بورهان شێخ رەئوف: پێویستیی تەبایی و یەكڕیزیی ماڵی كورد.
باشترین جەژنانە بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان و ناوچە جێناكۆكەكانیش تەبایی و یەكڕیزیی و رێكخستنەوەی نێو خۆی ماڵی خۆمانە، ئەزموونەكانی لانیكەمی شەش دەیەی رابردوو ئەوەیان سەلماندووە كە كێشە و ململانێكان بە هێز یەكلایی ناكرێنەوە، كەس توانا و وزەی ئەوەی نییە لایەنی ركابەری بخاتە دەرەوەی گۆڕەپانی گەمەکەوە.
گەڕانەوە بۆ ئەو رۆژگار و ئەزموونە تاڵانەی ململانێی دەیەكانی پێشوو بێئاگابوونە لە مێژوو، تاقیكردنەوەی كارتێكی تری دۆڕاوە كە لەپێشدا خاوەنەكەی زەرەرمەند و دواتر گەلی كوردستان لە باشوور و نەتەوەی كورد بەگشتی.
جاران لە كاتی ململانێ سەختەكان و بەریەككەوتنەكانیشدا لە كاتی جەژن و بۆنە ئاینی و نیشتمانییەكاندا سەركردەكانی وەكو خوالێخۆشبوو مام جەلال دەستپێشخەریی ئازایانە و خەمخۆرانەیان دەخستەڕوو بۆ خاوكردنەوەی ململانێكان و گۆڕینی ئاڕاستەكەی بەرەو سازان و چارەسەركردن.
ئەوەی لێرەدا مەبەستمە رۆژی عەرەفە واتە بەرلە جەژنی رەمەزان، هەندێك دەنگۆ و هەواڵ لە سەر پرسی بڕینی مووچەی خانەنشینان لەسەر بنەمای حزبی هاتە ئاراوە، كە خۆشبەختانە دوای ماوەیەكی كورت و خێرا كەس نەیتوانی بەرگریی لەو بڕیارە بكات و خاوەنداریی لێ بكات، هێندە قێزەون بوو، هەر خێرا پاشگەزبوونەوە، ئەوە مایەی دڵخۆشییە، بەڵام پێویستە ئەو بڕیارە سامناكە لێكۆڵینەوەی تێدا بكرێت و بوار نەدرێت جارێكی تر كاری وابكرێت، چونكە لێكەوتەی خراپی دەبێت.
بۆ یەكڕیزی و یەكدەنگی گرنگە بۆ خەڵكی كوردستانی باشوور؟
لە عیراقدا دوای چوار دەیە خەبات و ململانێی سیاسی و سەربازی سەخت و تاقەت پڕووكێن كە سەدان و هەزاران كارەسات و چیرۆكی پڕ لە نەهامەتی لە خۆگرتووە و ناكرێت لێرەدا ریزیان بكەم، هەرێمی كوردستان لە عیراقدا قەوارەیەكی دەستووری و یاساییە و خاوەنی دیكۆمێنتێكە لەسەر ئاستی ناوخۆیی و دەرەكی، كەس ناتوانێت نكۆڵی لێ بكات، ئێستا بەهۆی توندبوونەوەی ململانێ ناوخۆییەكانەوە، بەهۆی گوێ نەگرتن لە دەنگی دڵسۆزان و خەمخۆرانەوە، ئەم هەرێمە كەوتۆتە بەر مەترسیی هەڵوەشانەوە و پاشەكشەی گەورەی بەخۆیەوە بینیووە، بەتایبەتی لە سەردەمی كابینەی نۆیەمدا چ لەسەر ئاستی ناوخۆیی و چ لەسەر ئاستی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیش.
بۆ بەرگری لە قەوارەی هەرێمی كوردستان و پاراستنی دەستكەوتەكانی راپەڕینی ئازاری 1991 و خۆێنی 182 هەزار ئەنفالكراو و پێنج هەزار شەهیدی كیمیابارانكراوی هەڵەبجە و هەموو شەهیدەكانی سەنگەر لە شۆڕشی كۆن و نوێدا، خێراترین و باشترین چارەسەر كۆتاییهێنانە بەم ململانێ و رەوتە تاكڕەوی و خۆسەپاندنە و گەڕانەوەیە بۆ سەر مێزی دانوستاندن بە عەقڵ و لۆژیك و هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكان و زەمینەسازی بۆ هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد.
پێچەوانەی ئەوەش ئاكامەكەی روون و ئاشكرایە نەك ناتوانرێت مادەی 140 و داخوازییە دەستوورییەكانی تریش جێبەجێ بكرێن، بەڵكو ئەو دەستكەوتانەشی كە بە دەستهاتوون لە قۆناغەكانی پێشتردا لەدەستمان دەچێت و لێمان دەسەنرێتەوە.