عیماد عەلی: بنێشتە خۆشەی ژێر ددانی رۆشنبیرانی کورد.
کەس نیە زۆرجار گوێی لەوە نەبوبێت کە هۆکاری دواکەوتنی کورد دەگەرێننەوە بۆ کۆلۆنیالی جیهانی و داگیرکەران و رۆژهەڵاتناسانی فریودەر. لێرەدا دەبێت دانبەوەدا بنێت کە ئەم قسەیە، ئەگەر رێژەیەک حەقیقەتی تێدا بێت، بەڵام هۆکاری سەرەکی دواکەوتن و مانەوەی ئەم گەلە لە بنکی زۆلکاوی دواکەوتووی و قوتارنەبونی زیاتر هۆکاری خودی بووە و لە هیچ قۆناغێکدا بیر لە چارەسەری ریشەیی نەکراوەتەوە و رۆشناییەک بۆ نەوەکانی دواتر هەڵکراوە و رێگەی راست نەکیراوەتەبەر، بۆیە هەروا بێ چارەسەری گرفتەکان و وەکو خۆمان ماوینەتەوە، باوەری زۆرینەی رۆشنبیران بەو واتایە دێت کە دواکەوتنی کورد لە دەرئەنجامی توشکردنیان بە شتەبچوکەکان و فەتیس کردنیان لە هەولدان بۆ لاستییکردنەوەی بیر و ئامانج و رەفتاری رۆژئاوادا، ئەوانن کە کوردیان وەکو مەوقاشێک بەکارهێناوە بۆ دەستەبەرکردنی بەرژەوەندیەکانی خۆیان لەسەر حسابی گەلانی ناوچەکە و لە پێشەوەی هەمووشیان قوربانیدان بە بەرژەوەندی کورد لە پێناو خۆیان و بەس.
ئەوەی راستی بێت، کاتێک فکر و کەسی نامۆ بووە خاوەن مالًو بیری توندرٍەوی و خورافە زالًَبوو بەسەر عەقڵ و کورد بە خۆی رازی بوو بەو بارەی و هیچ هەوڵێک لە ئارادا نەبوو بۆ قوتاربوون لە توشبون بە پەتای کۆنەپەرستی و نغرۆبوون لە نەزانیی پیرۆز و دەرهاویشتەی فکری بیابان و مانەوە لە تاریکی، دەبێت جگە خۆت گلەیی لەکەس نەکەیت.
کاتێک فەندەمینتالیزم زاڵ بوو و بەربەستێکی گەورەی لەبەردەم بیری پێشکەوتنخوازی و رۆشنگەری دروستکرد، کاتێک کورد بە خۆی پابەندبوو بە کاڵای فکریە هاوردە دواکەوتوە نەگونجاوەکان، کەچی لە شوینانی دیکە تیشکی رۆشنگەری لە عەقڵییاندا دەبریسکایەوە و ئێمەش بێ ئاگا، لێرە دونیای دەسەڵاتی دەروێش و شێخ و سەید گەرایی و لەوێش رێنیسانس و تورٍدانی بەرهەمی دەستی پیاوانی کەنیسە، لێرە هاوردەکردنی بەرهەمی عەقڵی دواکەوتوتر لەوەی دواکەوتوی خودی خۆمان، ئا لەو کاتەدا تاریکی باڵی بەسەر هەموواندا دەکێشێت و هیچ هەوڵێک بۆ دەربازبوون لە پاشکەوتویی لە ئارادانابێت. لەوێدا بەریەککەوتن لە نێوان ئایین و عەقڵ دروستبوو و تاوەکو لێکجیاکردنەوەی ئایین لە دەوڵەت و مەدەنیەت بەرقەراربوون، لێرە بوار بۆ دەستبەرسەردا کێشانی زیاتری ئایین بەسەر وڵات و کۆمەڵگە دروستبوو. کەس بەزۆر ئەمەی نەسەپاند جگە لە ئاستی عەقڵمەندی و رۆشنبیری و کولتوری خودی کورد نەبێت. کەچی تا ئێستاش کەس دان بەوەدا نانێت و وا باوە کە ئایین رێگەی دروستی خستۆتە بەردەست و بەخۆمان تێکمانداوە.
بۆ خۆدەربازکردن و راستەرێکردن حەقیقەت دەبێت دداننان بە راستی هۆکارە خودی و هۆکارە بابەتیەکان بخەینە پێش و ئەولەویاتەکان ریز بکەین، پاساو هێنانەوەی خەیالی و دروستکردنی هۆکاری خەیاڵی نادروست زۆر لە راستیەوە دوورت دەخاتەوە و وەک پاساو هێنانەوە بۆ ناجۆری بیرکردنەوەی زۆرێک لە رۆشنبیران و خەڵکی خوێنەری واقعەکەی کورد لە مێژووە درێژەکەیدا بە روونی دەردجەکەوێت، چارەسەر یان هەنگاوی راست چیە؟
* ئەو عەقڵیەتەی کە هەموو هۆکاراەکان دەخاتە سەر ئەویتر بە میکانیزمێکی و زانستیانە بسرێتەوەو ئەڵتەرناتیڤی ئەو بیرە بە هەنگاوی یەکەم لە ناسینی خود و چۆنێتی رەخنەی لە خۆگرتنی بنیاتنەر بۆ راستەرێکردنی پرسەکەمان دەبێت.
* چۆنێتی سوودوەرگرتن لە بەرهەمی ئەویتری پێشکەوتو بێ ئەوەی گرفتەکان بخرێتە سەر دەرئەنجامی کاری ئەویتر، کە بۆ دەستەبەرکردنی بەرژەوەندیەکانی خۆی کاری، بەوشێوە کردووە، ئەمەش مافی سەرەتایی خۆیە و ئەوەی راستی بێت تۆ ئەرکی خۆت بە جوانی و وەکو خۆی جێبەجێ نەکردووە.
* جیاکردنەوەی راستی بۆچون و فکرە گونجاوکان و قەناعەت کردنی رۆشنبیران بە تایبەتی بەەوەی کێشەکە خودیە و کورد لەو کەرەستەیە یاشتری نیە و دەبێت گلەیی لەکەس نەکرێت، بەلکو دەبێت بارەکە راست بکرێتەوە.
* هەوڵدان بۆ دروستکردنی کاریگەریی بەرهەمی زانستی لە هەر جێگایەک بێت بۆ ئەوەی تەنها پرسەکە بە رووکەش نەمێنێتەوە و بۆ خۆرازیکردن بێت و هیچ سودێکی گشتی نەبێت و جەوهەرەکەی نەوزانرێت.
* لە لایەکی ترەوە، زۆر بەشان و باڵی خۆدا نەڵێن و خۆمان بە دانا و خاوەن هەموو شتێکی مێژوویی نەزانین و گرفتەکە تەنها لەویتردا ببینین، کە هەموو شتەکانی زەوت کردوین و نەیهێشتووە هیچ سودی لێ ببینین.
ئەزمونی ئەم چەند ساڵەی حوکمرٍانی کورد ئەو واقیعەی بۆ دەرخستین کە ئەم کاڵایە بەقەد ئەو باڵایەیە و چەندین بارە بۆتەوە و هەروا رۆیشتووە و کەس پەندی لە هەڵەو کەموکوریەکانی ئەو مێژووە وەرنەگرتووە و دووبارەی کرۆدۆتەوە.
بۆیە ئەگەر راست دەکەین، دەبێت تەنها پشت بە خۆمان ببەستین و بەرژەوەندیەکانی خۆمان لە قورٍگی شێر دەربکەین و بێ ئەومێد مەبین و باری جیهانی و جیهانگیری لە خزمەت کۆمەڵگەی خۆمان بەکار بێنین، ئیتر بۆ چەند بارە هەمان هەڵە دووبارەی نەکەینەوە و رۆشنبیران لە بیرکردنەوەدا زیادەرۆیی نەکەن لە خۆناسین یان بە پێچەوانەوە لە خۆبەکەمزانی کە تا ئێستا بەو شێوە بەرێوەچووە. ئەوسا یەکلایی دەبینەوە کە هەنگاوی یەکەممان هاویشتووە.