بەیار عومەر عەبدوڵا: یەکێتی بەبێ گەڕاندنەوەی داهات و دەسەڵات بۆ ئەم دەڤەرە، بچێتەوە حکومەت، باجێکی قورس دەدات.
شەڕی داخوران و هەڵوەرین (War of attrition) ستراتیژێکی جەنگە، کە تیایدا لایەنێک لە جیاتی ئەوەی بیەوێت بە یەک جار دوژمنەکەی لەناوبەرێت، هەوڵئەدات وردە وردە بەرامبەرەکەی هیلاک بکات و هەر جارەی بەشێکی لێبکاتەوە، هەتا تەواو بچوکی ئەکاتەوە و لە کۆتایدا هەڵیئەوەشێنێت. واتە ستراتیژێکی خاو و دورمەودایە، بە تێپەڕبوونی کات، لایەنێک دوژمنەکەی بەرەو لاواز و هەرەسهێنان دەبات.
لە پاش چەند ساڵێک لە شەڕی ناوخۆ، کە لە ڕێی سەربازیەوە پارتی نەیتوانی یەکێتی لاواز بکات و بیکات بە ژێردەستەی خۆی. ڕێگایەکی تری گرتەبەر؛ لە دوای یەکگرتنەوەی ئیدارەوە، پارتی هەوڵی هەڵوەرینی یەکێتی ئەدات و تیاشیدا تا ڕادەیەک سەرکەوتوو بووە.
پارتی هەمیشە دەستێوەردانی لە کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتیدا کردوە و هاوکاری مادی و مەعنەوی ئەوانەی کردووە کە لە یەکێتی جیابونەتەوە؛ لە ڕێی کڕینەوەی وەلائی چەند بەرپرسێکی باڵاوە، نەیهێشتووە نزیکبونەوە و ڕێکەوتن لە نێوان باڵە جیاوازەکانی یەکێتیدا ڕووبدات بۆ ئەوەی یەکێتی تەواو بچوک و بێدەسەڵات بکات و بیکات بە دوکانێکی سیاسی و بە چەند پۆست و بڕە پارەیەک ڕازیان بکات، و سەرەنجام حوکمی هەرێمی کوردستان بە ڕەهایی بۆ یەک حزب و یەک بنەماڵە قۆرخ بکات.
بۆ جێبەجێکردنی ئەو پیلانەیان، پارتی دەمێکە ڕۆڵیان دابەش کردووە، گروپێک ڕۆڵی میانڕەو و گروپێکیش ڕۆڵی توندڕەو دەگێڕن، بەڵام هەردوولا خزمەتی هەمان شانۆی سیاسی پارتی دەکەن و کاریان لاوازکردن و پەرتکردنی حزبە نەیارەکانیانە. هەندێک جار گروپە میانڕەوەکە کاریگەریان زیاترە لە توندڕەوەکان بۆ پەرت و لاوازکردنی نەیارەکانی پارتی. گرەوکردن لەسەر ناکۆکیەکانی ناو پارتی و بنەماڵە، کوتینی ئاسنی ساردە.
ئەوەی گرنگە بۆ خەلکی ئەم دەڤەرە ئەوەیە کە دژایەتی پارتی بۆ یەکێتی گۆڕاوە بۆ دژایەتی هەموو خەڵکی ئەم دەڤەرە، کە لە 70٪ یان دەنگیان بە هیچ حزبێک نەداوە و هیچ گوناهێکیان نیە بەهۆی کێشە و ململانێی حزبیەوە توشی سزا و بێموچەیی ببنەوە.
دەبێت یەکێتی نەکەوێتە داوی پیلانەکانی پارتیەوە و گرنگە هەوڵبدات (پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین) لە سزاکانی پارتی دووربخاتەوە و بەشە بودجەیان لە بەغداوە مسۆگەر بکات بۆ ئەوەی چیتر موچە و بودجە و پرۆژەکانی ئەم دەڤەرە نەبن بە قوربانی ململانێ سیاسیەکان.
پارتی هەرگیز پابەندی هیچ ڕێکەوتنێک نەبووە، تەنها گەمەی سیاسی کردوە بۆ لاوازکردن و لەناوبردنی نەیارەکانی. تەنانەت ئەگەر ئەمڕۆش هەندێک موچە و بودجە بنێرن، بەڵام لە ئایندەدا ئەگەر یەکێتی یان هەر لایەنێکی تر کە ئەم دەڤەرە بەڕێوەدەبات گوێڕایەڵیان نەبێت، دیسان زۆر بە ئاسانی بودجە و مووچەی خەڵک دەبڕنەوە.
ناکرێت دوا هیوای ئەم دەڤەرە بەبێ مەرج یان لە پێناوی چەند داواکاریەکی بێ بەهادا بخرێتە چاڵەوە. هەر جارێک یەکێتی خەریکە دەگاتە ئەوەی کە لەگەڵ بەغدادا ڕێکبکەوێت، پارتی بە هەندێک موجامەلاتی سیاسی بێ بنەما یەکێتی دوور دەخاتەوە لە چارەسەری کێشەکانی خۆی و دەڤەرەکەی.
کەس ئاوات بە شەڕ ناخوازێت، بەڵام لە نێوان شەڕ و تەسلیمبوندا، چەندین ڕێگە و ئامرازی تر هەیە. دوای ماوەیەک لە ململانێی سەخت، گرنگە داواکاریە سەرەکیەکانی سنورەکە بکرێت بە پێشمەرجی دانیشتن و کۆبونەوە. پارتی بە ئاشکرا زوڵم لەم دەڤەرە ئەکات، لە بڕینی موچە و بودجە و پرۆژەکانەوە، هەتا دەگاتە ئەوەی کە موچەی هێزەکانی دژەتیرۆر و پلەبەرزکردنەوەی هێزەکانی 70 ڕاگرتووە.
ئەگەر پاساوی ڕێکەوتنێکی لاواز، فشاری ئەمریکایە، ئەی بۆچی ئەمریکا فشار لە پارتی ناکات کە زوڵم نەکات و موچە و بودجەی ئەم دەڤەرە ڕانەگرێت؟ بۆچی ئەمریکا هاوکار نیە بەشە بودجە و مووچەی ئەم دەڤەرە لە بەغداوە بێت، وەک چۆن لە ئەمریکادا سیستەمێکی فیدرالی هەیە، و هیچ ویلایەتێک ناتوانێت ماف و موچەی ویلایەتێکی تر زەوت بکات؟ ئایا ئەمریکا کە فشار لە یەکێتی دەکات، ئامادەیە لە هەڵبژاردنی ئایندەدا بێت بە هانایەوە و بانگەشەی بۆ بکات؟!
یەکێتی ئەگەر بەبێ جیاکردنەوەی بەشە بودجەی (پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین)، و بەبێ گەڕاندنەوەی (داهات و دەسەڵات) بۆ ئەم دەڤەرە بچێتەوە حکومەت، باجێکی قورس ئەدات لە هەڵبژاردندا.
سەبارەت بە هەڵبژاردنیش، پارتی پێشوەخت ئامادەسازی کردووە، کە لە پارێزگای سلێمانیدا، زیاد لە 20 لیست هەبێت. هەرچەندە گوایە پارتی ڕازی بووە بە فرە بازنەیی، بەڵام دەزانێت کە ئەو هەموو لیستە لە پارێزگای سلێمانی کۆمەڵێک حزبی لاواز و بچوکی لێدروست دەبێت، کە هێشتنەوەی پارتی بە حزبی ڕابەر و تاکڕەو مسۆگەر دەکات؛ ئەمە جگە لەوەی 11 کورسی پێکهاتەکانی مسۆگەر کردووە.
هەڵبژاردن لەم ساتەی کوردستاندا، جگە لە گەمەیەکی پارتی بۆ چەسپاندنی حوکمی تاکڕەویی هیچی تر نیە. ئەگەر ڕۆژنامەنووس لەسەر ڕەخنە، توشی گرتن و کوشتن بێت، ئەگەر هێزی چەکدار، بۆ خەڵکی شەڕانگێز و لەیاسا دەرچوو دروست بکرێت، ئەگەر بە ملیارەها دۆلار، نەوت و گاز و مەرزەکان بدزرێت، ئەگەر دادگا دەستەوەستان بێت بەرامبەر دەسەڵاتدارەکان، کەواتە هەڵبژاردن بە تەنیا دەتوانێت چی بگۆڕێت؟! جگە لە تازەکردنەوەی وەلائ و بەیعەت بە دەسەڵاتێکی گەندەڵی ناوچەگەر، چی لێ سەوز دەبێت؟!
هیوادارم یەکێتی و هەموو لایەنە باڵادەستەکان لەم سنورە نەکەونە داوی پیلانەکانی پارتی و هەوڵی بەدەستهێنانی بەشە بودجەی ئەم سنورە لە بەغداوە بدەن، ئەگەرنا باجێکی مێژوویی ئەدەن.