عیماد عەلی: ئەڵێی نە بایان دیوە و نە بۆران.
کەس نیە حەز نەکات پارتی و یەکێتی تەبا بن و هەر هیچ نەبێت بریسکی شەرٍ و ئاشوبیان تەنها بۆ خۆیان بێت و بەر ئەم گەلە بەستەزمانە نەکەوێت، کە نابێت شەرٍ و خێریان بەر هەمووان دەکەوێت. بەڵێ کە بەخۆیان خەریکی پاراستنی بەرژەوەندیی خۆیانن و وەک ئەوەیە کەسی تر هیچ پەیوەندیەکی بەوانەوە نەبێت، کەسیان لەبیر نیە، خەڵکەکە وەرٍس بوون و دەڵێن بۆ خۆیان چیی دەکەن بیکەن. بەڵام هەر هیچ نەبێت زیانی گەورەیان بۆ هەموان نەبێت و خەڵک توشی نائومێدی گەورە نەکەن و ناکۆکیەکانیان نەگاتە ئەوەی ئێسکی یەک بشکێنن و بە یەکجاری ببنە داردەستی ئەم و ئەو و وەکو باباکوشتەی یەکدی و بێ هێشتنەوەی هیچ هێڵێکی گەرٍانەوە بۆ دوای ناکۆکی و دوژمنایەتی، روویان بێت بەیەکەوە دانیشن و بۆ کاتی ئاشتیان قرتێک روو سووری بۆخۆیان بهێڵنەوە و شەرمەزاری دایکانی شەهیدان نەبن.
ئەوەی لەم دوو حزبە بینراوە، هەمیشە لە ناکۆکیەکاندا دەیگەیەننە مریشکە رەشە و لە ئاشتی و نزیکبونەوەیاندا ئەوەندە بە رووکەش تەبا و برا و دڵسۆزی یەکن، بەڵام هەمووان دەزانن کە نزیکبونەوەکەیان فشەڵە و بە جوڵەیەک دۆ و دۆشاو دووبارە تێکەڵ دەکەنەوە. لەوێشدا تەنها زەرەرمەند، دیسان هەر ئەم گەلە ستەمدیدەیە کە بەدەست ئەمانەوە وا دەناڵێنیت هیچ ئاواتی بە کاری چاکەی کەس نامێنێت و بۆ قوتاربوون تەنانەت دەگاتە ئەوەی ئاواتەخواز بێت لایەنی دەرەکی و بە تایبەتی ناوەندی عیراق فریای بکەوێت و خەڵک رزگاری بێت لەم بە ناو سیاسەتە ترکەڵەکەی ئەمان.
ئەوەی راستی بێت، ئەگەر گەلی کوردستان هۆشیاریەکی سیاسیی باشی هەبێت، نە بە ناکۆکی و نەش بە دۆستایەتی ئەمانە باوەرٍناکات و تەنانەت ئەوەیان نەهێشتۆتەوە کە بروا بەوە بکەیت، تەنانەت ئەمانە بەخۆیان بەراستی بەرژەوەندیەکانی خۆیان دەپارێزن و باش لەوە تێگەیشتوون کە نە دۆستایەتی و نە دوژمنایەتیان بەردەوام نیە، بەڵکو سیاسەتەکەیان لەسەر بەردەوامیی بەرژەوەندی خۆیان بەرٍێوەدەبەن. ئەمەش وایکردووە کە هیچ کەسێک ئەوەندە متمانەیان پێ نەکات و باوەرٍ بە دۆستایەتی و دوژمنایەتی ئەمانە نەبێت و ململاینێیان وەکو ناکۆکی مناڵان لەسەر ماڵەباجێنە بێت.
بۆیە لە کاتی پێکەوەییاندا، هەموان چاوەرٍێی لە ئان و سات و کتوپرٍ تێکچوونی قۆناغی تەباییاندان و چاکبونەوەی ناکۆکیەکانیان تەنها بە کارێکی کارتۆنی بێ بنەمای کاتی دەبینن. بۆیە گەر بەرواردی وەزعی سیاسی ئەم حزبانە و بارودۆخی کوردستان بکەیت، هاوشێوەی ئەمانە لە هیچ شوێنێکی دونیادا نابینیت و تەنانەت حزبایەتی و سەرکردایەتی و بنکردایەتیشیان سەرلێشێواوانە دەحوڵێنەوە و کەس لە کەس نیە، جگە لەوەی بیر لە دابینکردنی ژیان و گوزەرانی کادر و ئەندامانی خۆیان و ئیمتیازات و پۆست و پارەی خۆیان نەبێت حسابی تورێکی قورٍاوی بۆ ژیانی خەڵک ناکەن. بە واتای راستەقینەی هەڵسەنگاندنیان، ئەمانە بە تەواوی لە خەڵک دابرٍاون.
بۆیە دەکرێت بپرسین، ئەم هەموو ناکۆکی و دوژمنایەتیەی ئەم ماوەیە درێژەی پێشوو کە ئەوان بەو کێشانە لە خەڵک دابرٍان، لەسەر چی بوو و چۆن لە کتوپرێکیدا چارەسەر کرا و ئاستەنگ و تەگەرە و رێگری نزیکبونەوەیان چیبوو و چۆن وا دەستودەم ئەوەندە خێرا چارەی کێشەکانیان دۆزیەوە و گەیشتنە تەبایی و موو ناچێتە بەینیانەوە و خوا یاربێت شیلەی دەمی یەکدی دەمژنەوە. ئێ دەباشە وەرن هۆکاری راستەقینەی ناکۆکیەکانیان بۆ خەڵک روونکەنەوە، چی بوون کە ئەوەندە وا بەو خێرایی و ساکاریە چارەسەر کران و توانیتان بە رۆژێک و فتوایەک هەموو کێشەکان یەکلایی بکەنەوە و ئەوەندە برای یەکتر بن، وەکو ئەوەی لەم ماوەی پێشوودا نەبایان دیبێت و نە بۆران. چۆن ئەو گرفتانە ئەوەندە سوک و کەم بوون لە رۆژێکدا چارەسەرتان کردن، یان کە وابوو بۆچی ناکۆکیەنتان ئەوەندە درێژەی کێشا و خەڵکتان خستە ترس و دڵە راوکێوە؟ هەروەها دەپرسین ئەگەر کێشەی قورستان نەبوو و هۆکارەکان سیاسی و ئاسایی و ئاسان بوون، بۆچی هێشتتان ئەوەندە درێژە بکێشت و شمشێر لە یەک بسوون و دەردانی رەفتارەکانی ئەم ماوەی پێشووتان زیانی گەورە بەم گەلە خێر لە خۆ نەدیوە بدات.
باشە مەعقولە ئێستا دەڵێیت: ئەم دوو حزبە وەکو یەک حزب کار دەکەن و مەسەلەکان بە خێرایی و بە قاقای پێکەنینێک یەکلایی دەکەنەوە، ئەی بۆچی پێشتر واتان نەکرد؟. هەرچەند خەڵک ئاواتەخوازە بەردەوام بن لەسەر ئەم تەباییە فشەڵەتان، بەڵام متمانەیان بە بەردەوامیی برایەتی و تەباییتان نیە. بۆیە ئێوەن واتان کردوە کە هەمیشە هەمووان لە نیگەرانی و دڵەرٍاوکی و خەم و خەفەتدا بژین. باشە دەپرسین ئەو هەموو کاتەی کە تۆران و بایکۆتی حکومەتەکەی خۆتان تێکەوت و تەنانەت بۆ دژایەتی یەکدی پەناتان بۆ بەغدا و دەوروبەریش برت، ئەی ئەو عەسا سیحریەی چارەسەرەکە لە کوێ بوو و چی بوو و چۆن هاتە ئاراوە، بە فاڵ دروستانکرد یان جادوو، کە تەنها لە دانیشتنێکدا بڵێن لێکتێگەیشتنی گەورەتان لەگەڵ یەکتردا هەیە، یان وا نیە، تێگەیشتن بە ئانوساتێک دروست نابێت، یان خەریکی نواندن بوون و ناکۆکیتان نەبووە و تەنها فێلتان لەم گەلە کردووە و یەکتر برٍی بەرژەوەندیەکانتانی تێکەوتووە و بەس و هیچیتر. مەعقولە ئێوە ئەوەندە و بەو شێوەیە سۆزی خەڵکی بجوڵێنن و یاری بە هەست و نەستیان بکەن و کەسیش نەڵێت سەری چاوتان برۆیە و سیاسەتەکەتان وەکو گاڵتەجاری بەرێبکەن، بەسە تۆزێک بەزەییتان بەو میلەتە ستەم دیدەیە بێتەوە، دەگگ خوا بتانگرێت.