زاهیر باهیر: بانقی مەرکەزی بریتانیا، چۆن چارەسەری هەڵئاوسانی دراوەکەی دەکات؟
بە گوێرەی ئامارەکانی حکومەت، هەڵئاوسانی پارە لە بریتانیا لە مانگی ئازار- دا بەڕیژەی لە سەدا 10.1 و بڕی تێکڕای بەرزبوونەوەی تێچووەکانی ژیانیش بە ڕێژەی لە سەدا 19.2 سەرکەوتووە، بەڵام ئەم ڕێژەیە لە واقیعدا زۆر لەوە بەرزترە. ئا لەم بارەشدا بانقی مەرکەزی بریتانیا هەر وەکو هەموو بانقە مەرکەزییەکانی وڵاتانی دیکە و چارەی تەواوی ئابوورییناسەکانی لیبراڵ و نیولیبراڵ یاریکردنە بە چەند فۆرمیلەیەك بۆ چارەسەری بارودۆخی خراپی ئابووریی.
بێ گومان یاریکردن بەو فۆرمیلانە لە پێناوی هێنانە خوارەوەی هەڵئاوسانی پارەدا بۆ باشکردنی ژیانی خەڵکی نییە، بەڵكو تاوانێکی گەورەیە کە لە هەقی دانیشتوانی بریتانیا بە ناوی ئیدارەدانی ئابوورییەوە دەکرێت. هۆکاری تاوانەکەش هەر زۆر ڕوونە، چونکە چارەسەکردن نییە کێشەکان لە دۆخێکی خراپەوە بۆ دۆخێکی خراپتر دەبەن.
فۆرمیلەکانی بانق کە لە ئیدارەدانی هەڵئاوسانی پارەدا یارییان پێدەکات چەند دانەیەكە لەوانە:
یەك/ هەوڵی داشکاندنی ڕێژەی هەڵئاوسانی پارە یاخود بەرزبوونەوەی بۆ چارەسەری خراپی ئابووریی:
بۆ داشکاندنی ڕێژەی هەڵئاوسانی پارە، بانق ڕێژەی سوو بەرزدەکاتەوە. ئەمەش بەهای دراوی پاوەند بەرزدەکاتەوە. گوایە بەمە چی تر خەڵکی لە قەرزکردن وکڕینی شت دەوەسێتێ و ئەو کاتەش نرخی کاڵاو شمەکەکان بەرزنابنەوە و سەقامگیر دەبن. هەروەها ئەوانەی پاشەکەوتیان هەیە قازانج دەکەن، کە بە گوێرەی ئەوە پاشەکەوتەکەیان لە بانقدا دەچێتە سەرەوە. تاکو ئێستا بانقی مەرکەزی 11 جار سووی بەرزکردۆتەوە، چاوەڕوان دەکرێت لە مانگی داهاتوودا جارێکی دیکەش ڕێژەی سوو بەرز ببێتەوە.
کاتێک بەهای دراوەکە بەرزدەبێتەوە هەناردەی وڵات دەکوژێت چونکە توانای کڕینی کاڵاکان لە لایەن خەڵکان و کۆمپانیاکانی وڵاتانی دیکەوە کەمتر دەبێتەوە. هەرئاواش سەرمایداران قەرز ناکەن بۆ پرۆژەی نوێ و لە پرۆژە نوێیەکانیشیاندا ئەو قازانجەی جاران ناکەن بۆیە ئەمانیش بە ڕۆڵی خۆیان دێن کرێکاران دەردەکەن و کرێش بۆ ئەوانەی کە دەمێننەوە دادەشکێنن. سەرەنجام خەزێنەی دەوڵەتیش کەمدەبێتەوە بە هۆی نەدانی باجەوە لە لایەن کرێکارانی دەرکراەوەو هاوکاری کردنیان بە بیمەی بێ کاریی.
بەم شێوەیە بازار سست دەبێت و کاڵاکانش بێ فۆرشتن دەمێننەوە. ئەمجارەیان بانق هەوڵ دەدات یارییەکە بە دیوەکەی دیکەیدا بکات، ئەویش دابەزاندنی سووە.
دابەزاندنی سوو یانی دابەزاندنی بەهای دراوەکە، شکانی بەهای دروایش یانی بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و شمەك لە بازاڕدا، کەمبوونەوەی قازانج لەسەر پاشەکەوت، هەروەها گرانی هاوردەکردنی کاڵای وڵاتانی دیک، هاوکاتیش زیادکردنی هەناردەی وڵات بۆ دەرەوە. پرۆسەکەش گەڕانەوەیە بۆ خاڵی یەکەم.
دوو/ کۆنترۆڵکردنی نرخ
ئەم یاریکردنەش بە حساب کارایی دەبێت لەسە ر سەقامگیربوونی ئابووریی. بەڵام ئەمە تەنها دەوڵەت دەتوانێت کە نەهێڵێی نرخی وزە: کارەبا و غاز و هەروەها بەنزین و گازۆیل و بەرهەمی کۆمپانیا و کارگەکان بەرز ببێتەوە تاکو بە نرخی کاتی خۆی بفرۆشرێت بۆ پاراستنی بەهای دراو و ڕاگرتنی هەڵئاوسانی پارە لەو ئاستەی کە بانق دەیەوێت.
کردنی ئەمە کارێکی ئێکجار زەحمەتە تا ڕادەی مەحاڵ. کۆمپانیاکان، کارگەکان، سوپەرمارکێتەکان هەرگیز نایانەوێت ڕێژەی قازانجیان گەر لە ساڵانی پێشتر زۆرتر نەبێت، کەمتر ببێت. لەم بارەشدا پرسی کۆنترۆڵکردنی نرخیش ناتوانێت دادی هەڵئاوسانی پارە بدات.
لە ئێستادا لە بریتانیا نرخی نەوت هاتۆتە خوارەوە، هاتنەخوارەوەی نرخی نەوت یانی هاتنە خوارەوەی نرخی غاز و بەنزین و گازۆیل ئەمەش لە ڕاستیدا دەبێت پارەی غاز و کارەبا دابەزێنێت. هاوکاتیش دەبێت نرخی کەرەسەکانی ژیان بێتە خوارەوە چونکە گرفتی گواستنەوەی شمەك و کاڵا کەمتری تێدەچێت هەروەکو تێچوی بەرهەمهێنانیشیان کەمدەبێتەوە. لەگەڵ ئەم ڕاستییەشدا کە حکومەتی بریتانیا و ئابوورییناسەکانیش دەیسەلمێنن کەچی نرخی کاڵاو پێداویستییەکانی ژیان بەرزتربووەتەوە . ئەمەش ئەوەمان پێدەڵێت کە هێنانەوەی پاساوی شەڕی ئۆکرانیا و ڕوسیا گوایە بووەتە هۆی بەربوونەوەی پێداویستییەکان بە تەواوی ڕاست نییە بە تایبەت لە کاتێکدا کە بڕی نرخ بە ڕێژەی لە سەدا 19.2 سەرکەوتووە کە ئەم ڕێژەیە لە بریتانیادا بەرەزترینە لە 46 ساڵ لەمەوبەرەوە.
سێ/ کۆنترۆڵکردنی کرێ و مووچە:
لە ساڵی 1975 دا هەڵئاوسانی پارە لە بریتانیا سەرکەوت بۆ ڕێژەی لە سەدا 25 هاوکاتیش کرێ و موچەی کرێکاران کە کاری دەستی و جەستەیی دەکەن بە ڕێژەی لە سەدا 31.7 بەرزبووەوە. هەر ئاواش تێکڕای بەرزبوونەوەی ڕێژەی مووچە و کرێ بە ڕێژەی لە سەدا 28 سەرکەوت. لە ساڵی 1976 دا کە حیزبی [ لەیبەر] حوکمی دەکرد سەرەکوەزیران ، هارڵد وڵسن، داوای لە نقابە کرد کە دەبێت بەرزکردنەوەی کرێ و موچە لە حەدێکدا ڕاگیرێت. ئەم مامەڵەیەی نێوانی حکومەت و نقابە لە ساڵی 1977 هەرەسی هێنا و نرخ ئەوەندە بەرزبووەوە کە لە ساڵی 1979 دا شەپۆلی گەورەی مانگرتنەکان دەستیپێکرد و کۆتایی بە حکومەتەکەی حیزبی کرێکاران هێنا و حیزبی موحافیزین بە سەرۆکایەتی مارگرێت تاچەر هاتە سەر حوکم.
ئێستاش سەرۆکی بانقی مەرکەزی ئێرە، ئەندرو بەیلی، داوا دەکات کە دەبێت کۆنترۆڵی کرێ و مووچە بکرێت بۆ هێنانە خوارەوەی ڕێژەی هەڵئاوسانی پارە. داوا لە کرێکاران دەکات کە داوای زیاکردنی مووچە نەکەن گوایە زیادی مووچە هەڵەکەی چەند دەیەی پێشو، واتە هەفتاکان، دووبارە دەکاتەوە. بەڵام راستییەکە ئەوەیە کە سامانداران ئەوە دروست دەکەن بە کڕینی کاڵای ناپێویستی گرانبەهای وەکو یاخت و فڕۆکەی تایبەتی و سەیارە و خانوی زۆر گرانبەها نەک کرێکارێك کە هەرچەند موچەکەی بۆ زیاد بکرێت دوای باجدان لە ساڵێکدا ناچێتە 1000 پاوەند.کەواتە کۆنترۆڵکردنی کرێ و مووچە هەر بۆ کرێکارانە و درۆیەکی گەورەیە کە زیادکردنی موچەیان دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی زیاتری ڕێژەی هەڵئاوسانی پارە.
چوار/ بەرزکردنەوەی باج
گوایە بە بەرزکردنەوەی باج پارەی زیاتر بۆ خەزێنەی دەوڵەت دەگەڕێتەوە و هەروەها داهاتی خەڵکانی ئیشکەر کەمتر دەبێتەوە بەمەش توانای کڕینی کاڵا و شمەکیان کەمتر دەبێت، خودی ئەمەش ڕێگا دەگرێت لە بەرزبوونەوەی نرخ، بەرزنەبوونەوەی نرخیش یانی بەرزنەبوونەوەی هەڵئاواسانی پارە. بێ گومان ئەمەش حەل نییە ئەمڕۆ بە هۆی:
یەك/ لەبەر ئەوەی خەڵکی بۆ 2 ساڵ لە سەردەمی کۆرۆنادا گەشتی نەدەکرد و لە دەرەوە نانی نەدەخوارد یاخود زۆر کەم وەکو ئامارەکان نیشانی دەدەن بڕی ئەو پارەیەی کە لە لایەن دانیشتوانەوە خەزن کراوە لە نێوانی 200 بۆ 250 ملیار پاوەندە. ئێستاش کە کۆرۆنا نەماوە خەڵك بڕێکی زۆری پارەکەی سەرف دەکات کەواتە هەتا باج-یش بەرز ببێتەوە هێشتا خەڵکی هەر پارەی هەیە.
دوو/ بەرزبوونەوەی باج وەکو وتم یانی کەمبوونەوەی داهاتی خەڵ، ئەمەش یانی دابەزینی ڕێژەی کڕین ، دەستگرتنەوە لە پرۆژەی خزمەتگوزاری و ئابووری. سەرئەنجامی ئەمەش یانی مەوجدانەوەی کاڵاکان لە بازاردا، مەوجدانەوەی ئەم کاڵایانەش یانی کەمکردنەوەی کرێ و دەرکردنی کرێکاران. کەواتە دووبارە دەگەڕێینەوە سەر ئەو خاڵەی کە لە سەرەتادا دەستمان پێکرد.
هەر بەو سادەیەی سەرەوە دەبینین کە خودی ئابوورییەکە بناخەیەکی پفەڵ و بۆشی هەیە، جگە لەوانەشی باسمکردن بە پژمەی ساماندارێکیش گرفتی بۆ دروست دەبێت. ئەم تڕە کەڵەکی و یاریکردنە بەو فۆرمیلانە چارەسەری کێشەکە ناکەن.