ئارش رەئیسی نەژاد: سیاسەتی نادەوڵەتی دەرەوەی ئێران، لە پێش ساڵێ 1958دا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

وەرگێرانی لە ئینگلیزیەوە/ عەتا قەرەداخی

دەستپیکردن:
سیاسەتی نادەوڵەتی دەورەی ئێران لەژێر سایەی فەرمانڕەوایی شادا بەشێوەیەکی سەرەکی لە پەیوەندییە مێژووییەکانی ئێران لەگەڵ کوردی عێراق و شیعەی لوبناندا داڕێژرا. مەوداو سروشتی پێکەوەبستنەکانی ئێرانی پەهلەوی لەگەڵ ئەم دوو کارەکتەرە نادەوڵەتیە بۆ ئاستێک دەگەڕایەوە بۆ پەیوەندییەکانی رابردوویان لەگەڵ خێزانی فەرمانڕەواو کۆمەڵگادا. وەکو گەلی ئێرانی لە رووی ئیتنیکی و کەلتوورییەوە، کوردەکان بەتایبەتی کوردی عێراق، راهاتبوون بەشێک بن لە سەرزەمینی ئێران. وەکو گەورەترین دەوڵەتی شیعە لە ناوچەکەدا، ئێران پەیوەستبوونەکانی خۆیی لەگەڵ کۆمەڵە شیعەکاندا لە سەرەتای سەدەی شانزەهەمەوە پاراستبوو. پێش کۆتایی ساڵانی پەنجاکان، ئەم پەیوەندییانە زیاتر کەلتووری و ئایینی بوون. تەنیا دوای کودەتای ساڵی 1958بوو کە رژێمی ئێرانی دەستیکرد بە داڕشتنی سیاسەتی نادەوڵەتی دەرەوەی خۆی بەرامبەر بە کوردی عێراق و شیعەی لوبنان.

-دەستپێکردن: کوردی عێراق
جەنگاوەرانی کورد بە خوێنی ئێرانیانەوە، بەرامبەر بە عوسمانیە پڕچەکەکان بۆ پاراستنی شوناسی کەلتووری ئیتنیکی ئاری خۆیان بەرگرییان کرد، هەروەکو رۆستەم و ئەسفەندیار ئەوەیان کرد { دیارترین پاڵەوانانی ئەفسانەیی لە ئەفسانەی ئێرانی و شانامەدا}،” ئیحسان نوری پاشا لە پادەوەرییەکانیدا ( 1 ).
” ئێمە باپیرانی- پێشینانی- خۆمانمان خۆش دەوێت و ئامادەین بەرگری لە گەل و دەوڵەتی دێرینی ئێران بکەین، لەبەرئەوە هیوادارین لە لایەن شاهەنشاوە { پاشای پاشاکان} پشتگیری بکرێین. ئێمە لە رووی مێژووییەوە بەشێکی جیانەکراوەین لە ئێران،” لە نامەیەکی شێخ مەحموودی بەرزنجیەوە کە بۆ رەزا شای پەهلەوی نووسی( 2 ).

میدیە ئێرانیەکان:
وەکو نەوەکانی میدیە ئێرانیە دێرینەکان (678پ.ز بۆ 549 پ.ز)، کوردەکان لە رووی مێژووییەوە لە زنجیرە چیاکانی زاکرۆس نیشتەجێبوون، لە شوێنی بەیەکگەیشتنی دەشتی میسۆپۆتامیاو بانەکانی ئێران و ئەنادۆڵ. ئەو ناوچەیە لە لایەن مێژوونووسانی کلاسیکی وەکو گەزنەفۆن بە ” کاردۆخی” یان ” کوردی” ناسێنراوە. کوردەکان گروپێکی ئیتنیکی ئیندۆ- ئەوروپی دیارن. کوردستانی نەریتیی، یان کۆن هەرگیز دۆخێکی سیاسی جیای نەبووەو لەبری ئەوە بۆ هەزاران ساڵ بەشێک بووە لە ییمپراتۆرێتی ئێرانی. لە پێش فەتحی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە لە لایەن عەرەبی مسوڵمانەوە، فەرمانڕەوای ئیمپراتۆرێتەکانی– میزرەبان- ئەخمینی و پارسی و ساسانی بوو. لەدوای رووخاندنی خەلافەتی عەباسیەکان، کوردستان بوو بە بەشێک لە ئێران و پاشان بوو بە چەند میرنشینێکی بچووکی ئێرانی- تورکی هەتا شا ئیسماعیلی یەکەم( لە 1501 – 1524 فەرمانڕەوا بوو)، دامەزرێنەری دەسەڵاتی بنەماڵەی سەفەوی، لە سەرەتای سەدەی شانزەیەمدا لە سایەی شاڵاوی سیاسی- سەربازی خۆیدا، کوردستانی داگیرکرد بەمەبەستی ژیاندنەوەی ئێران. بەدوای
سەرکەوتنی عوسمانیەکاندا بەسەر ئیمپراتۆری سەفەویدا لە شەڕی چاڵدێراندا (23ی ئابی 1514)، ئێران باشی رۆژئاوای کوردستانی لەدەستدا، کە ئەمڕۆ بە کوردستانی تورکیاو سوریا دەناسرێت، کوردی عێراق بوون بە سەربازی شەترەنج لە شەڕە وێرانکەرەکانی ئێران- تورکدا. پاشان کوردستانی عێراق دەستاودەست لە لایەن فارسەکان و تورکەکانەوە فەرمانڕەوایی دەکرا، هەتا پەیماننامەی زەهاوی- زەهاب- 1659، کە دەسەڵاتی کوردستانی دا بە عوسمانیەکان. سەرباری دەستبەسەرداگرتنێکی کورتی کوردستانی عێراق لە لایەن شا عەباسی گەورەوە (1588 بۆ 1629)و نادر شای گەورە (1736 بۆ 1747)، ئێرانیەکان