فه‌رمان عزیز شریف: مافی مرۆڤ له هه‌رێم له ڕاپۆرته نێودهوڵهتێهكان.
هه‌رچه‌نده له ڕابردوودا زۆر شانازی به ڕه‌وشی مافی مرۆڤ ده‌كرا له هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام ساڵ له دوای ساڵ، دۆخی مافی مرۆڤ خراپتر ده‌بێت. له‌بڕی ئه‌وه‌ی به‌ره‌و پێش بچێت به‌ره‌و دواوه پاشهكشهدهكات، بۆ ئه‌مه‌ش سه‌یری دۆخی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ین زیاتر هه‌ستی پێ ده‌كه‌ین و ڕاپۆرتی رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تیه‌كان و میدیا جیهانیه‌كان له‌و باره‌یه‌وه ئاماژه‌ی مه‌ترسیدارن.
له مانگی ئازاری ئه‌مساڵ 2023 جارێكی دیكه هه‌رێمی كوردستان كه‌وته به‌ر ڕه‌خنه‌ی ڕاپۆرته نێوده‌وڵه‌تیه‌كان و ئاماژه‌یان به دۆخی خراپی مافی مرۆڤ كرد له هه‌رێمی كوردستان كرد و ڕاپۆرته‌كانیان بووه باسی گه‌رمی میدیا جیهانی و ناوخۆییه‌كان.
گۆڤاری فۆرن پۆلیسی (foreign policy) ی ئه‌مه‌ریكی له 22-3-2023 ڕاپۆرتێكی به‌ناوی (ماڵه كارتۆنیه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌به‌رده‌م داڕمانه)( Iraqi Kurdistan’s House of Cards Is Collapsing)بڵاوكرده‌وه. ئه‌و ڕاپۆرته ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی زۆری هه‌بوو، ڕه‌خنه‌ی له‌بارودۆخی هه‌رێمی كوردستانی گرتووه كه له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی داڕمان دایه. به‌ڵام كاتێك كونسوڵی گشتی ئه‌مه‌ریكا له هه‌ولێر (ئیرڤین هیكس) بابه‌ته‌كه‌ی گۆڤاری فۆرن پۆلیسی له هه‌ژماری خۆی له توڕی كۆمه‌ڵایه‌تی بڵاوكرده‌وه، ئه‌مه زیاتر حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمی كوردستانی توڕه‌كرد و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی به‌دواداهات. سه‌فین دزه‌یی به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ كۆنسولی ئه‌مه‌ریكا له هه‌ولێر كۆبوویه‌وه‌و نیگه‌رانیه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی گه‌یانده كونسوڵی ئه‌مه‌ریكا و دواتر كۆنسولی ئه‌مه‌ریكا بابه‌ته‌كه‌ی له ئه‌كاونتی خۆی سڕییه‌وه. پاشان وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكاش ڕایگه‌یاند: ئه‌و كاره‌ی كونسوڵی ئه‌مه‌ریكا بیروڕای فه‌رمی ئه‌مه‌ریكا نیه. باره‌گای بارزانی یش له 26- 3- 2023 وه‌ڵامی گۆڤاره ئه‌مه‌ریكیه‌كه‌ی دایه‌وه ڕایگه‌یاند: هه‌رێمی كوردستان كارتۆنی نیه و قه‌واره‌یه‌كی یاسایی یه.
هه‌رچه‌نده وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا هه‌رله‌و چه‌ند ڕۆژه‌دا له ڕاپۆرتی ساڵانه‌ی خۆی ڕه‌خنه‌ی له‌دۆخی مافی مرۆڤ له هه‌رێمی كوردستان گرت و ڕۆژی 20- 3- 2023 هاوشێوه‌ی ڕاپۆرته‌كانی دیكه، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له ڕاپۆرتی ساڵی 2022 كه تایبه‌ته به‌ڕه‌وشی مافی مرۆڤ له هه‌موو جیهان بڵاوی كردۆته‌وه و به‌شێكی ته‌رخان كردووه به هه‌رێمی كوردستان و عێڕاق، ئاماژه‌ی به‌وه كردووه له ساڵی ڕابردوو ئازادی ڕاده‌ربڕین و كاری ڕۆژنامه‌وانی له عێڕاق و هه‌رێمی كوردستان به‌رته‌سككراوه‌ته‌وه.
له 23- 3- 2023 دیندار زێباری به‌رپرسی نووسینگه‌ی ڕێكخه‌ری ڕاسپارده نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وه‌ڵامی ڕاپۆرته‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكای دایه‌وه و بهناشهفاف و دور له ڕاستی ناوبرد.
به‌هه‌مان شێوه رێكخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی ناسراو به (ئه‌منستی ئه‌نته‌ر ناشناڵ) له ڕاپۆرتی ساڵانه‌ی خۆی كه له 28- 3- 2023 بڵاوی كردۆته‌وه به‌هه‌مان شێوه به‌شێكی ته‌رخان كردووه بۆ دۆخی مافه‌كانی مرۆڤ له عێڕاق و هه‌رێمی كوردستان و باسی چه‌ندین پێشێلكاری له بواره‌كانی مافی مرۆڤ كردووه له هه‌رێمی كوردستان له ساڵی ڕابردوو له ده‌ستگیركردنی ڕۆژنامه‌نووسان و خۆپیشانده‌ران و چاڵاكوانان بێ فه‌رمانی دادوه‌ر.
ڕه‌نگه ئه‌گه‌ر دۆخی مافی مرۆڤ به‌راورد بكه‌ین به‌ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌رمان وه‌ك (عێراق- سوریا- ئێران)و هه‌ندێك ناوچه‌ی دیكه، هه‌رێمی كوردستان زۆر باشتر بێ، به‌ڵام ئه‌وه مانای ئه‌وه نیه كه هه‌رێمی كوردستان له‌وپه‌ڕی دیموكراسی دایه.
ڕۆژانه ده‌یان پێشێلكاری ئاشكرا به‌به‌رچاومانه‌وه ڕووده‌ده‌ن، مایه‌ی شه‌رم و نیگه‌رانیه، ئه‌زموونی هه‌رێمی كوردستان زیاتر ده‌خاته ژێر پرسیار، وه‌ك: ده‌ستگیر كردنی خۆپیشانده‌ران و ڕۆژنامه‌نووسان و چاڵاكوانان و زیندانی كردنی ڕۆژنامه‌نووس و چالاكوانانی بادینان له دوو ساڵی ڕابردوو بۆته په‌ڵه‌یه‌كی ڕه‌ش به نێوچه‌وانی هه‌رێمی كوردستان و له‌هه‌موو ڕاپۆرته نێوده‌وڵه‌تیه‌كانی مافه‌كانی مرۆڤ ئاماژه‌ی پێ ده‌كرێ.
خه‌ڵات كردن و ڕێزلێنانی پارێزه‌ری زیندانیكراوانی بادینان (به‌شدار حه‌سه‌ن) له ئه‌مه‌ریكا و داوه‌ت كردنی بۆ ئه‌مه‌ریكا له مانگی ئازار به‌هۆی به‌رگری كردن له زیندانیكراوانی بادینان له دوو ساڵی ڕابردوو به‌ڵگه‌یه‌كی ڕوونی گرنگی پێدانی ئه‌مه‌ریكا و ڕێكخراوه نێوده‌وڵه‌تیه‌كانی مافی مرۆڤه له سه‌رتاسه‌ری جیهان به‌و دۆسیه‌یه.
ده‌ستگیركردن بێ فه‌رمانی دادگا، سه‌روه‌ر نه‌بوونی یاسا، هه‌ڵاتنی تۆمه‌تباران له ده‌ستی یاسا و ده‌ستگیر نه‌كردنیان، كوشتن و توندوتیژی دژی ئافره‌تان، پێشێلكردنی مافه‌كانی ئافره‌تان و پیاوان و منداڵان و كرێكاران، هه‌ڕه‌شه‌كردن له ڕۆژنامه‌نووسان و چاڵاكوانان و و ته قهكردن و هێرش و كوشتنی هاوڵاتیان له لایه‌ن كوڕ‌و كه‌س و كاری به‌رپرسان ڕۆژانه دووباره ده‌بنه‌وه.
بۆیه پێویسته هه‌رێمی كوردستان زیاتر به‌خۆی دابچێته‌وه ته‌نها له مانگی ئازاری ئه‌مساڵ كه‌وته به‌رنه‌شته‌ری سێ ڕاپۆرتی نێوده‌وڵه‌تی كه هه‌موویان تایبه‌ت و به ئامار و داتای پێشێلكاریه‌كانی ساڵی ڕابردوو 2022 له هه‌رێمی كوردستان كه ئاماژه به خراپی ڕه‌وشی مافه‌كانی مرۆڤ ده‌ده‌ن، ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه‌كی ترسناكه بۆ ئه‌زموونی هه‌رێمی كوردستان. پێویسته حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمی كوردستان له‌بڕی به‌درۆخستنه‌وه و ڕه‌تكردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م ڕاپۆرته‌كان به‌دواداچوون بكات و كه‌م و كورتیه‌كان چاره‌سه‌ر بكات و دۆخه‌كه به‌ره‌و باشتر ببات بۆ ئه‌وه‌ی له ڕاپۆرتی ساڵانی داهاتوو، ئه‌و ئاماژه خراپانه له‌و ڕاپۆرتانه دووباره‌نه‌بنه‌وه، چونكه ڕاپۆرتی ئه‌و ڕێكخراوه نێوده‌وڵه‌تیانه به‌رده‌وامه و ساڵانه ڕاپۆرتی خۆیان بڵاوده‌كه‌نه‌وه و حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمی كوردستان ناتوانن بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و ڕاپۆرتانه بوه‌ستێنن له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام ده‌توانن ئاماژه خراپه‌كانی ناو ئه‌و ڕاپۆرتانه بگۆڕن به چاره‌سه‌كردنی ئه‌و ڕه‌خنانه و ڕێگری كردن له دووباره‌بوونه‌وه‌ی ئه‌و پێشێلكاریانه‌ی ده‌كرێن.