شاخەوان سەنگاوى: ڕێکەوتنەکەی هەولێر و ساغکردنەوەیەکی مێژوو.
هەتا ڕۆژگاری ئەمڕۆمان هیچ مێژوو نوسێکی کورد نەیتوانیووە بەشێوەیەکی زانستی ساغکردنەوەیەکی یەکلاکەرەوە بۆ خاوەندارێتی چەژنی نەورۆز بکات، وەڵامی ئەو پرسیارانە بداتەوە ئایا نەورۆز چەژنێکی کوردیە، یان وەکو فیردەوسی دانەری پەرتووکی شانامە، بنەچەی نەورۆز دەباتەوە سەر کۆنە ئەفسانەیەک، واتە ئەفسانەی کاوە و زوحاک. ئەوەی فیردەوسی باسی دەکات کە زوحاک یان (ئاستیاگ) ناوێک ھەبووە و دوایین پاشای مادەکان بووە واتا پاشای دەوڵەتی کوردی، فیردەوسی وەکوو کابرایەکی خوێنخۆری مار لەشانی زاڵم باسی دەکات کە دەبوو ھەموو ڕۆژێ مێشکی دوو گەنجی دەرخوارد بدەن. ھەر بۆیە کاوەی ئاسنگەر لێی یاخی دەبێت و شۆڕشێکی لە دژی بەرپا دەکات و تەخت و تاجی لێ وەردەگێڕێ. کە پێچەوانەی ڕای فیردۆسی لە وتارێکی بەڕێز دکتۆر مەولوود ئیبراھیم حەسەندا ھاتووە، کە زوحاک یان (ئاستیاگ) دوایین پاشای مادەکان، نەک زاڵم و سەرەڕۆ نەبووە، بەڵکو پیاوێکی تا بڵێی ڕووخۆش و دادپەروەر بووە. بەڵام لە شانامەدا مێژووی پەیوەندیدار بەو کابرایە تەواو پێچەوانەیە. بە ڕای من، سەرکەوتنی ھەخامنشییەکان، بەسەر وڵاتی ماددا و کۆتاییھاتنی تەمەنی یەکەمین دەسەڵاتی کوردی و سەرکەوتنی تیرەیەکی فارس و دامەزراندنی وڵات لەلایەن ئەوانەوە، بووەتە ھۆی ئەوەی کە لە زەهنیەتی فارسەکان بە گشتی و لە نەستی کەسێکی وەک فیردەوسیدا بە تایبەتی، ئەفسانەیەکی لەو جۆرە وێنا بگرێت. کەواتە من لێرەدا بەوپەڕی ڕێزەوە پێچەوانەی ڕای دکتۆر مەولودم هەیە ئەویش بەرئەنجامی ئەو ڕێکەوتنەی کە هەڕێم لە گەڵ بغداد ئەنجامی دا، لە سەر دەرهێنان و فرۆشتنی نەوتی هەرێم لە لایەن کۆمپانیای سۆمۆ بۆ بەبازارکردنی نەوتی عێراق.
خەڵکی کوردستانی بە کۆی گشتی شاگەشگە کردووە، سەرەڕایی هەستکردن بە لە دەستدانی خەونی ئابووری سەربەخۆ کە دەرچەیەک بوو بنیاتنانی کیانێکی سەربەخۆ لە باشوری کوردستان، کەچی خەلکی ئەمە بەچەژن دەگێرن، ئەویش بەرئەنجامی ڕزگاریانە لەو سیستەمی بەڕێوەبردنەی کە لەلایەن دەسڵاتی کوردیەو بۆ ماوەی سی ساڵە پەیڕەو دەکرێت، کە جۆرە سیستەمێک پەیڕەو دەکەن کە هیچ بنەمایەکی ئەخلاقی و سیاسی و ئیداری و دارایی نەهێشتۆتەوە بۆ تاکی کوردی، تا لە چوارچێوەی ئەم هەرێمەدا ژیانێکی شایستە بە ئەو خەبات و قوربانیەی لە ڕووی مادی و مەعنەوی ەوە کە پێشکەشی ئەم هەریمەیان کردووە بژین، چونکە پارتە کوردیەکان لە سیستەمی بەڕێەوەبردنی ئەم هەڕێمە بۆ ماوەی سی ساڵ ئەو ڕاستیەیان لە سەر ڕاستیەکان هەڵماڵی لە هەر دەمێکدا کە تاکی کورد دەسڵاتی بەڕێوەبردنی لە دەستا بووبێت بە بێ سڵمینەوە لە هیچ بەها و ئەخلاقێک کاری کردووە لە سەر داڕزانی هەناوی تاکی کوردی و سڕینەوەی ئینتما، کورد وەتەنی شێری ماڵ و چەقەڵی دەرەوە بوون. منیش وەکو نوسەرێک کە لە زەمەنی خۆبەڕێوەبردنی کوردیدا بینەری ڕووداوە گەلێکم کە تێدەگەم لەوەی کە ڕاستە نەورۆز چەژنێکی کوردی نیە. ئەی کەواتە دەپرسم ئەی خێرە کورد پێش هەموو نەتەوەکانی دیکە لە سەروەختی هاتنی نەورۆزدا چەژن و خۆشی دەگێڕێن بۆچی؟ چونکە ئەوان کە دەکاتە باوانە گەورەی ئێمە هەروەکو تاکێکی کوردی ئێستا کە دانیشتووی ئەم هەرێمەیە ئەوان کۆمەڵەی یەکەم بوون لە ڕزگار بوون لە سیستەمی خۆبەڕێوەبردنی کوردی هەر وەکو ئەوەی ئێستا کە خۆمان بینەری ڕووداوەکانین.