خالید مەجید فەرەج: باڵەکانی مەولانا خالید لەنێوان سلێمانی و شامدا.
دەڵێن مەولانا خالید بە گرنگترین کەسایەتی لە مێژووی نەقشبەندیدا دادەنرێت، لە هەمووان زیاتر ئاگاداری زانستە عەقڵی و نەقڵییەکان بووە و ناودارتر بووە لەناو خاس و عامدا، سەرکەوتووتر بووە لە راکێشانی دڵی خەڵکی و داگیرکردنی ویژدانیان و حوزوری هەیبەتێکی ناوازەی هەبووە.
ئەگەر کەسایەتی و مەکانەتی مەولانا خالیدی کوردی یان(( بەغدادی نەبووایە)) تەریقەتی نەقشبەندی ئەو پێگە ناوازەیەی لە کوردستان و ئەندەنوسیا نەدەبوو، مەولانا خالید بوو کە ڕۆحی ئاڵنگاری ئامێزی کرد بە بەردا، بەهۆی ئەو ژمارە زۆرەی خەلیفەکانییەوە کە ئەوانیش خەلیفەیان بۆ خۆیان داناوە، مەولانا خالید توانیبووی تۆڕێکی فراوان لە پەیوەندییەکان بە درێژی و پانی کوردستاندا بتەنێت و بگاتە دوورترین خاڵی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی.
شایەنی بیر هێنانەوەیە کە تەریقەتی نەقشبەندی لەسەر دەستی شێخ بهاء الدین محمد بن البخاری دروست بووە، کە بە شای نەقشبەند ناسراوە و لە ساڵی ١٣٨٩ زایینی لە دایک بووە.وشەی نەقشبەند فارسییە بە واتای پیشەی نەقش کردن لەسەر قوماش دێت و هەندێکیش دەڵێن نەقشی لەفزی جەلالەت و زیکر و تەسبیحە لەسەر دڵی پەیڕەوانی.
مەولانا خالیدی کورد لە بنەماڵەیەکی چینی لای خوارە لە ناوچەی شارەزوور باشووری کوردستان لە دایک بووە، دەگوترێت شەتەحاتە سۆفییەکانی (شطحات تەنیا تایبەتە بە سۆفیگەریەوە، واتا ئەوەی کە دەیڵێت یان دەری دەبڕێت بە زاهیر دژی ئایینە، بەڵام لە ناوەرۆکدا موافیقی ئایین و شەریعەتەکەیەتی) لەلایەن نەیارەکانییەوە کەوتووەتە بەر ڕەخنە، بە هەرتەقەش لە قەڵەم دەدرێت، هەرتەقەش واتا گومڕابوون یان لە دین دەرچوون.بۆ نموونە کاسۆلیکەکان بە پرۆتستانتییەکانیان دەگوت هێرتۆکەکان.
مەولانا خالید خوێندنی ئایینی سەرەتایی لەسەر دەستی مامۆستا کوردەکانی ئەو دەمە دەست پێ دەکات، دواتر لەلای مەلا بەناوبانگەکانی ئەو دەمەی کوردستان برەو بە زانیاری یان مەعاریفە ئایینییەکانی دەدات.
دەڵێن چوونی بۆ حەج مەودای ئاسۆی بینینی فراوانتر دەکات و لەوێ “خەو دەبینێت” هەندێک ریوایەتیش دەڵێن کەسێک هاتووە بۆلای و پێی گوتووە دەبێت بۆ تەواوکردنی خوێندن بچێت بۆ هیندستان، کە ئەو ساڵانە دەلهی یەکێک بووە لە ناوەندە دیارەکانی فیکری لە جیهانی ئیسلامیدا و زۆر لە زانا ناودارەکانی چوونەتە ناو تەریقەتی نەقشبەندییەوە. مەولانا خالید لەلای شا غولام عەلی دەرس دەخوێنێت، (کە لەلای قوتابییەکانی مەولانا خالید بە ناوی عەبدوڵڵا دەهلەوی ناسراوە و گەورەترین سۆفی بووە لەناویاندا و زۆر بەخێرایی وەک یەکێک لە دیارترین قوتابییەکانی شا غولام عەلی دەردەکەوێت. نزیکەی ساڵێک دەمێنێتەوە و لە ١٨١١ دا دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان، ماوەیەک لە سلێمانی دەمێنێتەوە، بەڵام ماوەیەکی زۆر لە ناوەندە ئیدارییە سەرەکییەکە واتا بەغدا دادەنیشێت لە هەر دوو شارەکە مورید و شوێنەکەوتوانێکی زۆر لە کورد و عەرەب و تورک لە دەوری خۆی کۆ دەکاتەوە و زۆر لە خاوەن پایەی سیاسی بەرز و خانەوادەی ئەوانەی لە سەر بە شێخەکانی تەریقەتەکانی دیکەن، داوا دەکەن بچینە سەر تەریقەتەکەی مەولانا خالید واتا نەقشبەندی.
بەهۆی ململانێی سیاسییەوە ناچار دەبێت سلێمانی بەجێ بهێڵێت و ڕوو لە شام بکات، بەڵام لەدوای خۆیەوە تۆڕێکی فراوان لەو کەسانە بەجێ دەهێڵێت، کە بە شێوەیەکی باش و بێ بەربەست بەردەوامی بە تەریقەتەکە لە کوردستان دەدەن.دەڵێن تاکە خاڵی لاوازی تریقەتەکە ئەوە بوو هیچ کام لەو شەست خەلیفەیەی نەیانتوانیبوو جێگەی مەولانا خالید پڕ بکەنەوە.کەسایەتییە بەهێزە کاریزمییەکەی توانی ڕۆحێکی شۆڕشگێڕانە بکاتەوە بەبەری تەریقەتی نەقشبەندیدا.بێگومان مانەوەی لە هیندستان و هۆشیارییەکی تەواوی پێ بەخشیبوو، دەربارەی ئەو هەڕەشەیە کە ئیسلام لە ئاکامی ئیستیعماری ئەورووپییەوە تووشی هاتووە.بۆ نموونە هۆشداری لە خاوبوونەوە لە وابەستەیی بە شەعیرەتە ئایینییەکانەوە و وەستانەوە بەڕووی ئەو شتانەی کە هەڕەشە لە ئیسلام دەکەن ڕەگەزی بەرچاوی فەرمایشتە نەقشبەندییەکان بە ڕابەرایەتی مەولانا خالید و ئەوانەی کە لەدوایەوە هاتوون بوو.دەڵێن هەر لە هیندستان دەبێت کە موریدەکانی لەدژی هەندێک لە مومارسە هەرتۆقەکانی موسڵمانان لە هیندستان هان دەدات و لە گەڕانەوەشیدا بۆ کوردستان لە ئێران موناقەشەیەکی توند لەگەڵ زانا شیعەکان لەوێ دەکات و ئەوەش دەبێت بەهۆی ئەو ناحەزییە بەرامبەری تا وەکوو ئێستا ئەو تایەفەیە واتا شیعە لەگەڵ نەقشبەندی خالیددا بەڕوون ئاشکرا هەیانە.
شێخ هەندێک گۆڕانکاری لە تقوسەکانی نەقشبەندیدا کرد، لە وانە داوای ئەوە بوو ڕابیتەی موریدەکانی خەلیفە بە شەخسی لەگەڵ خۆیدا بێت نەک لەگەڵ خەلیفەکەیدا کە خۆی تەریقەتەکەی داداوە.بەو شێوەیە دەیویست ڕابیتەیەکی ڕۆحی لەنێوان موریدەکە و شێخەکەیدا واتا خۆی دروست بکات.بەتایبەتیش کە خۆی واتا مەولانا پەیوەندییەکی ڕۆحی لەگەڵ پێغەمبەر و دواتر خوداشدا هەبووە، لێرەوە دەتوانین بڵێین کە بەڕێوەبردنی تەریقەتەکەی مەولانا خالید بە شێوەیەکی مەرکەزی بووە و ئەو باوەڕی وا بووە (گەر وا نەبێت چۆن دەتوانێت سەرکۆنەیان بکات ئەگەر کەمتەرخەمییان کرد).نەقشبەندی بۆ گەیشتن بە موراد سێ ڕێگەی داناوە بەردەوام بوون لەسەر زیکر بە دڵ و موراقەبە(ڕێگەی پێناسەی سۆفییەکانە بۆ بیرۆکەی ڕامان واتا چاودێری نەفس و ڕۆح پەڕینەوە لە فیکری ئاسایی بۆ حاڵەتی قووڵ تر هەندێکیش لەو سۆفییەکان دەڵێن چاودێری خودایە بۆ ئێمە.سێیەمیشان ئیتاعەتی مورشیدە.واتا دڵی مورد وابەسەتەیە بەدڵی مورشیدەکەیەوە مورشید وەکو ڕووبارێک وایە جۆگەکانی دەیان کێڵگەو هەزاران دار ئاوی لێ دەخۆنەوە بۆ نموونە شاعیری سۆفی مەولەوی ئەم قەسیدەیە بۆ مورشیدەکەی شێخ عوسمانی نەقشبەندی دەنێرێت کە تێیدا دەڵێت:
“”انت ساقی المزارع وکفیتهم جمیعا بالکفاف
اما مزرعتی فتشکو العطش و ثماری تشکو الجفاف
هذا حیف: فأفتح الجداول جدولا بعد جدول وارو مزارعی””
((مەبەستی مەزرەعەی رۆحیە کە هەموویانت ئاوداوە، بەڵام مەزرەعەکەی من بەدەست بێ ئاویەوە دەناڵێت و میوەکانم وشک هەڵاتون، ئەوە ناهەقەییە جۆگەکان یەک لەدوای یەک بکەرەوە کێڵگەکانی منیش ئاوبدە)).
مەولانا خالید چەندین نازناوی لێ نراوە لە وانە سلێمانی لەبەر ئەوەی خەڵکی سلێمانی بووە، هەروەها شارەزووری لەبەر ئەوەی شارەزوور زۆر ناوچە دەگرێتەوە و یەکێک لەو ناوچانەش قەرەداغە کە لێی لە دایک بووە، بەغدادی لەبەر ئەوەی لە بەغدا نیشتەجێ بووە، سەلەفی لەبەر ئەوەی سوننەتی سەلەفی ساڵحی بۆ پەیڕەوانی داڕشتووە، موجەدیدی (مجدد) لەبەر ئەوەی بە یەکێک لە موجەدیدەکان لە قەڵەم دەدرێت هەروەها ذی الجنحاین خاوەنی دوو باڵ، لەبەر ئەوەی باڵی شەریعەت و باڵی هەقیقەتی پێکەوە گرێداوە.
کەسایەتی مەولانا خالید و فەرمایشەکانی بێگومان گۆڕانکارییەکی گەورەیان لە تەریقەتی نەقشبەندیدا دروست کرد و جێگەی هەموو شێوەکانی نەقشبەندی کۆنی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرتەوە، لە حاڵی حازردا هەموو نەقشبەندییەکانی کوردستان و وڵاتانی دیکە کە لەژێر حوکمی عوسمانلیدا بوون هەموویان پەیڕەوی نەقشبەندی خالیدی دەکەن، تەنانەت نەقشبەندییە ئەندەنووسییەکانیش هەر خالیدین.
لە ساڵی 1503 سۆفیگەری شیعی کە قزڵباشییەکان نوێنەرایەتییان دەکرد سەرکەوتنی بەسەر سۆفیگەری سوننەدا ڕاگەیاند، کە ئەو دەمە نەقشبەندییەکان نوێنەرایەتییان دەکرد.گۆڕەپانی شەڕەکە لە تەورێز بوو، شا ئیسماعیلی سەفەوی چووە ناوی و کۆتایی بە لقە ئەکتیڤەکەی نەقشبەندی لەوێ هێنا.لە کاتێکدا کە ناوەڕاستی ئاسیا و هیند ناوەندی سەرەکی بوون لە ڕۆژهەڵات.
زۆر کەم ڕۆشنایی خراوەتە سەر ئەو بازنەیە لە ململانێی نێوان هەر دوو سۆفیگەریەکە لە سەروبەندی پێکدادانی عوسمانی و سەفەویدا.
هەرچەندە سوڵتان عوسمانییەکان باوەشیان بۆ تەریقەتە سوفیگەرییە سوننیەکان کردبووەوە، بەڵام لەدوای کارەساتەکەی تەورێزەوە سێ سەدەی پێچوو تاوەکوو جارێکی دیکە نەقشبەندی گەشەی کردەوە.
توێژەر “دینیە لی گال” لە کتێبەکەیدا بەناوی (کولتووری سۆفیگەری .. نەقشبەندی لە جیهانی عوسمانی)دا دەڵێت کاریگەری ئابووری و کۆمەڵایەتی کە سەپاندنی مەزهەبی دوانزە ئیمام لەگەڵ خۆیدا هێنای بوو بەهۆی لادانی ڕێڕەوی ڕێگەی حەریری وشکایی کە لە تەورێزەوە بۆ دیاربەکر و حەڵەب دەڕۆیشت.ئیدی بازرگانەکان و حاجییەکان ڕێگەیەکی دیکەیان دەگرتە بەر لە ناوەڕاستی ئاسیاوە دەستی پێ دەکرد بۆ قەوقاز و دواتر لە دەریای ڕەشەوە بۆ ئیستەنبوڵ.ئەوەش بەتەنیا ڕێگەی وشکانییە تەقلیدیەکەی لەنێوان ناوەڕاستی ئاسیا و ڕۆژئاوای ئاسیادا لەڕووی بازرگانییەوە نەبڕی، بەڵکوو ڕێگەی لە بانگخوازە نەقشبەندییەکانیشی بڕی و وای کرد پاشماوەکانی بانگخوازە نەقشبەندیەکان دێهاتەکانی کوردستان و ئەنادۆڵ بەجێ بهێڵن بەرە و ئیستەنبوڵ سەری خۆیان هەڵبگرن.نەقشبەندییە کلاسیکییەکە هەرچەندە لەسەر مەزهەبی سوننە بوو بەڵام پەیوەندییەکی ئەوتۆی بە سیاسەتەوە نەبوو، لەگەڵ ئەوەشدا لە ڕۆژئاوای ئێران بە بڕیارێکی سیاسی مەزهەبی دەوڵەتە سەفەوییە تازە پێگەیشتووەکە کە بەرەو دیار بەکر دەکشا وەلا نرا.
لە واقیعدا کاریگەری مەزهەبی سوننە لەسەر سەرکردە کوردەکان بەو پلەیە نەبوو کە وێنا دەکرێت، لە کاتی هاوپەیمانییەتی ئیدریسی بدلیسی لەگەڵ سوڵتان سەلیمی یەکەم ساڵی ١٥١٤ کاتێک کە سوڵتان لە شەڕی چاڵدێران دەگەڕایەوە کوردەکان پەلاماریاندا، ئەگەر ئیدریسی بدلیسی بە چل هەزار شەڕکەرەوە بە فریای نەکەوتایە هێندەی نەمابوو بوو سوپا سەد هەزار کەسییەکەی تەفروتونا بکەن.
بیست ساڵ بەسەر ڕێککەوتننامە کوردی عوسمانییەکەدا تێ پەڕیبوو، زۆربەی کوردەکان دەچنە پاڵ شا طهماسبی یەکەم، کاتێک کە هێرشی بردە سەر عوسمانییەکان و ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ ساڵی ١٥٣٤، تەنانەت کوڕەکەی ئیدریسی بەدلیسیش شمس الدین، کە گەورەی میرەکانی کورد بوو، چووە پاڵ طهماسب لەدژی عوسمانییەکان.وەلای کورد بۆ عوسمانییەکان ساڵی ١٥٧٨ لەسەردەمی میر شەرەفخانی بدلیسی دا ساغ بووەوە. نەخشەی گەشتەکەی ئەولیا چەلەبی ساڵی ١٦٥٥ لە کتێبەکەیدا “سیاحەت نامە” دەڵێت کە تەریقەتە سۆفییەکان ڕۆڵێکی مەرکەزیان لە ژیانی سیاسی کوردیدا نەبووە و ناوی هیچ مەرجەعێکی سۆفی وەک سەرکردەیەکی سیاسی نەهاتووە جگە لە وانەی کە ئیمارەت و شێخایەتیان پێکەوە گرێ دابوو، وەک مەلا ئیدریسی بدلیسی.هەروەها دەڵێت بازرگانی و سەرچاوەکانی مەعیشەت بنەمای پەیوەندییەکان بووە لەگەڵ عوسمانییەکان نەک ویستە ئایینییەکە بەتایبەتیش کاتێک کە عوسمانییەکان بەغدایان خستە سەر ئیمپراتۆریەتەکەی خۆیان ساڵی ١٣٥٤ ئەوە دەرگای ئابووری لە کوردستان کردەوەوە لەدەستدانی ڕێگەی حەرەیرە کۆنەکەی بۆ قەرەبوو کردنەوە بەرێگەکەی دیکە کە لە بەغداوە بەرەو دیاربەکر و حەڵەب و ئیستەنبوڵ دەڕۆیشت.
ململانێ لەسەر سلێمانی
دوای ئەو نەهامەتییەی کە بەسەر نەقشبەندی لە ڕۆژئاوای ئێران هات، سێ سەدەی ویست تا وەکوو جارێکی دیکە نەقشبەندی لە بەرگێکی نوێدا لە شێوەی نەقشبەندی موجەدیدی دەرکەوت و لەوێوە واتا سلێمانییەوە و بەرەو وڵاتانی عەرەب و تورک بەڕی کەوت، تاوەکوو لەڕێگەی دیاری ترین خەلیفەکانی نەقشبەندییەوە، حسین الدوسری کە لە ساڵی ١٨٢٦ ئیجازە وەردەگرێت، گەیشتە الإحساء و بەحرەین.
بانگخوازە شیعەکان لە ئێران چالاکییەکانیان بە شێوەیەکی ڕێکخراوەیی بردە دەرەوەی ناوچە فارسییەکان و سەرکەوتوو بوون لە بە شیعەکردنی زۆربەی عەشایەرە عەرەبییەکان لە ناوچەی (فرات الأوسط) و خواروو.لەو کاتەدا نەقشبەندی و قادرییەکان بنەکانی خۆیان لە کوردستان جێگیر دەکرد، ئەوەش بوو بەهۆی بەر یەک کەوتنی بانگەوازە شیعییەکە لە وڵاتی کوردان کەوتە بە دیوارێکی پۆڵایین و نەیتوانی کاریگەرییەکی ئەوتۆی لە ناو کورددا هەبێت.
لە ساڵی ١٨١١ هەر دوو شێخ خالید کە بە مەولانا خالید ناسراوە، لەگەڵ شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری لە هیندستان دەگەڕێنەوە، دوای ئەوەی کە چاویان بە مەرجعە نوێخوازەکانی نەقشبەندی ئەوێ دەکەوێت، لەسەرو هەموویانەوە عەبدوڵڵا الدهلوی. خالید لە سلێمانی جێگیر دەبێت و عوبەیدوڵڵا لە شارۆچکەی نەهری لە شەمزینان دەگیرسێتەوە، (شاری شەمدینی لە تورکیای ئێستا) شایەنی سەرنجە کە عوبەیدوڵڵا لە شەجەرەی عەبدولقادری گەیلانییە و وەکوو شێخێکی قادری بەرزترین مەقامی لەلایەن دەوڵەتەوە هەبوو، ئەوەتا گەڕاوەتەوە و بانگەواز بۆ تەریقەتی نەقشبەندی دەکات.
ئەو ئاسانکاری و لێبوردەیییە کە تەریقەتی نەقشبەندی لە کوردستانی باکوور بینی بۆ بڵاو بوونەوە، شێخ خالید ئەوەی لە سلێمانی نەبینی.شێخ مارفی نۆ دێ( ١٧٥٣-١٨٣٧) نامەیەکی لەژێر ناونیشانی “تحریر الخطاب فی الرد علی خالد الکذاب” (نووسینی یان داڕشتنی نامەیەک وەک وەڵام بۆ خالیدی درۆزن)دەنووسێت و تێیدا لەگەڵ زۆر شتی دیکەدا کە تا ڕادەی تەکفیر کردنی دەڕوات دەنووسێت خالید شایەنی ئەوە نییە ببێت بە شێخ دەینێرێت بۆ والی بەغدا سەعید پاشا. دەگوترێت ئەو ململانێیە کاریگەری هەبوو بۆ نادیارکردنی ئەو بەشدارییە گەورانەی کە شێخ مارفی نۆ دێ لە لایەنە نەتەوەیی و ئایینییەکەوە کردبوونی.بەڵام کاریگەری نەبوو لەسەر وەلای هەر دوو تەریقەتەکە بۆ دەوڵەتی عوسمانلی بۆ وەستان لەدژی قاجاریە شیعەکان لە وڵاتی ئێران.
دەڵێن دواتر لەبەر هەڵویستی پشتگیری والی و زاناکان بۆ مەولانا خالید وا دەکات کە شێخ مارفی نۆدێ نامەیەک بنێرێت بۆ مەولانا خالید و بڵێت هەڵە بووم و داوای لێبوردنی لێبکات و لەنامەکەیدا داوای لێدەکات بەرگەیەکی بۆ بنوسێت کە بەرائەتی شێخ مارف بسەلمیت، دەڵێن مەولانا ئەوەی بۆ کردووە واتا لێی خۆش بووە
ئەو ململانێیە ئاستی هەژموونی تەریقەتی قادری لە سلێمانی و دەوروبەری لەو کاتەدا دەرخست.شێخ مارفی نۆ دێ وەک موفتی سلێمانی وا بوو ئەوەی کە بۆ تەریقەتی قادری وەک خاڵێکی ئەرێنی لە قەڵەم دەدرێت ئەوە بوو کە ڕابەرەکەی واتا شێخ مارف وەکوو ئەو عەقڵە کوردییە موهاجیرانەی دیکە نەبوو کە زێدی خۆیان بەجێ دەهێشت و ڕوویان لەو لاتانی دیکە دەکرد هەر وەک مەولانا خالید کردی و ڕووی لە دەشتە کانی خوارووی عێراق و سووریا کرد.دەبێت لێرەدا ئەوەش بڵێین کە مەولانا خالید بەخواستی خۆی سلێمانی بەجێ نەهێشتووە، بەڵکو ململانێ سەختەکە ناچاری کردووە ئەوە بکات.
لە نامەکەی شێخ مارفدا کە لە سەر مەولانا خالید نووسیبووی ئەوەی لێوە دەردەکەوێت کە بەپێچەوانەی تەریقەتی قادرییەوە تەریقەتی نەقشبەندی سەریان لە سیاسەت دەخورا هەرچەندە قادرییەکانیش بە جۆرێک لە جۆرەکان بە سیاسی کرابوون بەڵام شۆڕشەکان بەڕابەرایەتی سەرکردە ڕۆحییەکانیان نەدەکرا واتا خۆیان لێ بە دوور گرتبوو.لەبارەی، ململانێی نێوان قادری و نەقشبەندی لە شێخ مارفی نۆ دێ وە دەگێڕنەوە گوتوویەتی کوردەکان سادە و ساویلکە و ئیماندارن، دیاری بەنرخ پێشکەشی خانەقاکانی نەقشبەندی دەکەن و ئەوانیش بەهۆی ئەو دیاریانەوە دەوڵەمەند دەبن، بەو هۆیەشەوە کێشەی زۆر لە هەر دوو چوارچێوە ڕۆحی زەمەنییەکەدا دەخولقێت، ئیدی ئەو شێخانە هەوڵ دەدەن دەست وەربدەنە کاروباری سیاسییەوە و بەو هیوایەی کە بگەنە دەسەڵات ئەوەش بە ئیستغلال کردنی هەژموونەکەیان لەسەر ئەو خەڵکە سادەیە کە کردوویانن بە کۆیلەی خۆیان..ئەم هەوڵە خۆپەرستانەیان قابیلی قبووڵ نییە و وا لە حکومەت دەکات سوپاکانی بنێرێتە سەر کوردستان بۆیە قەتڵی(واتا قەتڵی مەولانا خالید) واجبە.ئەم هەوڵدانە بۆ کوشتنی مەلا یەحیای مزوری کە ئەو دەمە لە موسڵ دەبێت پشت ڕاستی کردووەتەوە کە ئەو نامەیەی بەدەست گەیشتووە، خۆی لەگەڵ کۆمەڵێک لە قوتابییەکانیدا هاتوون بۆ سلێمانی و بۆ وەستان لەسەر راستییەکان لە نزیکەوە و کاتێک موناقەشەی مەولانا خالیدی کردووە بۆی دەرکەوتووە ئەوەی لەو نامەیەدا هاتووە راست نین و هەڵبەستراون.
مەولانا خالید لەو ماوەیەدا کە لە سلێمانی بووە لە نێوان ١٨١٠-١٨٢٠ دوو حاکمی لە ئیمارەتی بابان بینیوە: عەبدولڕەحمان پاشا کە لە ١٨١٦دا مردووە و کوڕەکەی مەحموود پاشا کە لە ١٨٣٤دا کە بە خواستی خۆی واز لە حوکم دەهێنێت و لە یەکێک لە تەکیەکانی نەقشبەندییەکان ستارە دەگرێت.
مەندوبی کۆمپانیای هیندی شەرقی کلاودیوس ڕیچ باسی ڕووداوی هەڵاتنی مەولانا خالید لە سلێمانی دەکات و دەڵێت کاتێک کە سەردانی مەحموود پاشام کرد لە ئۆکتۆبەری ١٩٢٠: ئەو دەمە کوردەکان پلە و پایەی مەولا خالیدیان خستبووە ژوور پلە و پایەی شێخ مارفی بەرزنجییەوە بینیم مەحموود پاشا نێرگەلەکەی بۆ مەولانا خالید پڕ دەکردەوە ئەوەش شێخ مارف زۆر خراپ دەورووژێنێت. دیارە یەکێک بووە لەو هۆکارانەی کە وای لێ بکات بە مەترسییەکی جیددی بزانێت بۆ سەر هەژموونی تەریقەتی قادری.
بە ڕاکردنی مەولانا خالید شێخ مارف زەمانەتی باڵادەستی هەژموونی تەریقەتی قادری لە سلێمانی بۆ خۆی کاک ئەحمەدی شێخ لەدوای خۆیەوە دەکات بەڵام هەڵەبجە و بیارە دەبێت بە ناوچەی هەژموونی مەولانا خالید.
لە بەرژەوەندی دەسەڵاتی عوسمانیش بوو کە ساحەکە تەنیا بۆ شێخ مارفی نۆ دێ چۆڵ ببێت، چوونکە ئەو ناوچەیە لەسەر مەرزەکانی دەوڵەتە شیعییەکە بوو، بۆ عوسمانلی باش نەبوو ببێتە پێگەیەکی ململانێ لەنێوان ئەو دوو تەریقەتەدا، بەتایبەتیش کە پەیوەندی عەشایەری بەهێز هەبوو لەنێوان کوردە بابانە سوننەکان و حاکمە کوردە شیعەکان لە ئەردەڵان.
مەولانا خالید لە عەشیرەتی جاف بووە کە گەورەترین عەشیرەتی کوردییە، بەڵام شێخ مارفی نۆ دێ لە عەشیرەتی بەرزنجی حاکم بووە.شێخ مارف بەوەوە لەپێش مەولا خالیدە بووە کە نەسەبی دەگەڕێتەوە بۆ ئیمام مووسای کازم کەواتە لەو سەیدانەیە کە ڕێز و تەقدیرێکی زۆریان لە هەموو جیهانی ئیسلامیدا لەو کاتانەدا هەبووە.ڕەنگە هۆکاری ڕق و کینەی نێوانیان زیاتر بگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە هەژموونی مەولانا زۆر بەخێرایی لە زیاد بووندا بووە و خەریک بووە تای تەرازووەکە بەتەواوەتی بەلای خۆیدا لار بکاتەوە.
بەڵام دەڵێن ئەوەش هۆکاری سەرەکی نەبووە بەڵکوو لاوازی حوکمی بابانەکان لە هۆکارە سەرەکییەکان بووە چوونکە لە حاڵەتی ئەواندا نەدەکرا ڕێگە بە کەسێک بدرێت کە تموحی هەبێت و ناوچەکەیان بکاتە ناوەندی سەرەکی بانگەواز بۆ تەریقەتەکەی. بێگومان مەترسی ئەوەیان هەبووە کە جێگەیان بگرێتەوە.هەرچەندە دەڵێن مەحموود پاشا بە خۆی چووە بۆ بەغدا بەدوای مەولانا خالید و هێناویەتییەوە بۆ سلێمانی. بەڵام دواتر هەڵوێستی بەرامبەری لەبەر گەورە بوونی هەژموونەکەی گۆڕاوە و لە هەمان کاتیشدا لە لەدەست دانی وەلای شێخەکانی تەریقەتی قادری ترساوە هەروەها ترساوە لە زیاد بوونی هەژموونی مەولانا لە بەغدا و پەیوەندییە باشەکانی لەگەڵ ئەوێدا کەلێنێکی دیکە دروست بکات بۆ هاتنە ژوورەوەی دەسەڵاتدارانی بەغدا بۆ وڵاتی کوردان.
دەڵێن پاساوێکی دیکەش هەیە ئەویش ئەوەیە کە تەریقەتی قادری ئایدۆلۆجیای ڕۆحی بۆ حوکمی بابانەکان پێک دەهێنا و دەیان ساڵ ئەو تەریقەتە لە ناسازییەکدا لەنێوان ئەو هەڵکشانە دەسەڵاتییە (سلطوی) و بوونی وەک فەلسەفەیەک بۆ هەژاران بژی بەواتایەکی دیکە توانیبووی هەم ئاسوودەیی ڕۆحی بۆ هەژاران دەستبەر بکات و هەمیش پاڵپشتێکی ڕۆحی دەسەڵاتی بابانەکان بێت.
لە پاش بەجێهێشتنی سلێمانی بۆ بەغدا لە ساڵی ١٨٢٠ دا، لەژێر هەڕەشەی زانا بەرزنجییەکاندا گوندی نەهری لە شەمزینان بۆ بە ناوەندێک بۆ نەقشبەندییەکان لە کوردستان و ئانادۆڵ و قەوقازدا. دوای ڕووکردنی لە بەغدا و دواتر بۆ دیمەشق بە تەواوەتی لە کوردستان دا دەبرێت لەبری خۆی خەلیفەکانی لە کوردستان سەر و کاری تەریقەتەکەی دەکەن، ژمارەی خەلیفە کوردەکانی ٣٤ و ٣٣ دیکەش بەسەر باقی نەتەوەکانی دیکەدا دابەش بووبوون. نیکیتین دەربارەی مەولانا خالید دەڵێت.پیاوێکی دیندار و ساڵح بووە، بەڵام تۆوی ئەو پرەنسیپانەی کە لە کوردستان وەشاندبووی بەکەڵکی وڵاتەکە نەدەهات.
شایەنی باسە هەر دوو تەریقەتە سۆفیگەرییەکە قادری و نەقشبەندییەکە بەهۆی بڵاو بوونەوەی دزی و جەردەیی و ڕاو و ڕووت و لاوازی ئیمارەتە کوردییەکان فاکتەرێکی گرنگی ڕاگرتنی ئەخلاقی بەرز بوون.
تەریقەتی نەقشەبەندی و ناوەندی خەلافەتی عوسمانی
دوای ئەوەی کە مەولانا خالید لە هیندستان دەگەڕێتەوە و ناو و شۆرەتی دەگاتە دوورترین شوێن لە مەملەکەتی عوسمانلی، گومان دەخاتە دڵی خەلیفەی عوسمانلی سوڵتان مەحموودی دووەم و بەتایبەتیش ناوەندەکانیحکومەتەکەی.چونکە شوێنکەوتووانی خالید بە حەماسێکی زۆرە لە هەوڵی بڵاوکردنەوەی تەریقەتەکەیاندا بوون لە هەموو قوژبنێکی مەملەکەتەکەدا.
یەکێک لە مێژوونووسە عوسمانییەکان دەڵێت:
((پێنج مانگ دەبێت هەندێک لە خەلیفەکانی شێخ خالید کە لە شام دادەنیشێت و یەکێکە لە زاناکانی سلێمانی، بەناو مزگەوتەکانی ئیستەنبوڵ دا بڵاو بوونەتەوە و بانگەشە بۆ تەریقەتەکەیان دەکەن، و خەڵکێکی زۆر کە گەورە پیاوانی ئیستەنبوڵیان تێیدا دەبینرێت لێی کۆ بووەتەوە و ناوبانگێکی زۆریان لە وڵاتی عەرەب و تورکدا پەیدا کردووە و بانگخوازەکانیان ناو ناوە (خەلیفەکان) و هەوڵێکی زۆر دەدەن کە بانگەشە بۆ تەریقەتەکەیان بکەن و مورید پەیدا بکەن)).
ئەمە دەبێتە هۆی دوورخستنەوەی کەسایەتییە بەناوبانگەکانی نەقشبەندی و پەیڕەوانیان. لە ٢١ ڕەمەزانی ١٨١٧ بە شەو کۆ دەکرێنەوە و سواری بەلەمیان دەکەن بۆ قارتال و لەوێشەوە بۆ سیواس، خەلیفەی شێخ خالید و یاریدەدەرانی دەنێررێن بۆ دەوروبەری سلێمانی و بە مەرجێک کە چیتر نەگەڕێنەوە بۆ ئیستەنبوڵ.فەرمان دەر دەکرێت کە بەدوای مەولانا خالید دا بگەڕێن و لێکۆڵینەوەی لەگەڵ بکەن.ئەو کارە داود پاشا والی بەغدا پێی هەڵدەستێت. بەڵام لە ڕاپۆرتە کەیدا دەنووسێت ((مەبەستی خالید تەنیا زیندووکردنەوەی سوننەتە و ئەو سەرقاڵی ئیرشاد کردنی موریدەکانییەتی، بەدوای بەرژەوەندی خۆیەوە نییە و زۆر دوورە لە سیاسەتەوە. ئیدی دەسەڵاتداری گومانی لە مەولانا خالید نامێنێت..
شایەنی باسە پێگە جوگرافییەکەی کە نەقشبەندییەکانی مەولانا خالید داگیریان کردبوو-عێراق و شام-ی گرتبووەوە و وەک بەربەستێک وا بوو لەنێوان ناوچەی ئەنادۆڵی تورکی و عەقیدەی وەهابییەکان کە پێی دەڵێن عەقیدەی تەوحید، لەبەر چالاکییەکانی نەقشبەندییەکان ئەو عەقیدەیە نەیدەتوانی لەو ناوچە فراوانانە بڵاو ببێتەوە.
دەگوترێت هەر دوو تەریقەتی نەقشبەندی و قادری بەردەوام لەسەر یەک هێڵ لەو ناوچانەی کە لێی بڵاو بوونەتەوە نەڕۆیشتوون بۆ نموونە لە ناوچەی شێخایەتی نەهری زوڵمی زۆر لەلایەن شێخەکانەوە بەرامبەر بە جووتیارەکان کراوە بەڵام لە شێخایەتی ناوچەی بارزان پشتیوانیان لە جووتیارەکان کردووە.
دەڵێن مەولانا خالید قبووڵی نەکردووە کڕنووش بۆ حاکمە کوردەکانی بابان ببات و سەری خۆی بەرەو بەغدا هەڵگرتووە لەوێش لە دەرگای والی نەداوە بەڵکوو داود پاشا دواین حاکمی مەمالیک خۆی هاتووە بۆ زیارەتی و هەفتانە تەکیەکەی بەدەستی خۆی بۆ پاک کردووەتەوە.دوای کۆچکردنەکەی بۆ دیمەشق نامەیەک بۆ سییان لە خەلیفەکانی لە بەغدا دەنووسێت و نەسیحەتیان دەکات کە لە پاشا و میر و ئاغا و دەستە و دایەرەکانیان نزیک نەبنەوە چونکە ئێوە هێزی ئەوەتان نییە کە چاکیان بکەن، زەمیان مەکەن و جنێویان پێ مەدەن تەنیا ئەوەی لەسەر ئێوەیە کە دوعا بکەن خودا ئیسلاحیان بکات.
جیاوازییەکی دیکەی تەریقەتی قادری لەگەڵ نەقشبەندی مەولانا خالید ئەوە بوو مەولانا ئەو بنەما ترسەی شکاند کە قادری هەیبوو بۆ عاقیبەتەکان، باشترین نموونەش خەلیفەکانی بوون: سەید تەها کە ساڵی ١٨٤٧ بەشدار بوو لە داکۆکی کردن لە ئیمارەتی بۆتان. هەروەها نەوەکەی عوبەیدوڵڵا نەهری سەرکردەی شۆڕشی ١٨٨٠ و شێخ سەعیدی پیران ساڵی ١٩٢٥ و زنجیرە ڕاپەڕینەکانی بارزان بەڵام لە هەمان کاتیشدا تووشی دزەکردنی دەسەڵاتی حاکم بووبوون بۆ ناو تەریقەتەکەیان.
لەو ڕەخنانەی کە لە تەریقەتی نەقشبەندی دەگیرێت وەستانەوەیان لە دژی زانست بوو، دەڵێن کاتی بڵاو بوونەوەی تاعوون ساڵی ١٨٣١ لە بەغداوە بۆ بەسرا کە بووبووە هۆی کوشتنی نزیکەی دوو لەسەر سێی دانیشتووانەکەی پێش ئەویش بڵاو بوونەوەی پەتای کوشندە لە دیمەشق و حەڵەب مەولانا خالید تەئکیدی لەسەر فەتواکانی شێخەکانی تەریقەتی قادری کردبووەوە کە نابێت لە مردن ڕابکەین و گوتە بەناوبانگەکەی ئەمە بوو ئێمە.تەنیا بۆ ئەوە هاتووین بۆ شام بۆ ئەوەی لەم خاکە موقەدەسە بمرین.
شێخ عبداللە الأصم لە زمانی مەلا ڕەحیم ناسراو بە مەولەوی دەیگێڕێتەوە: لەگەڵ چەند زانایەک و ساداتی سلێمانی لە مەجلیسەکەی شێخ مارفی نۆ دێیدا دانیشتبووین گوتی: مزگەوتەکەی مەلا خالید (مەولانا خالید) مامۆستای نییە، بۆ چی مەولەوی تۆ ناچیت لەوێ دەرس بڵێیتەوە، دەڵێت پێم گوت: دەشێت من لە جێگەی ئەو زانا گەورەیە (مەولانا خالید) دابنیشم؟ شێخ مارف بۆ نا ئەی تۆش وەکوو ئەو زانا نیت؟پێم گوت باوەڕت وایە ئەو زانا بووبێت؟ گوتی بەڵێ زانایەکی باش بوو؟ پێم گوت سەیرم لێ دێت، من قەسیدەیەکی تۆم بینی تێیدا مەولانا خالیدت تەکفیر کردبوو، دەڵێت شێخ ماوەیەک بێ دەنگ بوو، دواتر دەستی بە گریان کرد، گوتی ئەوەی من کردم کاری ئەوانە بوو -ئیشارەتی بۆ هەندێک لە دانیشتووان کرد لە خزمەکانی لە ساداتی بەرزنجە- دواتر هەموویان هەستان و مەجلیسەکەیان بەجێ هێشت.
یەکێکی دیکە لەو کوردە ناوازانەی کە ناوو شۆرەتیان دنیای پڕکردبوو سەعیدی نەورەسی کە پاشخانێکی لە هەردوو تەریقەتەکە قادری و نەقشبەندی هەبوو واتا پێکەوە گرێی دابوون، چەندین سیفاتی سەربەخۆیی کە هی مەولانا خالید بوون هەڵگرتبوو، بەواتایەکی دیکە دوورەپەرێزی لەدەسەڵاتی ئەوسای عوسمانلی. ئەوەش وای کرد چەندین ساڵ لەبەندیخاندا بمێنێتەوە. دواتر مردنی ناشتنی لە شوێنێکی نادیار ساڵی ١٩٦٠. لێرەوە عەقڵە ئەمنییە تورکییەکە دەست بەسەر ئەو تەریقەتەدا دەگرێت و لەبەر یەک هەڵیدەوەشێنێتەوە واتا لەناوەوە و ناوەرۆکە کوردییەکەی لێ دادەماڵێت و ((فەتح اللە گولەن)) کە ئەو دەمە گەنج بوو دەست بەسەر تەریقەکەدا دەگرێت و بەڵای ناوەرۆکێکی تورکیدا کە نزیکە لە تۆرانییەتەوە پێچی پێ دەکاتەوە.
شایەنی باسە مەولانا خالید نزیکی حەڤدە دانراوی وەکو کتێب و لێکۆڵینەوە لەپاش بەجێ ماوە.
1- شێخ فرید الدین آیدن. شخصيات صوفية. خالد البغدادی ابن السليمانية.
٢- النقشبندیة الکردية.. من مولانا خالد الی کنعان اڤرین.. ابحاث ودراسات المرکز الکردی.
٣-رحلة اولیا چلبی فی کردستان عام ١٦٥٥-ترجمة رشید فندی،٢٠٠٨، ص ٣٨.
٤- مولانا خالد النقشبندی و منهجە في التصوف..د.جواد فقی علی حیدری.
٥- الجهود العلمية للنقشبندية في شمال العر اق (مولانا خالد النقشبندي إنموذجا..) علی نجم عیسی.
٦- منتدی الطريقة النقشبندية..الطریقة النقشبندية العلية