عەبدولکەریم شێخانی: تيلماسكێکی دیکە لە هێشووە ترێیەکی بزمارکوتی شیرینی زمانی کوردی.
4. 10. 2022
هەندێک کەس خۆیان لە پێستی مەڕ نیشان دەدەن، بەڵام ئەوانە لە ڕاستیدا گورگی دوو پێن. دیندارێکی درۆزنی ساختەچى خۆى بە دیندار پیشان بدات، سیاسەتمەدارێک خۆی وا دەربخات کە نیشتمانپەروەرە. موسڵمانێک، یان سیاسەتمەدارێکی دز خۆی بە دەست پاک و ئەمین نیشان بدات، بەڵام نیشمانفرۆش دەرچێ. هەموو کەسێکی دوو ڕوو لە ئایین و سیاسەتدا،، درەنگ، یان زوو، ڕووە ڕاستەقینەکەیان دەردەکەوێ. ( زهیر بن أبی سلمى) ى شاعیری جاهیلی دەڵێ: و مهما تکن عند امرئ من خلیقة ++ وإن خالها تخفی علی الناس تعلم
منیش ئاوا کورداندوومە:
مرۆڤ ڕەوشتێکی بەدى ئەگەر هەبێ
وەیشارێ و پێی وابێ بزر دەبێ
ڕۆژێک ئەو بەدییەى هەر دەردەکەوێ
نەفرەتێکی زۆرى بەردەکەوێ
با ئەم ڕووداوەتان بۆ بگێڕمەوە کە لەمێژە خوێندوومەتەوە.
لە کۆمپانیاى ( تیکۆ) پیاوێک ( 988 ) هەزار دۆلاری لە کۆمپانیاکە دزی و لەسەر ئەوە حوکمیان داو کە پارەکەش بگەڕێنێتەوە. گوتی ( 728) هەزار دۆلاری نەخت دەگێڕمەوە و ئەوى دیکەم بۆ بکەن بە قیست. بەڕێوەبەری جێ بەجێکەری کۆمپانیاکە قایل نەبوو و گوتی ئەو پیاوە ناپاکی کردووە و متمانەى کۆمپانیاى لەدەستداوە و دەبێ زیندانی بکرێ. بۆیە بە سێ ساڵ زیندانی حوکم درا. کۆمپانیاکە ڕێزی لەو بەڕێوەبەرە گرت و بۆ ئەو مەبەستەش ئاهەنگێکی تایبەتیی ساز کرد و گەڵێک پیاوماقووڵێ وڵات ئامادەى بوون. بەڵام سەیرەکە لەوە دایە کە تەنیا دواى ساڵێک ئەو بەڕێوەبەرە دەست پاک و بەڕێزە ( 600 ) ملیۆن دۆلارى لە کۆمپانیاکە دزى و ڕایکرد. ئەرێ بەڕاست لەگەڵ دزەکانی لاى خۆمان چۆنە؟
ئەو دوو ڕووانە خواى گەورە لە قوڕئانی پیرۆزدا پێیان دەڵێ: ( الذین بتخذون من الدین حرفة أو تجارة) واتە ئایین دەکەنە پیشە، یان بازرگانی و بۆ خۆ دەوڵەمەندکردن بەکارى دێنن. لە سیاسەتیش پێیان دەڵێن: ( إنتهازى ) … ماشەڵلا ئێمە بە خەروار ( إنتهازی) مان هەیە و لیشمان زیادە.
پێش ئەوەى باسى بابەتەكەى ئەمڕۆ بکەم، پەنجە بۆ شتێکی دیکە ڕادەکێشم هیوام وایە بەدڵی بەڕێزتان بێت. هیچ بیروباوەڕێک بە زۆر لێ کردن و توندوتیژى ناچێتە مێشکی خەڵکەوە و ئەگەر ئەو خەڵکە بە ڕوواڵەت و ڕووکەشیش خۆیان، وا پیشان بدەن کە پەیڕەوى دەکەن. بەڵام هەر کە هەلێکیان بۆ هەڵکەوت، خۆیانی لێ نەبان دەکەن و لێی هەڵدەگەڕێنەوە و زۆر جاريش دژایەتیی دەکەن. هەموو بیروباوەڕێک ئایینى، یان سیاسی تەنیا بە کردەوەى جوان و مرۆڤدۆستانەى هەڵگرانی ئەو بیروباوەڕە, لای خەڵک خۆشەویست دەبێ و بە پیریەوە دەچن.
با شتێکتان بۆ بگێڕمەوە کە بە داخەوە ناوی ئەو زانا ئاییینییەم بیر نییە کە باسی دەکەم. ئەو زانا بەڕێزە خەڵکی شامە و زۆریش بەناوبانگە. ئەو جگە لەوەى کە زۆر زانا و ئایینپەروەر و خۆشەویست بوو, لەڕووى داراییشەوە خوا دەرگایەکی خێری لێ کردبۆوە و ئەویش درێغیی نەدەکرد لە دەستگیرۆیی کەسانی نەدار و دەستکورت. ڕۆژێکیان چەند گەنجێکی موسڵمانی خوێنگەرم دەچنە خزمەتی و پێی دەڵێن لە فڵان گەڕەک ماڵێک هەیە ژنی بێ ڕەوشتی تێدا دەکرێ و گەنجان دەچن و لەوێ کاری ناشەرعی و بەدڕەوشتی دەکەن و ئەگەر بفەرمووى هەر ئێستا دەچین ماڵەکەیان بەسەردا دەڕووخێنێن. ئەو زانا ژیرە دەڵێ, نا ڕۆڵە خۆم چارەیان دەکەم با ئێوە تووشی گێرەو کێشە نەبن. دواى ئەوە یەکێک لەزاناکانی نزیکى خۆى بانگ دەکات و پێی دەڵێت: لە فڵان گەڕەک ماڵێک هەیە، گومانی کارى خراپەیان لێ دەکرێ و حەز دەکەم بچی بۆ لاى ئەو ژنانەى ئەوێ. ئەو زانایانەیان دەڵێ قوربان چۆن بەم سەرو مێزەر و جوببەوە بچم, ئاخر حەیای بە هەزار ساڵم دەچێ. زاناى گەورەمان دەڵێ ئەگەر تۆ نەچی من خۆم دەچم. ناچار دەڵێ باشە قوربان دەچم, بەڵام لەوێ چی بکەم و چی بڵێم؟ دەڵێ: سلاوى منیان پێ ڕایگەیەنە و بلێ دەیگوت خوا لێیان خۆش بێت و بیانخاتە سەر ڕێگاى ڕاستی خواناسی و ئەو پارەیەشیان بدەیە و بلێ ئەو پارەیەى بۆ ناردوون تا ناگزووریی خۆتانی پێ چارەسەر بکەن. کە ژنەکان چاویان پێی دەکەوێ سەرسامی دایاندەگرێ و کە دەشڵێ فڵان زانا ناردوومى سلاوتان لێ دەکات و نزای خوا لێ خۆشبوون و گەڕانەوەتان بۆ سەر ڕێگای خواناسی بۆ دەکات و ئەو بڕە پارەیەشی بۆ ناردوون نەوەک پێویستتان پێی بێت. ژنەکان هەر هەموویان لە پڕمەى گریانێ دەدەن و هەر لەوێ تۆبە دەکەن و غوسڵی تۆیە دەردەکەن. موسڵمانی ژیر بەم شێوەیە ڕێگاى خواپەرستی و کارى چاک پیشانی خەڵک دەدات.
دەڵێم ئەو ریشپانە شەیتانشێوانە کە لە هەموو شت دەچن ئادەمیزاد نەبێ و کچێکی قوڕبەسەری ساکارى وەک ( ژینا ئەمینی) یان لەسەر لەچەک نەکردن بە قژ ڕاکێشان بەو دەردە برد و هەر دیمەنی ئەو دڕندانە، ئەگەر لێشیان نەدایە هەترەشی دەچوو و زراوى دەڕژا. ئەگەر ژیر بوونایە وەک ئەو زانایەیان دەکرد بە قسەى خۆش و بە ئامۆژگاری وایاندەکرد کە ئەو کچە پەشیمان بێتەوەو بۆ خۆی لەچەک بکات و ئەو کوشت کوشتارەش ڕووى نەدەدا, بەڵام ئەوانە وەک حەمەى وەستا فەتاحەکەى لەمەڕ شێخ ڕەزان کە بە شیعرێ باسی ڕیشى کردووە و چەند دێڕێکی ئەو شیعرەتان پێشکەش دەکەم.
هەزار ئەفسوون و جادووى پێوە ئاوێزانە ئەو ڕێشە
عیــلاجی گەرببێ یا گووزە یا گوێــزانە ئەو رێشــە
بە ظاهر صافە وەک زیوى سپی ئەمما لە باطندا
رەش و پیس و مولە ووەس وەک بنی قازانە ئەم ڕیشە
کە دەرکەوتی دەزانم شێخ لەمن مەسروورە یا عاجز
حەمەى وەستا فەتاح لۆ حاڵی من میزانە ئەم ڕیشە
تا دەڵێ:
هەزار دەسبەند و هەوسارو گوریسی لێ دروست دەکرێ
بە سەت باتمان خوری گەر بیکڕی هەرزانە ئەم رێشە
یان نالی دەڵێ:
ڕیشەکەى پان و درێژە بۆ ڕیا خزمەت دەکا
ظاهرا هەر کەس بە طول و عـرضی ڕیشیدا ( ڕیا )
باشە ئەو بێ ئەخلاقانەى پێیان دەڵێن پۆلیسی ئەخلاق، خۆیان زۆر بە ئەخلاقن، تا خەڵک فێرى ئەخلاق کەن. ئاخر خۆ ئەوانە لە لێدان و کوشتن بەولاوە هیچی دیکە نازانن. ئەوانە پیاوکۆژان دەنێرنە هەندەران بۆ کوشتنی نیشتنانپەروەران و دەستنوێژ بە خوێنی قوربانییان دەشۆن ئەو ڕیشپانە مێزەر لینگە دەستاڕییانە نە ڕوویەکی خۆشیان هەیە و نە ڕەفتارو کرداریان ئادەمیزادانەیە و مرۆڤ کەسەیریان دەکات ترس دایدەگرێ و زوندەقی دەچێ وەکو دەڵێن: ( شەش کەس بچن بۆ بۆقێ, نەشیکوژن دەتۆقێ ). ئەوانە وەکو خواستى ئەو ژنەن کە داواى هەڵکەندنی وێنەی شەیتانی کردبو . مێژوو دەڵێ لەسەردەمی ( الجاحظ)د ا ژنێک دەچێ بۆ لاى زێڕنگەرێک و دەلی وێنەى شەیتانم بۆ لەسەر پارچە زێڕێک هەڵکەنە. زێڕنگەرەکە دەڵێ: ئینجا خۆ من شەیتانم نەدیوە. ژنەکە دەڵێ ئێستا بۆت دێنم. ژنەکە دواى گەڕانێکی زۆر چاوی بە ( جاحظ ــ جاحظ، واتە چاودەرپەڕیو) دەکەوێ و پێی دەڵێ بە ئەرک نەبێ کارێکم پێتە و دەیبات بۆ لاى کابراى زێرنگەر و دەڵێ وەکو ئەمە و ئیدى لێدەدا و دەڕوا. جاحظ واقی و ڕدەمێنێ لە زێڕنگەرەکە دەپرسێ, ئەمە چییە؟ کابراش دەڵێ ئەو ژنە هاتە لام و داواى کرد وێنەى شەیتانی بۆ لەسەر پارچە زێڕێک هەڵکەنم و منبش گوتم نازانم شەیتان چۆنە و ئەویش ڕۆیشت و تۆی بۆ هێنام و گوتی وەکو ئەمە. دەڵێم ئەگەر ئێستا بوایە ژنەکە ئەو ئاخوندە ڕیشپانانەى دەگرت و دەیبردنە لاى کابراى زێرنگەر و دەیگوت وەکو ئەمانە. قسەى دیکەم ماوە, بەڵام با گلەیی خۆشەویستانم نەیەتە سەر و دیسان بڵێن بابەتەکە درێژە, پشت بەخوا لە خرتکەى داهاتوودا تەواوى دەکەین و خواى پەروەردگار بتانپارێزێ.
- بابەتەکانی تری عەبدولکەریم شێخانی
عەبدولکەریم شێخانی: خرتکەو پرتکە – بەشی چل و نۆ.
-عەبدولکەریم شێخانی: خرتکەو پرتکە – بەشی چل و هەشت.
-عەبدولکەریم شێخانی: خرتکەو پرتکە – بەشی چل و حەوت.
- All Posts