عیماد عەلی: لە نێوان کەلەرەقی و ملکەچی بۆ بەغا.
مێژوو زۆر شتی لەم بابەتەمان بۆ باس دەکات و باش دەزانین کە هەمیشە کورد خۆی ماڵی خۆی وێران کردووە، یان ساویلکانە رەفتاری کردووە، یان دوژمنانی خاڵە لاوەزەکەیان قۆستۆتەوە، یان بە خۆی لە پێناو بەرژەوەندیەکی بچوکی ناوچەیەک، یان هۆز و عەشیرەتێک یان بنەماڵەیەک پرسە گشتیە نەتەوەییەکەی خستۆتە قورٍگی شێرەوە و زۆرجار بۆ قازانجێکی کەمی کورتمەودا ملکەچی دوژمنەکانی بووە. بەڵام ئەوەی ئێستا و بە تایبەتی لەم کاتە و لەم بارودۆخەی هەرێمی کوردستاندا دەبینرێت، ماڵوێرانیەکی زۆر گەورە و کەوتنە سەرساجی عەلیی پرسی کوردە لە هەر چوار پارچەکە بە گشتی نەک ناوچەیەک و عەشیرەتێک و بنەماڵەیەک بێت.
ئەوەی دەبینرێت، لایەنێکی کێشەکە لە کەلەرٍەقی خۆی بەردەوامە و سەر کەلی شاخێکی فشەڵ و بەتاڵی گرتووە و نایەتە خوارەوە، بە فیزلی و خۆبە گەورەزانی و خەیاڵی بەرزرٍاگرتنی خۆی لەسەر برایانی خۆی نەک ئەویتری نەیار و دوژمن، رەفتار دەکات. لایەکەی تریش لە بارێکدایە ئاشەکەی خوا دەیگێرٍێت و بێ سەلیقەیی سەرکردایەتی و کەم ئەزمونی و سەرکەشی و هەرزەکارانەی کاری سیاسی و نەبوونی سەرکردایەتی و پەرشوبڵاویی وای لێکردووە کە لەم ململانێەدا کەوتۆتە پەلەقاژە و بە شێوەیەک بەرچاوی لێڵ بووە، لەپێناو زیانبەخشین بە لایەنی کوردی بەرامبەرەکەی، ملکەچیی نەیار و دوژمنی سەرەکی کردۆتە ئامانج و بۆتە خاڵی لاوازی هەرێمی کوردستان و پرسە مێژووییەکەی لە یاریەکەدا.
لەم بارەشەوە لایەنی سێیەم چی نێوخۆیی عیراق بێت یان دەوروبەر، لە خۆشی نەزانیی ئەمانەی کورد خەریکە شاگەشکە دەکات و بە ئاسایی و ئاسانی خەریکی یاریە و ئەوەی دەیەوێت بەم دوولایەنەی نێوخۆ جێبەجێی دەکات و بە خۆیشی لەدوورەوە دانیشتووە و مێش میوانی نیە و کوردستانی لەهیچ کاتێکدا بەم لاوازی و بێدەربەستیەی نەبینیوە.
ئەوەتا دەبینین لە بێ حیکمەتی و کاری منداڵانەی سەرکردایەتی هەردوولایەنی کورد باری سیاسی و ئابووری گەلی کوردستان گەیتشتۆتە لاوازترین خاڵی خۆی و هیچ کات بەم شێوەیە نەبووە لە رۆخی کەوتنێکی مەزندا بێت و نزیک بێت لەوەی بە تەواوی تەفروتونا بێت.
ئەوەتا تورکیای قەرداش بیوگی لایەکیان و ئێرانی ئاغای بزرگی ئەویتر، ئەم هەلەیان قۆستۆتەوە و بە هەموو شێوەیەک یاریان پێدەکەن، عیراقیش بە هاندان و رێنمایی دەرودراوسێکانی و مەرامی قەومەچیەکانی ئەم هەلە لەدەست نادات و بە فێڵبازی فارسانەوە مامەڵە لەگەڵ کۆی گشتی پرسەکەدا دەکات و وا دەکات ئەوەی ناوی پرسی کورد و ئایندەی نەوەکانێتی بێ شەرٍ و قوربانیدان بۆ مەودایەکی دوور بخاتە جاڵێکی قووڵەوە.
ئەوەی دەمێنێتەوە و ئەم دوو لایەنە لێی بێئاگا و بێ خەبەرن و نزیکی نابنەوە ئەوەیە، لە ململانێی ماڵوێرانکەری خۆیان ناکەون: یەکێک لەم دووانە هەڵوێستێکی بێ وێنەی دەگمەنی مێژووییانە مامەڵەکردن لەگەڵ پرسەکە و بارەکەی کورد بۆ خۆی بە گشتی تۆمار ناکات، ئەگەر بە لاوازی و تەنانەت نەمانی خۆیشی بکەوێتەوە مل بۆ ئەویتر نادات، بۆیە دەبێت چاوەرٍێی هیچ دەرئەنجامێک نەکەین و چاوەرٍێی ئەوە بین ئەم ماڵوێرانیەی مێژووی ئەم گەلە ستەمدیدەیە چەندین بارە بێتەوە.