بەهرۆز جەعفەر: گەندەڵی وەک یاخیبوونێکی گەورە لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەمێنێتەوە.
لە پاسەوانی بەرپرسانەوە تا دەگاتە دیوەخانەکان، لە پەیامنێری کەناڵەکانەوە تا دەگاتە سکرتێری بەرپرسە ئیداریی و سیاسییەکان، لە پرۆژەکانی نیشتەجێبوونەوە تا دەگاتە خاڵە سنوورییەکان، لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنییەوە بۆ بەڕێوەبەری بنکەکانی پۆلیس بۆ پرۆژەکانی ئاوەدان کردنەوە، بۆ کۆمپانیاکانی دەرمان تا دەگاتە فیتەرێک و بۆیاخچییەک، بەنزینخانەکان، تا کۆمپانیاکانی گەشتووگوزار، لەسەرەوە بۆ خوارەوە خراپ قۆستنەوەی پیشەو گەندەڵی (بەهەموو فۆڕمەکانییەوە) بووەتە پەتایەکی درێژخایەن و بەربڵاو لە کۆمەڵگەکەدا:
بەردەوامی گەندەڵی، تەشەنەسەندنی تاوان وەک دیاردەیەکی ئاسایی ڕۆژانە؛ بە پێی ئاستی ڕۆتین و گەندەڵی و نا عەدالەتییەکان لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر دەبێتە هۆی “تەقینەوەیەکی کۆمەڵایەتی”.
ئەمە لەوە دەرچووە تەنها کاریگەریی لەسەر ڕێژەی کەمبوونەوەی بەشداریی خەڵک لە دەنگداندا هەبێت، بەڵکو چووەتە سەر هەڵوەشانەوەی تەونی کۆمەڵایەتیی و هەرچی پەیوەستییەکی کۆمەڵایەتیی هەیە. ئەم شەپۆلە گەنجەی کوردستان و عێراق هەیەتی لەوە دەرچووە گوێ بە مەرجەعییەت و مەلاو شێخ و سەرکردە بدات. ئەو ژیانی دەوێ، نەک چەلەحانێ، ئەو لە ئاخ و داخی خۆیدا هاوار دەکات؛ ڕەحمەت لە سەدام! ئەوە چەندین ساڵ بەر لە ئێستا بوو سەرکردەیەکی باڵا لە دەستەڵاتدا دەیوت: ئەوەی بەعس نەیتوانی بیکات، ئێمە دواتر کردمان بەرانبەر میللەتەکەمان”.
زۆر لەوانەی بانگەشەی ڕۆژێکی چاکتر دەکەن، ئۆپۆزسیۆنن، ناڕازیین، هاواری ئازادی دەکەن، یان پرۆژەی سیاسییان هەیە؛ خۆیان لەوەو پێشتر هۆکارێکی سەرەکی ئەم بارە نالەبارەن کە خەڵکی تێی کەوتووە.
بێباکی و بێخەمی بەرانبەر گەنجانی وڵات، بەرانبەر خێزان و کۆمەڵگەی کوردی و ئەو ئازارانەی هەیانە، لەهەموو حاڵەتێکدا ئاکامەکەی باش نییە! خەڵکی ئێمە سوور دەزانێ فڵان و فیسار بازرگانی بە ڕیش و دینەوە دەکەن، کەچی بەهەزار پێ ڕادەکات دەبێتە سەلەفی! بە دەیان باڵ دەفڕێ، لە سەت ئاو دەدا بۆ ئەوەی لە نیشتیمان دوور بکەوێتەوە!
گەنجێک تاوانی چییە تۆ لە ناو حیزبەکەی خۆتدا پەنجا پارچەیت و پەنجا ساڵە شەڕە باڵ دەکەی!؟ کچێکی ڕووسووری وڵات کە بەدەم سەدان خەون و خەیاڵەوە ڕوو لە زانکۆیەک دەکات تاوانی چییە ململانێی حیزبی و حیزبایەتی و ناوچەگەرێتی هەیە! ئەو ژیانی دەوێ، زۆر ئاسانە بۆی دابین بکەیت..کەس داوای داگرتنی مانگ و ئەستێرەی نەکردووە! نەمان و نەبوونی “خەڵک” لە فەرهەنگ و بەرنامەی دەستەڵاتداراندا تاسەر نییەو فەوزایەکی گەوره و کۆنترۆڵ نەکراوی لێ دەکەوێتەوە. نەبوونی لایەنی کەمی دادپەروەری و پەککەوتنی ژیانی سیاسیی و ئابوریی تەقینەوەی کۆمەڵایەتی لە ناوچە جیاجیاکاندا لێ دەکەوێتەوە.
عێراق هەندێ میکانیزمی گرتۆتە بەر بۆ ئەوەی تەقینەوە کۆمەڵایەتییەکە ڕابگرێت، بەڵام لە هەرێمی کوردستان ڕۆتین، داگیرکاریی زەوی، بەرتیل، موزایەداتی حیزبی و ئایدۆلۆجی، خووی ناهەقی کردن پێش چاوی نوخبەی فەرمانڕەوای تاریک کردووە. دۆخەکە بەو جۆرە چارەسەر نابێت پۆپۆلیستەکان بانگەشەی بۆ دەکەن، بەو جۆرەش نییە کە دەستەڵات لێی بێ باکەو گوێ بە پەنجەربوونی تایەی ماشێنەکە نادات و، دەیڕانێت! سعودییەو ئێران، تورکیاو ئیمارات، سوریاو دونیای عەرەبی، ئیسرائیل و بەحرەین ئاشت دەبنەوە کەچی تازە پارتی و یەکێتی دەست دەکەنەوە بە شەڕ و قوربانی دان!؟
مرۆڤ، بە ڕێزگرتن لە مێژوو هەموو شتێک دەباتەوە؛ ئەوانەی بۆ بەرک و باخەڵی خۆیان هەوڵ دەدەن و میللەت بێ بەرگ و بێ حاڵ دەکەن، نە ڕابردوو و نە ئایندەیەکیان نابێت، بە پێچەوانەوە ئەوانەی بۆ باخەڵ و بەرگی میللەت کاری سیاسیی، ئیداریی و ئەمنی دەگرنە ئەستۆ، ڕابردوو و ئایندەیان مسۆگەرە و ، باوەڕیش ناکەم کەس بەو جۆرە لە برسیەتیدا بمرێت.