ڕەووف محەمەد ئالانی: پەروەردە، گرفتی جیاکاری مناڵی مامۆستا و مناڵانی تر.
لەو کاتەوەی من بیرم بێت، پێش تەمەنی منیش گرفتی مناڵی مامۆستا لەقوتابخانەکاندا هەبووە، ئێمەی مناڵی هەژاران ئای چەند دڵمان بەخۆمان دەسوتا، ئەوکاتانەی مناڵێکی مامۆستا لەپۆلەکەمان ئەبوو، چونکە ئەو نازداری پۆل بوو، لای هەندێ لەمامۆستاکان، بە لێوی بەخەندەوەو قسەی خۆشەوە، ڕاوێژی لەگەڵ دەکراو کام شوێنەی پێخۆش بوایە ئەو شوێنە تاپۆی خۆی بوو، جارجارەش نازێکی بەسەر مامۆستادا دەکرد، مامۆستاش بەزەردەخەنەو سەرلەقاندنێک داواکەی قبوڵ دەکرد، وەک چۆن ئێستا مناڵانی بەرپرس خواپێداون و لەهیچیان کەم نیە، کام قوتابخانەو خوێندنگەیان بوێ بەپارە لێی دەخوێنن، پاش چەند ساڵێکیش نەوەیەکی بێ مەعریفەو دوور لەزانست دێنە ناو کایەی ژیان و ئەوان ووڵات بەڕێوە دەبەن، بۆ ئەو سەردەمەی ئێمەش مناڵی مامۆستا وەها بوون، زۆربەی مناڵان حەزیان دەکرد لەو مناڵانە نزیک ببنەوە، ئێستا تێدەگەم لایەنی کۆمەڵایەتی و دەروونی و جیاکاری و چینایەتی ئەوەیان خولقاند بوو. بەڵام ناکرێ دەست خۆشی لەهەندێ مامۆستا نەکرێت و لەوانی تر جیانەکرێنەوە، کە وەسەردەم و زەمانە خۆیان لەو کارە دزێوو ناشیرینە بواردووە، چونکە ئەو مامۆستایانە هیجکات نەیان دەهێشت مناڵی مامۆستایان لە ئێمەی مناڵانی تر جیاببنەوە، تەنانەت مامەڵەی ناو پۆل و بەشداری پێکردنی وانەکەش، هەر بۆیە ئێمەی مناڵ لە وانەی ئەو مامۆستایانەدا دڵمان زۆر خۆش دەبوو.
من نامەوێ لەشکۆی بەرزی مامۆستایان کەم بکەمەوە، بەڵام وەک مامۆستایەک و چاودێرێکی بواری پەروەردە، ئەوەی لای من و خەڵکانی تر دەبێتە باس و خواس پێویستە هەڵوێستەی لەسەر بکەم، بەمەبەستی وەرگرتنی ئاراستەی دروست و چارەسەرکردنیان.
پەروەردەی هاوچەرخ و مۆدێرن، کار لەسەر کەلێنەکانی ناو کایەکە دەکات و ناهێڵێت ببنە دەلاقە، چونکە کەوای لێهات دیواری پرۆسەکە بەسەرمناڵان و هەموو ئەوانەدا دەڕوخێت کە لەناو ئەو بینایەدان، پاشان رەنگدانەوەی بۆ سەر هەموو کۆمەڵگە بەخراپ دەکشێتەوەو بەرەو وێرانە ئاراستە وەردەگرێت.
باسکردن و بینینی ئەو دیاردە دزێوەی بۆتە مۆتەکەی زۆربەی مناڵان و گەورەکانیش، بۆ مناڵان ئێستایان دەبێتە خەم و ئاڵۆزی و بۆ گەورەکانیش یادەوەری تاڵ، بۆ دەبێ مناڵی مامۆستایان خۆشبەخت بن و مناڵە هەژارەکان بێبەخت بن؟
ئەو مامەڵە نادروستەی لەقوتابخانە و خوێندنگەکاندا دەکرێت، وێرانکردنی پرۆسەی پەروەردەو دەروونی تاکەکانە، ئەوان بۆ هەر دەبێ نمرەکانیان نایاب بێت و لەسەرووی نمرەی ئەوانی تر بێت؟
بۆچی بۆ مناڵی مامۆستا ڕەوا بێت بچێتە ژووری مامۆستایان و پێشوازی پڕ خەندەوخۆشی لێبکرێت؟ بەڵام کاتێ مناڵێکی تر بەئیشێک دەچێتە نزیک ژووری کارگێڕی, یان مامۆستایان، وا دەردەکرێت و دڵی دەشکێنرێت، نازانێ چۆن بگەڕێتەوە پۆلەکەی خۆی، پێدەچی بۆ چەند ڕۆژێ ئەو دڵتەنگیە یەخەی بەرنەدات.
تەنانەت, نان خواردنی بۆنەکان مناڵانی مامۆستایان جیادەکەنەوە، دایکێک یان باوکێک کە بەڕاستی مامۆستا بن، هیچکات ڕێ بەخۆیان نادەن مناڵەکانیان لە هاوڕیکانیان جیابکەنەوە، بەڵکو کارێک دەکەن کەدڵی مناڵانی تریش خۆش بکەن و جیاکاری نەکەن، ئەوانە بەڕاستی مامۆستان.
(ناپلێۆن پۆنابارت 1769 – 1821) ڕۆڵی ئەو کەس و لایەنانە بەرز دەنرخێنێت کەبەباشی پەروەردە ئاراستە دەکەن، وایان باس دەکات وەک ئەوەی دەرگای زیندان دابخەن و دەڵێت (ئەوەی قوتابخانە بکاتەوە زیندانێک دادەخات).
کەواتە ئەگەر بمانەوێت پەروەردە لەوزیندانە دوور بخەینەوەو بیکەینە شوێنی ژیان، دەبێت وەزارەتی پەروەردە بە بڕیار ئەو جیاوازیکردنە لەنێوان مناڵانی مامۆستایان و مناڵەکانی تر نەهێڵێت و ڕێی لێبگرێت، هەموو ساڵێک گلەیی و گازندەی خەڵک دەبیسترێت، بەتایبەتی کاتی وەرگرتنەوەی نمرەی قوتابیان و خوێندکاران، چونکە نادادیەکی زۆر بەدیدەکرێت، لەنێوان نمرەی قوتابیان و مناڵانی مامۆستایانی ئەو قوتابخانەو خوێندنگەیانەی ئەو جیاوازیە دەکەن، هەرخۆم ساڵانە ڕووبەڕووی پرسیاری چەندین کەسوکاری قوتابیان بومەتەوە، کە نادادی و غەدریان بۆباس کردوم کەلەمناڵەکانیان کراوە.
قوتابخانەو خوێندنگە پێویستە پڕبێت لەزەردەخەنەو خۆشی، نەک جیاوازیکردنی مناڵانی ناو ئەو ژینگە پەروەردەییە.
(فرجیل) هونەرمەند و نوسەر و شاعیردەڵێت: (منداڵەکە دایکی بە زەردەخەنەکەی دەناسێتەوە) لەمەوە دەردەکەوێت مناڵان هەست بە هەموو جۆرە مامەڵەیەک دەکەن کەبەرامبەریان دەکرێت، وەک چۆن زەردەخەنەی دایکی دەناسێتەوە.
بەو هیوام ئەم وتارە هاندەربێت بۆ هەموو مامۆستایان، کە چاودێریەکی ووردی ئەم حاڵەتانە بکەن و نەهێڵن ببێتە دیاردە، لەلایەکی تر لەڕێگەی ئەم بۆچوون و سەرنجانەی منەوە، وەزارەتی پەروەردەو بەڕێوەبەرایەتیە گشتیەکانی پەروەردە، بڕیارو ڕاسپاردەی گونجاو لەم ڕووەوە دەربکەن، لەڕێگەی لایەنە تایبەتمەندیەکانەوە، چاودیری قوتابخانەو خوێندنگەکان بکەن و رێگربن لەوجۆرە مامەڵە ناردوستەی ناو پرۆسەی پەروەردە.