بورهان شێخ رەئوف: توركیا بەرەو هەڵبژاردنێكی چارەنووسساز.
لە 14 ئایاری 2023دا لە توركیا هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و پەرلەمانیش پێكەوە بەڕێوە دەچێت، جێگەی گرنگی پێدان و چاودێرییە لەسەر هەردوو ئاستی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیش.
هەردوو هاوپەیمانی بەهێز و ركابەری سەرسەخت (گەل) بەسەرۆكایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی ئێستا و (نەتەوە) بە سەرۆكایەتی كەمال كلیچدار ئۆغلو، كاندیدی مێزگردی شەش قۆڵی ئۆپۆزسیۆن، بەردەوامن لە هەڵمەتی سەختی بانگشە لەپێناو سەركەوتن لە هەڵبژاردنێكدا كە یادی سەد ساڵەی دامەزراندنی كۆماری توركیاییە.
هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆن لەڕێگەی دروشمی ئیتر بەسە و وا هاتین، هەڕەشە لە حكومەتی ئەكەپە دەكەن كە سزایان بدەن لە پای ئەو نەهامەتییانەی بەسەر وڵاتیاندا هێناوە، لە بەرامبەریشدا سەرۆك ئەردۆغان لە هەموو كووچە و گۆڕەپانەكاندا هاواردەكات بۆ ئەوەی لایەنگران و خەڵك رازی بكات كە دەنگیان پێبدەنەوە و پێیان دەڵێت: ركابەرەكانی مەترسین بۆسەر ئاسایش و یەكپارچەیی خاكی وڵات.
هەردوو بەرەی ركابەر لە هەوڵی كۆكردنەوەی لایەنگری زیاترن بە تایبەتی كاركردن لەسەر راكێشانی رای ئەوانەی كە راڕاو دوودڵن و هێشتا خۆیان یەكلایی نەكردۆتەوە دەنگ بە كێ دەدەن، بە تایبەتی ئەردۆغان لەڕێگەی نمایشكردنی ئەو پڕۆژانەی كە لە رابردوودا كردوونی و ئەوانەیشی خەریكی دروستكردنییەتی لە ئێستادا، ئەمەش لەڕێگەی رێكخستنی مەراسیم و ئاهەنگی جۆاروجۆر و دانانی بەردی بناغەی سێ تا چوار پڕۆژەی گەورەو ستراتیجی نوێ، هەربەوەشەوە ناوەستێت نووكی رمی رەخنەكانی بەرەو رووی ئۆپۆزسیۆن دەكاتەوە و پێیان دەڵێت: كەوا هیچ روئیا و دیدوبۆچوونێكی روون و رەوایان بۆ ئایندە پێ نییە و ئەمەش مەترسی گەورە دروست دەكات بۆ ئایندەی وڵات و كەوتنە دەستی (رێكخراوە تیرۆریستیەكان) كە لەوەش مەبەستی پەكەكەیە!
لە بەرامبەریشدا كاندیدی بەهێزی ئۆپۆزسیۆن كەمال كلیچدار ئۆغلو بەڵێنی ئەوە دەدات، كە سەرمایەی دەرەكی گەورە (100-300) ملیار دۆلار بۆناو توركیا رابكێشێت لەڕێگەی وەبەرهێنانەوە، هەروەها سەرنجی رەوتی نەریتپارێزی رابكێشێت لەڕێگەی هەردوو سەرۆك شارەوانی ئەستەنبوڵ و ئەنقەرە ئەكرەم ئییمام ئۆغلو و مەنسوور یواش.
هەرچەندە زۆرێك لە چاودێران و شارەزایانی دۆخی توركیا لەو باوەڕەدان كە دەنگدەرە خۆڵەمێشی و راڕاكان، ئەوە یەكلایی دەكەنەوە كێ دەبێت بە سەرۆك كۆماری داهاتووی توركیا، ئەوەش لە ژێر كاریگەری زۆر فاكتەردایە لەوانە (ئابووری و ئاسایش و ناسنامە و سەركردایەتی).
لە كاتی هەڵبژاردنە چارەنووسسازەكەدا، سەد ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر دامەزراندنی توركیای نوێدا، ئەو وڵاتە پێ دەنێتە قۆناغێكی نوێوە، كە رابردووییەكی پڕ لە هەڵبەز و دابەزی سیاسی بەڕێكردووە و ئاڵۆزی زۆری بەخۆوە بینیووە، هەر لە سیستمی یەك حزبیەوە تا فرەحزبی و كودەتا سەربازییەكان، تائێستاش سیستمی سیاسی توركیا وێڵە بەدوای دۆزینەوەی میكانیزمێكی گونجاو بۆ بەڕێوەبردنی وڵات، هەرچەندە ئەكەپە و ئەردۆغان ساڵی 2016 سیستمی حوكمڕانیان لە پەرلەمانیەوە گۆڕی بۆ سەرۆكایەتی، بەڵام پێ ناچێت ئەمەش چارەسەر بێت، بۆیە بەرەی ئۆپۆزسیۆنی شەشقۆڵی بەڵێنی سەرلەنوێ گێڕانەوەی سیستمی پەرلەمانی و چارسەركردنی كێشەی كوردی لە ناو پەرلەمان داوە.