خالید مەجید فەرەج: سەرچاوەی ئەخلاق لەنێوان نیتچە و مارکسدا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەخلاق لەلای نیتچە بێ دەسەڵاتەکان دروستیان کردووە بۆ ئەوەی سنوورێکی پێ بۆ دەسەڵاتی بەهێزەکان پێ دابنێین، بەڵام لەلای مارکس ئەخلاق دەستکردی بە هێزەکانە بۆ ئەوەی سەیتەرەی بە سەر لاواز و بێ دەسەڵاتاندا پێ بکەن. لێرەدا دوو هەڵوێستی دژ بە یەک دەبینین. جیاوازییەکی زۆر هەیە لە وێنا کردنی یەک دیاردەدا لەنێوان دوو فەیلەسووفدا کە لە یەک سەردەمدا ژیاون. ئەخلاق لەلای نیتچە هەر وەکوو بینیمان دروست کراوی بێ دەسەڵاتەکانە و لەلای مارکس دەستکردی بەهێزەکانە و مەبەست لە دروست کردنی ئەخلاق لەلای مارکس ئەوەیە، ئامرازێک بێت بۆ کۆنترۆڵ کردنی لاوازەکان بەکاری بهێنێت و لەلای نیتچەش ئامرازێک بێت بەدەست بێ دەسەڵاتانەوە بۆ سنووردانانێک بۆ دەسەڵاتی بە هێزەکان، بێ گوومان نیوانی ئەو دوو فەیلەسووفە لەو مەسەلەیەدا زۆر بەرینە، بەڵام ئەگەر نەختێک بەوردی سەیری بکەین، ڕەنگە خاڵی هاوبەشیش لەنێوانیاندا بدۆزینەوە.
پێش ئەوەی باس لە خاڵە هاوبەشەکانی نێوان ئەو دوو تیۆرییە بکەین، با سەرەتا لەسەر خاڵە جیاوازەکانیان بوەستین بۆ ئەوەی لە سروشتی ئەو ناکۆکییەی نێوانیان بگەین.گوتمان ئەخلاق لەلای نیتچە دەستکردی بێ دەسەڵاتان و لەلای مارکس دەستکردی زۆردار یان بەهێزەکانە، یەکەم هەنگاو بۆ تێگەیشتن لە بنەمای ئەو ناکۆکییە ئەوەیە کە بپرسین، ئایا کێن ئەو بەهێزانە و کێن ئەو بێ دەسەڵاتانە؟ لەلای نیتچە بەهێزەکان تەواو جیاوازن لە کەسایەتی و سروشتیاندا لەگەڵ عەوامی خەڵکەکەدا و ئەوەش ڕێگەیان پێ دەدات دەسەڵاتدار بن بێ گومان هۆکاریش بۆ ئەوە هەیە ئەوانە خاوەن بەها گەلێکی ئۆرستوکراتین کە وای لێکردوون هەست بە جیاوازی لە عاممەی خەڵک بکەن، بەڵام لەلای مارکس بەهێزەکان چینە دەسەڵاتدارە ئابوورییەکان کە جیاوازییەکەیان لە عاممەی خەڵکەکە لە بارە کۆمەلایەتی و ئابوورییەکەدایە نەک لە سیفەتە شەخسییەکانی خۆیاندا بێ دەسەڵاتەکان لەلای مارکس ئەو چینە کۆمەڵایەتییانەی لای خواروون کە دەچەوسێنەوە واتا کرێکار و جووتیار و وردە کاسبکاران و لاوازییەکەیان دەستی خۆیانی تێدا نییە و لە ئاکامی ئەو بارودۆخە دەرەکییانەیە کە خستوونیەتە ئەو پێگەیەو،ە واتا لاوازی کردوون. مارکس هیچ ڕۆشنایییەکی لە ڕزگاربوونی ئەوان و مرۆڤایەتی بە شێوەیەکی گشتی نەدەبینی تەنیا لە شۆڕشدا نەبێت، لەدژی ئەوانەی کە دەیانچەوسێننەوە. بەڵام لەلای نیتچە بێ دەسەڵاتەکان هەر بەتەبیعەت نزمن، واتا لای خوارەوەی پلەبەندی کۆمەڵایەتیدان، واتا لە ناخی خۆیاندا هیچن. ئەوەش وای کردووە کە خراپکاری لەناو سینگیاندا پەنگ بخواتەوە. نەک وەک ئەوەی کە مارکس دەیڵێت: گوایە لاوازییەکەیان لەدەستی خۆیاندا نییە و چینە باڵاکە وای کردووە کە ئەوانە وا بژین، واتا ئەوە ئاکامی دەنائەت و خراپی چینە باڵاکەیە(لەڕووی ئابوورییەوە)، بەڵکوو لەلای نیتچە ئەوە لە ئاکامی تەمبەڵی و ئەو نزمییەیە کە تێیاندایە و هۆکاری هەوڵ نەدانیانە بۆ گۆڕینی ئەو دۆخەی کە تێیدا دەژین.
بەپێی ئەم ڕوونکردنەوەیە ئێستا دەتوانین باشتر لە هەر دوو هەڵوێستەکە بگەین، نیتچە وای دەبینێت کە بێ دەسەڵاتەکان بەهۆی نزمی و بێ توانایی خۆیانەوەیە و لەبەر ئەوەی لە بەهێزەکان دەترسن کە بە تەبعیەتی خۆیان جیاوازن، هاتن فێڵی ئەخلاقیان داهێنا بۆ ئەوەی لەو باڵا دەستییە بیانپارێزێت. ئەوەش لەڕێگەی سیستەمێکی ئەخلاقییەوە کە داوا دەکات جیاوازییە سروشتییەکان ڕەت بکرێتەوە و بەهاکانی بەزەیی و ڕەحم پێکردن و بەشداری و… هتد بڵاو بکرێتەوە. ئەو بەهایانە هەر وەک نیتچە بۆی دەچێت، تەنیا ئامانجی پارێزگاری کردن لە لاوازەکانە لە دەسەڵاتی بەهێزەکان و کورت کردنەوەی نینۆکە تیژەکانیانە. بەڵام مارکس پێچەوانەی ئەوە وای دەبینێت کە بەهێزە دەسەڵات دارەکان لە ڕووی ئابوورییەوە و ئەوانەی ئیستیغلالی ڕەنج و ماندوو بوونی لاوازەکان دەکەن، ئەخلاقیان دروست کردووە بۆ ئەوەی زەمانەتی ڕەزامەندی چەوساوەکان بکەن بەو زوڵم و واقیعەی کە تێیدا دەژین ئەویش لەڕێگەی بڵاوکردنەوەی بەهاکانی ملکەچی و ڕازی بوون بە قەدەر و زاهیدی و دوورکەوتنەوە لە لەزەتەکانی دنیا و هەتا دوایی، دەوڵەمەند و دەسەڵاتدارەکان خۆیان لە پشت پەردەی ئەو ئەخلاقەوە دەشارنەوە، چونکە ئەوە لە تۆڵەکردنەوەی مەزڵوومان لێیان دەیانپارێزێت و وا لە چەوساوەکان دەکات کە هێمن بن و لە دژیان ڕانەپەڕن. دوای ئەو ڕوونکردنەوەیە لە سروشتی ئەو جیاوازییە توندەی نێوان مارکس و نیتچە بەرامبەر بە ئەخلاق جێگەی گومانە کە خاڵی هاوبەشیان هەبێت، بەڵام لە ڕاستیدا خاڵی هاوبەش و بە یەک گەیشتن لە نێوان هەر دوو لادا  بە فیعلی هەیە.
یەکەم هەردووکیان ڕێک کەوتوون لەسەر ئەوەی کە ئەخلاق دروست کراوە، واتا دەستکردی مرۆڤە. ئەمەش ئەو بنەمایە هەڵدەوەشێنێتەوە کە زەمانێکی دوورودرێژ باو بوو و تاوەکوو ئێستاش هەر باوە، کە دەڵێت: ئەخلاق، یان ئەوەتا فیترەتی مرۆڤە و لەگەڵ مرۆڤدا لە دایک دەبێت، یانیش لەگەڵ لە دایک بوونی مرۆڤدا دروست نابێت، بەڵکوو سەرچاوەکەی ئیلاهییە و لەڕێگەی وەحی یان ڕێنمایییە ئیلاهییەکانەوە هاتووەتە خوارەوە. بۆیە دەکرێت ئەو هەڵوێستەی نیتچە و مارکس لەمەڕ دروست بوونی ئەخلاق وەک شۆڕشێک لە قەڵەم بدرێت بەسەر ئەو باوەڕەدا.
دووەم خاڵی هاوبەش لە نێوان نیتچە و مارکسدا ئەوەیە کە ئەخلاق ڕێژەییە، واتا ڕەها نییە لە هەموو زەمان مەکانیکدا هەر یەک شت بێت و نەگۆڕ بێت، چونکە هەر وەکوو گوتمان ئەخلاق لەلای ئەو دوو فەیلەسووفە دەستکردێکی مرۆیییە، واتا دیاردەیەکی مرۆیییە، ئەوەشی مرۆیی بێ بە دڵنیایییەوە سەر بە دنیای گۆڕاو و لە دۆخێکەوە بۆ دۆخێکی دیکە چوون دەبێت، بە واتایەکی دیکە سەر بە دنیای سروشت دەبێت کە جێگیری نازانێت و بەردەوام لە گۆڕاندایە، هەر وەکوو گوتمان لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە یان لە زەمانێکەوە بۆ زەمانێکی دیکە.
سێیەم/ ڕێژەیی ئەخلاق و سروشتە مرۆیییەکەی، ئاکامێکی لەسەر دروست دەبێت کە دەڵێت سیستمە ئەخلاقییەکان فرەن، واتا یەک سیستەمی ئەخلاقی نییە لە هەموو کۆمەڵگەکاندا، تەنانەت لە یەک زەمان و سەردەمیشدا ئەمەش ئەوەیە کە نیتچە تەئکیدی لەسەر کردووە کاتێک کە باس لە ئەخلاقی سەید و کۆیلەکان دەکات، هەروەها مارکسیش کاتێک کە باس لە جیاوازی ئەخلاق لە نێوان چینەکاندا دەکات و چۆن چەوساوە جۆرێک لە ئەخلاقی هەیە کە جیاوازە لە ئەخلاقی چەوسێنەرەکەی.
چوارەم/ ڕێککەوتنێک هەیە لە نێوان مارکس و نیتچەدا کە ئەخلاق دیاردەیەکی ڕەسەن نییە و جیا بێت لە هەموو کاریگەرییەکی دەور و بەری و پێویستی بە هیچ شتێکی دەرکی نەبێت بۆ دروست بوونی، بەڵکوو هەر وەکوو نیتچە و مارکس بۆی دەچن لە ئاکامی فاکتەری قووڵی پێش خۆی دروست بووە. ئەو فاکتەرانە لەلای مارکس بناغەکەی ئابوورییە و لە گرنگترینیان پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنانە کە بە پێی مارکس کاریگەری لەسەر بەرهەم هێنانی زیهنی و فیکری ئینساندا هەیە، وەکوو ڕۆشنبیری و فیکر و ئەخلاق بە واتا ئەفکاری خەڵک و باوەڕ و موعتەقەدیان و هەموو ئەو تەسەورانەی کە لە عەقڵی مرۆڤدا هەن تەنانەت ئایینیش بەپێی کارل مارکس و فەلسەفەکەی ڕەنگدانەوەی واقیعە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکەیە، یان هەر وەکوو مارکس بە زمانەکەی خۆی ناوی دەنێت بنیاتی سەرەوە (سەرخان)کە پێک هاتووە لە کەڵچەر و ئایین و ئەخلاق و شتی دیکەی زۆر، کە ئەوانە هەمووی ڕەنگدانەوەی بنیاتە بناغەییەکەن (ژێرخان). بەڵام لەلای نیتچە ئەخلاق ئاکامی فاکتەری دەروونی و ژیاری مەعنەوییە وەکوو ئەخلاقی کۆیلەکان کە ڕەنگدانەوەی نزمی و لاوازیانە و ئەخلاقی سەیدەکانیشیان یەکێکە لە دیاردەکانی هێز.
پێنجەم/ هەریەک لە نیتچە و مارکس، ئەخلاقی مەسیحییەت و ئایینییان ڕەت کردەوە کە بە شێوەیەکی گشتی لە وەحییەکی ئیلاهییەوە دێت، واتا لە سەرچاوەیەکەوە کە بەرزترە لە واقیعی مرۆڤایەتی. بەوەش بووە بە ئەخلاقی ڕەها و هەر وەکوو ئایینەکان دەڵێن بۆ هەموو زەمان و مەکانیک دەشێت. هەر یەک لە مارکس و نیتچە ئەخلاقی مەسیحی و ئایینیان ڕەت کردەوە لەبەر ئەوەی زۆر لە خەڵک دەکات کە پەیڕەوی بکەن، تەنانەت ئەگەر لە بەرژەوەندی خۆشیاندا نەیەتەوە، چونکە ڕێنماییەکە لە حیکمەتی ئیلاهییەوە سەرچاوەی گرتووە و بە هیچ جۆرێک موناقەشەی نییە، بۆیە بەپێی نیتچە بەهێزەکان گوێڕایەڵی ئەم ڕێنمایییانە دەبن کە بەهۆی فێڵی لاوازەکانەوە گوتراوە گوایا سەرچاوەکەی ئیلاهییە. لەلای مارکسیش ئەمە وای کردووە کە لاواز و چەوساوەکان قەناعەت بەو وەزعەی خۆیان بهێنن و پەیڕەوی ئەو ئەخلاقە بن کە گوایە سەرچاوەکەی ئیلاهییە و نابێت ڕابپەڕن بۆ گۆڕینی ئەو وەزعە ناهەموارەی خۆیان( لەلای ئێمەی ڕۆژهەڵات دەڵێین ئەوە ناوچەوان قەدەرمانە دەبێت هەروابین) پیاوانی ئایینیش فەتوایان لە دژی هەڵگەڕانەوە لە حاکمی زۆردار دەرکردووە بەوەی کە هەڵگەڕانەوەیە لە نوێنەری خودا لەسەر زەوی و… هتد.
شەشەم/ ڕەتیان کردەوە کە کار و کردەوەی ئەخلاقی ببەستنەوە بە سزا و پاداشتی ئاخیرەتەوە، واتا لە ئاخیرەتدا لەسەر کارێکی خراپ کە لە دنیادا کردووەتە سزا بدرێت و لەسەر کارێکی باش پاداشت وەربگریت. بەپێی نیتچە ئاکاری دیاری ئەو کۆیلانە، یان بێ دەسەڵاتەکانە. چونکە بەهۆی ئەوەوە ئیبتیزازی بەهێزەکان دەکەن، بۆ ئەوەی زۆرترین بڕ لە دەستکەوتیان لێیانەوە دەست بکەوێت. لەلای مارکسیش ئامرازێکی گرنگە لە ئامرازەکانی باڵادەستی و کۆنترۆڵ کردنی نەدارەکان لەڕێگەی بەڵێن پێدانیان، ئەگەر لەمە دنیا قبووڵی ئەو ئازار و زەحمەتە بکەن لەوە دنیا ئیسراحەت دەکەن و بە ئیعتیبارێک هەرچییەک دەگوزەرێت لەلای خوداوە دانراوە کە ببێت و ئەوە تاقی کردنەوەیەکە لەلایەن خوداوە بۆیان و جەننەت چاوەڕوانیان دەکات و ئەو زاڵمانەش ئاگری جەهەننەم لە پێشوازیاندایە.
حەوتەمین/ ڕێککەوتنێک لەنێوان نیتچە و مارکسدا هەیە کە جیهانی زەمینی (ئەمە دنیا) تاکە دنیایە و لەسەر مرۆڤە هەوڵ بۆ گۆڕینی بەرەو باشتر بدات، واتا لەبری ئەوەی خۆی بە وەهمی دنیایەکی خەیاڵاوی لەدوای مردنەوە خەریک بکات دەبێت دنیای خۆی باشتر بکات. لە واقیعیشدا ئەمە یەکێک بووە لە گرنگترین ئەو هۆکارانەی کە وای لە نیتچە و مارکس کردبوو ڕەخنە لە ئەخلاقی ئایینی بگرن، کە ڕایەڵەکانی ئەوە دنیا بە توندی ڕایان دەکێشێت و وا لە مرۆڤ دەکەن وابەستەی ئەمە دنیا واتا واقیعی ژیانی خۆیان نەبن و مەوقیفێکی ئەرێنی بۆ گۆڕینی ئەو واقیعە ژیارییەی خۆیان وەرنەگرن، چونکە ئەخلاقی ئایینی هەر وەکوو پێشتر گوتمان، داوا دەکات تەحەمولی ئەو واقیعە و ئەو ژیانە تاڵەی بکات و ڕازی بێت بە قەدەر و ئیرادەی خودا و… هتد. بەمەدا بۆمان دەر دەکەوێت کە هەریەک لە نیتچە و مارکس بەشدار بوون لە هێرش بردن و زۆر بەتوندی بەرەنگاری ئەو ئەخلاقە ئایینییە بوونەتەوە، هەرچەندە هۆکاری هاوبەشیشیان لەوەدا نەبووبێت. هەرچی نیتچەیە هێرش دەکاتە سەر ئەخلاقی ئایینی لەبەر ئەوەی کە نکۆڵی لە ژیان و بانگەواز بۆ کوشتنی دەکات. بەڵام مارکس لەبەر ئەوە هێرشی کردووەتە سەری، چونکە چاو لە زوڵم و زۆری کۆمەڵایەتی دەپۆشێت. لەبەرامبەر ئەوەدا دەبینین نیتچە داوای گۆڕینی واقیعی مرۆڤایەتی دەکرد، بێگومان بە ئاراستەی کاراکردنی ئیرادەی هێز و خەلق کردنی مرۆڤێکی باڵا لە سەر پروسکی دوایین مرۆڤی ئەخلاق نزم و تەبع سووک. مارکسیش لەلای خۆیەوە داوای شۆڕشێکی کرد کە چینە چەوساوەکان پێی هەڵبسن بە ئامانجی دروست کردنی قۆناغە سۆسیالیزمەکە وەک هەنگاوی یەکەم کە کار بۆ کۆتایی پێ هێنانی موڵکیەتی تایبەتی و کۆتایی هێنان بە چینایەتی و ئیستیغلال دەکات و ڕێگە خۆش دەکات بۆ قۆناغی شیوعییەت و هەر وەکوو مارکس دەڵێت، ئەو دەمە یەکسانی و عەدالەتی تەواو بەرقەرار دەبێت و دەچینە قۆناغی یەک کۆمەڵگەی ئینسانییەوە بێ هیچ جیاوازییەک و چینایەتییەک.
هەشتەمین/ هەر دوو هەڵویستە دژ بە یەکەکەی نیتچە و مارکس لە کۆتاییدا ئامانجیان دوبارە هەڵسەنگاندنەوەی ئەخلاق و بەهاکان بووە و شکاندنی بتە کۆنەکان و گێڕانەوەی مرۆڤ بۆ ڕەگەکانی و گێڕانەوەی ئەوەی کە لێی زەوت کراوە و ئازاد کردنی لەو ئەفکارانەی کە بەسەریدا سەپێنراوە، هەر وەکوو نیتچە دیارە مارکسیش لەوەدا لەگەڵیەتی کە دەڵێیت، خۆری خوداوەندەکان بەرە و ئاوا بوون دەچن و دەبێت مەملەکەتی ئینسان جارێکی دیکە بگەڕێتەوە.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت