سەردەشت محەمەد: بەغدا، لە نێوان چواری چوار و چواردەی چواردا.
لە ئێستادا 4.4، بەلای خەڵک و بەتایبەت مووچەخۆرانی هەرێمەوە وەک سەرەتایەکی نوێ لە ماڵئاوایی کردن لە قەیران و گرفتی دواکەوتنی مووچە و زیادبونی هەلی کار و دوبارە بوژانەوەی بازاڕی کار تەماشا دەکرێت و بەلای بەرپرسانی هەرێم یشەوە، ڕێککەوتنی هەولێر و بەغداد لەمڕۆژەدا لەسەر پرسی فرۆشتن و هەناردەکردنی نەوتی هەرێم سەرەتایەکی باشە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی دیکەی نێوان هەردولا.
بەپێی ئەوڕێکەوتنەی کەکراوە ڕۆژانە هەرێم بڕی 400 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێم لەڕێگەی سۆمۆوە هەناردەی بازاڕەکانی دەرەوە دەکات، بەمەش خەڵکی هەرێمی کوردستان واچاوەڕوان دەکەن ئەمجارەیان بەغداد وەک فریاد ڕەسێک فریایی خەڵک و ژیانی مووچەخۆرانی هەرێم بکەوێت، چونکە دوای تێپەڕینی 10 ساڵ بەسەر ڕاگەیاندنی ئابوری سەربەخۆ و ڕاستەوخۆ فرۆشتنی نەوت و بانگەشەی جیابوونەوە لە بەغداد، حکومەتی هەرێم نەک نەیتوانی ژیان و گوزەرانی خەڵکی هەرێمی کوردستان باشتربکات و ئومێدی دورکەوتنەوە لە بەغداد لای خەڵکی زیاتربکات، بەڵکو بەپێچەوانەوە سیاسەتی هەڵەی بەرپرسانی هەرێم لە ئیدارەدانی پرسی نەوتدا هێندەی دیکە خەڵکی دوچاری نائومێدی کرد و ئەوەندەی دیکە بەغداد بو بە جێگە متمانەی خەڵکی.
ئەم ئومێد هەڵچنیینە بە بەغداد لەکاتێکدایە تەنها چەند ڕۆژێکی کەممان ماوە بۆ 4014، ئەو بەروار و ڕۆژەی کە لە خەیاڵدانی تاکی کورددا ڕۆژێکی هێندە شوم و پڕ لەنەهامەتییە کە نەک ڕێکەوتنێک لەسەر بەشێکی داهاتی ئەم ناوچەیە، بەڵکو ئەگەر بەغداد هەرچی داهاتی خۆی هەیە بخاتە نێو خەزێنەی حکومەتی هەرێم و گیرفانی مووچەخۆرانی هەرێمەوە ئەوا هێشتا ناتوانێت چرکەیەک لە ئازار و خەمەکانی خەڵکی هەرێم کەمبکاتەوە، چونکە هەمووان دەزانین لەو ڕۆژەدا و واتە سی و پێنج ساڵ بەر لەئێستا دەسەڵاتدارانی بەغداد بە ئامانجی سڕینەوەی یەکجارەکی گەلێکی خاوەن کەلتور و زمان و فەرهەنگ و مێژوویەکی هەزاران ساڵە لە بەغدادەوە بەچی پلانێکی تۆکمەو بەرنامە بۆ داڕێژراوەوە ڕویان لە هەرێمی کوردستان کرد و دوایی وێران کردنی هەزاران گوند و ئەنفال و بێسەروشوێنکردنی 182 هەزار لەژن و منداڵ وپیر و گەنج و ڕاگوێزانی دەیان هەزار خێزان بۆ ئۆردوگا زۆرەملێکان چۆن بە بەرچاوی دنیاوە بێوێنەترین تاوانی لەمێژووی مرۆڤایەتیدا دەرحەق بە گەلی کورد ئەنجامدا.
لەوڕۆژەوە بەغداد بەلای خەڵک و کەسوکاری قوربانیانی جینۆساید و ئەنفالکراوانی کوردەوە جگە لە بەغدایەکی نەفرەتلێکرا و بێزار و هیچی دیکە نییە، کەچی ئەمڕۆ هەر ئەو بەغدا نەفرەت لێکراوەی دوێنێ بووە بە بەغدایەکی فریادڕەس بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان، ئەوەش دەرئەنجامی حکومڕانی هەڵەی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان.
- Latest Posts by سەردەشت محەمەد
سەردەشت محەمەد: بەهاری ڕۆژئاوا و زستانی قەندیل.
-سەردەشت محەمەد: بارین گیان، ئێمەش گریاین.
-سەردەشت محەمەد: چاوەڕێی بەرهەمی هەڵبژاردنین.!
- All Posts