نەوزادى موهەندیس: جەنگى ناوخۆیى سودان، هەنگاوێک بەرەو ئاڵۆزیەکى گەورەتر لەناوچەکەدا!
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
ئاشکرایە وڵاتى سودان وڵاتێکى هەژارە و ڕێژەى بێکارى 15% یە و کەمدەرامەت و بە ژمارەى دانیشتوان زۆرە 48 ملیۆن کەس و بە ڕووبەرى زەویش پانوبەرینە 1.861.484کم2 کە سێیەم گەورەترین وڵاتانى ئەفریقا و عەرەبەکانە و لەپێش جیابونەوەى باشوورى سودان گەورەترین وڵاتى ئەفریقا و وڵاتانى عەرەب بوو. هەڵکەوتەى جیۆپۆلەتیکیشى گرنگ و هەستیارە لە نێوان باکورى وڵاتانى کیشوەرى ئەفریقیا و ناوەڕاستى ئەو کیشوەرە وبەبوونى ڕووبارى نیلى بەناوبانگ تیایدا و کۆتا وڵاتى عەرەبیشە کە زۆرینەى دانیشتوانەکەى عەرەب و ئیسلامن.
ئەم وڵاتە لەو کاتەوەى کە سەربەخۆیى بەدەستهێناوە لە ساڵى 1956وە هیچ دەیە ساڵێکى بە ئارامى تێنەپەڕاندوە و هەر لەوکاتەوە سێ کێشەى سەرەکى بەرۆکى بەو وڵاتە گرتوە کە بریتین لە ( سیستەمى حوکمڕانى و نەبوونى دەستوور و کێشەى باشوورى سودان ) بوون. هەمیشە ئاگرى شەڕى ناوخۆیى و دووبەرەکى هێزە چەکدارەکان و سەرۆکى هۆز و باندە قاچاخچیەکان و سەرکردە سیاسى و سەربازیەکاندا ناڵدویەتى و هەرئەمەش بۆتە هۆى ئەوەى کە ئەو وڵاتە بە هەژارى و دواکەوتوویى بمێنێتەوە سەرەڕاى بوونى سەرچاوەى گرنگى کشتوکاڵى تیایدا کە لەکاتێکدا سوودان بە سەبەتەى خۆراکى وڵاتانى عەرەبى ناودەبرا. بەڵام جەنگ و ململانێێ نەبڕاوە و ناڕەواکانى ناوچەکان و ناوەند لەلایەک و هێزە چەکدارە هۆزگەراییەکان و حوکمڕانیەکى سەربازى و تاکڕەوى دواکەوتوو هۆکارى سەرەکى هەموو نەهامەتیەکانى گەلانى سودانن.
لەو ساتەوەى کە سودان سەربەخۆى بەدەستهێناوە تەنها 2 سەرۆک کۆمارى بەخۆوە بینیوە (جەعفەر نومەیرى 1969- 1989 و عومەر حەسەن بەشیر 1989-2019)) کە هەردووکیان سەرکردەى سەربازى بوون کە یان نەوەى شۆڕشى سەربەخۆیى بوون یانیش لەڕێگەى کودەتاى سەربازیەوە حوکمیان گرتۆتە دەست. ئیدى گەلانى سودان و سودان بۆخۆشى هەمیشە لە گێژاو و قەیرانى متمانە و حوکمڕانیدا ژیاوە و نەیتوانیوە ئەو تەوقە نەفرەتیە لە ئەستۆى بکاتەوە و هەنگاو بنێت بەرەو سیستەمێکى حوکمڕانى دیموکراتى و ئازادى و ڕێزگرتنى مافەکانى مرۆڤ و سەروەرى یاسا و دادپەروەرى و یەکسانى لەنێوان تاک و خێزان و تەواوى کۆمەڵگا و ناوچەکاندا. هەرئەمەش ڕێگربوە لە پێشکەوتن و خۆشگوزەرانى و ئاوەدانکردنەوەى ئەو وڵاتە.
ئەوەتا لە ئێستادا و دواى ئەوەى لە 11. 4. 2019 کودەتایەکى سەربازى سەرکەوتوو بەسەر دەسەڵاتى حەسەن بەشیرى 30 ساڵەدا کرا و ئەنجومەنێکى سەربازى کاتى دامەزراوە بۆماوەى 2ساڵ و بەهۆى ململانێ ناوخۆییەکانى میلیشیاکانەوە، جەنگێکى ناوخۆیى خوێناوى و توند هەڵایساوە لە 15. 4. 2023وە و ماوەى 1 مانگ زیاترە بەردەوامە، لەنێوان هێزى سوپاى دەوڵەت بەسەرکردایەتى عبدالفتاح بورهان سەرۆکى دەسەڵاتى سەربازى کاتى و میلیشیا چەکدارەکانى محمد حەمدان دەقلو/ حەمیدیتى بەناوى (هێزەى پشتیوانى خێرا) کە پێشتر قاچاخچیەکى ناو بیابان بوە و دواتر بۆتە سەرمایەدار و سەرکردەى میلیشیا چەکدارەکانى جەنجەوید و لە جەنگى دارفۆردا پشتیوانى لەحکومەتەکەى بەشیر دەکرد کە لەساڵى 2003دا هەڵایسا و 300- 400 هەزار سودانى بونە قوربانى، کە تادوێنێ دۆست و هاوپەیمانى یەکترى بوون. بەڵام چونکە هیچ لایەکیان بڕواى تەواویان بە بنەماکانى حوکمڕانیەکى ساغڵەم و تەندروست نیە لە دیموکراتیەت و حوکمڕانیەکى شارستانى و سەروەربوونى یاسا و جیاکردنەوەى دەسەڵاتەکان و دوورخستنەوەى سوپا لە ململانێ سیاسیەکان و دواتریش دژایەتیکردنى گەندەڵى و خۆسەپاندن و قۆرخکارى و تاکڕەوى.
هەربۆیە هەمیشە ئەم جۆرە جەنگە ناوخۆییانە ئامادەگیان هەیە لە سوداندا و ئەوەتا جەنگى ناوخۆیى سودانى باکور و باشوور بۆماوەى دەیان ساڵ بەردەوام بوو و لەکۆتایشدا لەساڵى 2011دا بە جیابونەوەى باشورى سودان کۆتایى هات و بوە وڵاتێکى سەربەخۆ و بەمەش سودان هێندەى تر لەهەموو ڕوەکانى سیاسى و ئابورى و دانیشتوان و ئەمنیەوە بێهێز و لاواز و بوەوە. تەنها لەماوەى 4 هەفتەدا تائێستا زیاد لە 700کەس کوژراون و زیاد لە یەک ملیۆن کەسیش ئاوارە و سەرگەردان بوون و وڵات ڕووبەڕووى نەبوونى ئاو و کارەبا و خزمەتگوزرایەکان بۆتەوە و ئەمنیەت و ئاسایش لە مەترسیدایە و وڵاتان بە زلهێز و بچوکەوە کەوتونەتە بەجێهێشتنى ئەو وڵاتە و داخستنى سەفارەتەکانیان و ڕزگارکردنى هاوڵاتیەکانیان. کە هەموو ئەمانە هێندەى تر پێگە و ناو و ناوبانگى ناوچەیى و نێودەوڵەتى سودان دەخەنە بەر پرسیارەوە و وڵات هێندەى تر ڕوو لە کاولکارى و وێرانى و هەژارى و دواکەوتوویى زیاتر دەنێت.
تائێستا چەندین وڵات هەوڵى ناوبژیوانى هەردوولاى جەنگەکەیان داوە، بەڵام تەنها توانراوە هودنەى کاتى شەڕ ڕاگرتن بۆ ماوەى کورت ئەنجامبدەن و هەردوولاش سوورن لەسەر داواکارى و سەپاندنى دەسەڵاتى خۆیان بەسەر وڵاتدا.
ئەم کێشەیەى سودان دەگەڕێتەوە بۆ باکگراوندى خێڵەکى سەرکردایەتى ئەو وڵاتە و جۆرى حوکمڕانیەکەى و نەبوونى متمانە بەیەکترى لەناوخۆدا و بوونى میلیشیاى چەکدارى خێڵەکى کە هەمیشە نەبوونى سوپایەکى یەکگرتووى بەهێز و بوونى میلشیاى چەکدارى لەهەر وڵاتێکدا دەبێتە مایەى سەرئێشە و کێشە و ململانێ و جەنگى ناوخۆیى نەبڕاوە. لەلایەکى تریشەوە دەستێوەردانى دەرەکیش ڕۆڵى زۆر خراپ دەبینێت لەو ململانێیانەدا و ئەوەتا تاکو ئێستا وڵاتە عەرەبیەکان بەشێوەیەکى گەرموگوڕ نەهاتونەتە پێشەوە بۆ ناوبژیوانى و ئاشتەوایى لەنێوان هەردوولادا و کۆمکارى عەرەبى کۆبونەوەى نەکردوە و بەڕۆڵى خۆى هەڵنەستاوە، وەک بڵێى کێشەى سودان و سودانیەکان پەیوەندى بەمەسەلەى ئەمنى عەرەبیەوە نەبێت و سودانیان بە تەنها بەجێهێشتوە. لەبەرامبەردا ئیسڕائیل هەوڵى ناوبژیوانى دەدات لەجیاتى وڵاتە عەرەبیەکان. بۆخۆى ئەمە کارەساتەکەیە کە ئاشکراشە ئیسڕائیل دەمێکە خەون بەوەوە دەبینێت کە لەکاتى تەنگژە و ململانێکانى ناوخۆى عەرەبەکاندا دەستێوەردان بکات و پیلانەکانى خۆى جێبەجێبکات و بەدڵنیاییشەوە بەپشتیوانى ئەمریکاش سەرکەوتوو دەبێت و بەمەش سودان دەبێتە پێگە و پاروویەکى هەرزانفرۆش و سانا هەزمکراو بۆ بەهێزبوون و فراوانبوون و کرانەوەى زیاترى ئیسڕائیل لەناوچەکە و لەناو عەرەبەکانیشدا بە بەخشینى چەند سەد ملیۆن دۆلارێک و ئەنجامدانى هەندێک پڕۆژەى بچووکى بێبایەخ. بەدڵنیاییشەوە هەرکات ئەم جەنگە ناوخۆییەى سودان درێژەى کێشا ئەوا ئاگرى جەنگەکە وڵاتانى ترى ناوچەکە و دراوسێکانیش دەگرێتەوە و ئیدى ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست وەک هەمیشە دەبێتەوە کوانووى جەنگ و ململانێ ناوچەیى و نێودەوڵەتیەکان و نائارامى و دەستێوەردانى دەرەکیش بەردەوام دەبێت لەپێناو سەپاندنى هەژموون و پاراستنى بەرژەوەندیەکان و مان و بوونیان لەناوچەکەدا وەکو سەد ساڵى ڕابووردوو.
بۆیە تا سودان و سوودانیەکان نەگەنە ئەو بڕوایەى کە چارەسەرى کێشەکانیان تەنها لەناوخۆى سوداندایە و هەموانیان واز لە باوەڕى تاکڕەوى و قۆرخکارى و خۆسەپاندنى ناڕەوا و ناوچەگەرێتى بچووک نەهێنن و لەسەر یەک مێزى گفتوگۆى نیشتیمانى سودانى ڕووبەڕوو دانەنیشن و زمانى گفتوگۆ و زمانى عەقڵ و خەمخۆرى و حیکمەت زاڵ نەکەن، ناتوانن هیچ کێشەیەکیان چارەسەر بکەن لەسەر دەستى وڵاتان و هێزى دەرەکى تردا و هەرکاتیش ئەوکارەیان کرد و کەوتنە ژێر هەیمەنە و بەرژەوەندى وڵاتانى ترەوە ئەوا ئایندەى چەندین دەیە ساڵى ئەو وڵاتە دەکەوێتە بەر بەزەیى و چاوچنۆکى بەرژەوەندى ئەو وڵاتانەوە و ئیدى سودان و سودانیەکان خێر لە خاک و ئاو و ئاسمانى خۆیان نابینن و هەمیشە بەبوونى میلیشیاى چەکدارى بێ باوەڕ و بەکرێگیراو ئایندەى ئەو وڵاتە لەمەترسى لێکهەڵوەشان و داڕووخان و هەژارى درێژخایەندا دەبێت و تەنها و تەنهاش گەلانى سودان زەرەرمەندى یەکەم و کۆتا دەبن نەک سەرکردەى میلیشیا چەکدارەکان کە بونەتە بازرگانانى جەنگ بەسەر خوێن و فرمێسک و لاشەى سودانیەکانەوە.
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی