خالید مەجید فەرەج: دەربارەی فەلسەفە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

فەیلەسووفی یۆنانی بەناوبانگ سوکرات کە نزیکەی سێ سەد ساڵ پێش زاین مردووە، یەکەم کەس بووە کە ئەو وشەیە یان دەستەواژەیەی وەک کاردانەوەیەک کە سادەیی و خۆ بە زل نەزانی و مەنهەجیەتی زانستی ئەوی تێدا بەدەر دەکەوێت بەکاری هێناوە، بەرامبەر بە غرور و خۆ بە زل زانییەی کە بە هەڵسوکەوتی سوفستائیەکانەوە دەبینرا. دەتوانین بڵێین وشەی فەیلەسووف بەرامبەر بە وشەی سوفستائییە کە بە واتای حەکیم دێت و لە دوو بەش پێک هاتووە فیلو واتا ئەوەی شتێکی خۆش دەوێت سۆفی واتا حیکمەت کە پێکەوە دەکاتە ئەو کەسەی حیکمەتی خۆش دەوێت. سوفستائیەکان ئیدیعای ئەوەیان دەکرد کە حەکیمن. سوکرات زۆر بەتەوازوعەوە دەیگوت من من حەکیم نیم بەڵکوو حیکمەتم خۆش دەوێت.
دیارە فەیلەسووفی بەناوبانگی یۆنانی تاڵیس کە لە ساڵی 546 دا مردووە و مێژوونووسانی فەلسەفە کۆکن لەسەر ئەوەی ئەو لەلای سەرەوەی فەیلەسووفە سروشتییەکانە، کە لە مێژوی فەلسەفەی پێش سوکراتدا ناسراون. ئەوانە هەموو گرنگییەکیان دابوو بە سروشت و ئەو دیوی سروشتیان کە دەکاتە (میتافیزیک) بە واتا زانستییەکەی فەرامۆش کردبوو و چەندین تیۆری و هەوڵ و کۆششیان هەبووە لەو بوارەدا.
ئەرستۆ کە خوێندکار یان شاگردێکی زیرەکی ئەفلاتوون بوو، ئەفلاتوونیش خۆی شاگرد یان خوێندکارێکی بلیمەتی سوکرات بووە و ئەگەر ئەفلاتوون نەبووایە ئێمە ئێستا هیچمان دەربارەی بیروباوەڕەکانی سوکرات نەدەزانی، چونکە هیچ نووسراوێکی نەماوە، تەنیا ئەو ئاماژانە نەبێت کە لە نووسراوەکانی ئەفلاتۆندا هەیە بۆ فیکری سوکرات بە عەرەبی پێی دەڵێن (محاورات افلاطون) و لەو نووسراوانەی خۆیدا بە شێوازێکی ئەدەبی دای ڕشتووەتەوە.
ئەرستۆ فەلسەفەی بە گشتگیرترین واتاکانی زانست پێناسە کردووە کە پێک هاتووە لە زانستی تیۆری و زانستی پراکتیکی، دواتر خەڵک دەیانگوت حیکمەتی تیۆریی و حیکمەتی پراکتیکی (عەمەلی)، واتا فەلسەفەی تیۆری و فەلسەفەی پراکتیکی.حیکمەت یان فەلسەفە یان زانست لەڕووی تیۆرییەوە پێک هاتووە لە ماتماتیک و مەسەلە ئیلاهییەکان (ڕۆحانییەکان) و سروشتییەکان. بەڵام فەلسەفە یان زانست یان حیکمەت بە واتا پراکتیکییەکەی ئەخلاق و سیاسەت کە تەدبیری شارە و ئابووری کە تەدبیری ماڵە، ئەخلاقیش کە تەدبیرکردنی تاکە، دەگرێتەوە، ئەوە حیکمەت یان زانستی عەمەلی یان پراکتیکیی بوو.بەڵام فەلسەفە کە دواتر بە واتا تەسکەکەی پێناسە کرا بە فەلسەفەی ئەو دیوی سروشت دەناسرا (میتافیزیک) هەر وەکوو عەرەب دەیان گوت میتافیزیقا.بۆیە هەر کە ناوی فەلسەفە دەهات یەکسەر بۆ لێکۆڵینەوە لەو دیوی سروشت دەچوون، کە بە تەنیا ناکاتە لێکۆڵینەوە لە شتە غەیبییە نەبینراوەکان وەک گەڕان بەدوای خودا و مەلائیکەت و جنۆکە و بەهەشت و ئاگر هەر وەکوو هەندێک وای تێگەیشتوون، بەڵکوو مەبەست لە گەڕان لەو دیوی سروشتەوە دەکاتە گەڕان بەدوای وجوددا (بوون) واتا ئەوەی کە هەیە ئەمەش پێی دەڵێن ئەنتۆلۆجی یان ئەنتۆلۆجیا فەلسەفەی وجود. ئێستا بەکورتی باسی فەلسەفەی پێش سوکرات و دوای سوکرات (ئەفلاتۆن و ئەرستۆ)مان کرد هەر وەکوو عەرەب پێی دەڵێن ئەرستۆ تالیس هەرسێکیان لە سەدەی چوارەمی پێش زایین دا ژیاون.
دوای ئەوە قۆناغی هیلینستی دێت کە لە 320 پێش زاینەوە دەست پێ دەکات و لە 20 پێش زایین دا کۆتایی پێ دێت واتا 340 ساڵی خایاندووە.سەردەمی هیلینستی چییە یان کەی بووە؟ مێژوو نووسان دەڵێن دەکەوێتە نێوان قۆناغی دەرچوونی ئەسکەندەر بۆ داگیر کردن یان فەتحی جیهانی ڕۆژهەڵات و دوای مردنی بە چەند ساڵێک.ئەسکەندەر دەیویست عەقڵیەتی یۆنانی گریکەکان لەگەڵ ڕۆحانییەتی ڕۆژهەڵات و سۆفیزم و ئیماداری ڕۆژهەڵاتدا ئاوێتە بکات، ئەوەش بە شێوەیەکی بەرچاو کاری لەسەر دەکرا، لە دیاری ترین خاسییەتەکانی ئەم قۆناغە ئەو قوتابخانە فیکری و مەزهەبە فەلسەفییانە بوو کە ڕەنگدانەوەی ئاوێتە بوونی عەقڵییەتی گریکی بوو لەگەڵ ڕۆحانییەتی ڕۆژهەڵاتی. لەو سەردەمەدا فەلسەفە بە بەراورد لەگەڵ سەردەمی هەر سێ مەزنەکە سوکرات و ئەفلاتۆن و ئەرستۆدا دواکەوت. کە چوونکە بە شێوەیەکی بنەڕەتی گرنگیدان بوو بە لێکۆڵینەوە لە بوون ئەوەش بوو بەهۆی ئەوەی فیکر دوابکەوێت و لاواز ببێت. تەنیا هەوڵی قوتابخانە هیلینیستییەکان لێکۆڵینەوە بوو لە هەڵسوکەوتی مرۆڤ، یان گەڕان بەدوای ئەوەی کە بەختەوەری بۆ کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی و بۆ مرۆڤ بەتەنیا دەستە بەر دەکات.هەندێک جاریش بەختەوەری بە واتای ئارامی نا ئەرێنی، ئەوەش بوو بەهۆی سەرهەڵدانی قوتابخانە (زوهدیەکان) ئەوانەی بە زۆر کەمی پێداویستییەکانی ژیان قایلن (پێیان دەگوترێت زاهید واتا ماڵی دنیایان ناوێت) و قوتابخانە گۆشەگیرییە سۆفییەکان، ڕواقییەکان ئیبکۆری (ڕواق دەکاتە داڵان) هەر وەک ئیبیکۆریەکان و گومانییەکان سەریان هەڵدا هەروەها مەزهەبی گومان.
ڕواقییەکان وایان دەبینی کە ئامانجی فەلسەفە فەزیلەتە، واتا ئەوەی کە دەیەوێت خۆی بە فەلسەفەوە خەریک بکات دەبێت بەدوای فەزیلەتدا بگەرێت. هەرکاتێک دەستی کەوت یان بەشێکی دەستکەوت، ئەوە شتێکی باشە و یانیش دەبێت خۆی لەژیانی عەمەلی خۆی دا دروستی بکات.بەڵام ئیبکۆریەکان واتا ئەوانەی کە سەر بە مەزهەبی فەیلەسوف ئیبکۆر بوون، وایان دەبینی کە فەلسەفە گەڕانە بەدوای بەختەوەریدا بەڵام بە بەکارهێنانی ئەقڵ.بۆیە لە ڕوانگەی ئیبیکۆرە مرۆڤ واز لە هەندێک لە زەتی (حسی) هەستی دەهێنێت لەپێناوی لەزەتی عەقڵی و ڕۆحیدا.بەڵام گومانییەکان وەرگێڕانێکی دەقاودەقی ئەو یەقینە بوون کە بزر بووبوو هەروەها نەمانی متمانە بە عەقڵ وەک سەرچاوەیەکی مەعریفەت.
لە قۆناغی هیلنیستیدا کە ڕۆحی سۆفیگەری زاڵ بوو بەسەر بیرکردنەوەی مەنتیقی فەیلەسووفەکاندا، هۆکارەکەشی ئاوێتە بوونی عەقڵیەتی گریکی بوو لە گەڵ ڕۆحانییەتە ڕۆژهەڵاتییەکەدا، دیاری ترین بەرجەستە بوونی ئەو ئەو تێکەڵ بوونە لە ئەفلاتونیەتی نوێدا بەدیار دەکەوت. ئەفلۆتینی میسری کە لە 270 زایینیدا مردووە مەزهەبی ئایدیالیستی ئەفلاتۆنی کە قوتابی سوکرات بوو وەرگرتبوو و جارێکی دیکە دای ڕشتبووەوە لێی کەم و زیاد کرد و دەپاڕایەوە تا وەکوو لە ڕێگەی ڕاکێشان (جەزبە)وە لە خودا نزیک ببێتەوە. فیلۆی ئەسکەندەرانی کە لە ساڵی 50 زایینیدا مردووە جارێکی دیکە خوێندنەوەی بۆ دەقە جووەکە(یەهودیەکە) لەبەر ڕۆشنایی خواستە هیلینییەکەدا دا کرد، بەو جۆرە عەقڵیەتی گریکی لەگەڵ ڕۆحانییەتی ڕۆژهەڵاتیدا ئاوێتە بوو.
ئێستا لە ئاماژەیەکی خێرادا دێینە سەر سەردەمی ناوەڕاست، کە لە کەوتنی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی ڕۆژئاوایییەوە دەست پێ دەکات 476 زاینی و نزیکەی هەزار ساڵ بەردەوام دەبێت تاوەکوو بەرایییەکانی سەردەمی ڕینیسانس، سەردەمی ناوەڕاست دابەش دەبێت بەسەر دوو بەشی سەرەکیدا یەکەم بە سەردەمی باوکان ناو دەبرێت و بەناوبانگترینیان قدیس سانت ئوگستین دوای ئەوە سەردەمی مەدرەسی دەست پێ دەکات، بۆیە وای پێ دەگوترێت وەک ئاماژەیەکە بۆ فەلسەفەی مەدرەسی، ئەم دوو بەشە سەردەمی ناوەڕاستیان پێک دەهێنا، بە نیسبەت ئەورووپاوە دیاری ترین دیاردەی فەلەسەفە لە سەردەمی ناوەڕاستدا ئەو هەوڵە بوو بۆ هاوئاهەنگی کردن لەنێوان نەقڵ و عەقڵدا، ئەم هەوڵە ئیبن ڕوشدی پێ بەناوبانگ بوو لە هەر دوو کتێبەکەیدا (مناهج الأدلة و فصل المقال). دەڵێن تۆما الأکوینی گەورەترین لاهوتییە مەدرەسییەکان بوو و خاوەنی کتێبی (الخلاصة فی الرد علی الأمم) کە لە پێنج موجەلەدا چاپ کراوە بلا ثیوس ی ئیسپانی سەلماندویەتی کە تۆما الأکوینی کتێبەکانی ئیبن ڕوشدی بینیوە بەتایبەتی (الکشف علی مناهج الأدلة فی عقائد المللة). ئەوەش تەئکید لەوە دەکاتەوە تۆما الأکوینی کە بەناو بانگترین کەسە کە هەوڵی دابێت هاوئاهەنگییەک لە نێوان ئەقڵ و نەقڵدا بکات و بەهایەکی گەورەی بەئەقڵ دابێ بەڵام لەوەدا کەوتووەتە بەر کاریگەری ئیبن ڕوشد و چەندین لێکۆڵینەوەش هەیە کە کاریگەری ئیبن ڕوشد لەوەدا دەسەلمینێت. ئەوان دەیانویست ئەوە بسەلمێنن کە ئەو هەقیقەتانەی کە لەلای خوداوە بە وەحی هاتوونەتە خوارەوە لە گوزراش لە عەقڵ زیاتر نییە، ئەمە هەمان هەوڵدانی ئیبن ڕوشد بوو.
بەڵام لەسەدەکانی ناوەراستی ئیسلامیدا فەیلەسووفە ئیسلامییەکان دابەش بووبون بەسەر سێ مەدرەسەدا بەناوبانگترینیان کە لەهەموان زیاتر کاریگەری هەبوو یان چالاکتربوو فەلەسەفەی مەشائیی یان ئەرستی بوو (ئەم مەدرەسەیە مەنهەجی عەقڵی لەسەر بنەمای مەنتیقی پەیرەو دەکرد، بۆنموونە ئیبین سینا حاکمیەتی دابوو بە عەقڵ و دەیگوت عەقڵ تاکە ڕێگەی مەعریفەت وەرگرتنە).دیاریترین کەسایەتی ئەو مەدرەسەیەش سێ کەس بوون ابو النصر الفارابی کە ساڵی 339 کۆچی مردووە دوای ئەو ابن سینا 428 کۆچی مردووە، ابن ڕوشد خاوەنی کتێبی (تهافت التهافت) کە لەساڵی ٥٩٥ کۆچی دا مردووە ئەوانە بەناوبانگترین ڕابەرەکانی مەدرەسەی مەشائی ئیسلامی بوون، دوای ئەوان مەدرەسەی ئیشراقیمان هەیە شێخی ئەو مەدەرەسەیە سەهرەوەردی بوو کە بەشێخی ئیشراق ناسراوە و بە ئەمری سوڵتان صلاح الدین کوژرا، سێیەمیشیان مەدرەسەی الحکمة الصدرائیة یان الحکمة المتعالیە کە ڕابەرەکەی فەیلەسووفی ئێرانی بەناو بانگ مەلا صدر الدین الشیرازی بوو کە لەساڵی ١٠٥٠ کۆچی مردووە. خاوەنی کتێبی (الحکمة المتعالیة فی الأسفار العقلیة الأربعة) کە لە هەشت موجەلەددایە و تەئکید لەسەر ( اصالة الوجود وا اعتباریة الماهیة) دەکات بە کوردی ( دەتوانین لە هەموو ئەو شتانەی کە دەیبینین و لە واقیعدان بوونیان هەیە دوو چەمکی جیاوازیان لێوە دەربهێنین: یەکەمیان پەیوەستە بەو شتەوە و ئەوی دیکەیان هاوبەشە لەنێوان ئەو و شتی دیکەدا بۆ نموونە مرۆڤ هەر خۆی مرۆڤە، بەڵام ئەوەی هاوبەشی دەکات لەگەڵ شتەکانی دیکەدا بوونەکەیەتی، هەروەک و چۆن مرۆڤ بوونی هەیە دار و شاخ و ئاو و غەیری ئەوانیش بوونیان هەیە).
ئێستا دێینە سەر سەردەمە نوێیەکان، کە لە ڕینیسانسەوە دەست پێ دەکات کە پێی دەڵێن قۆناغی ژیانەوە لە سەدەی چواردەیەمەوە بۆ سەدەی شانزەیەم واتا دوو سەدە بەردەوام بووە، دوای ئەوە لە سەدەی حەڤدەیەم دا سەردەمی ڕۆشنگەری دەست پێ دەکات کە پێی دەڵێن سەردەمی نوێ، لە سەردەمی ڕینیساسدا ئاڕاستەی فیکر بەرەو زیندووکردنەوەی فەلسەفەی یۆنانی ڕۆمانی دەچوو، هەرچەندە ڕۆمانەکان بەشدارییەکی کەمیان لە فەلسەفەدا هەبوو ئەویش لە سەردەمی هیلینیستیدا بوو کە پێشتر باسمان لێوە کرد. دەڵێن ئەوەش بەهۆی وەرگێڕانە ئیسلامییەکانەوە بوو بۆ ئەو میراتە فەلسەفەییە، چونکە پەیوەندییەکە تاڕادەیەکی زۆر لە نێوان ئەورووپییەکان و باپیرە یۆنانی ڕۆمانەکانیاندا لە جیهانی فەلسەفە و فیکردا پچڕابوو.بەڵام ئەوانەی کە ئەو ئەمانەتەیان پێگەیشتبوو بەباشی پاراستبوویان بیرمەندە ئیسلامییەکان بوون. ئەوروپییەکان ئەو تەرجەمە ئیسلامییانەیان وەرگرت و سوودیان لێ بینی بۆ بەستنەوەی پەیوەندییان لەگەڵ باب و باپیرە گریک و ڕۆمانەکانیان دا.
ئەوان ئیدی پشتیان بە عەقڵ بەست واتا عەقڵ پێگەکەی خۆی جارێکی دیکە بەدەست هێنایەوە نە بەتەنها وەک خزمەتکارێک بۆ هۆشیاری، بەڵکوو عەقڵ وەکوو عەقڵ چونکە کەنیسە ڕێگەی بەئەقڵ نەدەدا لەڕۆڵی هەم ئاهەنگی لەنێوان عەقڵ و نەقڵ دا زیاتر ببینێت، جگە لەوە سوکایەتی بەئەقڵ دەکرد و ئەشکەنجەی دەدا و کۆتی خستبووە سەری وسنووری بۆ دانابوو.ئێستا کاتی گەڕانەوەی ئیعتیبار بۆ عەقڵ هاتووە تا وەکوو پێگەومەکانەتی لایەقی خۆی وەربگرێتەوە، دوای ئەوە لەسەر دەمی نوێدا لەسەر دەستی ئەندازیار و ماتماتیک زانی فەرەنسی بەناو بانگ ڕێنێ دیکارت کە ساڵی 1650 ز مردووە، هەوڵێکی تارادەیەکی زۆر تەواوی دا کە بەراستی لەو سەردەمەدا سەر سورهێنەر بوو، بۆ دامەزراندنی ئەوەی کە ناسراوە بە مەزهەبی عەقڵی و بە هەق بوو بە باوکی مەزهەبە لە ئەوروپای نوێدا.دوای ئەوە چەند دەیەیەکی کەمی نەبرد واتا سێ دەیە دەبینین ئەم ئاڕاستە عەقڵیە بەتەنیا لە ساحەکەدا نەماوەیە بەڵکوو ئاراستە یان مەزهەبێکی دیکە دروست بوو، کە دژی ئەو مەزهەبە بوو. یان ململانێی لەگەڵ دەکرد، کە ئاراستەی ئیمبرقی یان ئیمبریقی سیزم بوو یان مەزهەبی تاقیگەری. جۆن لۆک (ساڵی 1704 جۆن لۆک مردووە)لە دیاری ترین فەیلەسووفەکانی خواستە تاقیگەرییەکانە.دەکرێت بگوترێت کە ئەو بەڕاستی دامەزرێنەری قوتابخانەی مەعریفەت بووە لە فەلسەفەی نوێدا (ابستمۆلۆجیا) و لێکۆڵینەوەیەکی ناوازەی هەیە لەو بوارەدا.فەلسەفەی کۆن گرنگیان بە ئەنتۆلۆجۆجیا واتا زانستی بوون بە موتڵەق داوە بەبێ دانانی هیچ پێوەرێک بۆی بێ دیاری کردنی هیچ ماهییەتێک کە گوزارەش لە ماهییەتەکانی بوونەکان بکات، فەلسەفەی کۆن مامەڵەی ئەبستمۆلۆجیا (مەعریفەت)ی لەڕێگەی ئەنتولۆجیا کردووە واتا مەعریفەتی لەرێگەی بوونەوە مامەڵە کردووە .بەڵام فەلسەفەی نوێ شتەکەی هەڵگێڕایەوە بوونی لەڕێگەی مەعریفەتەوە لێک داوەتەوە. واتا پێشەنگ بۆ تیۆری مەعریفە(ئەبستمۆلۆجیا) بووە نەک ئەنتۆلۆجیا واتا بوون. لەسەرمانە پێشەکی میکانیزمەکانی بیرکردنەوە تاقی بکەینەوە، هەروەها هۆکارەکان و سەرچاوەکانی بەدەست هێنانی مەعریفەت. ئەگەر توانیمان بەتەواوەتی تێ بگەین و لێکۆڵینەوەکانمان لەسەری کرد و سەرکەوتوو بووین دوای ئەوە بۆمان هەیە باس لە بوون و مەسەلەکانی ئەودیووی سروشت واتا غەیبییەکان بکەین.
پاش ئەو دەبینین لەتەک ئەم ئاڕاستانەوە بەتایبەتی سەدەی نۆزدەیەم و سەدەی بیستەم چەندین جۆر و ڕەنگی فەلسەفە دەبینین کە هیچ گرنگییەکیان نە بە ئەنتۆلۆجیا و نە بە ئەبستمۆلۆجیا داوە. گوتیان ئەوە وەکو کەمالیات وایە واتا زۆر پێوسیت نییە و جوغزی گرنگی خۆیان لەسەر مرۆڤ و دۆزەکانی مرۆڤ و هەرچییەک کە پەیوەندی بە مرۆڤەوە هەبێت چڕ کردەوە، مرۆڤ وەکو تاک وەکو کۆمەڵێش، مرۆڤی چەوساوە و چەوسێنەر داگیرکەر و داگیر کراو، لێرەوە فەلسەفەی مارکسیزم و فەلسەفەی براگماتی (عەمەلی) هەروەها فەلسەفەی وجودیەت سەریان هەڵدا. دوای ئەوانە فەلسەفە وەزعییەکان سەریان هەڵدا لەدیاریترین قوتابخانە وەزعییەکان قوتابخانەی وەزعی مەنتیقی و واقیعی هاوچەرخە.
ئێستا باس لە هەرسێ ڕەهەندە گەورەکەی سەرەکییەکەی فەلسەفە دەکەین. یەکەم ئەنتۆلۆجیا دەکاتە میتافیزیک ئەو دیوی سروشت (غەیب) ئەرستۆ هاوئاهەنگی کرد لە نێوان میتافیزیک و ئەنتۆلۆجیادا ڕەهەندی دووم تیۆری مەعریفە(ئەبستمۆلۆجیا) ڕەهەندی دوایین بەها گشتییەکانە.
یەکەم ئەنتۆلۆجیا (بوون، وجود)پێشتر گوتمان دەکرێت بەرامبەر بە میتافیزیکا دابنرێت.هەروەکو ئەرستۆ کردی، ئەنتۆلۆجیا یان میتافیزیکا گرنگی بە وجود هەروەکو خۆی کەهەیە دەدات. ئەمە چی دەگەێنێت تۆ ئەگەر بەچاوی پشکنینەوە سەیری بوونت کرد دەبینیت جۆرەکان یان جۆراوجۆر و گۆڕان و زیاد بوون هەیە، بەڵام ئەگەر زیاتر قووڵ ببیتەوە و هەستێکی فەلسەفیت پەیداکرد واتا هەستێکی میتافیزێکی هەستیار دەتوانین لە فرەییەوە بچیت بۆ یەکتایی و لە گۆڕانەوە بۆ جێگیری و لە هەمە جۆرەوە بۆ هاوچەشن ئەمە ڕێگەی توێژینەوەیە لە فەلسەفەی ئەودیوی سروشتەوە، ئەوە ڕێگەی گەڕانە لە بووندا واتا (زانستی ئەنتۆلۆجیا). بۆیە فەیلەسووفە ئەنتۆلۆجییەکە یان میتافیزیکیەکە یان فەیلەسوف بەگشتی بەدوای ماهییەتە دیاریکراوەکاندا ناگەڕێت ئەوە کاری ئەو نییە، بەڵکوو ئەو لە وجودی موجەرەدو پەتی لە گشت ماهییەتێک دەکۆڵێتەوە، وجود وەک خۆی وەک وجود بۆیە دەبینیت تەنانەت لە بوونی خودا دەکۆڵێتەوە هەر وەکوو فەیلەسووفە موسڵمانەکان ناوی دەنێت لە بوونی عەقڵە فەعالەکان و بوونی لە مەلائیکەتەکان، هەروەها لە بوونی مرۆڤ و ڕەگەزەکان -مەوادەکان- دەکۆڵنەوە بەڵام لەڕێگەی لێکۆڵینەوە لە کوللیی نەک لەڕێگەی جزئییەوە (گشت و بەش) ئەم ڕەهەندە زۆر لە فەیلەسووفەکان ناویان ناوە حیکمەتی ئیلاهی.ئەرستۆ ناوی ناوە حیکمەتی ئیلاهی واتا ئیلاهییەکان یان حیکمەتی بەرایی فەلسەفەی یەکەم بەرامبەر فەلسەفەی دووەم. فەلسەفەی دووەم سروشتییەکانە (طبیعیات) کە فەیلەسووفەکانی پیس ئەرستۆ گرنگیان پێ دابوو وەکوو تالیس، پارامیدس، ئەلکسماندر، بۆچی ناو نراوە فەلسەفەی یەکەم یان ئیلاهیەکان لەبەر ئەوەی گرنگی بە بوونی خودا داوە، نەخێر، بەڵام لەبەر ئەوەی گەران بەدوای خودا دا عیللەی هەموو عیللەکان و هۆکاری هەموو هۆکارەکان بووە و ئەو بزوێنەرەیە کە خۆی نابزوێت هەر وەکوو ئەرستۆ دەڵێت، شەریف ترین پرس و بەرزترین مەسەلەکانە بۆیە ئیلاهییەکان یان زانستی ئیلاهی خراوەتە پاڵی.کەواتە ئەنتۆلۆجیا یان میتافیزیک بە موتڵەقی (ڕەهایی) بە شێوەیەکی موجەرەد لە وجود دەکۆڵێتەوە و بەبێ هیچ کۆتێک لەسەری و لێکۆڵینەوە لە بەشەکان واتا (جزئیات)ی بۆ زانستەکانی دیکە بەجێ هێشتووە ( زانستی ئەستێرە ناسی، پزیشکی، زانستی کانزاکان، ئاو، فیزیا و کیمیا و… هتد).
شتێک هەیە بە لواحق الوجود (پاشکۆکانی وجود، بوون) ناسراوە لواحق الوجود ئەوەیە بە گوتەکان گوزارشتی لێوە دەکرێت گوتەکان یان گوتەکانی ئەرستۆ یان (مەقولات ارسطیة) گوتی دوو گوزارشتی گرنگمان هەیە گوتەی جەوهەر و گوتەی العرض کە ئەبێت بە چەند بەشێکەوە گوتەی زەمان و مەکان گوتەی لە کوێ گوتەی حاڵ، وضع (باری ئەو شتە)، گوتەی فیعل گوتەی ئینفیعال (هەڵچوون).مەبەست لە پاشکۆکانی بوون ئەو مەسەلە و واتایانە کە کە لەگەڵ وجودا دەگونجێت وجود وەک خۆی نەک لەگەڵ ماهیەتەکانی بە شتەکانیەوە و شتەکان بە کەسەکانییەوە بەڵکوو لەگەڵ وجودا وەکوو ئەوەی کە هەیە دەگونجێت بۆیە دەتوانێت هەموو شتێک بگرێتەوە وەک جەوهەر و العرض العلە و المعلول وجود بەهێز و وجود بە فیعل هەموو ئەوانە دەچنە خانەی المعقولات الثانیة الفلسفیة، چەمکە فەلسەفییەکان کە بە پاشکۆکانی بوون دەناسرێن.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت