بورهان شێخ رەئوف: هەڵبژاردنی توركیا و ناوەندەكانی راپرسی.
تەنها لە هەفتەكانی رابردوودا دەیان راپرسی كراوە لەسەر هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و سەرۆكایەتیی توركیا، كە بڕیارە لە 14. 5. 2023 داهاتوودا بەڕێوەبچێت، ئەنجامەكانیش بەپێی راپرسییەكان پێچەوانەوەی یەكترن. ئەمەش جارێكی تر دەرگای مشتومڕی كردۆتەوە لەسەر ئەوەی توركیا هێشتا خاوەنی دەزگای ورد و پیشەیی و بێلایەنی راپرسی نییە، لە كاتێكدا بەشێوەیەكی بەربڵاو راپرسی ئامانجی سیاسی و ئاڕاستەكراوی هەیە لە بەرژەوەندیی پارت و كاندیدەكان و چەواشەكردنی رای گشتیش.
لە دەیەكانی پێشووەوە ناوەندەكانی راپرسی لە توركیا بەوە ناسراون كە زۆرینەی زۆریان لەلایەن پارتە سیاسییەكانەوە پاڵپشتی دەكرێن، ئەو راپرسی و لێكۆڵینەوانەی دەشیکەن، مەبەستیانە كاریگەریی لەسەر رای گشتی هەبێت و هەوڵیش دەدەن ئاڕاستەی دەنگی دەنگدەران بگۆڕن بۆ ئەو لایەنەی پاڵپشتیان لێدەكات، هەروەها دەیانەوێت زەمینەیەك بخوڵقێنن كە وای پیشان بدەن، فڵانە كاندید چانسی سەركەوتنی زیاترە لە فیسارە كاندید.
بۆیە ناوەندەكانی راپرسی لە هەوڵی ئەوەدان خۆیان وەكو كاراكتەرێكی راستەوخۆی پڕۆسەی هەڵبژاردن وێنا بكەن، لەڕێگەی چەند راپرسییەکەوە، كە زۆرێك لە چاودێران لەو باوەڕەدان كە ئاڕاستەكراو و سیاسییە.
لێرەدا راپرسی كاریگەری راستەوخۆی لەسەر لایەنی دەروونی دەنگدەرە راڕاو دوو دڵەكان هەیە، ئەو توێژە گرنگەی كە بە زۆری رۆڵی یەكلاكەرەوە دەبینن لە سەركەوتنی كاندیدەكان، بە تایبەتی لە هەڵبژاردنێكدا كە ململانێ و پێشبڕكێی گەرم و توندی وەكو ئەمەی ئێستای توركیای تێدا بێت، راپرسی رۆڵی كاریگەری دەبێت بۆ دەنگدان بۆ ئەو كاندیدەی كە نزیكە لە سەركەوتنەوە كە ئەمەش فاكتەرێكی سایكۆلۆجی جەماوەرە لە هەڵبژاردندا.
لەم هەڵبژاردنەدا وەكو دیارە ململانێیەكی توند لە نێوان هەردوو كاندید رەجەب تەیب ئەردۆغان و كەمال كلیچدار ئۆغڵودا هەیە، كە لە دوو دەیەی رابردوودا توركیا هەڵبژاردنی وا سەختی بەخۆیەوە نەدیووە، لەهەمانكاتدا زۆرێك لە ناوەندەكانی راپرسی باس لەوە دەكەن هەردووكیان ئاستی لایەنگریی جەماوەرییان زۆر لە یەكەوە نزیكە، پێدەچێت یەكێكیان سەركەوێت بەسەر ئەوی تریاندا بە جیاوازیی 1% تا 4% ی دەنگی دەنگدەران، ئەوەش قورسترین هەڵبژاردنە بۆ ئەردۆغان كە لە 20 ساڵی رابردوودا هیچ هەڵبژاردنێكی نە دۆڕاندووە و هەر براوە بووە، گرنگترین هەڵبژاردنیشە بۆ ئۆپۆزسیۆن كە نزیك بۆتەوە لەوەی دەسەڵات بگرێتە دەست.
سەرەڕای ئەوانەش ناوەندەكانی راپرسی بەردەوامن لەسەر بڵاوكردنەوەی ئەنجامی راپرسیەكانیان، چونكە لەو باوەڕەدان كە دەتوانن كاریگەرییان هەبێت لەسەر توێژێك لە دەنگدەرە راڕاو دوودڵەكان لە روانگەی تیۆرە سایكۆلۆجیەكانەوە، كە دەبێژن بەشێكی زۆری دەنگدەرە راڕاكان سۆزیان بۆ ئەو كاندیدانەیە كە چانسی بردنەوەیان هەیە، هەر ئەوەشە وای لە لایەنە سیاسییەكان كردووە، زۆرترین راپرسی بكەن بۆ ئەوەی زەمینە و دۆخێكی وا بخوڵقێنن كە دەریبخات كاندیدەكانیان زۆر نزیكن لە سەركەوتن.
رای گشتیش لە هەفتەیەكەوە بۆ هەفتەیەكی تر دەگۆڕێت، بەهۆی رووداو و لێدوانەكان و راپرسیی و قەیرانە ئابوورییەكانەوە.