هەرگیز توانای دووبارە داگیرکردنەوەی ئەم هەرێمەیان نەبوو. ئەم ناوچەیە فەرمانڕەوایی دەکرا لە لایەن سێ میرنشینی بابان و بادینان و سۆرانەوە، فەرمانڕەوایی عوسمانی بەردەوامبوو هەتا جەنگی یەکەمی جیهانی. لە کاتی جەنگدا، خێڵە کوردەکان پەیوەندییان کرد بە عوسمانیەکانەوە(٣). لەگەڵ شکستی ئیمپراتۆرێتی عوسمانیدا لە ساڵی 1918دا، نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دووبارە کێشرایەوە. سەرباری ئەوەی دامەزراوەکانی دابەشکردنی ئیمپراتۆرێتی عوسمانی پێکهێنران لە رێکەوتنی نهێنی سایکس- پیکۆی مایسی 1916 دا، ئەوە پەیمانی سیڤەری ئابی 1920 بوو، کە بەشێوەیەکی کاتی هەلێکی کردەوە بۆ دروستبوونی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی. سەرباری پشتگیری ودرو وێڵسن لە کوردەکان، شەڕی تورک بۆ سەربەخۆیی (1919 بۆ 1923)و پاشان پەیماننامەی لۆزان لە تەموزی 1923دا، خەونی کوردی لەباربرد و خاکەکەیان بوو بە سێ بەش لە عێراقی نوێ و تورکیاو سوریادا. کاتێ سەرۆک کۆماری تورکیا، مستەفا کەمال پاشا، کە دواتر بە ئەتاتورک ناسرا، گووتی ” ئەو دەوڵەتەی کە تازە ئێمە دروستمان کردووە دەوڵەتێکی تورکیە”(4). سەرکردە تورکەکان و هەروەها خەڵکیش کوردیان بە ” تورکی چیایی” ناوبردو زمانی کوردییان بۆ نزیکەی سەدەیەک قەدەغە کرد. بێئومێدبوون بەهۆی کەمی پشتگیرییەوە لە لایەن هێزە بیانیەکانەوەو چەوساندنەوە لە لایەن سیاسەتە دڕندەکانی تورکەوە(5)، بوون بەهۆی ئەوەی کوردەکان ناسەرکەوتووانە لە راپەڕینەکەی شێخ سەعیددا ساڵی (1925) و لە راپەڕینی ئاراراتدا (1927- 1930)(6) لە رووی دەسەڵاتی ئەنقەرەدا بووەستن. لەسەروبەندی دەرکەوتنی سیستێمی دەوڵەتی مۆدێرن لە ناوچەکەدا، کورد بە بێ دەوڵەتی تایبەتی خۆیان بەجێهێڵران. لەگەڵ ئەوەشدا، خەونی ئەوان بۆ کوردستانێکی سەربەخۆ بنەمایەکی جیۆکەلتووری بۆ بزووتنەوە جیاخوازەکانیان فەراهەم کرد.
پرسی کورد لە رووی مێژووییەوە لە ئێران کەمتر بایەخی هەبوو لەچاو عێراق و تورکیادا، کە لەوێ- لەو دوو وڵاتە- بوونی کورد بۆ چەندین دەیە نکوڵی لێکراوە. لە رووی کەلتووری و زمانیەوە پەیوەست بە گەلی ئێران، هەرگیز کورد دوچاری دڕندایەتی و پاکتاوی ئیتنیکی نەبووەتەوە لە لایەن تارانەوە، وەکو ئەوەی لە لایەن ئەنقەرەو بەغداو تەنانەت دیمەشقەوە دوچاری بوون. سەرباری ئەوە، یەک لەسەر سێی کوردی ئێران مسوڵمانی شیعەن. لەبەرامبەردا، دەوڵەتی عێراق، هاوشێوەی دەوڵەتی تورکیا، مەیلداری جیاخوازی کوردی زیاتر بووە. پێکهاتنی لە سێ ولایەتی-والی نشین- ی بەغداو بەسراو موسڵ و پێکهاتن لە سێ گروپی ئیتنیکی ئایینی شیعەو سونەو کورد، شوناسی نیشتیمانی عێراق لە کاتی دروستبوونی ئەو دەوڵەتەوە تەمومژاوی بوو. سەرباری غیابێکی یەکلاکەرەوەی شوناسی نیشتیمانی عێراقی و نزیکی-خزمایەتی- مێژوویی فارس و کورد، دواتر شاکانی قاجەر و پاشان رازا شای پەهلەوی، زۆر دووربوون لە پشتگیری کردنی راپەڕینەکانی کورد لە کوردستانی عێراقدا، کە سەرەکیترینیان راپەڕینی شێخ مەحموودی بەرزنجی لە 1919 بۆ 1922. لە لوتکەی راپەڕینەکەدا، شێخ مەحموود داوای پشتگیری لە تاران کردو دڵسۆزی خۆیی بۆ ئێران دەربڕی. “من ئامادەم خاکی باپیرانمان، ئێران بپارێزم” لە نامەیەکدا بۆ محەمەد رەزا شای نووسی(7). سەرباری ئەوە، نەبوونی دەوڵەتێکی بەهێز لە ئێراندا، بوونی خێڵە کوردە عێراقیە شیعە مەزهەبەکان و ترسی سەرهەڵدانی جیاخوازی کوردی لە ئێراندا، دەوڵەتی ئێرانی قایل کرد پشتی راپەڕینەکانی کورد نەگرێت. لەبەرامبەردا، سەرکردە ئێرانیەکان بەشداری تورکەکان و عێراقیەکانیان کرد لە ئیمزاکردنی پایماننامەی سەعدئاباددا لە تەموزی 1937دا، بۆ فەراهەمکردنی کاری سەربازی هاوبەش دژی راپەڕینە چاوەڕوانکراوەکانی کورد.
جیابوونەوەی کورد هەڕەشەیەکی چاوەڕوانکراو بوو بۆ ئێران. لە کۆتایی ئابی 1941دا، ئێران بەشێوەیەکی کاتی لە لایەن هاوپەیمانانەوە داگیرکرا. سەرباری ئەوەی ئێران لە جەنگی دووەمی جیهانیدا بێ لایەنی راگەیاند، لە کۆتایی ئابی 1941دا، لە لایەن هاوپەیمانانەوە داگیرکراو پاشان ناودەبرا بە ” پردی سەرکەوتن”. لەگەڵ ئەوەدا، سوپای سوور ئەوەی بەجێنەهێشت کە لەکاتی جەنگدا لە باکووری رۆژئاوای ئێران داگیری کردبوو، بەڵکو هەوڵیدا بیلکێنێت بە یەکێتی سۆڤیتەوە، لە رێگای دامەزراندنی کۆمارە کەم ژیاوەکانی ئازەربایجان و مهابادەوە لە ناوەڕاستی کانوونیەکەمی 1945دا. قازی محەمەد، سەرۆکی کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان و پاشان سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێران، دانرا بە سەرۆکی کۆمارەکە. لە رێکخستندا لە لایەن ئەفسەرانی روسەوە، کوردەکان پاڵپشتییان بۆ کۆمارە تازە دامەزراوەکە کۆکردەوە(8). لەگەڵ ئەوەدا، کۆمارەکە بەزوویی دوای پاشەکشەی هێزی سۆڤیتی لە ئێران، لە 17ی کانوونیەکەمی 1946دا روخاو قازی لە 31ی ئازاری 1947دا، لە سێدارە درا(9).

مەلای سوورو پارتی دیموکراتی کوردستان:
پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ کوردی عێراق، بەشێوەیەکی تووند لە لایەن مەلا مستەفای بارزانیەوە کاری لێکرا. زۆر پێش راپەڕینی کوردی عێراق لە (1961 بۆ 1975)، مەلا مستەفا بوو بوو بە سەرکردەیەکی دیاری کوردی عێراق، کاتێ لە ساڵی 1919و لە ساڵانی سیەکاندا شەڕی بەریتانیەکانی کردبوو، پاشان لە ساڵانی چلەکاندا شەڕی رژێمی پاشایەتی کرد. لە هەمان کاتدا، پارتی رزگاری کوردی لە سەرەتای 1946دا دامەزراند(10). لە سەروبەندی دامەزراندنی کۆماری مهاباددا، بارزانی لە 7ی تشرینیەکەمی 1945دا لەگەڵ شوێنکەوتووەکانیدا لە سنووری عێراق- ئێران پەڕیەوەو پاشان لەژێر فشاری سۆڤێتدا دانرا بە وەزیری بەرگری و بە فەرماندەی سوپای کۆمارەکە. لەگەڵ ئەوەشدا، پەیوەندییەکان لە نێوان بارزانی و قازی محەمەددا زوو پشێوی تێکەوت، چونکە قازی بڕوای بە بیرۆکەی ” یەک حیزب”هەبوو، رەخنەی لە لێبووردنی تایبەتی مەلا مستەفا لە بارزانیەکان گرت(11). دوای نەمانی کۆماری مهاباد لە کانوونی 1946دا، بارزانی رابەرایەتی پێنچسەد لە شوێنکەوتووانی کرد لە شەڕێکدا کە پەنجا رۆژ بەردەوام بوو لەگەڵ سوپای ئێرانی، هەتا لە کۆتاییدا رایانکرد بۆ ئەرمینیای سۆڤێتی و پاشان بۆ ئازەربایجانی سۆڤێتی. بە پشتگیری میر جەعفەر باقرۆڤی سکرتێری پارتی کۆمۆنیستی ئازەربایجان، بارزانی لە 19ی کانوونی دووەمی 1948دا کۆنگرەیەکی لە باکۆ بەست بەمەبەستی یەکخستنی کوردی عێراق و ئێران. لەو کاتەدا هێشتا هەڕەشەی کوردی زیندوو بوو.

مەلا مستەفا ئەو سەرکردە ئازایە بوو کە چەکدارەکانی دەیانپەرست. بەپێی قسەی ئەبوولحەسەن تافریشیان،(١٢):
مەلا مستەفا سەرباری ئەوەی لە قوتابخانە پەروەردە نەکرابوو، پیاوێکی ژیر بوو. ئەو زمانەکانی فارسی و عەرەبی دەزانی و هەروەها بە تورکی قسەی دەکرد…ئەو پێی گووتم: من نە پیشەوەریم [ سەرۆکی کۆماری دیموکراتی ئازەربایجانی دروستکراوی سۆڤێت 1945-1946] نە پەناهیانم [ وەزیری جەنگ لە کۆماری ئازەربایجانی دروستکراوی سۆڤێت 1945-1946] کە سەرۆکی سوپا بوو لە کاتی ئاشتیدا، بەڵام لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕدا رایکرد بۆ باکۆ[ دوای پاشەکشەی سۆڤێت لە باکووری رۆژئاوای ئێران] . من هیج نیم، بەڵکو چەکەکەمم، من خزمەتکاری هیچ هێزێکی تر نیم، نە ئەمەریکاو نە روسیاو نە بەریتانیا. من تەنیا خزمەتکاری بارزانیەکانم”(13).
سەرباری ئەوەی ئاوارەبوونی بارزانی بزووتنەوەی کوردی لە عێراق لاوازکرد، پارتی دیموکراتی کوردی تازا دروستبوو، تا ئەندازەیەک بۆشاییەکەی پڕکردەوە. پارتی دیموکراتی کورد لە کۆبوونەوەیەکدا لە بەغدا لە 16ی ئابی 1946دا دروستکرا لە ژێر نەخشەی مەلا مستەفادا بۆ دامەزراندنی پارتێکی سەربەخۆ لە قازی محەمەدو کۆماری مهاباد. ئەم پارتە پێکهێنرا لە ئەندامانی پێشووی پارتی رزگاری و پارتی هیوا. لە یەکەم کۆبوونەوەدا، هەمزە عەبدوڵا دانرا بە سکرتێری گشتی و مەلا مستەفاش ( کە لە تاراوگە بوو) دانرا بە سەرۆک و شێخ لەتیف و زیاد ئاغا دانران بە جێگرانی سەرۆک. کەسێتی سەرەکی پارتی دیموکراتی کورد هەرچۆنێک بێت، ئیبراهیم ئەحمەد بوو. ئیبراهیم ئەو رۆشنبیرە “کاریگەر”ە بوو(14) کە سەرنووسەری رۆژنامەی پارتی دیموکراتی کورد، رزگاری و خەبات بوو. لە کۆنگرەی دووەمدا لە هاوینی 1951دا، ئەحمەد هەڵبژێردرا بە سکرتێری گشتی. ئیبراهیم ئەحمەد لە کۆنگرەی سێیەمدا لە کانوونی دووەکی 1955دا، ناوی پارتی لە پارتی دیموکراتی کوردەوە گۆڕی بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان. لە سەروبەندی گۆڕینی رژێمی خوێناویدا لە بەغدا، کورد رێکخراوێکی بەهێزی هەبوو، ئامادەبوو بۆ بەدەستهێنانی خواستی درێژخایەنیان بۆ سەربەخۆیی.

2- دەستپێکردن: شیعەی لونبان
تۆ پاشای راستەقینەیت و منیش تەنیا یەکێکم لە بریکارەکانت” شا تاهماسبی سەفەوی بە شێخ موحقیق کاراکی گووت(15).
شیعەی جەبەل ئەمەل:
وەکو یەکێک لە کۆنترین کۆمەڵە شیعیەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست(16)، شیعەی لوبنان خەڵکێکی پەراوێزخراو بوون کە زیاتر لە دۆڵی بیقاع و جەبەل ئەمەل نیشتەجێبوون، لە ناوچە چیاییەکانی باشووری لوبنان لەگەڵ شارەکانی وەکو نەباتیە، مارجیون و بینت جبیل نەبەتیە و مارجاییۆن و بنت جەبیل دەژیان. لە چەوساندنەوەی تووندو تیژدا لە لایەن عوسمانیەکانەوەو بۆ ماوەیەکیش لە لایەن میسریەکانەوە، بۆ زیاتر لە چوار سەدە، شیعەکان ناچارکرابوون کەنارەکانی دەریای ناوەڕاست بەجێبهێڵن و لە شوێنە دوورەکان لە چیا بژین. سوڵتانەکانی سونەو خدێوییەکان و عولەما شیعەی مسوڵمانیان وەکو ” لەڕێ لادەر” لە رێڕەوی سونەی مسوڵمان ویناکردبوو، وەکو دڕندە لە دنیادا دایاننابوون. سەرباری چیرۆکی جیاوازیان لەبارەی ئیسلامەوە، سونە، بەتایبەتی تورکەکان، گومانیان لە بوونی شیعە هەبوو، دەیانگووت شیعە” ئەسپێکە فارس-ئێران- خۆی لە پەنایدا شارۆتەوە”(17). ستەمکردن لە شیعەی لوبنان بریتیبوو لە دەرئەنجامی یەکگرتنی سیاسەت و ئایین.
لە دەستپێکردنیەوە، سەرهەڵدانی شیعە لە لایەن ئێرانەوە کاری لێکراوە. سەرباری بنەماڵە ئێرانیە شیعەکان، وەکو بنەمالڵی بوویید رەگوڕیشە دایلامتی (934 بۆ 1055ی زاینی) و شیعەی زەیدی عەلەوی- ئەلاڤەیدس- ( 864 ب٠ 928ی زاینی)(18). شیعەگەری لە ئێراندا باڵادەست نەبوو، هەتا پێش شا ئیسماعیلی یەکەم. رابەرایەتی شیعەگەرێتی لە لایەن سەفەویەکانەوە شوناسی نیشتیمانی دیاری پێشکەش بە ئێران کردو ئێرانیەکانی لە عەرەبەکان و تورکەکان جیاکردەوە، کە لە لایەن سوڵتانەکانی عوسمانیەوە سەرۆکایەتی دەکران، کە لە ئاکامی داگیرکردنی میسردا لە ساڵی 1517دا، ئیدیعای خەلافەتیان کرد. بە بایەخەوە، شیعەی لوبنان دەورێکی کاریگەریان هەبوو لەم پرۆسێسەدا. پاشاکانی سەفەوی دەستیانکرد بە هەڵگەڕانەوەو گۆڕینی ئێران بۆ شیعەگەری لە رێگای فشارو رازیکردنەوە. بۆ پڕکردنەوەی کەموکورتی لە فیقهی شیعەدا لە ئێران، شا ئیسماعیل داوای لە پیاوانی ئایینی شیعە لە جەبەل ئەمەلی لوبنان و بەحرەین و ئەلئەحسا (رۆژهەڵاتی عەرەبی سعودیە) کرد کۆچ بکەن بۆ ئێران(19). سەرکیترین لەناویاندا شێخ موحقیق کاراکی بوو، کە ناسرابوو بە موحەقیقی دووەم(20)، کە دەسەڵاتێکی بێ سنووری بەدەستهێنا لە ماوەی فەرمانڕەوایی شا تاهماسب کە جێگرەوەی شا ئیسماعیل بوو، بەمشێوەیە شای سەفەوی پێی گووت:” تۆ پاشای راستەقینەیت و من تەنیا یەکێکم لە بریکارەکانی تۆ(21). لە مەرسومێکی ساڵی 1532دا، شا تاهماسب رێزی لە موحقیق نا بە چەسپاندنی ناونیشانی جێگری ئیمام و دواینی موجاهیدین(22). دوای کارتیر، بەهێزترین سەرۆکی پیاوانی ئایینی زەردەشتی کۆتایی سەدەی سێیەم لە سەردەمی ساسانیدا(23). ئەوە دووەم جار بوو کە پیاوی ئایینی بوو بە بەهێزترین پیاوی ئێران. کاراکی و شوێنگرەوەکانی لەناویاندا عەلامە محەمەد باقرمەجلیسی و شێخ بەهائی پیاوانی یاسایی ( فقهاء) پاشاکانی سەفەوی بوون بۆ لە رووداوەستانی پیاوانی ئایینی سونەی پاڵپشتکراو لە لایەن عوسمانیەکانەوە. لە کێبڕکێکردندا لەسەر هەژموونی هەرێمایەتی، ئێرانیە سەفەویەکان و تورکە عوسمانیەکان چەند جەنگێکیان کرد. ئەم جەنگانە هەر زوو ئیقاعی تائیفیان لە نێوان شیعەو سونەدا وەرگرت. ئەمە یەکگرتنی کلاسیکی هێزە جیۆپۆلەتیکی و جیۆکەلتووریەکان بوو کە رێڕەوی سیاسەتی هەرێمایەتیان پێکهێنا بۆ ماوەی زیاتر لە چوار سەدە.
سەرباری دەوری مێژوویی پیاوانی ئایینی شیعە لە فراوانبوونی شیعەگەرێتی لە ئێراندا، پاشاکانی ئێرانی پاش سەفەوی هەرگیز توانایان نەبوو بۆ چاککردنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ شیعەی لوبناندا وەکو ئەوەی سەفەوییەکان کردبوویان. پاشا لاوازەکانی زەندو قاجاری ئێران توانایان نەبوو سنوورەکانی ئێران بە سەلامەتی بپارێزن، نەخواسمە فراوانکردنی دەسەڵاتیان لە وڵاتی شامدا. تاکە شای جیاواز لە شاکانی تر، نادر شا بوو، دوا گەورەترین شای ئێران و ” ناپلیۆنی ئێران”(24) بوو، کە سیاسەتیکی ئایینی جیاوازی لەبەرگرت. نادر شا لە سیاسەتی سەفەوی لە پشتگیریکردنی شیعە ناڕازیبوو، چونکە ئەو بڕوای وابوو کە شیعەگەرێتی ئێران ململانێکانی لەگەڵ ئیمپراتۆرێتی عوسمانی سونەدا چڕکردبووەوە. لەگەڵ لاوازی و دوودڵی پاشاکانی ئێراندا لە پشتگیریکردنی کۆمەڵە شیعەکانی ناوچەکەدا، شیعەی دووری جەبەل ئەمەل، بەشێوەیەکی روو لەزیادبوون لە قەڵەمڕەوی هەژموونی ئێران دوورکەوتنەوە.
تورکە سونەکان بۆ ماوەی زیاتر لە چوار سەدە فەرمانڕەوایی شیعەی لوبنانیان کرد، بەڵام، لەگەڵ روخانی بەرەبەرەی ئیمپراتۆرێتی عوسمانیدا، هەر گروپێکی ئیتنیکی ئایینی کەوتە گەڕان بەدوای پارێزەری دەرەکیدا. دوای هەموو ئەمە، کۆمەڵگای پارچە پارچەبووی لوبنانی مەیلداری پەیوەندیە دەرەکی و ناوخۆییەکان بوو. لە ماوەی سەدەی نۆزدەدا، مارۆنیەکان لە لایەن فەڕەنسیەکانەوە پشتگیری کران و دروزەکان لە لایەن بەریتانیاوەو ئۆرسۆدۆکسە گریکیەکان لە لایەن رووسەکانەوەو سونیەکان لە لایەن سوڵتانەکانی عوسمانیەوە پشتگیری کران. سەرباری پشتگیری رووکەش لە لایەن پاشا لاوازەکانی قاجارەوە، شیعە کەموکورتییان هەبوو لە بوونی هەر پشتگیریکەرێکی دەرەکی دەوڵەتەوە. لەراستیدا، شیعەکان کۆمەڵێکی خاوەن کەمترین هێزبوون لە لوبنان. لەگەڵ چاکسازی کشتوکاڵی عوسمانیدا لە ساڵی 1858دا، چینێکی نوێی پیاوماقوڵان و خاوەنکاری فیودیالی دەوڵەمەند، کە هەروەها لە رووی سیاسیەوە کاریگەربوون، دروستبوو و بەرەبەرە دەسەڵاتیان بەسەر خەڵکی شیعەی ئاساییدا کرد لە میانەی تۆڕە فراوانەکانی چاودێرییەوە (٢٥).
دوای هەرەسهێنانی ئیمپراتۆرێتی عوسمانی، لوبنان هەتا ساڵی 1943 لە سایەی ئینتیدابی بەریتانیادا بوو، کە ئەوکاتە وڵاتەکە لە کۆتایدا سەربەخۆیی خۆیی بەدەستهێنا. یەکەم حکومەت لەسەر بنەمای پەیمانی نیشتیمانی دامەزرێنرا، کە دەسەڵاتی سیاسی لە نێوان مارۆنیەکان و سونەکاندا دەبەشکرد. ئەو پەیمانە- میساق- رێگای بۆ پێکهێنانی سیستێمێکی دەگمەنی کۆمەڵە تائیفیەکان خۆشکرد، کە تیایدا کۆمەڵە ئیتنیکیە ئایینیەکان دوای بەرژەوەندیەکانیان کەوتن وەکو پارتەکان(26). سەرباری ئەوە، پەیمانەکە- میساق- دۆخی شیعەی نەگۆڕی. شیعە لاوەکان راکێشران بۆ لای هێزە سیاسیە نوێیەکان، بەشێوەیەکی سەرەکی راکێشران بۆ لای پارتە چەپە عیلمانیەکان، کە بەڵێنیان دا بە لابردنی بەکاربردن و چەوساندنەوەی گروپە کەمایەتیەکان لە لایەن دەستەبژێری فەرمانڕەواوە(27). دوای مۆڵەتدانی مەرجەعی شیعە ئایەتوڵا ئەلحەکیم(28)، شیعەکان پەیوەندییان کرد بە چەکدارانی فەلەستینەوە. لەگەڵ دەستپێکردنی گۆڕانی کۆمەڵایەتیدا لە کۆتایی ساڵانی پەنجاکاندا، پرۆسێسی گەشەکردنی بەشاریبوون و کۆچکردنی شیعە بۆ بەیروت و شارە گەورەکانی تر، بەسیاسیکردنی شیعە گەنجەکان و زاڵبوونی پیاوماقوڵانی شیعە بەسەر خەڵکی شیعەدا خاوبووەوە. سەرباری ئەوە شیعە دەسەڵاتی سیاسییان بەدەستنەهێنا. بەڵام سەرکردەیەکی کاریزمی لە ئێران لەدایکبوو بە تەنها دۆخی ئەوانی گۆڕی.

سەیدی کاریزمی:
لە ساڵی 1928 لە قوم لە دایکبووە، لە بنەماڵەیەک کە کەلتورێکی بەردەوامی پەروەردەی ئایینی و رایەڵەی پەیوەندی خێزانی هەبووە لە ئێران و لوبنان و عێراقدا. سەید موسا سەدر کەسێتی سەرەکی بوو لە چیرۆکی پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ شیعەی لوبناندا. سەدر هێڵێکی بنەچەی هەبوو دەگەڕێتەوە بۆ پیاوە ئایینیەکانی شیعەی جەبەل ئەمەل. سەید ئایەتوڵا سەدرەدین سەدری باوکی و باپیری ئایەتوڵا سەید ئیسماعیل سەدر، هەردووکیان مەرجەعی بەناوبانگ بوون لە کۆتایی سەدەی نۆزدەو سەرەتای سەدەی بیستدا. باپیرە گەورەی سەید ساڵح کوڕی محەمەد شەرەفەدین، گەورە پیاوی ئایینی بوو لە شاری سوور- تایری-، ناچارکرابوو لوبنان بەجێبهێڵێت و لە نەجەف بمێنێتەوە. سەید موسا لە حەوزەی قوم خوێندویەتی(٢٩). شانبەشانی خوێندنی لە بوواری فیقهدا، سەدر بڕوانامەی لە سکوڵی- کۆلێژی- یاسادا لە ساڵی 1953دا وەرگرت لە زانکۆی تاران کە تازە دامەزرابوو. سەدر بە مۆڵەتی ئاشکرای ناڕاستەوخۆی ساواک چوو بۆ نەجەف بۆ تەواکردنی خوێندنەکەی لە بوواری فیقهدا(31).
لە ساڵی 1955دا، سەدر گەشتێکی کورتی بۆ لوبنانی نیشتیمانی باپیرانی کرد و چاوی بە سەرۆکی شیعەکانی لوبنان کەوت، کە ئایەتوڵا عەبدولحوسەین شەرفەدین ئەلموسەوی ئەلعامیلی بوو. کەسێتی ئەو کاری لێکرد، شەرەفەدین داوای لێکرد لە لوبنان بمێنێتەوەو بەرپرسیارێتی شیعەکان بگرێتە ئەستۆ. بەڵام لەو کاتەدا سەدر بابەتی گرنگتری هەبوو. لە سەرەتای ساڵی 1957دا، سەدر گەڕایەوە بۆ قوم و گۆڤارێکی ئایینی دەرکرد بەناوی ( وانەکان لە خوێندنگای ئیسلامەوە، هەروەها ناسراوە بە مەکتەبی ئیسلام) بە پشتگیری ئەیەتوڵا موحەمەد کازم شەریعەتمەداری و ئایەتوڵای مەزن بۆرجۆردی. ئەم گۆڤارەی سەدر بەختیاری بەڕێوەبەری ساواکی وریاکردەوە، کە ئەو واتە بەختیارگۆڤارەکەی بە” بۆڵەو خورتەی کۆمۆنیست” لە قومەوە ناوبرد. لەگەڵ ئەوەشدا دواتر لە لایەن سەدرەوە قایلکرا کە مۆڵەتی بڵاوکردنەوەی بە گۆڤارەکە دا(32). پاشان لەناو نووسەرانی گۆڤارەکەی سەدردا، مەرجەعی شیعەی وەکو محەمەد حوسەینی بەهەشتی و ناسر مەکاریم شیرازی و جەعفەر سوبحانی و مەجدەدین مەهەلاتی و عەبدولکەریم مورتەزا جەزائیری و حوسەین نوری هەمەدانی و موحەمەد واعیز زادە خۆراسانی و عەلی داوانی هەبوون. سەدرو بەهەشتی و مەکاریم شیرازی هەروەها نەخشەیان دانا بۆ داهێنانی پێوانەیەکی نوێ بۆ چاکسازیکردن لە سیستێمی پەروەردەی حەوزەی قوم. لەراستیدا، چالاکیەکان و بەهرەی سەدر مژدەی قوتابخانەیەکی نوێی بیری شیعەی بەخشی. بەڵام زنجیرەیەک رووداوی پێشبینینەکراو بوواریان پێنەدا لە خوێندنە ئایینیەکانی بەردەوام بێت. سەدر لەچارەی نووسرابوو ببێت بە سەرۆکێکی گەورە لە وڵاتێکی بچووکدا.
سەرچاوەکان:
1- Bayat, Kaveh, Vagbayab-e Ararat:Khaterat-e EhsanNuri Pasha (Ararat events: Ihsan Nuri Pasha’s Menories). (Tehran, 1999).
2- Rehran, The Center of Court and Prime Ministry Documents, No. 17353.
٣-چەند راپۆرتێکی سەرەکی هەن کە خێڵە کوردەکان لە ژێر فەرمانی فەرماندە تورکەکاندا بەشداری جینۆسایدی ئەرمەنیان لە رۆژهەڵاتی تورکیا و باکووری سوریا کردووە.
4-Chaliand, Gerard, A People without a Country: The Kurds and Kurdistan, (Interlink pub Group Inc., 1993), p. 48.
٥- نزیکەی حەوت سەد هەزار کورد لە لایەن سوپای تورکەوە لە زێدی خۆیان دوورخرانەوەو بڕواش وایە چوارسەد هەزار کەس مردوون.
٦- کەسێتی دیاری راپەرینی ئارارات ئیحسان نوری پاشا بوو، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارە کوردەکان بوو، ساڵی ١٩٧٦ لە تاراوگە لە تاران کۆچی دوایی کرد.
7- Documents of Political Studies and Researches Organization [Asnad-e Motaleat va pajouheshhay-e siasi], S. 1307, p. 28.
٨- کۆماری مهاباد لە ناوچەکی بچووکدا دروستکرا، کە مهابادو شار نزیکەکانی پیرانشەهرو شنۆی دەگرتەوە.
٩- قازی لە لایەن کەسانی سوپای ئێرانیەوە لە سێدارە درا، بەتایبەتی ژەنەرال حاجی عەلی رەزمارا. وادیاربوو کە شا دژی لە سێدارەدانی قازی محەمەد بووبێت. دواتر شا یارمەتی دارایی بنەماڵەکەیی داو محەمەدو سەیفی کوڕی نارد بۆ ئەوروپا.
١٠- رزگاری نەیاری سەرەکی هیوا بوو کە پارتێکی کوردی بوو، رزگاری لە لایەن نامیق سەلیم جافەوە دروستکرابوو لە ساڵی ١٩٤٠دا.
11- McDowall, David, A Modern History of the Kurds. (London: 1.B Tauris, 2007 ed.). p. 242.
١٢- تافریشیان ئەفسەرێکی سەربە پارتی تودە بوو، کە بەشداری راپەڕینی ئەفسەرانی خۆراسانی کرد لە تەموزی ساڵی ١٩٤٥دا لە تورکمان سەحرای باکووری رۆژهەڵاتی ئێران. هەروەها بەرپرسی تۆپخانە بوو لە کۆماری ئازەربایجانی دەستکردی سۆڤێتدا ساڵی ١٩٤٥-١٩٤٦.
13- Tafreshian, Aboulhasan, Qiam-e Afsaran-e Khorasan (The Revolt of Khorasan Officers). (Atlas, Tehran, 1988), p. 112-115.
14- SAVAK Documents, No. 313/29188, 5 may 1963.
15- Qaffari, Qazvini, Qazi Ahmad, Tarikh-e Jahan-Ara. ( Hafez Press. 1343). P. 285.
١٦- کۆنترین کۆمەڵی شیعە لە جیهانی ئیسلامیدا بریتی بوو لە کۆمەڵی شیعە لە حیجاز.
17- Norton, Augutus R. Hezbollah: A Short History. ( Princeton University Press, 2007), p. 13.
١٨- لە گەیشتنیدا بە لوتکە، بوویدس فەرمانڕەوایی بەشێکی فراوانی عێراقی نوێ و ئێرانی کرد، بێجگە لە باکووری عێراق و رۆژهەڵات و باکووری ئێران لەکاتێکدا ئەلاویدس ناوچەیەک بوو لە باکووری ئێراندا دیاری کرابوو،
١٩- مێرگێکی کۆنە لە رۆژهەڵاتی عەرەبی سعودی و کەناری باشووری کەنداوی فارسی.
٢٠- ناوی راستەقینەی( کاراکی) نورەدین ئەبووحەسن عەلی بن حوسەین بن عەبدول عەلی بوو. بێجگە لە کاراکی، حەسن بن زەینەدین ناسراوە بە ساحیبی مەعالم و محەمەد بن عەلی ناسراوە بە ساحیبی مەداریک، کە دووان لە پیاوە ئایینیە هەرە بەناوبانگەکانی شیعەی لوبنان بوون، کە کۆچیان کرد بۆ ئێران. کە هەموویان بە عەمیل ناسراون.
21- Qaffari Qazvini, Qazi Ahmad, Tarikh-e Jahan-Ara. (Hafez press, 1343). P. 285.
٢٢- ئەمیر ئەرجومەند سەعید دوو فەرمانی-مەرسوم- شا تەهماسبی وەرگێڕاوەو چاپی کردووە کە سەبارەت بە پیشەی دەوڵەتداری و دەسەڵاتداری شێخ عەلی ئەلکاراکیە لە:
-Authority and Political Culture in Shi’im, ed. S. A. Arjomand. (Albany, 1988). pp. 255-6; and Amir Arjomand, Saeed, The Shadow of God and the Hidden Imam: Religion, Political Order and Social Change in Shi’ite Iran from the Beginning to 1890, (Chicago, 1984). Pp. 133-34.
٢٣- کارتیر، یان کاردیر لە لایەن پاشای ساسانی هورمزی یەکەمەوە کە ٢٧٠-٢٧١ ی زاینیدا فەرمانڕەوابوو، کوری شاپوری یەکەم بوو کە لە ٢٤٠ بۆ ٢٧٠ فەرمانڕەوابوو، دانرا بە ” سەرۆکی پیاوانی ئایینی زەردەشتی”. کارتیر رۆڵێکی گەورەی هەبوو لە بەرزکردنەوەی شێوازی ئۆرسۆدۆکسی زەردەشتی خۆی و لە لەسێدارەدانی مانیدا( ٢٤٠-٢٧٠ی زاینیدا) کە پەیامبەرو دامەزرێنەری مانیزم بوو. پاشای ساسانی بەهرامی دووەم کە لە ٢٧٦ بۆ ٢٩٣ فەرمانڕەوابوو، ناونیشانی( موبادی رزگارکەری گیانی بەهرام)ی پێدا، پاشان داینا بە ( سەرۆکی پیاوانی ئایینی ئێران و قازی قازیەکان). دەسەڵاتی کارتیر لاواز بوو لەگەڵ یاخیبوونی شا نارسیهدا لە ساڵی ٢٨٤دا.
24- Axworthy, Michael, The Sword of Persia: Nader Shah, from Tribal Warrior to Conquering Tyrant (1.B. Tauris, 2006). P. xvii.
٢٥- بنەماڵەی رائید زواما ئەمانەی لەخۆدەگرت ئەلئەسعەد، حەمادە، بەیزوون، خەلیل، ئۆسایران و ئەلزەیان.
٢٦- بەپێی میساقەکە- رێکەوتنەکە-، کۆمەڵگای لوبنانی دانینا بە ئیمتیازاتی سیاسی بیرۆکراسی- ئیداریدا- بۆ هەر یەکە لە حەقدە پێکهاتە تائیفیەکەی. لە دوای شەڕی ناوخۆی ١٩٧٥ بوو بە هەژدە کۆمەڵە.
٢٧- ئەم پارتانە پارتی کۆمۆنیستی لوبنانی و دوو باڵی پارتی بەعسی سۆشیالیست( باڵی سەربە عێراق کە سەرکردایەتی دەکرا لە لایەن عەبدولمەجید ئەلرەفاعی سونەو مەسیحی گریکی نیکۆلا ی. فێرزلی، هەروەها باڵی سەربە سوریا کە عاسیم قانسۆی شیعە سەرکردایەتی دەکرد، هەروەها بزووتنەوەی ناسیونالیستی عەرەبی، بزووتنەوەی ناسیونالیستی چەپی دروزی لوبنانی کە لە لایەن کەمال جومبەڵاتەوە سەرکردایەتی دەکرا، سۆشیالیستە پێشکەوتنخوازەکان، پارتی میللی سوری، بەتایبەتی رێکخراوی چالاکی کاری کۆمۆنیستی و پارتی ناسیونالیستی کۆمەڵایەتی سوریا، کە پشتگیری بیرۆکەی ” سوریای گەورەتر”ی دەکردو بەشێوەیەکی زۆر لە لایەن حکومەتی سوریاوە پاڵپشتی دەکرا، کە گەنجی شیعەی سارنشینی رادەکێشا.
28- Nasr, Vali, The Shia Revival: How Conflicts within Islam will Shape the Future. (W. W.Norton & Company, apr 17, 2007). P. 111.
٢٩- مامۆستاکانی سەدر لە قوم بریتی بوون لە ئایەتوڵای مەزن حوسەین تەباتەبایی بۆرۆجێردی، ئایەتوڵا محەمەد موحەقیق دامەد، محەمەد حوجەت کۆ کۆمێری، عەلامە محەمەد حوسەین تەباتەبایی، ئایەتوڵا ئەحمەد خونساری، ئایەتوڵا روحوڵا خومەینی، ئایەتوڵا سەید جالالەدینی تاهیری ئەسفەهانی، ئایەتوڵا محەمەد باقر سوڵتانی، ئایەتوڵا عەبدولجەواد جەلال ئامیلی و ئایەتوڵا حوسەین عەلی مونتەزیری.
٣٠- مەنسور قادر، باڵیۆزی ئێران لە بەیروت و نەیاری سەرەکی سەدر لە لوبنان، گووتی گوایە سەدر بایەخی بە سۆشیالیست داوە. بۆ یەکەمجار، ساواک ناوی ئەوی هێنا لە کۆنگرەی قوتابیانی چەپدا لە زانکۆی تاران. ئەو کە هات بۆ زانکۆ عەمامەی نەبەستبوو، بەڵام لە کۆبوونەوەو گردبوونەوە رەسمیەکاندا عەمامەی دەبەست. هەروەها گووتی گوایە “سەید موسا نەیوویستووە بچێت بۆ نەجەف… پاشان خێزانەکەی فشاریان خستووەتەسەری بۆ ئەوەی تاران بەرەو نەجەف بەجێبهێڵێت و لەوێ زانستی ئایینی بخوێنێت. بروانە:
-Interview with Major General Mansour Qadar, Oral History, Foundations for Iranian History.
31- SAVAK Documents, No. 15/5/9880, 24 August 1959.
مامۆستاکانی سەدر لە نەجەف بریتی بوون لە ئایەتوڵا سەید موحسین ئەحەکیم، ئایەتوڵا ئەبوو ئەلقاسم خوئی، حاجی شێخ حوسەین حیلی، سەدرا بەدکوبی، ئایەتوڵا مورتەزا ئەلیاسین و ئایەتوڵا عەبدولهادی ئەلشیرازی.
32- SAVAK Documents, No. do.1364/20944, 2 June 1959.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت