عەبدولا کەریم مەحمود: پاسی ژمارە ( 49214) ی بەغداد.
دوای تراژیدیای ئەنفالی یەک بۆ دۆڵە رووت و دۆڵی جافایەتی و مەرگە و کیمیا بارانی هەلەبجە و ئەنفالی دووی قەرەداخ و ئەنفالی سێی گەرمیان.
لە مانگی 4ی 1988 مەفرەزەیەکی ئەمنی سلێمانی، سەیدە مەعروف ناسراو بە حاجی سەیدەی مارف عەربەتی، شۆفێری پاسی کۆستەرو دەیان شۆفێرو پاسی کۆستەری تریان لە هێڵی بەغداد – سلیمانی، لە گەراجی سلێمانی بە سوغرە برد بۆ سنووری ناوچەی قادر کەرەمی گەرمیان.
سەید مەعروف و هەموو شۆفیری پاسەکان، ئەو هەموو ژن و پیاو و منداڵانەی گوندەکانی قادر کەرەمیان بە دیلی لەبەر ئەوتاوە بارانە بینی، چۆن سەربازەکان لە بازنەیەکی دیاریکراو، لە هەر چوار لاوە، میللی چەکەکانیان ئاڕاستە کردبوون. ئەو ژن و و پیاو و منداڵانە، لە یەکەم رۆژی پەلاماری سوپای ئەنفال و جاش بۆ سەر ناوچەکەیان، خۆیان لە ناو شوێنە چەپەکانی ئەو شیوو نشیو و گردۆڵکە و لاپاڵ و ئەشکەوتانەدا حەشار دابوو، بۆ ئەوەی نەکەونە ناو تۆڕی هیزەکانی سوپای عیراق و جاش و دەسگیر نەکرێن. بەڵام سەرۆک جاشیک بە موکەبەرە بە هەموویانی راگەیاندبوو:
حکومەتی نیشتمانی عێراق خاوەنی بەزەیی و رەحمە، لە هەمووتان دەبورێ، گەر لە ماوەی 24 سەعاتدا ، روونەکەنە ناو سوپا، ناوەکانتان تۆمار نەکەن. خانووتان لە ئۆردوگاکان بۆ دروست ناکرێت و مافەکانتان دەفەوتێت.
ئەمنەکان 15ژن و 20منداڵیان بە پاڵ خستە ناو پاسەکەی سەید مەعروفەوە، دوو سەربازیان بە چەکەوە لای دەرگای هەموو پاسەکانەوە دەبون بە پاسەوانی ناو پاسەکە، بۆ ئەوەی هیج کەسێک نەتوانیت خۆی دەرباز بکات. هەموو پاسەکان پڕ کران لە ژن و پیاو و پیرو منداڵ، پێش ئەوەی کاروانی پاسەکان بکەونە ڕێ، هەردوو سەربازەکەی ناو پاسەکەی سەید مەعروف دابەزین.
کاروانی پاسەکان کەوتنە جوڵە، بەرەو چەمچەماڵ، پێش ئەوەی بگەنە ناو ئۆردوگای شۆڕشی نزیک چەمجەماڵ، ژنێک بە سەید مەعروفی وت:
براکەم لە فرسەتێکدا، پاسەکە خاو بکەرەوە بۆ ئەوەی خۆم دەرباز بکەم و بگەمە ماڵی خزمێکمان.
کاروانی پاسەکان، یەک بەدوای یەکدا بەریز دەڕۆیشتن، لە ناکاو وەستانی پاسێک لە نێوان کاروانی ئەو هەموو پاسانەدا کاریکی زۆر قورس و دژوار بوو، سەید مەعروف بۆ ئەوەی پاسەوانی پاسەکانی تر، بەوەستانی پاسەکەی نەزانن لەو کاتەنەدا گەیشتنە بەردەم چاڵ و چۆڵییەک، پاسەکەی هێواش کردوە، ژنەکە فرسەتی هێناو بە خێرایی دەرگاکەی کردوەو خۆی فڕێدایە قەراغی رێگاکە و بە پرتاو هەستایەوەو بە راکردن، بروسکە ئاسا خۆی لە کۆڵانەکان لە چاویان ون کرد.
هەمووکاروانی پاسەکان بەو هەمووژن و پیاو و منداڵەوە گەیشتنە ناو چەمچەماڵ و وەستان، خەڵکی خاوەن هەڵوێستی چەمچەماڵ لە هیزەکانی سوپا ی عێراق راپەڕین، بۆ ئەو دیلانەی ئەنفال دەرباز بکەن، هێزەکانی سوپا بواریان پێ نەدەدا، کۆپتەر بە نزمی گەیشتە سەر ئاسمانی چەمچەماڵ.
لەو کاتەدا دوو سەرباز بە چەکەکانیانەوە بە پریاو خۆیان گەیاندە ناو پاسەکەی سەیدەوە، بواریان نەدا کەس لە پاسەکە دابەزێت.
کاروانی پاسەکان لە جادەی (چەمچەماڵ –کەرکوکە)ەوە کەوتە جوڵە رووەو کەرکوک، لە (سەربازگەی تۆپزاوە) ی نزیک کەرکوک هەموو ئەو ژن و منداڵانەمان بە برسێتی و تینوێەتی و بە جەستەی تەڕەوە دابەزاند.
دوای ئەوەی سەید مەعروف گەڕایەوە بۆ ماڵەوە، نەیدەتوانی ئەو دیمەنە تراژیدیانەی ( قادر کەرم و چەمچەماڵ و تۆپزاوە) لە بیر بکات، ئەو دیمەنە جەرگبڕو دڵتەزێنانە کاریی زۆری کردە بووە سەر ناخ و هەست و دەروونی، چەند جاڕیک فرمێسک بەچاوەکانیدا دەهاتە خوارەوە، بە قورگێکی پڕ لە گریانەوە، ئەو چیرۆکە تاڵەی دیلەکانی ئەنفالی بۆ هاوسەرو جگەر گۆشەکانی دەگێڕایەوە، ماوەی مانگێک نەیتوانی بە سویچەکەی پاسەکەی بخاتە گەڕ و بچێ بۆ گەراج بۆ سەر کارەکەی، بە بەردەوامی باسی لانەوازی و برسێتی و دیلێتی ئەو ژن و منداڵانەی گوندەکانی گەرمیانی بیر دەکەوتەوە، ماتی و مەلولیەک دایدەگرت، توشی خەمۆکی بوو، توشی نەخۆشی شەکرە بوو، هەردوو گورچیلەی وەستا، لە 4. 10. 1994 ماڵ ئاوایی لە ژیان کرد.
سەرچاوە :ئەم زانیاریانەم لە مامۆستا جەمال سەیدە مەعروف پێ گەیشتووە .
دیمەنێک لە کتێبی (رەشەبای ژەهرو ئەنفال ) ، بەرگی (سێیەم و چوارەم و پێنجەم )،چەند هەزار لاپەرەیەکە ، چاپ نەکراوە .
- بابەتەکانی تری عەبدوڵا کەریم مەحمود
عەبدوڵا کەریم مەحمود: سەرۆک جاشەکان و کەسایەتییە دیارەکان!
-عهبدوڵا کهریم مهحمود: رهشهبای ژه هروئەنفال، سێیهمین تاوانی جینۆسیده له جیهان – بەشی کۆتایی.
-عهبدوڵا کهریم مهحمود: رهشهبای ژههرو ئەنفال، سێ یهمین تاوانی جینۆسایده له جیهان – بەشی سێیەم
- All Posts