شـــوان خورشـــید: مێژووی سەرهەڵدانی ڕۆژنامەگەری لەکەرکوک – بەشی پێنجــەم.
ڕۆژنامەو کارکردەی ڕۆژنامەگەری کارێکی ئێجگار گرنگە، جۆرێکە لە لایەنە ئەرێنیەکانی پێشکەوتن لە نێو گەلانی جیهان دا، بە تایبەت بەر لە فڕینی تەکنەلۆجیاو، خوڵقانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، یەکێک لە دەروازەکانی پەیوەندی کردن ڕۆژنامە و ڕۆژنامەنوسان بون، بۆیە چینە ڕۆشنبیرو خەمخۆرەکەی کەرکوک بەهەموو پێکهاتەکانیەوە، لە هەوڵی بەردەوامدا بونە تا نەخشیان لەو بوارەدا هەبێت، لە کاروانی پەیوەندی کردن دا پێشەنگ بن، لەم بەشەش دا چەندین ڕۆژنامەو گۆڤاری شارەکە بە ئێوەی خوێنەر ئاشنا دەکەین، بەهیواین دەرچەیەک بێت بۆ دۆستایەتیتان بە ڕابردوی ڕۆژنامەگەری شاری کەرکوک.
٭ بڵاوکراوەی قەلعە،تازە خورماتوو
لاوانی تازە خورماتو بە زمانی عەرەبی و تورکمانی، لە ساڵی 2003بەهەشت لاپەڕە دەریان کردوە، سەرنوسەری ئەم بڵاوکراوەیە فازڵ عەباس بوە لەگەڵ سکرتێری نوسینی ئەرسەلان مەردان، ژمارە یەکی لەساڵی 2003 بڵاوکراوەتەوە.
٭ چواردەی چوار
ساڵنامەیەکی سەربەخۆ بوە ،تایبەت کراوە بە تراژیدیای ئەنفالی گەرمیان، بەسەرپەرشتی ئازاد عوسمان و سامان حەمە غەریب، بەشێوەی ڕەنگاوڕەنگ و بارستایی 46لاپەڕە، ژمارە یەکی لە نیسانی 2003 بڵاوکراوەتەوە.
٭ ڵالی کرکوک
لەلایەن یەکێتی ژنانی تورکمانی کەرکوک وەک بڵاوکراوەیەکی ڕۆشنبیری کۆمەڵایەتی گشتی، لەشێوەی گۆڤار ژمارە یەکی، لە نیسانی 2003 بە تورکمانی و عەرەبی و لاتینی بڵاوکراوەتەوە، بەسەرپەرشتی منور حسون.
٭ ڕۆژنامەی آق صو
مەکتەبی بەرەی تورکمانی عێراقی لە خورماتوو، وەک ڕۆژنامەیەکی سیاسی ڕۆشنبیری مانگانە، بە عەرەبی و تورکمانی لە ساڵی 2003 دەریان کردوە.
٭ باسەڕە
دەزگای شەفەق لە کەرکوک ڕۆژنامەی باسەڕەیان وەک هەفتەنامەیەکی سیاسی ڕۆشنبیری گشتی دەرکردوە، ژمارە یەکی لە نیسانی 2003 چاپ و بڵاوکراوەتەوە، بە ئیمتیازی فەلەکەدین کاکەیی و سەرنوسەری جەلیل کاکەوەیس.
٭ الوفاء
وەک زمانحاڵ بزوتنەوەی الوفاء ی تورکمانی عێراق لە دووز خورماتوو بە عەرەبی و تورکمانی بەپێی دەرفەت دەریان کردوە، وەک ڕۆژنامەیەکی سیاسی ڕۆشنبیری، ژمارە یەکی لە تەموزی 2003 بڵاوکراوەتەوە.
٭ ڕۆژنامەی البصائیر
تجمع الثقافي لە حەویجە وەک ڕۆژنامەیەکی هەفتانەی سەربەخۆ دوو هەفتە جارێک دەریان کردوە بە هەشت لاپەڕە بەعەرەبی بڵاوکراوەتەوە.
٭ دیوان العرب
ڕۆژنامەی دیوان العرب زمانحاڵی التجمع العربي الوطني لە کەرکوک دەریانکردوە، ژمارە یەکی لە ئابی 2003 بەهەشت لاپەڕە دەرچووە، سەرنوسەرەکەشی عەگار تەویل بووە.
٭ الهدف
ڕۆژنامەی الهدف هەفتانەیەکی ڕۆشنبیری سەربەخۆ بوە، بەهەشت لاپەڕە ژمارە یەکی لە ئەیلولی 2003 بڵاوکراوەتەوە، سەرنوسەری ڕۆژنامەکە سحاب مطر بوە.
٭ گۆڤاری کاری کەرکوک،اعمال کرکوک
گۆڤارێکی ڕەنگاوڕەنگ بوە لە ڕوپەڕی بەرگەکەی نوسراوە، صحیفه شهریه تصدر عن مركز اعمال كركوك وتعني بٱعمال وفرص الاستثمار،له 2003 بە کوردی و عەرەبی لە کەرکوک بڵاوکراوەتەوە،
٭ ڕۆژنامەی الخیمە
الخیمە ڕۆژنامەیەکی سەربەخۆی گشتی بوە،بەقەبارەی هەشت لاپەڕە لە ساڵی 2003دەرچووە، بە ئیمتیازی ساڵح الجبوری و سەرنوسەری سهر النعیمی.
٭ ئەمڕۆی دوبز
بڵاوکراوەیەکی هەفتانەی ڕۆشنبیری گشتی بوە،ژمارەیەک لە ڕۆشنبیرانی قەزای دوبز دە ڕۆژ جارێک دەریان کردوە بە زمانی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی، ژمارە یەکی لە ئەیلولی 2003 بە دیداری کتێبخانەی شارەکە گەیشتوە.
٭ گۆڤاری هنا کرکوک
بەزمانی عەرەبی وەک گۆڤارێکی ڕۆشنبیری سەربەخۆی مانگانە، ژمارە یەکی لە ئەیلولی 2003 دەرچووە، خاوەنی ئیمتیازو سەرنوسەری محمد خـــدر بووە.
٭ کــڵــپە
لقی کەرکوکی یەکێتی قوتابیانی کوردستان، وەک بڵاوکراوەیەکی ڕۆشنبیری قوتابیانە،مانگانە لە ساڵی 2003 دەریان کردوە، خاوەنی ئیمتیازی کڵپە، ئومێد کامل و سەرنوسەرەکەشی محەمەد عەبدوڵا بوە.
٭ ئاوێزە
لە شێوەی کتێب بڵاوکراوەتەوە،لە سەردەمی دەسەڵاتی بەعس، تەنها دوو ژمارەی لێ دەرچوە،کە کۆمەڵێک نوسەرو شاعیری شارەکە لە پشتی دەرچونیەوە بونە، کە لەکەرکوک ژیانیان کردوە.
٭ ڕۆژنامەی التون کوپری
ڕۆژنامەیەکی ڕەنگاوڕەنگ بوە،لەسەرەوەی نوسراوە، جریدة شهریة مستقلة، ژمارە سفری لە تشرینی دووەمی 2003دەرچوە، سەرنوسەری عەلی ئەکرەم کۆپرلو بوە لە گەڵ کۆمەڵێک نوسەری ناحیەی کۆپری.
٭ کەرکوک الجدیدە
ڕۆژنامەیەکی سیاسی ڕۆشنبیری بوە دوو هەفتە جارێک گەیشتۆتەچاپ و بڵاوکراوەتەوە، لەلایەن مەڵبەندی دووی یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە، ژمارە یەکی لە 2003 دەرچووە، سەرنوسەری کامل ساڵەیی و جێگری سەرنوسەری ئەسعەد جەباری بوە.
٭ ڕۆژنامەی باباگرگر
لقی کەرکوکی ناوەندی حیزبی تورکمانی عێراقی، ژمارە یەکی لە تشرینی یەکەمی 2003 دەریان کردووە، بە ئیمتیازی سەیفەدین دامرچی. بەهاوکاری کۆمەڵێک نوسەر.
٭ ٱمرؤ القیس
ڕۆژنامەیەکی ئەدەبی ڕۆشنبیری سەربەخۆ بوە، دوو هەفتە جارێک دەرچووە بەهەشت لاپەڕە، بەسەرپەرشتی و بەڕێوەبردنی ماهر المیاحي و زیاد العبیدي.
٭ ڕۆژنامەی المیزان
لقی کەرکوکی کۆمەڵەی مافی مڕۆڤی عێراقی بە عەرەبی و ئینگلیزی، بەهەشت لاپەڕەو بە شێوەی ڕەنگاو ڕەنگ دەریان دەکرد،سەرنوسەری سهر سعدللە النعیمی بوە،ژمارە یەکی لە تشرینی یەکەمی 2003 دەرچوە.
٭ العراق الیوم
ڕۆژنامەیەکی هەفتانەی گشتی سەربەخۆبوە، کۆمەڵێک ڕۆژنامەنوس ئەرکی دەرکردنیان لە ئەستۆ گرتوە،بەزمانی عەرەبی و دوانزە لاپەڕە و بەشێوەی ڕەنگاوڕەنگ دەریان کردوە،سەرنوسەری العراق الیوم اسراء شاكر بووە، بیست و شەش ژمارەی لێ دەرچوە.
٭ الوصول
بڵاوکراوەیەکی وێنەیی ڕیکلامی بوە لە شێوەی ڕۆژنامە، یەکەم ژمارەی لە پانزەی تشرینی یەکەمی 2003 بڵاوکراوەتەوە، سەرنوسەرەکەی خالد حەسەن محەمەد بوە.
٭ صاري كهیه
گۆڤارێکی ڕۆشنبیری هونەری بوە بنکەی کهیە دەریان کردوە، بە زمانی عەرەبی و تورکی لاتینی لە ساڵی 2003،سەرنوسەری گۆڤارەکە فیض الله صاري كهیه بوە.
٭ المحاماة
المحاماة وەک گۆڤار یەکەم ژمارەی لەتشرینی دووەمی 2003 بڵاوکراوەتەوە، سەرنوسەری پارێزەر محەمەد قیردار بوە.
٭ نرگال
ڕۆژنامەیەکی سەربەخۆی ئاشوری لیبرالیە لەلایەن دەزگای هەواڵ بۆ ڕاگەیاندن، بەزمانی عەرەبی و ئاشوری بڵاوی دەکردەوە، سەرنوسەری ڕۆژنامەی نرگال، فواد ئەلکەنجی بوە،ژمارە یەکی لە تشرینی دووەمی 2003 بەهەشت لاپەڕە چاپ و بڵاوکراوەتەوە.
٭ ڕۆژنامەی بزنس
بەهەشت لاپەڕە بەزمانی عەرەبی لە ساڵی 2003 وەک ڕۆژنامەیەکی ڕاگەیاندن و بڵاوکردنەوە بەخۆڕای دابەش دەکرا،سەرنوسەری خالد محەمەد وەیس وسکرتێری نوسینی محەمەد ئەنوەر بون.
٭ خورماتوو
وەک ڕۆژنامەیەکی سەربەخۆ لە خورماتوو بە عەرەبی بڵاودەکرایەوە، ژمارە سفری لەساڵی 2003 بڵاوکراوەتەوە، سەرپەرشتی ڕۆژنامەکە فاروق عەلی عومەر بوە،ماوەیەکی زۆر تەمەنی هەبوە لە بەردەوامی دا.
٭ مناڵانی باوە گوڕگوڕ
گۆڤارێکی مانگانەی مناڵان بوە لەلایەن دەزگای شەفەقەوە بە زمانی کوردی دەرچوە بەشێوەی ڕەنگاوڕەنگ،ژمارە یەکی لە کانونی یەکەمی 2003 بڵاوکراوەتەوە، لە ژیانی گۆڤارەکەدا چەندین سەرنوسەری بە خۆیەوە بینیوە،وەک سەرەتا حەمەکەریم عارف و پاشان یوسف لەتیف و حەمەسەعید.
٭ ڕۆژنامەی پەڕەموچ
بەسەرپەرشتی دانا عەسکەر پەرەموچ وەک پاشکۆیەکی ئەدەبی هونەری ڕۆژنامەی هەواڵ بە کوردی بە چوار لاپەڕە بڵاودەکرایەوە، ژمارە یەکی لە بیستی کانونی یەکەمی 2003 بەچاپ گەیشتووە.
٭ ڕۆژنامەی مرۆڤ
دەزگای هەواڵ وەک پاشکۆیەک دەربارەی ماڤی مرۆڤ بە چوار لاپەڕەو بە کوردی، بەسەرپەرشتی مەجید ساڵح ژمارە یەکی لە کانونی یەکەمی 2003 دەردەچوو.
٭ ڕۆژنامەی العراق
ڕۆژنامەیەکی هەفتانەی گشتی سەربەخۆی ڕەنگاوڕەنگ بوە بەهەشت لاپەڕە بڵاوکراوەتەوە، ڕۆژنامەی العراق زمانحاڵی الجبهة العربیة الموحدة بوەو خاوەنی ئمتیازو سەرنوسەری رعد مطشر و سكرتێری نوسین و بەڕێوەبەری ئیداری مەحمود غەدیر بونە.
٭ آقصو
ڕۆژنامەیەکی سیاسی ڕۆشنبیری مانگانەی گشتی بوە، بەرەی تورکمانی لە خورماتوو بە زمانی عەرەبی و تورکمانی و لاتینی بە شێوەی ڕەنگاوڕەنگ و بەهەشت لاپەڕە بڵاوی دەکردەوە،ژمارە یەکی لە 2003بڵاوکرایەوە.
٭ ڕۆژنامەی الحوادث
بە دوانزە لاپەڕەو بەشێوەی ڕەنگاوڕەنگ وەک ڕۆژنامەیەکی سیاسی ڕۆشنبیری گشتی سەربەخۆ،ژمارە 238ی لە تشرینی دووەمی 2003 بڵاوکراوەتەوە.
٭ التـــحریر
هەفتەنامەیەک بوە لەساڵی 2004بە زمانی عەرەبی بڵاوکراوەتەوە، سەرنوسەری ڕۆژنامەکە فواد دەمیرچی بوە.
٭ ڕۆژنامەی چارەسەری
زمانحاڵی حیزبی چارەسەری دیموکراتی کوردستان، بەکوردی لەساڵی 2004 ژمارە یەکی بڵاوکرایەوە،خاوەنی ئیمتیازی هەرمی حەمەخالد و سەرنوسەری ڕەسوڵ حەسەن حوسێن بونە.
٭ ڕۆژنامەی باباگرگر
زمانحاڵی لقی کەرکوکی حیزبی یەکێتی تورکمانی عێراق بوە،بەچوار لاپەڕە بڵاوکراوەتەوە، خاوەنی ئیمتیازی سیف الدین دامرچی بوە.
٭ ســـێبەر
بڵاوکراوەیەکی ڕۆشنبیری گشتی کۆمەڵەی هونەرو وێژەی کوردی، لقی کەرکوک مانگانە بەچوار لاپەڕە ژمارە یەکی لە 2004 بڵاوکراوەتەوە، بە ئمتیازی تەلعەت سامان و سەرنوسەری محەمەد سەعید زەنگەنە.
٭ ڕۆژنامەی کەرکوکی نوێ
وەک ڕۆژنامەیەکی سیاسی ڕوناکبیری مەڵبەندی دووی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە کەرکوک مانگانە دەریدەکرد،خاوەنی ئیمتیازی مەڵبەندی کەرکوک بوە،ژمارە یەکی لە ساڵی 2003 بڵاوکراوەتەوە.