بەهرۆز جەعفەر: لەیلا و مونزیر.
بڕکەیەک کچی شانزە، حەڤدەو تا بیست و پێنج ساڵ هاتن لەو پێشەوە دەستیان کرد بە وێنەگرتن! ڕەفتار و دیمەنی سەیر-سەیر وێنەیان دەگرت. بەتەنها لەناو ئۆتۆمبیلەکەوە، بیرم بۆ ئەوە دەچێت قەت ئەم چینە نوێیە جێگەی چینی پێشوو ناگرنەوە؛ دونیا چاک گۆڕای! خەریکیش بوو خۆر زەوی بە تاریکی بسپێرێ؛ نازانم چۆن بوو؛ باس‌وخواس لە مێشکمدا چووە سەر «لەیلا قاسم». جارێکیشیان بە کەشتی بۆ دوورگەی «بیوکەدا» دەچووین، ئاوها خەیاڵم بە کچێکی قژلوولەوە خەریک بوو،،ئەو لەم گەردوونە تەنها خەمی ئەوەی بوو، نە-بادا گڤەی «با» لوولییەتی قژی بشێوێنێت! سەیری بکە؛ لەیلا ساڵی (1958) لە خانەقین لە دایکبووە. کاتێک ئەو یەکێکە لە ئەندامانی شانە چالاکەکانی شۆڕش و ڕێکخستن، کورد‌و مەسەلەکەی لە خوێنی‌دا تەواو تەشەنەی کردووە، ساڵی (1974) دەزگای هەواڵگریی و ئاسایشی بەعس دەیگرن؛ تەواوی دامودەزگاکانی دەوڵەتی عێراق وەها وێنای دەکەن، کە ئەم گرتنەی لەیلا یەکێک بێت لەهەرە کارە گەورەکانی ڕۆژگار.
پێش لە سێدارەدانی «لەیلا» داوای كردووه، كه جلی كوردی بۆ ببه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له كاتی له‌سێداره‌داندا له‌به‌ریان بكات و ببێته «بووكی كوردستان». ده‌شگوترێت له دوایین دیده‌نیدا، داوای له دایكی كردووه قژه زه‌رده‌كه‌ی ببڕێت و له‌گه‌ڵ خۆی بیباته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بیكه‌ن به ئاڵای كوردستان.
ڕژێمی بەعسی عێراق له دوای له‌سێداره‌دانی ئه‌م پۆله تێكۆشه‌ره (له‌یلا قاسم، جه‌واد هه‌مه‌وه‌ندی، حەسەن حەمە ڕه‌شید، ئازاد سلێمان و نه‌ریمان فوئاد) ته‌رمه‌كانی لەیلا قاسم و جەواد ھەمەوەندی نەدانهوه بە بنەماڵەکانیان و له شاری نه‌جه‌ف به‌خاكی سپاردن. دواتر بە هەزاران منداڵ لەناو کورد-دا ناونران «لەیلا».. لەیلا بوو بە چیرۆک، بە شیعر و…تادوایی. ته‌نانه‌ت ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌كر-ی سه‌رۆكوه‌زیرانی ئەوکاتی عێراق داوای له له‌یلای تەمەن (16) ساڵ كردووه، نامه‌یه‌كی په‌شیمانبوونه‌وه بۆ سه‌ددام حوسێن بنووسێت، له به‌رانبه‌ردا ئازاد ده‌كرێت، به‌ڵام له‌یلا ڕه‌تیكردۆته‌وه و له وه‌ڵامدا گوتویه‌تی: «ئه‌گه‌ر من له كارێكی خۆم له‌م ژیانه‌دا په‌شیمان بم، ئه‌وه‌یه: زوو ده‌مرم، به‌بێ ئه‌وه‌ی بتوانم ماوه‌یه‌كی درێژ بۆ گه‌له‌كه‌م خه‌بات بكه‌م. ئه‌گه‌ر بڕیار بێت داوای لێبووردن له كه‌سێك بكه‌م، ئه‌وا داوای لێبووردن له گه‌لی كورد ده‌كه‌م، چونكه له ڕاستیدا من بۆ پرسی نه‌ته‌وه‌كه‌م كه‌م خه‌باتم كردووه.»
من لێرەدا، مەبەستم نە باسکردنی ئەوەیە کە ئیتر هەموو کچ و ژنێک پێویستە «لەیلا» بێت، نە ئەوەی ئەم چینە گەنجەی ئێستا کە هەم لەلایەن دەستەڵاتی کوردیی و هێزە کوردییەکانەوە تووشی پەراوێزخستن و چەوسانەوە بوون، هەم خۆیان ئەوەندەی خەریکی جوانکاریی و بابەتی پڕ‌و پووچن بیر لە شتێکی تر-ناکەنەوە. بەڵکو زیاتر باسی «مونزیر» م بەلاوە گرنگە؛
ساڵی پار لە «ڕۆژی شەهیدی یەکێتی» دا، کاک فەرەیدون عەبدولقادر بە تەنیشتی کاک مەلا بەختیارەوە لە ناوەندی ڕۆشنگەری چاو‌دێر، بەو بۆنەی ڕۆژی شەهیدەوە کە ساڵیادی لە سێدارەدانی « خاڵە شیهاب» ە کۆڕێکیان ڕێکخستبو، بە ئۆنڵاین گوێم لێگرتن، کاک فەرەیدون دەیوت: کاتێک شەهاب و ئێمە کۆمەڵەمان دامەزراند، مام جەلال لە سوریا بوو، پێشووتر چەندین نامەمان گۆڕیبوەوە کە ئەو لەبەر تەمەن و ئەزموون بکەین بە برا گەورەمان لە کۆمەڵە «ئەمە پێش دامەزراندنی یەکێتی». کۆمەڵە- کۆمەڵەبوو هەموو ئیشەکانی دەکرد و بڕیاڕی هەستانەوەی دا (لە ڕاستیشدا قسەکانی وایە) دەیوت: بە هەزار حاڵ خۆم گەیاندە سوریا، کە لەگەڵ ڕەوانشاد عەبدولڕەزاق چووین بۆ لای مام جەلال، تەماشا دەکەم؛ مونزیر نەقشبەندی لەگەڵ مام جەلالدا هات! لەکاتێکدا مونزیر موخابەراتی بەعسه و، ئێمە لە کوردستان هەویەکەیمان گرتووەو ناردوومانە بۆ کاک عارف تەیفور و ئەوان! پرسیارم لە ڕەزاق کرد، ئەمە کێیە؟ وتی؛ ئەمە مونزیر نەقشبەندییە، یەکێکە لەو سەرکردانەی کە لەگەڵمان دەبێ لە دامەزراندنی یەکێتیدا!
لەم ماوەیە بەدەم خوێندنەوەوە، دوو بەرگی یاداشتەکانی جەنابی کاک مەسعود بارزانیم خوێندەوە، لە بارەی ئاشکرابوونی شانەکەی لەیلا قاسم ەوە نووسیوێتی: {ئاشكراكردنی ئەو شانەیە، زۆر كاریتێكردم.. كاتی خۆی هەوڵمدا، ڕاستینەی ئەو كارە بزانم، زۆر لەگەڵ ئەو كارەدا ژیام و تەنانەت بۆ ساتێكیش، لێم جیانەدەبووەوە. پاشان دوای نسكۆی ساڵی 1975، ڕاستیم بۆ دەركەوت. مونزیر نەقشبەندی ئەندامی لقی پێنجی بەغدا و حەیدەر عەبد عەلی ئەندامی لیژنەی ناوچەی خانەقین ئەڵقەی پێوەندی شانەكەی (لەیلا) بوون. دوایی دەركەوت، ئەو دووانە هەر لە ساڵی 1971 ـەوە، خۆیان بە دەسەڵات فرۆشتبوو. دەزگەی ئاسایش بەكرێیگرتبوون، سەبارەت بە شۆڕش و كاری پارتی، بە درێژایی ئەو ساڵانە بە شێوەیەكی بەردەوام، كاری بەرزكردنەوەی ڕاپۆرتی پێ سپاردبوون. كە ساڵی 1974 یش بە دەستپێكردنەوەی جەنگ كۆتاییهات، هەر لە ڕێی ئەوانەوە، ئەو شانەیە ئاشكراكرا}.
دوای بەدواداچوونی زیاتر «ئەمجارەیان لە ڕێگەی گۆگڵ»ەوە.. ئەوەی جێی سەیرە، ڕەوانشاد”مام جەلال تاڵەبانی”، سکرتێری گشتیی ی. ن. ک بێ ئاگا نییە. دەربارەی دەستگیرکردنی لەیلا قاسم و ھاوڕێکانی دەڵێت: «حكومه‌تی ئێراق توانیبووی جاسووسێک بخاته ریزه‌كانمانه‌وه، ئه‌ویش مونزیر موزه‌فه‌ر نه‌قشبه‌ندی بوو. به بۆچوونی من مونزیر لە كۆنه‌وه جاسووس بووە، ئه‌و كاته‌ی كه له‌گه‌ڵ پاراستنیش ئیشی كردووە. من هه‌تا ئێستاش قه‌ناعه‌تی ویژدانی خۆم وایه و بۆ مێژووش تۆماری ده‌كه‌م و ئێوەش بیزانن: به‌گرتندان و ئیعدامكردنی له‌یلا قاسم و هاوڕێكانی، ده‌ستی مونزیری تێدابووە. به‌ڵام مونزیر ئه‌وه‌نده چالاك و ئه‌وه‌نده زیره‌ك و به‌توانا بوو، خۆی واخستبووە پێشه‌وه و بووبوو بە یه‌كێك لە کادیرە پێشكه‌وتوه‌كان. به‌ڕاستی لای من ئه‌وه‌نده هاتبووە پێشه‌وه ئه‌گه‌ر بیویستایه ده‌یتوانی بمكوژێت!» کادرێکی باڵای ئەو سەردەمەی پارتی لە بەغدا، کە ئێستا لە ئوستورالیایە، پێیوتم؛ لە ناو لقی ٥ دا “مونزیر” بوو- بو بە عەنتەر و لە ئێمەیان کرد بوو بە “تەیارە”، نزیکترین هاوڕێی عارف تەیفور و حەمەڕەزای ئامۆزای بوو!
دەرئەنجامی ئەم بابەت و بەدواداچوونە، پێمان دەڵێت؛ سەرەتاکان هەمیشە گرنگن، لەوەش گرنگتر، لە سەرەتاکان و هەنگاوەکانی یەکەمەوە حیساباتی هەڵە- Miscalculation بکرێت بۆ هەر؛ کۆمپانیایەک، ڕێکخراوێک، حیزبێک، حکوومەتێک، میدیایەک، ناوەندێکی مەعریفی، ئاژانسێکی ئەمنی.
سیاسەت، زانستە وەک زانستەکانی تر. زانستە واتا تیۆر هەیە، میتۆد هەیە، قوتابخانەی فیکریی و فەلسەفیی جۆراوجۆر هەیە، ئارگیۆمێنت و دژەکەی هەیە. بەگشتی، فلتەر هەیە وەکو ڤاکسینەکە چۆن دەڵێن زانستییە و بە فلتەردا ڕۆیشتووە، ئەمەش وایە. یەک لەو تیۆرانە «دەیڤید ئیستن-David Easton» لەسەر چۆنیەتی درووست‌کردنی «سیاسات» دەڵێت: دەرچەی یەکەم (خستنە ناو – مدخلات- Input» ە، سەدان پێشنیار و بیرۆکەو ڕەخنەو توێژینەوەو دەرئەنجامی کۆبونەوەو پانێڵ دەخەینە ئەم بۆکسەوە. ئینجا قۆناخی دواتر تەتەڵەی ئەمانە دەکرێ، پاشان لە کۆتاییدا دەبێتە سیاسەت « جا لە هەر بوارێک؛ ڕێگاوبان بێت، داڕشتنی سیاسەتی دەرەوە یان سیاسەتی تەندرووستی یاخود وزە» ئەمەیان پێی دەوترێ « مخرجات- Output». ئیتر تۆ لەم «مخرجات» ەدا بەشە درووست و نا درووستەکەی سیاسەتەکە دەبینی. تۆ لەمسەرەوە نەخوێنەوار، گەندەڵ، دژە میللەت، موزایەدەچی، خۆپەرست و مونزیر نەقشبەندی تێ بکە، ئەویش لەوسەرەوە؛ کارەساتی جۆراوجۆر، بێ متمانەیی، لەبەریەک هەڵوەشانی سیاسی وکۆمەڵایەتی، بێکاریی و ناپاکیت دەداتێ.