بەهرۆز جەعفەر: بیناکردنەوەی ماڵێکی لێک ترازاو.
هێشتا ئەوە ڕوون نییە، چۆن میللەتێک جینۆساید بکرێ، ئەنفال و گازباران بکرێ، بەبەردەوامی هەڕەشەی ستراتیجی لەسەر بێت؛ لە بری ئاوەدانکردنەوەی نیشتیمان و گرتنەبەری ڕێگەی هاوچەرخ و زانستیی بۆ هەستانەوە، لەباتی باوەش بەیەکدا کردن و قووڵکردنەوەی گیانی پێکەوە بوون، پەنا دەبەنە بەر تێک-بەربوون و شەڕە قسەو لێک ترازانی کۆمەڵایەتی و سیاسیی!
ئەمە ئەگەر هۆکارێکی هەبێت نەبوونی بەرپرسیارێتی و خۆ-بە بەرپرسیار زانینە؛ لەوەها کۆمەڵگایەکدا بەرپرسیاریی هی هەموو کەسێکە لە ڕەخنەگرێکەوە تا فیتەرو دەرمانسازێک تا دەگاتە کۆی سیستمە سیاسییەکەی.
سێ ساڵ و شەش مانگ لە دەستەڵاتن، چوار مانگی بمێنێت بۆ هەڵبژاردن دەکشێنەوە دەڵێن؛ ئەمە وەکو بەرپرسیارێتییەکە؛ لەڕاستیدا ئەوە خۆدزینەوەیە لە بەرپرسیارێتی. شەش مانگ شەڕ دەکەن، جنێو بە یەک دەدەن، بە لێدوانی تووند و بەد-ئامێز کۆمەڵگە دەشڵەژێنن، لە دواییدا لامانوایە کێشەکان ئەوەندە گەورە نیین، کە پێکەوە نەتوانین چارەسەری بکەین؛ ئاسانە بەو مەرجەی دوور لە دەنگە- دەنگ، دوور زۆر دوور لە موزایەدەی سیاسیی و ئایدۆلۆجی بە تەواوی پرۆسە نەوتییەکاندا بچینەوە، دەرفەتی کاریش بۆ گەنجەکان دەستەبەر بکەین. هەموو کەسێک دەتوانێ دوو پەیج و چوار سایت دابنێ چی بە زاریدا هات بیڵێ؛ لێ ئەوە ناتگەیەنێت بە هیچ کوێ..!؟
سەرەتای هەموو بیناکردنەوەیەک بە «بەرپرسیارێتی – Accountability» دەست پێدەکات. سەیری بکە؛ ماڵی کوردی پارێزەر و ئەندازیار و پزیشک و مامۆستای هەیە، بەڵام دەستکاریی پەروەردەی نەکردووە، مرۆڤی بەمانای توانای مرۆیی و بەڕێوەبردنی نییە، لەڕووی ژمارەوە هەزاران ئامرازی میدیایی هەیە، بەڵام لەڕووی کوالێتییەوە میدیایەکی نیشتیمانیی- پیشەیی- بەرپرسیاری نییە!
- بابەتەکانی تری بەهرۆز جەعفەر
بەهرۆز جەعفەر: ئایا ئیسرائیل بەڕاستیەتی؟
-بەهرۆز جەعفەر: ئەقڵ و دیکتاتۆر.
-بەهرۆز جەعفەر: وەرچەرخانێک لە “مێدیتریانە”وە.
- All Posts