۆیەوە. کاتێک حزب و گرووپ و سەرکردەی سیاسی بە دیدێکی چەواشەکاری و بەرژەوەندی خوازی و دوور لە مەعریفە و فەلسەفەی سیاسی و بێباکانە، فەرمان ڕەوایی ئەم هەریمەیان کردبێت، بێگومان تووشی هەمان دەرئەنجامی وەکو ئەمڕۆ دەبینەوە.
لێرەدا پێویستە بپرسین ئەوانەی ئەمڕۆ فەرمان ڕەوایی هەرێمی کوردستان دەکەن، ئایا بەدیدێکی نەتەوەیی و بەرژەوەندی گشتی لە کێشە ناوخۆیەکانی هەرێم دەڕوانن؟ بێگوومان نەخێر، چونکە لەپیناو بەرژەوەندی خودی خۆیان هیچ خوێندنەوەیەکی دروستیان نەبووە بۆ هاوکێشە هەرێمایەتیەکان و نێودەوڵەتیەکان و ڕۆڵی جیۆپۆلەتیک لە هاوکێشە سیاسیەکان، هەر ئەم هۆکارانەش بواری ڕەخساندووە بۆ دەست تێوەردانی وڵاتانی زلهێزی ناوچەیی و جیهانی لە پەرتەوازەکردنی ماڵی کوردی، بە نموونە بڕیاری دادگای پاریس زۆربەی تاکی کوردی خۆشحاڵکردووە بە گەڕانەوە بۆ بەغداد تەنها لەبەر شکستی کاربەدەستانی هەرێم، لەکاتێکدا دەکرا لەلایەن کاربەدەستانی هەرێمەوە حوکمێکی تەندروست و شەفاف بکرایە و ژیانێکی شایستە بۆ تاکی کوردی دابینبکرایە لەبری هەوڵدان بۆ کۆیلەکردنی کۆمەڵگە لەڕێگەی برسیکردنەوە.
لەمڕۆدا کورد لەنێو کێشمەکێشی وڵاتانی زلهێزی ناوچەیی و جیهانی وە لاوازی پێگەی هەرێمی کوردستان، لە ئێستادا گەڕانەوە بۆ بەغداد و ڕێکەوتن لەگەڵی بە هەموو پێوەرێک یەکێکە لە بژاردە زۆر باشەکان، هەرچەندە لە ئەگەری بەهێزبوونی زیاتری حکومەتی عێراقی و خراپی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان، بێگوومان کورد زیاتر دوور دەخاتەوە لە بەدەستهێنانی ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانیەکانی.
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە