عەبدولا کەریم مەحمود: نووسەرە دووفاقەکان.
سەردەمی شاخ و شۆڕش و رەنج و ماندووبوونی هاوکێشەکانی ژیانی پێشمەرگایەتی، پڕ بوو لە بەهای خۆشەویستی نیشتمان و مرۆڤ و مرۆڤایەتی، پربوو لەهەڵوێستی وەفا و ئەمەک و جوامێریی. قەڵەم و وشە، لە سەنگەری بەرگریدا بوو، بەرژەوەندی تایبەتی و نەرجسیەت، هیچ نرخ و بەهاو مانایەکی نەبوو.
دوای راپەڕین، سەرکردەی حیزبەکان بە عەقڵی مەزاجیانەیان، هاوکێشەکانی ژیانیان بە جۆرێک لاسەنگ کرد، هەموو بوارەکانی ژیانیان لە بەردەم نووسەرە خاوەن هەڵوێستەکاندا داخست. لە سیناریۆی جیاجیادا، چەند رۆژنامەنوسێکیان تیرۆر کرد، هەموو میدیا زەبەلاحەکانیان خستە بەردەست نووسەرە دووفاق و دەربارەکان بۆچەواشەکردنی رووداوە کان.
ئەو نووسەرانەی هەموو تەمەنیان رەنج و ماندوو بوونی بێ سنوور بوو، باوک و دایک و خوشك و برایان، لەم بەندیخانەوە بۆ ئەو بەندیخانە، لەم شار بۆ ئەو شار زیندانی کران، کتیبخانە و ماڵیان تالان و هەراج کرا، شەهیدێکی زیندوون.
قەڵەمە بە هەڵویستەکان نەبوون بە رۆژنامەنوس و نووسەری دەربار، نەبوون بە سێبەری هەنگاوی سەرکردەکان، وشە بکەن بە شاباشی مشتێ پارە بۆ پەیژەی دەسەڵات.
لە ناو هاوکێشەی ئاڵۆزو لاسەنگەکەی ئەم 31 ساڵەدا، سەرکردەی حیزبەکان، قەڵەم و ویژدانی چەندان رۆژنامەنووس و نووسەریان کڕی، دەیان نووسەرو چەپی توندرە و بەجۆرێک خزان، ناو و نیشان و روخسارو هەموو لاپەرەی ویستگە جیاجیاکانی یادەوەرییەکانی تەمەنی خۆیان رەت کردەوە و خۆیان و نوسینەکانیان هەراج و رسواکرد.
ئەو رۆژنامەنووس و نووسەرانەی بوون بە مەلەوانی گۆمی مەنگی ماستاو، لەسەر مێزو سفرەی خۆبردنە پێشەوەی سەرکردەکان، کران بە پێشەنگ و پێشرە و سەکردە، لە سەرلاپەرەی رۆژنامەو گۆڤارو تۆڕی ئینتەرنیت و سایتەکان و یادەوەرییەکان، ڤایرۆس ئاسا، دەگەنە هەموو کون و کەلەبەریکی دنیا، لای ئەوان هەموو دنیا، سیناریۆ و دەربارە.
ئەم نووسەرە مەقاشانە، بە جۆرێکی دووفاقانە، نمایش و رۆڵ دەبینن، هەر رۆژەی لەسەر پەتێک و جۆرە سیناریۆیەک دەنوێن، وەک سیاسییەکان یاری بە سۆزو هەست و نەستی خەڵک دەکەن، لەو پەڕی حیزبی چەپەوە بۆ باوەشی ئەو پەڕی حیزبی راسترە و. ئەم نووسەرە مەقاشانە، هەموو تەمەنیان درۆی رەنگاو رەنگ و نمایشە، بەپێی کات و شوی، هەموو یادەوەرییەکان و مێژووی خۆیان و رووداوەکان ئاواژوو دەکەنەوە، پسپۆڕی درۆو نمایش و پیاهەڵدانی سەرکردەکانن.
ئەم دووفاقانە، نە خاوەنی دەنگ و نە رەنگن، نەخاوەنی کەسیتی خۆیان و نە خاوەنی راو بۆ چوونی خۆیانن، ئەوان بە چاو و گوێ و زمان و دەست بە عەقڵ و بیرو تێڕوانین مەقاشن.
لەم حیزبەوە بۆ ئەو حیزب، لەپاشکۆی ئەم سەرکردەوە بۆ سێبەری ئەوسەرکردە ،بە دوای تارمایی سەرکردەکانەوەن ، سەرکردەکان بەدوای ئەم نووسەرە دەربارانەدا عەوداڵن ،چۆنیان بوێ قورمیشیان دەکەن، بەردی گەورەو بچووک ، رستە و راپۆرتی کورت و درێژ ، وتارو یادەوەریی و مێژووی دەرباریان پێ دەهاوێژن.
ئەم نوسەرانە لە بەردەم باڵای هەڵوێستدا، وەک شۆڕەبی دەلەرزن، باڵای کورتی خۆیان و کەلەی تەپیوی ئەوانەی قورمیشیان دەکەن دەناسن.
ئەم دەربارانە مزراحن بە چواردەوری سەرکردەکاندا دەخولێنەوە، چاو و گوێ و سەرو مل و کەلەیان رووەو زەوی شۆرە. ئەو رۆژنامەنووس و نووسەرە دەربارانە، کۆکتێلی (سەوزو زەرد و شین و سوور و قاوەیی و نیلین ). توتی ئاسا، لە چڕکەیەکدا هەموو یادەوەرییەکانی ژیانی خۆیان ئاوەژوودەکەنەوە، بە عەقڵی قورمیش کراوی سەرکردەکان، رەش دەکەن بە سپی و سپیش بە رەش، هێڵێکی راست و چەپ بەسەر رەنج و ماندووبوونی، ئەو نووسەرانەدا دەهێنن کە لە گەڵ تراژیدیای گەلەکەیاندا ژیاون. ئەم دەربارانە بۆ دەستکەوت، لاپەڕەی رۆژنامەو گۆڤارەکان و یادەوەرییەکان و بە مێژووی دەربار رەش دەکەنەوە، لە سیناریۆکانیاندا، هەررۆژەی لای سەرکردەی حیزبێکن، دەرباریی دەربارن.
- Latest Posts by عەبدوڵا کەریم مەحمود
عەبدوڵا کەریم مەحمود: ئاسۆیەک ئاوا نابێ.!
-عومەر سەیدە: دادگاییکردنی تاوانبارێکی ئەنفال، ئەم تاوانبارە بناسن.
-عەبدوڵا کەریم مەحمود: سەرۆک جاشەکان و کەسایەتییە دیارەکان!
- All Posts