بەهرۆز جەعفەر: تەختەی شەترەنجی نەوت لە عێراق; وزە و سیاسەت و دەستەڵات.
کاتێک لە ئۆکتۆبەری 2022 دا لوبنان و ئیسرائیل بە نێوەندگیریی ئیدارەی ئەمریکا لەسەر کیشەی سنوورە ئاوییەکانیان (کێڵگەی گازیی کاریش) ڕێککەوتن، ئاژانسەکانی جیهان بەشێوەیەکی سەیر لەم ڕووداوەیان دەڕوانی! لە یەککاتدا سەرۆکی حیزبوڵا “حەسەن نەسروڵڵا”، سەرۆک کۆماری لوبنان “میشیل عەون”، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی ئیسرائیل “یائیر لاپید”، یەکێتی ئەوروپا، ئێران هەریەکەیان لای خۆیەوە خۆی بەسەرکەوتوو دەزانی، هەموویان خۆیان بە سەرکەوتوو زانی. ئەمە ڕێککەوتن بوو؛ لەکاتێکدا حیزبووڵا خۆی ئامادەکردبوو لە هەفتەیەکدا (3000) هەزار مووشەک دژی ئامانجە ئابوورییەکانی ئیسرائیل دەریای ناوەڕاست بتەقێنێت. بازاڕی وزەی جیهانی ئەم ڕووداوەی دەریای سپی ناوەڕاستیان بە هەڕەشەیەکی گەورە دەبینی. کاتێک ڕێککەوتنەکە ئەنجامدرا، ئاژانسە جیهانییەکانیش زۆر دڵشاد بوون، بو نموونە “دەنیز رۆس-Dennis Ross” کە لە سەردەمی کلینتۆن و ئۆبامادا لە کۆشکی سپی یاریدەدەر بووە بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە پەیمانگەی واشنگتۆن بابەتێکی نووسی بە ناونیشانی “When there’s good news about the Middle East, we should take note” – واتە “کاتێک هەواڵێکی خۆش لەبارەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هەیە، پێویستە لەسەری بوەستین”. پێنج مانگ دواتر لە عێراقیش هەواڵێکی لەو جۆرە هەیە، بابیبینین:
ڕۆژی سێشەممە (4 ی ئەپرێلی 2023)، هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندیی عێراق دوای (18) ساڵ لە نووسینەوەی دەستوور، توانییان بە ڕێککەوتنێک کێشە بەردەوامەکانی نێوانیان تا ئاستێکی بەرز چارەسەر بکەن، کە پێشووتر لەبەر ڕۆشنایی دەستووری عێراق (2005) نەیانتوانی بو بگەنە ئاستی چارەسەریی. ئایا دەرفەتە ئابوریی و سیاسییەکانی ئەم ڕێککەوتنە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان چەندەو تا کوێیە؟ مەترسییەکانی بەردەم ئایندەی ئەم لێک نزیکبوونەوەیە دەکرێت چی بن؟
یەکەم/ ڕێککەوتن بۆ ماوەیەکی باش کۆتایی بە ناکۆکییەکان دەهێنێت
ڕێککەوتن کاتێک ڕوودەدات کە جیاوازیی هەبێت، بەڵام دۆخی ناوخۆی عێراق و هەرێمی کوردستان جیاوازی (اختلاف-Difference ) ی تێپەڕاندبوو، بگرە ناکۆکی (خلاف- Disagreement) لە نێوانیاندا بۆ ماوەی ( 20 ) ساڵ بەردەوام بوو..کاتژمێرەکانی دوای واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە، ئاژانسەکان ئاوها ڕووماڵیان کردووە:
ئاژانسی هەواڵی عێراقی: محەمەد شەیاع سودانی بە ڕێککەوتنی نەوتیی کۆتایی بەو دووفاقی بیست ساڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەهێنێت.
A- سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان “مەسرور بارزانی” لە پێش چاوی میدیا عێراقییەکان دەڵێت: ڕێککەوتنەکە لە بەرژەوەندی وڵاتدایە و پەیوەندییەکانمان لەگەڵ بەغدا پتەوتر دەکەین.
B- فرانس – 24 دەڵێت: ڕێککەوتنێکی نێوان بەغدا و هەولێر بۆ دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان هەنگاوێکی زیندووە.
ئەلجەزیرە، دەنووسێت: ڕێککەوتنی نەوتیی هەرێمی کوردستان و بەغدا بۆ هەموو عێراقییەکانە.
C- ئاژانسی “ڕووسیا الیوم” دەنووسێت: سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕێککەوتنی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕادەگەیەنێت.
D- رۆیتەرز لە یەک ڕۆژدا ( 3 ) سێ ڕاپۆرتی لەمبارەیەوە بڵاوکردۆتەوە.
E- هەریەکە لە “ئەلعەرەبیە” و “زە نەیشناڵ نیوز” وەها ئاماژە بە ڕووداوەکە دەکەن، کە هەر برۆکەر “دەڵاڵ” ێکی نەوت لەو چەند نرخی ڕۆژەی نەوت دابەزیوەو، ئەوان بڕێکی زۆر نەوتیان کڕیوە، کە هەواڵەکەیان بینیوە، یەکسەر نەوتەکەیان فرۆشتووەو چەندین ملیۆن دۆلار قازانجیان کردووە لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت.
دووەم/ عێراق بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی براوە بوون
عێراق، لە ساڵی ( 2022 ) دا بە بەهای ( 115.657 $) سەت و پانزە ملیار و شەش سەتو پەنجاو حەوت ملیۆن دۆلار نەوتی فرۆشتووە؛ ئەوەش بە ڕادەی (53٪) زیاترە لەو داهاتەی کە وڵاتەکە لە ( 2021 ) دا دەستی کەوتووە. پرۆژە یاسای بوودجە کە لە ( 11ی ئازاری 2023) لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە نێردراوە بۆ پەرلەمان بۆ هەر سێ ساڵی (2023، 2024 و 2025) ە، کە تیایدا مووچەو پشکی هەرێمی کوردستانی یەکلاکردۆتەوە بە ڕادەی (12.6٪). بەپێی هەژمارکردنی (100) دۆلاری ئەمریکی بە بەهای ( 130 ) هەزار دینار، کۆی بودجەی عێراق بۆ ساڵی (2023) دەکاتە 153 ملیار و 93 ملیۆن و 932 هەزار دۆلار. ئەمەش قەبەترین بودجەیە کە لە مێژووی عێراقدا بوونی نەبووە.
جگە لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، دەرفەتە ئابوورییەکانی بەردەم عێراق و کابینەکەی سودانی ئەمانەی لای خوارەوەن:
1- سعوودییە ئامادەیی نیشانداوە ( 100 ) ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە عێراقدا بکات.
2- چین سەرقاڵی نۆژەنکردنەوەو تەواوکرنی مینای “فاو” ە بە بڕی ( 7 ) ملیار دۆلار، هەروەها سەرقاڵی دروستکردنی ( 1000) قوتابخانەیە لە سەرانسەری عێراقدا.
3- عێراق و کۆمپانیای تۆتاڵی فەڕەنسی، ڕێککەوتن بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستە نەوتییەکەیان بە بەهای ( 27 ) ملیار دۆلار.
4- عێراق سەرقاڵی کەمکردنەوەی ڕادەی گازی سووتاو/ بەفیڕۆچووە.
لە ڕووی دیبلۆماسییەوە، عێراق لە دوای ساڵی ( 1990 ) ەوە، بووەتە خاوەنی باشترین پەیوەندیی لەگەڵ تورکیا. هەروەها عێراق ڕۆڵی هەبووە لە نێوەندگیریی و نزیککردنەوەی سعودییە و ئێران دا. هەموو ئەمانە وادەکەن عێراق لە ڕووی بووژانەوەی نێوخۆیی، تێڕوانینی دەرەکییەوە وەرچەرخانێکی گەورە بەخۆیەوە ببینێت.
بەڵام! مەترسییەکانیش زۆرن، هێشتا لە عێراقدا چەک بەدەست میلیشیاکەنەوەیە، ناخۆشترین و لاوازترین خاڵی دەوڵەتە کە “دەوڵەت” هێزی خۆی بە دەستی خۆیەوە نەبێت. هەروەها عێراقییەکان و جیهان بە گشتی پرسی دزیی سەدەیان لە یادەوەریی خۆیاندا نەسڕیوەتەوە، کە ساڵی ( 2022 ) تەنها لەماوەی دوو مانگدا سێ ملیار و 750 ملیۆن دۆلار دزراون و براونەتەوە دەرەوە، ئەوەش قووتی هەموو عێراقییەکە. هەر لە کابینەکانی پێشووترەوە هێشتا لە باشوری عێراق ئەوە بەردەوامە کە ڕۆژانە ( 30 بۆ 70 ) ملیۆن لیتر نەوت بە قاچاخ، بەتەنکەر و بە ڕێگەی خۆڵدا فرۆشراون. هەروەها لە پرۆژە یاسای بوودجەدا فەوزایەکی زۆر هەیە، دیارترینییان ئەوەیە ( 63 ) تریلیۆن دینار کورتهێنان هەیە کە دەکاتە (25٪) ی کورتهێنان و هەڵئاوسان لە بوودجەدا.. ئەم کورتهێنانە لە میدیاکاندا بە هەڵە لێکدەدرێتەوە، ئەمە تەنها ژمارەیەکە کە دەشێت ئەوەندە بڕە بوودجە لە ئایندەدا کوورت بهێنێت.
لە کاتێکدا لە میانەی ڕاگەیاندنی ئەنجامی دادگای نێوبژیوانی پاریس (ICC) یەوە، میدیا جیهانییەکان و ناوەندەکانی بڕیاڕ چاوەڕێی تەنگژەیەکی گەورەی ئابوریی و دیبلۆماسییان لە نێوان عێراق، هەرێمی کوردستان و تورکیادا دەکرد، تیمەکانی دانووستان لە نێوان هەرێم و حکومەتی ناوەندیی عێراق توانییان بە خێرایی لەماوەی هەفتەیەکدا کێشەکە کۆنترۆڵ بکەن و، بگەنە ڕێککەوتن. ئەگەر ئەمە ڕووی نەدایە، عێراق و کابینەکەی سودانی زیانێکی ئێجگار گەورەیان دەکرد:
1- ڕۆژانە نە- فرۆشتنی (500) هەزار بەرمیل نەوت لە عێراقدا، بە تەواوی پرۆژە یاسای بوودجەی عێراقی ئیفلیج دەکرد، کە هێشتا نەچۆتە بواری جێبەجێکردنەوە، لە-لانکەدا دە خنکێنرا.
2- لە ڕووی سیاسییەوە، کابینەکەی سودانی لەسەر بنەمای هاوسەنگی پێکهاتووە، ئەم هاوسەنگییە لاسەنگ دەبوو.
3- لە ڕووی دەروونیی و میدیاییەوە، هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان و عێراق ڕۆژ بەدوای ڕۆژ تووشی جۆرەها قەیران دەبوونەوە، لەوانە: کەمبوونەوەی متمانە، خراپی بازاڕ، دابەزینی بەهای موڵک و عەقارات و لاوازیی وەبەرهێنان و … تادوایی.
4- ئەگەر ڕێککەوتن لەسەر پرسی نەوت نەکرایە، پەیوەندییەکانی عێراق و تورکیا دەگەیشتە ئەوپەڕی گرژیی، تورکیاو عێراق لە ( 2022) دا ( 24) ملیار ئاڵوگۆڕی بازرگانیان هەبووە، ئەنقەرە بەنیازە لە ( 2023) ئەو ئاستە بازرگانییە بەرزتر بکاتەوە. لە بەرانبەردا، پێش ڕاگەیاندنی ئەنجامی دادگای نێوبژیوانی پاریس، لەمیانەی سەردانی سودانی بۆ ئەنقەرە، پرسی بەردانەوەی ئاو دەرئەنجامی گرنگی هەبووە؛ کە زیادبوونی لێشاوی بەردانەوەکە لە تورکیاوە دەگاتە ( 1500) مەتر سێجا لە چرکەیەکدا، کە دوو ئەوەندەی ئەو بڕەیە کە پێشتر تورکیا بۆ عێراقی ڕەوانە دەکرد.
2- 1. هەرێمی کوردستان لە کوێدا براوە بوو؟
ئەمجارەیان، ئەو هەڵمەتە میدیاییەی لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا دژی هەرێمی کوردستان و نەوتەکەی بەرپاکران، زۆر بەهێزتر بوو لەو داکۆکییانەی کە هەرێمی کوردستان و حکومەتەکەی لە خۆیان دەکرد. بە وردی تێبینی کردن، ئەوەی دەردەخست کە تەنانەت ئەندامانی حیزبەکان و دڵسۆزانی حیزبە دەستەڵاتدارەکان نەک لە ئاستی بەرگریکردن لە هەرێمی کوردستان و نەوتەکەی نەبوون، بەڵکو خۆیان ئامادەکردبوو کە کارەساتێک ڕوودەدات و ، ئیتر ئەوە ئەوان نیین کە سوودمەند بوونە لە داهاتی نەوت لە دوای (2003) ەوە. سەرۆکی حکومەتی هەرێم ” مەسرور بارزانی” بە تەنها چووە ژێرباری ڕووبەڕووبونەوەی شۆکە گەورەکەی کە لەدوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی دادگای نێوبژیوانی پاریس هاتە ئاراوە، لە تەنهاییدا وتی ” ئەوانەی ئەمڕۆ لەگەڵمان ناوەستن، با سبەی خۆیان نەکەنە خاوەن دەستکەوتەکانمان و سوود لە دەتکەوتەکانمان وەرنەگرن.” کەواتە یەکەمین سوودی ڕێککەوتنە کاتییەکەی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا (تا ئەوکاتەی بوودجە پەسەند دەکرێت و یاسای نەوت و گازی عێراقیش دەردەچێت) ئەوەیە هەرێمی کوردستان و نەوتەکەی لە ژێر پەستان و پەلامارە میدیاییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان دەرباز کرد.
ئەم ڕێککەوتنە، لە میدیادا وا وێنا دەکرێ، کە هەرێمی کوردستان نەوتەکەی ڕادەستی سۆمۆ کردووە. بەڵام لە بنەڕەتدا وانییە؛ بەڵکو هەرێمی کوردستان و عێراق ڕێککەوتوون لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییە- کڕیارەکانی کە پێشووتر تۆمارکراون لە لایەن هەرێمەوە، چیتر نەوتی هەرێمی کوردستان بە هەرزان و بە نرخی پێشووتر نافرۆشرێت کە (9 بۆ 11) دۆلار خوار نرخی بازاڕ بوو، بەڵکو بە نرخی سۆمۆ دەفرۆشرێت. سەرباری ئەمانە، نزیکبوونەوەکەی نێوان هەرێم و بەغدا ئاستی متمانەی نێوان هەردوولای بە جۆرێک زیاد کردووە، کە پێشووتر لە عێراقدا زەمینەی وەها لە نێوان کوردو حکومەتە یەکلەدوای یەکەکاندا درووست نەبووە. هەموو ئەمانە بوودجەیەک بۆ هەرێم مسۆگەر دەکات کە لە مێژووی عێراقدا هیچ ساڵێک کورد ئەوەندەی بەر نە- کەوتووە: پشکی هەرێمی کوردستان لە ڕەشنووسی بووجەدا زیاترە لە 16 تریلیۆن و 609 ملیار دینار.
بەمجۆرە، بەغدا و هەرێمی کوردستان سەرەتایەکی گرنگ و کاریگەریان لە ئەستێڵی پەیوەندییەکانیاندا تۆمارکرد..لەگەڵ ئەمەدا “ئەمە عێراقە” لەماوەی کابینەکانی پێشووەوە، کۆمەڵێک سیاسیی ملیاردێر خراونەتە دەرەوەی یاریگا سیاسییەکە، لەو دوورەوە تەماشای پارووە چەورەکانی سەردەمی دوای خۆیان دەکەن بەدەست نەیارەکانیانەوە! ئەمە عێراقە! ئەمە جیهانێکی سەرلێشێواوە؛ کە زانستی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لەسایەی دراماتیکییەت و خێرایی ڕەوتی ڕووداوەکانەوە بەدوای پێناسەیەکی نوێدا دەگەڕێت. باشتر هەروەها بوو، کە سوود لە دەرفەتە ئابورییەکان، بەرزی نرخی وزە، باری لەباری پەیوەندییە هەرێمایەتییەکان ببینن، نەک سەرقاڵ بن بە یەکترییەوە.
ڕاسپاردەکان
یەک/ هەرێمی کوردستان، بە سەدان هەزار گەنجی بێکار ی هەیە، پێویستە خێرا بیر لەوە بکاتەوە کە لە ڕێگەی کەرتی کشتووکاڵەوە ئابورییەکەی فرە سەرچاوە بکات، بۆ ئەوەی دەرفەتی کار زیاتر بکات، بەرهەمی ناوخۆ زیاتر بکات، پشت بەستن بە داهاتی نەوت کەمتر بکاتەوە. ئینجا ئەم کەرتی “کشتووکاڵ” ە بەرەو “پیشەسازیی” وەربچەرخێنێت؛ ئەوەش سەرەتا بە “پیشەسازیی تەحویلی” دەست پێدەکات؛ واتە تەکنیک و ئەندازیاری هیندی و چینی و یابانی و ئەمریکی دەکاتە سەرمەشق، لەگەڵ ماددە سەرەتاییەکان “مەوادی ئەوەلی” لە دەرەوە. ئینجا ئیتر ئەمە پەیوەندیی بازرگانیی و دیبلۆماسیی و پاڵپشتی سیاسییش مسۆگەر دەکات… ئیتر ئاوها بەمشێوەیە.
دوو/ گرنگییەکی دیکەی ئەم ڕێککەوتنە، ئەوەیە نێوەندگیریی ئاشکرای دەرەکیی تیایدا بۆ ماوەیەکی درێژ ڕۆڵی نەگێڕاوە. واتە تاکە پاڵنەری سەرەکیی هەردوولایەنی ڕێککەوتنەکە بوون، واتە لە ئایندەدا ئازا ئەوەیانە کە پاڵی لێ ناداتەوە سەیری ئەستێرە زەردو سوورەکانی ئاسمان بکات، بەڵکو ئەمە کاتییەو هەڕەشەکان بەردەوامن، بۆیە تا دەکرێت بە ئاستێکی زیاتر سوودی جۆراوجۆر لە کات و لە دەرفەتەکە ببیندرێت.
سێ/ بەرە- بەرە پرسی گازی سروشتی دێتە پێشەوە. ئەوەی ئەم ماوەیە لە گفتووگۆ لەگەڵ پسپۆڕان و ڕاوێژکارانی بواری وزە لە جیهاندا گوێبیستی بووم لەگەڵیان، ئەوەیە؛ ئەم ئاگرە لە جێگەیەک کراوەتەوە، بەڵام ڕووداوەکە لە جێگەیەکی ترە! ئەوەی ئەم پرسە تۆختر دەکاتەوە، دادگای نێوبژیوانی پاریس، جگە لەوەی نۆ ساڵە ئەم دۆسیەیەی لە بەردەستە، دوو مانگ پێشووتریش ئەنجامەکەی یەکلاکردبوەوە، بەڵام بە ئاگاداری ئەمریکا، فەڕەنسا، تورکیا، عێراق و هەرێمی کوردستانیش، لە چێشتخانەکەدا خەریکی سازکردن و پێچانەوەی چێشتەکە بوون، بەو جۆرەی ئەم ڕێککەوتنە نەوتییە بە جۆرێک ئەنجام بدرێ، کە لە ئایندەدا شەرعییەت بداتە هەناردەکردنی گاز لە عێراقەوە بۆ ئەوروپا (بۆ ئەمریکاو ئەوروپا گرنگ ئەوەیە گاز و نەوت بە ڕێگەی دەریای سپی ناوەڕاست “مێدیتریانە-Mediterranean” دا بچێت بەرەو ژوور). ئینجا گاز وەکو نەوت نییە، نەوت بازاڕە، نەوتی خۆت دەفرۆشی و دۆلاری خۆت وەردەگری (ڕەشپێستی، سپی پێستی، سووننەی یان شیعەو بوودی مەسەلەیەک نییە)، بەڵام گاز ڕاستەوخۆ بەستراوە بە پرسی جیۆپۆلەتیکەوە، تا ئاستێک مانایەکی ئاسیاویی هەیە. ئەمەش بەواتای هەرێمی کوردستان پێویستی بە ناوەندی بیرکەرەوە، توێژینەوە، لۆبیی کردن، بەشداریی لە بازاڕ، لە گفتوگۆ، لە چۆنییەتی ئاڕاستەکردنی ڕاو ڕای گشتی هەیە.
بەهرۆز جەعفەر/ دکتۆرا لە ئابوریی سیاسیی هایدرۆکاربۆن، سەرۆکی پەیمانگەی میدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی.