زاهیر باهیر: ئایا ژیانی دانیشتوانی بریتانیا، ئێستا باشترە لە ساڵانی حەفتا و هەشتاکان؟- بەشی یەکەم.
سەرەتایەك
ئەم وتارە وەڵامێکە بۆ ئەوانەی کە پێمان دەڵێن جێگرەوەیەکی دیکەی ئەم سیستەمە نییە و دەبێت کاری لەسەر بکەین، کەموکوڕییەکانی چارەسەربکەین و تەنها ڕێگایەکیش سیستەمی پەڕلەمانتارییە. بۆ ئەمەش چەند پاساوێك دەهێنرێتەوە بە بەراورد بە ساڵانی حەفتاکانی چەرخی ڕابوردو کە زۆربەی گرفتەکان لابەلابوونەتەوە و هەندێك پرسیش بەرەوپێشەوە چووە. نکوڵیش لەمە ناکرێت کە هەندێک لەو گرفتانە نەماون.
ئەم وتارە بە ئامار و بەڵگەی سەلمێنراوەوە ئەو ڕایانە پێچەوانە دەکاتەوە و ڕاستییەکان دەخاتە ڕوو. گەر دەتەوێت هەندێك زانیاری بەنرخت هەبێت لەسەر ژیان لە بریتانیا لە سای گەشەکردنی زیاتری سەرمایەداریی، ڕەنگە خوێندنەوەی ئەم وتارە سوودمەندت بکات.
ئەگەر پێشکەوتنی سەرمایەداریی باشبوونی بارودۆخی هەژاران و چەوساوەکان بوایە، ڕەنگە ئێستا ئێمە لە شوێنێکی دیکە بوینایە. هەرگیز ناتوانین لە جەوهەری پرسەکان بگەین چارەیان بۆ دەستنیشان بکەین گەر لە واقیعەوە ڕەچاویان نەکەین، چونکە ئەوەی زادەی هزر و ئەزموون و مێژووە واقیعە، نەك پێچەوانەکەی. کەواتە ئەوە واقێعە کە فکر دەڕەخسێنی و ئەزموونەکانیش بەڕێدەکات. هەر ئاواش ئێمە دەبێت لە واقیعەوە چارەسەرەکان هەڵهێنجین نەك فکر بەباڵای واقیع ببڕین.
لە تەمەنی سەرمایەداریدا هەرگیز ئەوەندەی ئێستا ئەم سیستەمە نەچۆتە پێشەوە و جیهانیی نەبۆتەوە. بۆ ئەمە پێویست بە بەڵگە و ئامار ناکات، چونکە ڕاستییەکان لەژیانی خۆمان و خێزانەکانماندایە، خزاوەتە هەموو بەشەکانی ژیانمان لە پەروەوەردەی خێزانی و پەروەردەی ناو دایەنگا و باخچەی ساوایان و خوێندنی سەرەتایی تا دەگاتە خوێندنی باڵا و تافی کارکردنمان و خانەنشینی و مردنیشمان.
بەچاوخشاندنێك بە ڕابوردوو و ئێستاماندا لە زۆر ڕووەوە نابینم کە ژیانمان کارئاسایی بۆ کرابێت، بەختەوەری و ئارامیی و ئاسایش لە ناومان و لە دڵ و دەرونماندا چەکەرەی زیاتری سەندبێت. نەك هەر ئەوە، بەڵکو ساڵ بە ساڵ ژیانمان خراپتر و قورستر و گرفتەکانمان قوڵتر و فشاری دەرونی و کۆمەڵایەتیمان فرەتر دەبێت.
قسەی من لەسەر ژیانە لە بریتانیادا کە لە دوای ئەمەریکاوە ئێرە سێنتەری گەورەی ئەم سیستەمەیە کە لە هەموو ڕویەکەوە لێرە سەقامگیرتر و چەسپاوترە تاکو وڵاتانی دیکە. بینینی جیاوازییەك لەگەڵ وڵاتانی دیکەی ئەورپا و وڵاتانی سکەندناڤیا پەیوەندی بە کولتوری تایبەتی خۆیانەوە و گەشەنەکردنی سەرمایەداریانەیانە بە ڕادەی بریتانیا.
سەبارەت بە پرسی ژیان لە بریتانیا باشتر بووە یا خراپتر، دەبێت هەموو یا هەر هیچ نەبیت لایەنە سەرەکییەکانی ژیانی دانیشتوانەکەی بگرین بە بەراورد بە 30 تا 40ساڵ لەمەوبەر. لەم بارەیەشدا با ئامار و بەڵگەکان، خۆیان بدوێن.
یەك/ تێجوونی ژیان
ژیان و گوزەران بەو ڕادەیە گرانبووە کە بەراورد لەگەڵ داهاتی تاکەکان و خێزانەکاندا ناکرێت. نرخی غاز و کارەبا بەڕێژەی لە سەدا سەد چوەتە سەرەوە و بەنزین و گازۆیل-یش بە ڕادەیەکی زۆر بەرچاو سەرکەوتوە.
لیرەد ناکرێت نکوڵی لە دوو ڕوودای گەورە بکەین کە کاراییان لەسەر ژیانی بریتانییەکان زیاتر لە وڵاتانی دیکەی ئەوروپا داناوە. یەکەمیان دەرچونی بریتانیایە لە یەکێتی ئەوروپا کە ئەمە تا ڕادەیەك گرانی لەسەر خەڵکی دروست کردوە و هەر لە سەرەتاوە بەهای دراوی بریتانیای بەڕێژەی لە سەدا 18 شکاند. دووهەمیان شەڕی نێوانی ناتۆ و ڕوسیایە لەسەر خاکی ئۆکرانیا، ئەمەش کارایی خۆی لەسەر نرخی پێداویسیتیەکانی ژیان داناوە.
لەگەڵ ئەو دوو ڕاستییەشدا دەتوانین بڵێین پێش هاتنی پەتای کۆرۆنا و هاتنەدەرەوەی بریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا و جەنگی ناتۆ و ڕوسیا نرخی هەموو شتێك لەبەرزبووەنەوەدا بوون، بەڵام نەك وەکو ئێستا. ئەوەشی تێبینی دەکرێت ئەوەیە کە نرخ زۆر بە ئاسانی و لە ماوەیەکی زۆر کەمدا دەچێتە سەرەوە بەڵام هەرگیز نایەتە خوارەوە یا ناگەڕێتەوە ئەو کاتەی پێش بەرزبوونەوەی.
ئامارەکان نیشانی دەدەن کە تێکڕای نرخی پێداویستییەکان لە سەدا 18 زیادی کردەوە. بۆ نموونە نرخی فاصۆلیای نێو قوتوو بە ڕێژەی لە سەدا 35 و سۆسی تەماتە بە ڕێژەی لە سەدا 39 و شۆربای تەماتە لە سەدا 73 و شامپۆ لە سەدا 21 و شامپۆی دەستشۆردن لە سەدا 25 بەرزبوونەتەوە لەپاڵ بەرزبوونەوەی نان و شیر و پەنیر و ماست و هێلکە و ڕۆن و گۆشت و خوێ و شەکر و قاوە و چا و هەموو چەشنەکانی میوە و کەرەسەکانی خواردنی ڕووەکی تا دەگاتە خواردن و خواردنەوە لە دەرەوەی ماڵ و سەفەرکردن.
لە توێژینەوەیەکی پارتی کرێکاران لێرە، هەندێك ڕاستیان سەبارەت بە ژیانی خەڵکی خستۆتە بەرچاو. لەو ڕاپۆرتەدا پارتی کرێکاران ڕایگەیاندووە، لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2019وە، تێچووی خانووبەرە و سووتەمەنی و کارەبا بە بڕی 1480 پاوەند بەرزبووەتەوە، لەکاتێکدا خواردن و خواردنەوە غەیرە کحولیەکان 700 پاوەند زیادیکردووە. تێچووی گواستنەوە 800 پاوەند بەرزبووەتەوە، کەلوپەلی ناوماڵ و خزمەتگوزارییەکان 360 پاوەند زیادی کردووە و تێچووی جل و بەرگ و پێڵاو بە ڕێژەی 140 پاوەند بەرزبووەتەوە.
بەم شێوەیە قورسی ژیان ئاوای کردووە کە ژمارەی سێنتەرەکانی بەخشینەوەی کەرەسەکانی خواردن گەیشتۆتە 3000 . ئەم سێنتەرانە لە نێوانی ساڵی 2021 و 2022 دا دەستگرۆیی 800 هەزار منداڵیان کردووە بە بەخشینی کەرەسەی خواردەمەنی. 2.1 ملیۆن کەس بە هاوکاری ئەم سێنتەرانە دەتوانن بژین کە لە کاتێکدا زۆرێکیان کار دەکەن: مامۆستان، نێرسن، پاککەرەوەی شەقامەکان و ئۆفیسەکانن، ئەوانەی کە بێ بوونی کۆنتراکت کاردەکەن.
راپۆرتێکی نوێی نقابەی مامۆستایان کە ڕاپرسییان کردووە لە نێو 8 هەزار مامۆستادا، لە نێوانی ئەو مامۆستایانەی کە تەمەنیان 29 ساڵ و کەمترە، هەر لە سێ مامۆستایان لە ئینگلتەرە یەکێکیان ژەمێکی خواردن دەبوێرن بۆ ئەوەی بتوانن پێدا ڕابگەن. هەروەها لە هەر پێنج مامۆستا یەکێکیان کاری دووەم دەکات لەبەر ئەوەی مووچەکەی ناتوانێت لەگەڵ تێچووی ژیاندا بڕبکات.
لە ئێستادا 14.4 ملیۆن کەس لە هەژارییدا دەژین کە 4.2 ملیۆنیان منداڵن. 9.7 ملیۆن لە کەسانی پێگەیو ، [سەرو 18 ساڵەوە] یا ژەمی خوادنیان کەمکردۆتەوە یاخود ژەمێك نانخواردنیان تەرك داوە تاکو بتوانن بەو داهاتەی کە هەیانە بژین . لە 10 کەس 6 کەسیان توانای کڕینی پێداویستیە سەرەتاییەکان کە جەوهەرین بۆ ژیان نییە.
بەرزبوونەوەی کەرەسەکانی خوادن و خواردەمەنی لە پاڵ بەرزبووەنەوەی بیتاقەی هاتووچۆدا کارایی گرنگی خۆی لە سەر تاکەکانی کۆمەڵ و خودی کۆمەڵ داناوە چ لە ڕوی داراییەوە و چ لە رووی دەرونییەوە.
ئەوە نەبێت هەر تاکەکانی کۆمەڵ بەدەست ئەم بارو دۆخەوە بناڵێنن ، لە راستیدا زۆرێك لە بزنسە بچوکەکان و ناوەنجییەکانیش مایەپووچ بوون. هەر بۆ نموونە 150 پەب [ شوێنی خواردنەوە] لە مانگی یەکەوە لێرە داخراوە لەبەر ئەوەی کە پارەی کارەبا ئەوەندە چووەتە سەرەوە نادرێت . ئەمە بە بەراورد بە داخستنی 32 پەب لە هەمان مانگی ساڵی ڕابووردوودا. پارەی وزە لە 13 هەزار پاوەندەوە بۆ 37 هەرزار پاوەند سەرکەوتوە. لە چاوپێکەوتنێکدا خاوەن پەبێك دەڵێت لە مانگی یەکی ساڵی پاردا پارەی کارەبا 460 پاوەند بووە، بەڵام هەر هەمان مانگی ئەمساڵ بووە 2100 پاوەند. ئەمە لە باسی پەبێكدا بوو کە مێژوی بۆ 150 ساڵ دەگەرێتەوە. مەترسی ئەوە هەیە هەتا کۆتایی ساڵ، 2000 پەب دابخرێت کە دەبێتە هۆی بێ کار بوونی 25 هەزار کەس کە لە کاتێکدا لەهەموو ساڵی 2022 تەنها 386 پەب داخراون.