نەوزادى موهەندیس: ئەم هەڵبژاردنەى تورکیا بۆچى سەرنوشت سازە؟
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
وەک دەوترێت ڕۆژى یەکشەممە 14. 5. 2023 ڕۆژى حەشر و حسابە بۆ هەریەکە لە هاوپەیمانى کۆمارى (ئاکاپە و مەهەپە بەسەرکردایەتى ئەردۆگان ى 69 ساڵ و دەوڵەت باخچەلى) لەلایەک و لەولاتریشەوە بۆ هاوپەیمانى میللەت ( 6 پارتەکەى چواردەورى مێزە خڕە 6 کەسیەکە و کاندیدەکەیان کمال کلیچدار ئۆغڵۆ 74 ساڵ )، چونکە لەم هەڵبژاردنەدا هەر لایەکیان سەرکەوتوو بێت ئەوا بۆ ماوەى 5ساڵى ئایندە باڵادەستى تەواو دەبێت و دەتوانێت بەرنامە و بیروباوەڕەکانى خۆى لە سیاسەت و ئابورى و ئەمنى و کۆمەڵایەتى و هەموو بوارەکانى تردا جێبەجێبکات.
گەر هاوپەیمانى کۆمار سەرکەوتوو بێت واتە درێژەدان بەهەمان بەرنامەى 5 ساڵى ڕابووردوو کە بەهاوبەشى ئاکاپە و مەهەپەى نەتەوەیى و بە ڕابەرایەتى ئەردۆگان پیادەیان کردووە. ئاشکرایە ئەردۆگان و حیزبەکەى ئاکاپە بۆماوەى زیاد لە 20سالێ تەواوە بەتەنها لەدەسەلاتدان.
توانیویانە تاڕادەیەک لەم 20 ساڵەدا لەڕووى سیاسى و پێکهێنانى چوار کابینەى حکومەتێکى یەکگرتوو وبەهێزى ناوخۆییەوە دابمەزرێنن دوور لە حکومەتە ئیئتیلافیە لاواز و لەرزۆکەکانى ڕابووردووتر لەنێوان حیزبە سیاسیە عیلمانیەکاندا. ئەمە بۆ ئەردۆگان و ئاکاپە خاڵێکى ئەرێنیە. بەڵام لە ڕووى سیاسەتى دەرەکى و پەیوەندیە سیاسیەکانى تورکیا بە دەوروجیران و گەلانى ناوچەکە و وڵاتانى زلهێزیش و یەکێتى ئەوروپاوە تورکیا زۆرینەى سیاسەتەکانى تاکتیکى و هەڵبەز و دابەز و شڵەژاوى پێوەدیاربوە و لەماوەى 5 ساڵى ڕابووردوودا تورکیا پەیوەندیەکانى لەگەڵ عێراق و سوریا و ئێران و سعودیە و ئیمارات و میسر و ئیسڕائیل و… هتد. زۆر خراپ بوە لەناوچەکەدا و لەگەڵ هەریەکە لە ئەمریکا و یەکێتى ئەوروپا و تەنانەت ڕوسیاشدا زۆر باش نەبووە و گەیشتۆتە ئاستى دابڕان و گەمارۆ سەپاندنە سەر تورکیاش، هەربۆیە ئەردۆگان خۆشى و تورکیاشى ڕووبەڕووى قەتیسبوون و گۆشەگیرى و کەنارخستن کردبۆوە، بەڵام بەسیاسەتە دووفاقى و دووڕوویى و ڕاراییەکانى توانیبووى لەگەڵ هەموانیشدا پەیوەندیەکانیان بەناچارى ئاسایى بکاتەوە گەرچى بە تەنازولکردنیش بێت.
لەڕووى ئابوریشەوە ئابورى تورکیا ڕووى لە هەڵاوسان و چوونەوەیەک و خاوبونەوە و سستبوون چوە و نرخى دراوەکەى لیرەى تورکیا بۆ نزمترین ئاست دابەزیوە و خەرجیەکانى ئەو جەنگ و ململانێیانەى زۆر لەسەر تورکیا کەوتوە و ئاستى داهات و ژیان و گوزەرانى هاوڵاتیانى تورکیا زۆر خراپ بووە.
لەڕووى ئەمنى و سەربازیشەوە، بەهۆى سیاسەتە هەڵە و دەستێوەردان و سنووربەزاندنەکانى سوریا و عێراق و هەرێمى کوردستان و یۆنان و قوبرس و …هتد. تورکیا هەمیشە لەدۆخێکى نا ئەمین و نائارامدا بوە و ڕووبەڕووى ڕەخنە و گازندەى دۆست و نەیارانى بۆتەوە لە زلهێزەکانى ئەمریکا و ڕووسیا و یەکێتى ئەوروپا و ناتۆ کە بەنیازن تەنانەت بڕیارى دەرکردنى تورکیا بدەن لە ڕیزەکانیشى بەهۆى لایەنگیرى و نزیکبونەوەى لە ڕووسیا و پۆتینى سەرۆکى.
لەڕووى کۆمەڵایەتى و بوارەکانى تریشەوە تورکیا لە پاشەکشەدایە و بەتایبەتیش لە بوارەکانى دیموکراتى و ئازادیەکان و ڕاگەیاندن و پێشێلکردنى مافەکانى مرۆڤەوە.
لەڕووى گەندەڵى و بەهەدەردانى سەروەت و سامانى وڵاتیشەوە ئاکماپە و ئەردۆگان ڕووبەڕووى توندترین ڕەخنەى ناوخۆیى و دەرەکى بونەتەوە.
لەڕووى تاکڕەوى و حوکمڕانى بنەماڵە لە حیزب و حکومەتدا و بەتایبەتى دواى هەموارکردنەوەى سیستەمى حوکمڕانى لە پەڕلەمانیەوە بۆ سەرۆکایەتى بەهەمان شێوە ئەردۆگان ڕووبەڕووى ڕەخنەى توند بۆتەوە.
بەم شێوەیە ئەردۆگان و ئاکاپە لەبەردەم دوو ڕیانێکى چارەنووساز و سەرنوشتسازدان و گەر سەرکەوتووبن ئەوا گرەنتى مانەوەیان دەکەن بۆ 5ساڵى ئایندە و دۆخەکانى ناوخۆ و دەرەکى باشتر نابن و ڕوولە خراپى و پیاداکێشان دەبنەوە لەناوچەکە و دونیاشدا. بۆیە لەناوخۆ و دەوروجیران و دونیاشدا ئاواتەخوازى نەمانى ئاکاپە و ئەردۆگانن لەدەسەڵاتدا وکاریش دەکەن بۆ شکستپێهێنانى.
لەبەرامبەریشدا،گەر هاوپەیمانى میللەت سەرکەوتووبن،ئەوا کۆتایى قۆناغى ئەردۆگانیزم و ئاکاپە دەبێت و قۆناغێکى نوێى جیاواز لە 20 ساڵى ڕابووردوو دێتەوە کایە و تورکیا خۆى لە تەوقى ئەردۆگانیزم ڕزگار دەکات و ئەوەى ئاکاپە و ئەردۆگان بەتاکڕەوانە و ملهوڕانە کردویانە هەڵیاندەوەشێنەوە و ڕەنگە دەرگاى جەهەنەمیشى بەڕوودا بکەنەوە لە ڕێگەى کردنەوەى دەیان و سەدان دۆسیەى گەندەڵى و مافەکانى مرۆڤ و کوشتن و گرتن و دوورخستنەوە و سزادانى چالاکوانان لەهەموو نەتەوەکان و… هتد. بەمەش ڕەنگە ئاکپاپە وەکو حیزبیش ڕووبەڕووى داخستن و هەڵوەشان و بچووکبونەوە ببێتەوە.
بەڵام لەلایەکى ترەوە ڕەنگە ئەم هاوپەیمانێتیە تاسەر بڕنەکات و حکومەتێک و پەڕلەمانێکى لاواز و لەرزۆکى ئیئتیلافى لێ بەرهەمبێت و جارێکى تریش قۆناغ و سەردەمى نەوەدەکانى سەدەى ڕابووردوو وەبیرى تورکەکان بخەنەوە.کە لەهەموو ڕووەکانەوە لە ڕووى سیاسى و ئابورى و ئەمنى و کۆمەڵایەتى و… هتد. کە هیچ تورکێک ئاواتى بۆ ناخوازێت و دووریش نیە لە ئەنجامى حکومەتێکى ئاوها لاوازدا پەنا نەبرێتەوە بەر کودەتاى سەربازى چونکەى سەربازەکان ماوەى 20 ساڵە بێ دەست و چەنجە کراون و نینۆک و پەڕوباڵیان کراوە لەلایەن ئاکاپە و ئەردۆگانەوە.
بۆیە بەهەق ئەم هەڵبژاردنە چارەنووسسازە بۆ هەردوولا و بۆ تەواوى گەلانى تورکیا و تورکیاش وەکو وڵات. بۆیە هەمووان ئەو پەڕى توانا و هێز بەکاردێنن و هەڵمەتى هەڵبژاردنەکانیان لەوپەڕى گەرموگوڕیدایە و وەک دەڵێن شەڕى مان و نەمان دەکەن.
بەلاى کوردیشەوە ئەوە گرنگە لە ئێستادا کە دەسەڵاتى ئەرۆدگان و ئاکاپە کۆتایى پێبهێنرێت، چونکە لەو ماوەى 20ساڵەدا ئەردۆگان ئەوەى بەکوردى کردوە لە هەر چوار پارچەکەى کوردستاندا هیچ حکومەتێکى تورکیا پێینەکردوە. لانى کەم ئەو دەسەڵاتانە تەنها دژ بەکوردى تورکیا و لەم دواییانەشدا بەرامبەر هەرێمى کوردستان دژایەتیان دەکرد.بەڵام ئەردۆگان و ئاکاپە لە هەر چوار پارچەکەى کوردستان بەوپەڕى توندوتیژى و نامرۆڤانەوە مامەڵەى دەکرد و هەموو هێز و هەڕەشە و هۆکارەکانى بەکاردەهێنا بەتایبەتى لە باکور و ڕۆژئاوا و لەهەرێمى کوردستاندا بەناوى دژایەتیکردنى تیرۆر و تیرۆریستانەوە کە تەنها مەبەست لێى پەکەکە و پەیەدە و هەموو کورد بووە و بەلاى ئاکاپە و ئەردۆگان و مەهەپەشەوە هەموو کورد تیرۆریستن و لەهەرکوێى دونیابن دوژمنایەتیان دەکەن.
هەربۆیە هەدەپە و هێزە چەپەکانى ترى تورکیا و کوردەکان دەنگى خۆیان یەکلاکردۆتەوە بۆ کمال کلیچدار ئۆغڵۆى ڕکابەرى ئەردۆگان (هەرچەندە لەڕابووردوودا هەموو پارت و سەرکردە عیلمانیەکانیش هەڵوێست و کردار و گوتارى دوژمنکارانەیان بەرامبەر کورد و مەسەلەکەى تاقیکراونەتەوە)، بەوهیوایە کە کرانەوەیەکى زیاتر لەهەموو بوارەکان و بەتایبەتیش بەرامبەر مەسەلەى کورد لە تورکیا و ناوچەکەدا چێ ببێت. کوردیش بتوانێت بە نەفەس و نیەت و بەرنامە و تێڕوانینێکى نوێوە بۆ ئایندە کاربکات و هاوبەشیش بکات لەدەسەڵاتى تورکیادا و مافەکانى بە ئاشتى و لەڕێگەى یاسا و دەستور و پەڕلەمانەوە وەدەستبێنێت و تەنانەت بەڵێنیش دراوە کە کار بکرێت بۆ کۆتایهاتنى شۆڕشى چەکدارى پەکەکەش.
بەم شێوەیە ئەم هەڵبژاردنە بۆ کوردیش سەرنوشتسازە و گرنگى و کاریگەرى یەکجار گەورەى هەیە. بەو هیوایەى کە کوردیش لەوبەشەى تورکیادا ببنە خاوەنى جۆرە دەسەڵاتێکى فیدڕاڵى هاوشێوەى ڕۆژئاوا و باشوور و بەمەش کورد و مەسەلەکەى پێدەنێننە قۆناغ و سەردەمێکى گەشەکردوو و باڵاترەوە و نزیکدەبنەوە لەخەونە مێژینەکەیان لە دامەزراندنى دەوڵەتى سەربەخۆى کوردى.
مایەى دڵخۆشیشە کە زۆرێک لە ئامار و ڕاپرسیە ناوخۆیى و نێودەوڵەتیە سەربەخۆکان ئەوە پیشاندەدەن کە ڕێژەى دەنگ و لایەنگیرى بۆ ئاکاپە و ئەردۆگان لەبەرامبەر نەیارەکانیدا ڕوو لەدابەزینە کەئەمەش هێندەى تر خواست و خۆزگەکانى زۆرینەى تورکیا پشتئەستووردەکەن بەسەرکەوتن و یەکلاکردنەوەى ئەم گەڕەى گەمە سیاسیەکە بەلاى زۆرینەدا دەیشکێننەوە و ئیدى قۆناغى پۆست ئەرۆگانیزم دەستپێدەکات و بۆ هەتاهەتاییە بەرەو زبڵدانى مێژوو توڕی هەڵدەدەن و هەربۆیە پێویستە پارتەکانى ڕکابەرى ئەردۆگان پەند و عیبرەت لەم 20ساڵەى تاکڕەوى و فاشیزمى و ملهوڕى ئەرۆدگان وەربگرن و هەڵە و سەرکێشى و غرور و لوتبەرزیەکەى ئەردۆگان بەرامبەر پێکهاتەکانى تورکیا و بەتایبەتیش کورد دووبارەنەکەنەوە.
هەموان تا 14 ئایار لەچاوەڕوانیەکى تاقەتپڕۆکێن و دەماخ سوتاندندا و لەسەر ئاگرێکى هێواش پشوودرێژ دەبین بەهیواى ئەوەى خواست و خۆزگەکان بەنەمان و شکستى ئەردۆگان و ئاکاپە بێننەدى و چاوەڕوانیە بێزارکەرەکە بگۆڕیت بە ئاهەنگى سەرکەوتن و شادى و خۆشى و جەژنى سەرتاسەرى بۆ هەموان لەناوخۆى تورکیا و ناوچەکە و دونیاشدا بەنەمانى دیکتاتۆرێکى تر لەبەرگێکى ئیسلامى توندڕەودا.
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی