عیماد عەلی: هەمیشە بە کەوچکێک ئاو دەکەونە مەلە!
کە نوری مالکی بۆ ئامانج و بەرژەوەندیەک دوو قسەی خێری بۆ کورد کرد، لای سەرکردە یبئەزمونەکانی خۆمان بووە فریادرەس و مەهدی مونتەزەرەکەی رزگارکەری زەمانی خۆی بۆ کورد، دواتر گە پلێتەکەی بنچینەییە رەسەنەکەی خۆی دەرکەوت بووە دوژمنی باوەکوشتەی دەسەڵاتدارانی کورد، چونکە لە بەرژەوەندی کەسی و حزبی ئەم زلهێزانەی کوردستان نەجوڵایەوە. کە عەبادی هات لای کورٍە سالارەکانی هەردوو حزب تەنها لەبەر ئەوەی مالکی نەما و هیچ حساب بۆ ئەوە نەکرا کە هەردووکیان کورٍی ( هینێک) ن و لە یەک (هین) خۆیان تێرکردووە و بەلەسەبوون، دواتر کە زانیان هیچ جیاوازیەکیان نیە ئەیهوو سەریان دای لە ئەلهەد و خۆیان تەریق نەکردەوە تاوەکو کاتی ریفراندۆم هات و گرەویان لەسەر کرد و لەم پیاوەش یەکلابوونەوە و رەش لە سپی جیابووەوە. دواتر کە نۆرەی کازمی هات و لە پرٍێکدا ئەم برادەرە بووە قارەمان و فریادرەسی بێ پیشینە و نمونەی کورٍە چاکە کوردۆستەکە لە عەقڵی خۆشباوەرٍیی کورد دا، کەچی ئەوەی میسقالە زەرٍەیەک چیە خێری بۆ کورد و کێشەکەی و پرسەکەی لێ نەبینرا( پارەی گەنمی جوتیارانی بە منەت بە بەرپرسان فرۆشتەوە )و لەولاوە لە حکومەتەکەی ئەودا (برا چاوگەشەکانی 2 ملیار و 700 ملیۆنیان دزیبوولای ئەو کێشە نەبوو) لە کۆتا رۆژەکاندا زانیان کە بەڵێ لەبۆچونیان لەسەر ئەمیش فریویان خواردووە و سفر هیچ بەدەست دەرچوون،. وا ئێستا کورٍە نمونەکە و کورد دۆست و حەقبێژو راست رەفتارەکەی پارێزگای عەمارە و یەکێک لە شروگیەکانی نزیک لە کورد خۆی قیتکردۆتەوە، ئەم دەسەڵاتەی هەرێم نەک وەکو فریادروس بەڵکو داهێنەری پرۆژەی رزگاری یەکجاریی مەسەلەی کورد دایدەنێن و وادەزانن لەم خولەدا دەسکەوتی گەورە بەدەست دێنن و نایانەوێت کەس بەشداریان بێت، کەس خۆی نەکات بە خاوەنی ئەو دەستکەوتانەی لە کیسەی هیچ عەتارێکیشدا جگە لە خۆشباوەری ئەم دەسەلاتەی هەرێم نەبێت بوونی نیە و بە روونی هەمبانە بەتالچەکەی بۆ هەموو لایەک دیارە بۆ ئەم زلهێزانەی کورد نەبێت. دیارە و ئەو دەستکەوتانە تەنها لە خەیاڵدانی ئەم دەسەڵاتە بێ سەروبەر و خۆخۆرەدایە و بەس، لەم گەوجێتیەشدا، لایەنێکیان لە هەوڵی نەهێشتنی ئەو دەستکەوتە وەهمیەیە و زۆر بە خێرا فریای خۆ گەیاندنە بەغدا کەوت بۆ ئەوەی خوایە نەهێڵێت ئەو دەستکەوتە بکەوێتە دەست نەیارەکەی و نەخوازەڵا ئەم لێی بێ بەش بێت، یان بەڵکو خوایە فریای بەشداری لە پارچەیەک لەو کێکەکە بکەوێت کە تا ئێستاش لە هیچ کونجێکدا دیار نیە.
ئا ئەمە بیرکردنەوە و مامەڵە و پێشبینی و رەفتار و پلان و تەکتیک و ستراتیجی ئەم حزبانەی دەسەڵاتی کوردستان بێت، چۆن درک بە گۆرٍانکاری و واقیعەکەو حەقیقەتەکان وەکو خۆی دەکەن. هیچ هیلاکیەک بۆ ناوەندی دەسەڵاتی عیراق ناوێت بۆ ملدانواندن و چەمانەوەی ئەمانە بۆ بەردەستیان و هەروا بوەستن و چاوەرٍێ بن ئەم نێچیرەی کورد بە پێی خۆی خۆی دەکات بە تەڵەکەیانەوە و ئەوانیش بى نەزانی خۆیانەوە بەرهەمی جەهل و بێ سەلیقەیی و ئەنجامی هەڵەی ئەم سەرکردایەتیە تەسکبینەی کورد دەچننەوە.
ئەگەر تۆزێک سەبر بگرن، جێ دەستی سودانیش بە جوانی دەبینن، پێویست ناکات لە ئێستاوە شەرٍی قۆرخکردنی ئەو دەستکەوتە وەهمیانە خەیاڵی خۆیان بکەن کە تەنها لە خەیاڵدانی ئەواندا هەیە و کەس نازانێت کەی دێتە ئاراوە و کێ دەیبینێت.