بابەعلی بەرزنجی: میدیا و زمانی ستاندارد.
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە
شێوازەکانی کۆمۆنۆکەیشن بە گشتی، بە تایبەتیش زمانی ئاخاوتن، فاکتۆری سەرەکیی پەیوەندی گرتن و لێکحاڵیبوونی نێوان تاکەکانە لە کۆمەڵگە مرۆییەکاندا. لەم نێوەندەدا قەوارەی سیاسی گرنگە و دەکارین بێژین ئەو چوارچێوە و قەڵغانەیە کە زمان و فەرهەنگی نەتەوەیەک دەپارێزێت و لە نێویدا گەشەدەکات. لەسەر ئەم تەوەرە و لەم سۆنگەیەوە هێمنی شاعیر دەبێژێت: ئەوەی کەوا هەیبێت فەرهەنگ و زار – مافی هەیە جل و بەرگ و وتار.
هاوشان لەگەڵ پێشکەوتنی زانست و تەکنۆلۆژیا بە گشتی، زانستی میدیایی و پەیوەندیەکانیش گەشەی بەرچاوی بە خۆیەوە بینیوە، سۆشیاڵ میدیا و میدیا بە سەرجەم پاشکۆکانیەوە پەلی هاوێشتوەتە نێو ژیانی زۆرینەی تاکەکانی کۆمەڵگە مرۆییەکان، تەنانەت دزەی کردووەتە ناو خێزان و کۆمیونیتیە پارێزکار و هەرە داخراوەکانیش و بووتە پێداویستیەکی گرنگی ژیانی ڕۆژانەمان بە گشتی. هەریەکەمان بە جیاوازی و بەرزی و نزمیی ئاستی ڕۆشنبیری، کۆمەڵایەتی و قۆناغەکانی تەمەن، بە جۆرێک لە جۆرەکان بەستراوەتەوە بە یەکێک، یان زیاتر لەم تۆڕە کۆمەڵایەتیانەوە، تەنانەت خەڵکانێک تا ڕادەی ئالودەبوون کە ئەمەیان دۆخە نەرێنیەکەیەتی.
سۆشیاڵ میدیا بە گشتی سنوور و بەربەستە جوگرافیەکان ناناسێت، خەرقی سەرجەم ئەم بەربەستە سروشتی و مرۆییانە (دەستکردانە) دەکات. تاکەکانی سەر بە هەر گروپ و کۆمیونیتیەک لە هەر گوند و لادێیەکی گچکە و دوورە دەست، هەر کون و قوژبنێکەوە بگرە تا دەگاتە شارۆچکە و شارە گەورە و جەنجاڵەکان بە هۆکاری سۆشیاڵ میدیا هاوشێوەی بۆندێکی بەهێز و نەپچڕاو پێکەوە گرێدراون، جاری وا هەیە لەم سەروبەندەدا پەیوەندی کۆمەڵایەتی، خێزانی لێدەکەوێتەوە.
جێگەی ئاماژە پێدانە لەم نێوەندەدا کەناڵە ئاسمانیەکان ڕۆڵێکی گرنگ و بنچینەیی دەگێڕن. لەمیانەی ئەم پەیوەندیگرتنانەدا تاکەکان وێڕای جوگرافیا دوور و جیاوازەکانیان بە جیاوازی ئەکسێنت و زار، شێوەزار و دیالێکتە تایبەتەکانیان لەگەڵ یەکدی پەیوەندی دەگرن، ئەمەش چات و ئاخاوتنی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی لێدەکەوێتەوە، بە فەرهەنگ و داب و نەرێتە جیاوازەکانی ئەوی دی ئاشنا دەبن، ووشە و زاراوە نامۆکان لە نێوانیاندا بەرە بەرە زەڵاڵ و ئاشکرا دەبن. گومانی تێدا نیە کە پڕۆسەیەکی گرنگی لەم بابەتە لە ماوەی ڕۆژ و شەوێکدا کامڵ نابێت، بەڵکو کات و کرداری دەوێت.
کەواتە خۆشبەختانە لە ئێستادا کۆمەڵگەکەمان بێخودئاگا و بەبێ ویستی خۆمان، خۆڕسکانە قۆناغەکانی پڕۆسەی ستراتیجی و گرنگی گەڵاڵەبوون و هاتنە ئارای زمانی ستاندارد داین، ئەمەش لایەنێکی ئەرێنی و بە کەڵکی میدیا و سۆشیاڵ میدیا بە گشتی.
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە