عەبدولکەریم شێخانی: خرتکە و پرتکە/ بەشی سیی و نۆ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

11- 09- 2022
هێشووى ترێ لەسەرەوە بۆ خوارەوە لەچەند تیلماسکێک پێک دێت و هێشووى گەورە تیلماسکی زۆرەو هی بچووک کەمتر. من هەر جارە تیلماسکێک لەو هێشووە گەورەیە لێ دەکەمەوە بۆ ئێوەى خۆشەویست و بەڕێز.
پووزش هێنانەوە، لە دێڕى یەکەم لە خرتکە و پرتکەى ( 55 ) هەڵەم کردووە و لەجیاتی 2013 نووسیومە 2022, تکایە بەگەورەیی خۆتان لێم ببوورن و لاى خۆتانەوە چاکی کەن سوپاستان دەکە م. هەروەها زۆر سوپاسی هاوسۆزى و هەستی جوانتان دەکەم کە لە کۆومێنتەکانی خرتکەو پرتگە 55 دەرتان بڕیبوو بەرانبەرم سەبارەت بە 9 ساڵ تێپەڕین بەسەر ئەو بارودۆخە ناخۆشەمدا کە هەرگیز ناتوانم پاداشتتان بدەمەوە و ناگەمە ئاستی گەورەیی ئێوە و هیچم لەدەست نایە جگە لە سوپاسێکی هەژارانەى دەستکورتانە و هیوام وایە لیم قبوول کەن.
جارێكيان پێم وایە پێش بیست ساڵ بە پەلە شتێکم بڵاو کردەوە بە ناوى ( دوو زیللە) لە گۆڤارى ڕامان بڵاو بووەوە, بەڵام لەڕاستیدا سێ زیللە بوو نەک دوو زیللە و زۆر رووداو و شتی دیکەم نەنووسیبوو و ڕەنگە کەم کەسیش دیبێتى, بۆیە ئەمڕۆ بە کەمێک زیادەوە دووبارە دەینووسمەوە و بڵاوی دەکەمەوە. جیهانی منداڵی جیهانێکە پرە لە خۆشی و ناخۆشی و ڕووداوى سەیر و ڕەنگە هەندێکیان پیاو بێنیتە پێکەنین, یان بیگریەنێ.
ژیان خۆیشی بریتیە لەم دوولایەنە, بەڵام هەرچی منداڵە زووتر و خێراتر هەستی خۆى بەرانبەر ئەو دوو لایەنە دەردەبڕێ. هەموومان ئەو دەوری منداڵییەمان دیوە و ڕەنگە هەبێ ژیانی تا ڕادەیەک خۆشتر بووبێ لە هەندێکی دیکە, بەڵام جیهانی منداڵ پاکی و بەڕائەتی زیاتر پێوە دیارە. يارييەكانمان پەلیکانێ ( هەلووکێن), مەزراحانێ (مەزراحێن ), کەلایانێ ( هەڵماێن) و چەند یارییەکی دیکە کە لاى ئێمە پێمان دەگوت (گەمە). جارى وا هەبوو لەسەر مووش یان کەلا یان مەزراح منداڵان بەشەڕ دەهاتن و سەرو گوێلاکی یەکیان دەکوتایەوە و جنێوى خەستیان بەیەکدى دەدا و هەندیک جار سەر شکانیشی تێ دەکەوت کە بە سووتووى جگەرە دەیانبرژاندەوەو تا خوێنەکەى بوەستێ. بەڵام زۆرى پێ نەدەچوو ئاشت دەبوونەوەو یارییەکان دەستیان پێ دەکردەوە. ئەو لێدانە هەر لە کۆڵان نەبوو، بەڵکو جارى وا هەبوو لە مالیشەوە بەدەست باوک و دایک, بە هەق یان بە ناهەق تێهەڵدانمان نۆشی گیان دەکرد. خۆ لێدانی قوتابخانە هەر مەپرسە, ئەو شوورکە دارهەنارەى دەستی مامۆستا زۆرجار دەیگەیاندینە ئاست مەرگ بە تایبەتی لە ڕۆژانی ساردى زستاندا. مامۆستا هەبوو قژی دەگرتین و وەک خولخولۆکە دەیسووڕاندین نەشماندەوێرا بگرین. ئەوەندەى لەو جۆرە مامۆستایانە دەترساین لە حەزرەتی عیزڕائیل نەدەترساین. لەو لێدانە ناهەقانەم زۆر خواردووە و هەرگیز لەسەر وانە نەزانین لێدانم نەخواردووە. بەڵام ئەوەى کۆڵان ئەو جیهانە پاک و بێ گەردەى منداڵان بوو بەدڵ سافی و بێ ڕق لێ هەڵگرتن و تەڵەنانەوە بۆ یەکترى ڕۆژانە لەشوێنی یارییەکان بە پێی وەرزەکان یەکدیمان دەگرتەوە. بەڵام جارى وا هەبوو مامۆستا بەو ناوەدا تێدەپەڕى ئیدى لەرزمان دە هاتێ، چونکە دەمانزانی سبەینێ باجەکەى دەدىەین.
کوڕیکمان لەگەڵ بوو ڕووخۆش و دەم بە پیکەنین و قسەخۆش و کارامە لە هەموو یارییەکان, بەڵام لەڕووى داراییەوە لە هەموومان هەژارتر بوو. باوکی دەستی بۆ زۆر کاسبى دەبرد, بەڵام هەمیشە بژێوى و رزقی سوار بوو و دەستیان کورت بوو. ئەو پیاوە بە پێچەوانەى کورەکەى هەمیشە ڕووگرژ و تووڕە دیار بوو و لەواتەشە ئەمەى لەبەر دەست کورتییەکەى بووبێ. هەندێکجار ربێک (سێیەکە کیلۆیەک) برنجی دەکڕى و دەیکردە دەستەسڕێکەوە و توند دەیبەست و هەتا ماڵەوە تێی هەڵدەدا، دەیگوت: سەگی سە گباب ئەوە بۆ ماڵی من پێ نازانی؟ ڕێزت ناگرم, نازانم بتخۆم, ئاخر بۆ ماڵەکەى منت لی بۆتە دوژمن و ڕووى تێ ناکەى؟ لە ماڵەوە بەزستان هەندێک ماڵ سۆیەى داری دادەنا و داری تەر لەشاخی دەیانهێنا و دەشکێنرا بۆ ناو سۆبە. لەگەڵ دارەکە چیلکەیان دەکڕێ کە لقی باریکی دار بەڕوو بوو و وەکو دەستەچیلە دەیانخستە نێوان دارى ناو سۆبە بر داگیرسان و گڕگرتنی دارەکان . هەندێک کەس لە ژووری خەوتن و دانیشتن کە هەر ئەوە یان هەبوو , ئاگردانیان هەڵدەکەند و بە قوڕ سواغیان دەدا دارەکەیان دەخستە ئاگردانەکەوە بە چیلکەو چەواڵ هەوڵیان دەدا دارەکە گڕ بگرێ. ئەگەر دارەکە وشک بوایە ئەوا زوو ئاگرى دەگرت, بەڵام دارى تەڕ درەنگ ئاگری دەگرت و سەرێکی لەنێو ئاگردان بوو و سەرەکەى دیکەى ئاوى دەردەدا دەتگوت لەبەر ئەوەى دەیسووتێنن فرمێسکان دەڕێژێ و ژوورەکە دەبوو بەچەڕە دووکەڵ وچاو چاوى نەدەدیت. ئەو دارەی سەرێکی سوتابوو پێیان دەگوت بزووت (بزۆت) یان سەلکە بزووت. ماڵی ئەو هاوڕێ هەژارە ڕووخۆشەمان یەکێک بوو لەو ماڵانەی ئاگردانیان هەبوو. ڕۆژێکیان کەهات پێوەى دیار بوو دەستی بریندار یان سووتابوو و زوو زانیمان کەتنێکی کردووە و هەموومان ڕووى پرسیارمان تێ کرد. دیسان هەر بە پێکەنێنێکی تاڵ گوتی هەتا ئێستا باوکمم وا تووڕە نەدیوەو ئەگەر دایکم فریام نەکەوتایە نیوە مردووى دەکردم. تکایە با ئەوەى دیکە بۆ خرتکەو پرتکەیەکی دیکە بێت و خواتان لەگەڵ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت