محەمەد بەرزی: سودەکانی هۆنراوە بۆ منداڵان.
هۆنراوەی باش هەوێنی هونەر و داهێنانە، پەیامێکی چێژ بەخشە و کاریگەری گەورەی لەسەر ڕۆحی مرۆڤ هەیە، فشار و ئازار و خەم کەمدەکاتەوە، ئۆخژن و ئارامی دەدا بە دەروونمان و دەتوانێ ئێمە و منداڵەکانمان فێری خۆشەویستی بکات و دڵمان خۆش و گەش بکات. یارمەتیدەرە بۆ هاندانی منداڵان بۆ خوێندنەوە و فێربوون و ئاشنابوونیان بە دەنگە جیاوازەکان و دەوری کارا و تەواویان لە گەشەکردنیاندا هەیە. سەرچاوەیەکی گرنگ و دیاردەیەکی هیوا بەخشە بۆ فێربوون و ڕاهاتن لەسەر خوێندنەوە و نووسین. لە ڕێگای دووبارە خوێندنەوەوە، توانای خوێندنەوەیان بەهێزتر و خەیاڵیان فراوانتر دەکات و بیر لەو وشانە دەکەنەوە، کە دەیبیستن. بە گشتی منداڵ حەزی لە هۆنراوەیە، چونکە هۆنراوە بریتییە لە چەند ڕستەیەکی کورت و پوخت ، کە بەلای منداڵەوە لە خوێندنەوەی کتێب ئاسانترە. شارەزایانی بواری منداڵان بۆیان دەرکەوتووە، ئەگەر منداڵێک تا تەمەنی چوارساڵان کۆمەڵێک گۆرانی منداڵان بزانێت، ئەوا خوێنەرێکی بچووکی تەواو پێشکەوتووە. جا لەگەڵ ئەوەشدا هۆنراوە کورتە، بەڵام هێشتا پڕە لە توخمە ئەدەبییە گرنگەکانی وەک: کارەکتەر، گێڕانەوە، وشە و دەستەواژەی نوێ و سەروا، کە دەتوانن یارمەتی منداڵان بدەن بۆ دروستکردنی بناغەیەکی باشی سەرەتایی بۆ خوێندنەوە و نووسین و شێوازی قسەکردن و ئاشنابوونیان بەو وشانەی، کە لەوەپێش نەیانبیستووە. پاشان بوونی ئاوازی مۆسیقا لە هۆنراوەدا، کاریگەریی زۆر چاکیان لە سەر منداڵان هەیە. باشتریش وایە کاتێک هۆنراوەیەک بۆ منداڵان دەخوێنرێتەوە، بە شێوەی گۆرانی، یان بە دەنگی بەرزەوە بۆی بووترێتەوە، تا بە ئاسانی بە دڵیانەوە بنووسێت. بێگومان وشەی سەرواش یارمەتی منداڵان دەدات دەنگەکانی پیتەکان بناسنەوە. سەرباری ئەمانەش پەرە بە بیرکردنەوەیان دەدات و گوێچکەکانییان ڕادەهێنێت و بە وشەی نوێ ئاشنایان دەکات و ئاسۆی خەیاڵ و داهێنانیان فراوانتر دەکات. بۆ زانیاری زیاتریش دەکرێت سودەکانی هۆنراوە بۆ منداڵان لە چەند خاڵێکدا چر بکەینەوە:
1– گەشە و فێربوونی زمان و وشەسازی: خوێندنەوەی هۆنراوە و بە شێوەیەکی تایبەتیش سەروا لە هۆنراوەدا، ئاسانکاریی بۆ منداڵان دەکات فێری وشەی نوێ و زمان و ئاشنای وشەی نامۆش بن. پاشان وشەی گونجاو پێکەوە بنێن تا وێنە ومانایەک ببەخشن.
2– ئاستی زانیاری: منداڵان لە ڕێگای هۆنراوەوە و بە تایبەتیش سەرواوە، لەوە دەگەن ئەگەرچی هەندێک وشە دەنگییان هاوشێوەیە،
بەڵام مانای جیاوازیان هەیە. بۆ نموونە هەر وەک وشەی ( سەرما )، کە لە هۆنراوەی ( لوتکەی ئەزمڕ ) دا نووسیومە: ( باکم نییە لە سەرما …. کلێتە وا لە سەرما ). ئەوەش سەلمێنراوە خوێندنەوەی هۆنراوە بۆ منداڵان، بەهرە و توانا و بیرتیژی و ئاستی زانیارییان فراوانتر دەکات. ئەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر چۆنییەتی بیرکردنەوە و فێربوونیان هەیە. واتـە خوێندنەوە ئـەو کارانە لـە مێشکدا چالاک دەکات. بەمەش مێشک کاری زیاتری بۆ دروستدەبێت و بە هۆیەوە منداڵان باشتر لە کێشە و ئەو شتانە دەگەن، کە لە دەوروبەریاندا ڕوودەدەن.
3– خوێندنەوەی هۆنراوە ئاستی بیرەوەری منداڵان چالاک دەکات: دووبارەکردنەوەی خوێندنەوە، یارمەتیدەرە لە بیرو هۆشیاندا بمێنێتەوە و توانای فێربوونیان باشتربکات، لە هەڵکشانی تەمەندا و کاتێکیش گەورەدەبن، دەتوانن هۆنراوەی درێژتر لەبەربکەن.
4- کاتێک منداڵان گویێ لە هۆنراوە دەگرن، توانای گوێگرتنییان باشتر دەبێ و فێردەبن گرنگی بەو وشانە بدەن، کە دەیبیستن و بیر لە ماناکانییان بکەنەوە.
5- دەوڵەمەندکردنی خــەیـاڵـی منداڵان و پــەرەپێدانی توانای داهێنانیان. پاشان پاراستنیان لە زەین کوێری، تا لە زماندا کۆڵەوار نەبن.
6- ئەگەر منداڵێک نەتوانێ بەباشی هەندێک دەنگ جیابکاتەوە، ئەوا ئەستەمە بتوانێ لە نووسیندا بیان ناسێتەوە. هەر بۆیە هۆنراوە زۆر بە چاکی فێری ئەو دەنگانەیان دەکات.
7- هۆنراوە هۆکارێکی سەرەکییە تا منداڵان باشتر قسەبکەن.
8- پەرەپێدانی تواناکانی منداڵان بۆ هەڵسانگاندن و ڕەخنەگرتن.
9- ئاشنابوونیان بە وشەی نوێ و شارەزابوونیان لە زمانی شیرین و پاراو و پوختی کوردیدا و لە دواڕۆژدا دەتوانن بە پەرۆشەوە خزمەتی زمانە شیرینەکەی خۆیان بکەن.
ڕێگاکانی سودوەرگرتن لە فێربوونی هۆنراوە:
1- لەبەرکردنی هۆنراوە زۆر گرنگە بۆ ڕاهێنانی مێشک لەسەر بیرکەوتنەوە. کارێک دەکات، مێشک ڕابێت لەسەر هەڵگرتن و پاراستنی زانیاری. ئەمەش کارێکی لە ئەندازەبەدەرە بۆ مێشک، تا لەگەڵ بەسەرچوونی کاتدا شتەکانی بیربکەوێتەوە.
2- دووبارە کردنەوەی گۆرانییەکان بۆ منداڵان، کارێک دەکات هەر لە منداڵییەوە، منداڵ توانای لەبەرکردنی گەشەبکات.
3- توێژینەوەکان بۆیان دەرکەوتووە، ئەو منداڵانەی لە باخچەی ساوایاندا هۆنراوەیان لەبەربووە، لە قۆناغەکانی ناوەندی و دواناوەندی و زانکۆدا، زۆر بە باشی ئەرکە پەروەردەییەکانییان ئەنجام داوە و سەرکەوتووبوون.
4- کاتێک منداڵ لە مانای وشەکانی هۆنراوە دەگات، لە ئەنجامدا جوانی وشەکان خەیاڵی فراوانتر دەکات.
5- هەر چۆن وەرزش، تەندروستی لەش باش دەکات، هەروەها هۆنراوەش توانای مێشک بۆ لەبەرکردن باشتر دەکات و حاڵەتی نەفسی لە تەمەنی منداڵیدا و لە دواڕژێشدا وەک کەسێکی گەورە دەپارێزێ.
6- وتنەوەی هۆنراوە ئازادی تەواو دەدا بە خوێندکار، تا لە ڕێگای وشە و دەنگ و هەستەکانییەوە پەیامێک بە ئامادەبووان بگەیەنێت. لە ڕێگای ئەم تاقیکردنەوە دەنگییەشەوە، دەرفەت دەڕەخسێت بۆ منداڵان لە ڕێگای زمانەوە باشتر خۆیان بناسێنن.
سەرباری ئەو خاڵانەش و لەبەر ئەوەی لە زوربەی زۆری وڵاتاندا دوای تەمەنی چوار ساڵان قۆناغەکانی پەروەردە دەستپێدەکات، ئەوا پێویستە دایکان و باوکان پێش ئەو تەمەنە منداڵەکانییان لەسەر خوێندنەوە ڕابهێنن. چونکە بە ئاسانی زمان فێری منداڵان دەکات و لە هەمان کاتدا پێکهاتەی مۆسیقای سەروا، کردارەکانی هەناسەدان و زمان و جووڵەی دەمیان ڕێکدەخات. وادەکات منداڵ بێ ماندووبوون زمانی گەشەبکات. پاشان وەک ئاماژەم پێکرد باشتر وایە بە دەنگی بەرز هۆنراوەیان بۆ بخوێنرێتەوە، چونکە یارمەتی گەشەکردنی هزریان دەدات و هۆکاری سەرکەوتنیانە لە خوێندنگادا و لە دواڕۆژیشدا چاوی ئومێدیان لەسەرە.
ئەوەی شایانی باسە هەرچی لە دەمی دایک و باوکەوە دەرچێ بە دڵ و دەروونی منداڵەوە دەنووسێ، هەر بۆیە هاوبەشی کردنی دایک و باوک لە کاتی خوێندنەوەدا لەگەڵ منداڵەکانیاندا، پەیوەندی دایک و باوک و منداڵەکانیان بەهێزدەکات. متمانە لە نێوانیاندا دروست دەکات و ڕاستەوخۆش کاریگەریی لە گەشەکردنیاندا هەیە. بێگومان ئەرکی دایک و باوکە ئەو کتێبانە بۆ منداڵەکانییان ئامادە بکەن، کە لەگەڵ تەمەنیاندا دەگونجێ. باشتریش وایە ئەو کتێبانە دەستنیشان بکەن، کە منداڵەکان خۆیان دەستنیشانی دەکەن. دیارە بەکارهێنانی کتێبی ئەلکترۆنیش سودی تایبەتی خۆی هەیە و منداڵان دەتوانن قەبارەی وشەکان گەورەبکەن و دەستکاری ڕووناکی شاشەکانیش بکەن.
تێبینی: بۆ ئەم باسە سود لەچەند سایتێکی ئینگلیزی وەرگیراوە.
- بابەتەکانی تری محەمەد بەرزی
محەمەد بەرزی: خــۆر..!
-محەمەد بەرزی: منداڵی ترسنۆک و شەرمن.
-محەمەد بەرزی: مـنـداڵ و نـوسـتـن.
- All Posts