بورهان شێخ رەئوف: ئۆپۆزسیۆنی توركیا و ئامادەکاریی بۆ هەڵبژاردن.
هەرچەندە بەهۆی بوومەلەرزەكەی مانگی شوباتی پێشووەوە ئاڵنگاری و كۆسپ و تەگەرەی زۆر بۆ بەڕێووەچوونی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد لە توركیا هاتۆتە پێش، چونكە هەزاران كەس گیانیان لەدەستداوە، هەزارانی تریش ئاوارە و دەربەدەری شوێنەكانی تر بوون، هەموو ئەمانە ئەگەر و بواری زیاتر دەڕەخسێنن بۆ گزیی و ساختەکاری لە تۆماری دەنگدەراندا. ئۆپۆزسیۆنی توركیاش هەوڵەكانی چڕكردۆتەوە بۆ بەرگرتن بە هەر هەوڵێك بەو ئاراستەیەدا، قەناعەتێكیشیان لەلا دروستبووە كە ئیتر كاتی ئەوە هاتووە دوای دوو دەیە، حوكمڕانیی (ئەكەپە) و ئەردۆغان كۆتاییان پێ بێت، بۆیە دەبێت هەموو دەنگێك لە توركیادا حسابی بۆ بكرێت و بە فیڕۆ نەدرێت لە هەڵبژاردنی رۆژی 14ئایاری 2023، كە پێدەچێت هەڵبژاردنێكی زۆر توند و پڕ ململانێ بێت.
هەر لەو رۆژەدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی توركیاش بەڕێوەدەچێت، كاندیدەكانی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری توركیا چوار كەسن، موحەڕەم ئینجە سەرۆكی پارتی بەلەد، سینان ئۆغان كاندیدی هاوپەیمانی ئەتا، سەرۆكی ئێستا رەجەب تەیب ئەردۆغان كاندیدی هاوپەیمانی گەل (ئەكەپە –مەهەپە)، كەمال كلیچدار ئۆغلو كاندیدی هاوپەیمانی شەشقۆڵی (نەتەوە)، بوونی ئەو هەموو پاڵێوراوە دۆخەكەی بۆ ئەردۆغان زیاتر ئاڵۆز كردووە كە مەبەستێتی جارێكی تریش ببێتەوە بە سەرۆك كۆمار، هەرچەندە زۆربەی زۆری راپرسییەكان باس لەوەدەكەن كە زۆر ئەستەمە ئەردۆغان لەگەڕی یەكەمدا سەركەوتن بەدەست بهێنێت، باڵانسی جەماوەریی زۆر پاشەكشەی كردووە بەتایبەتی لەدوای بوومەلەرزە وێرانكەرەكەی ئەم داوییەوە.
هەڵبژاردنی ئەمجارەی توركیا گەورەترین و قورسترین ئاڵنگاریی سیاسییە كە بەرەو رووی ئەردۆغان دەبێتەوە، رەخنە و گلەیی و گازەندەی زۆری لەسەر كەڵەكە بووە بە تایبەتی بە هۆی قەیرانی دارایی و لێكەوتەكانی بوومەلەرزەکەوە.
لایەنەكانی هاوپەیمانی شەشقۆڵی ئۆپۆزسیۆنیش كە ئامانجیانە دەسەڵات بگرنەدەست، هەوڵ و چالاكییەكانیان چڕکردۆتەوە بۆ ئەوەی هەموو رێكار و رێوشوێنێک بگرنەبەر تا بەر بە ساختەکاریی بگرن لە پرۆسەی هەڵبژاردنەكاندا كە ركابەرەكەیان هەموو جومگە گرنگەكانی دەوڵەتی بەدەستەوەیە و گومان دەکەن بەكاریبهێنێت بۆ بەرژەوەندیی خۆی، ئەویش بە كەڵك وەرگرتن لە توانای شارەزایان و مافپەروەران بۆ چاودێریی هەڵبژاردنەكان، بە تایبەتی دوای بوومەلەرزەکە زۆر كێشە لە توركیا هاتۆتە ئاراوە بەهۆی ئاوارەبوونی خەڵكێكی زۆری ناوچە زیانلێكەوتووەكانەوە، ئایا ناویان تۆمار كراوە لە شوێنی نیشتەجێبوونی نوێیان یان نا، یان ئەوانەی گیانیان لە دەستداوە ناویان لە تۆماری دەنگدەراندا سڕراوەتەوە یان نا؟
هەروەها لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان باس لەوە دەكەن كە لە رابردوودا سەرپێچی زۆر كراوە لە پرۆسەی هەڵبژاردنەكاندا، هەروەها رەخنەی زۆریان لە رێكارەكانی ئەنجومەنی باڵای هەڵبژاردنەكان هەیە.
لە لایەكی تریشەوە توركیا ریزبەندی 123ی لە 167 وڵات بەركەوتووە لە ساڵی 2019 بە گوێرەی پڕۆژەی بێگەردیی پڕۆسەی هەڵبژاردن، كە لێكۆڵینەوەیەكی ئەكادیمی بەراوردكاریی هەڵبژاردنەكانە لەسەر ئاستی جیهان.