عەبدوڵا کەریم مەحمود: بوژانەوەی دڵ!
لە سەرەتای شەستەکاندا، حسین محەمەد ئەحمەد و شەهید كامیل ئیبراهیم و تۆفیقی مام هیدایەت و نوری عەلی عاربانچی و فاروق حسین و محەمەد مەحمود و خالید ئەحمەد و عەبدوڵلا کەریم، لە گەڕەکی شەخسەکەی ئابڵاخ بووین بە هاوڕێ ی (شەهید ئەحمەد حەمە عەلی ئابڵاخی و شەهید جەبار کەریم و محەمەد مەردان و ئەکرەم حسین و خالیدی مەلا عەبدوڵڵا و سابیرە رەش و نەجمەدین ی خەتات، لە گەڕەکی پیر شێخ و ئابڵاخ.
لە پشت خانووە قوڕەکانی گەڕەکی شەخسەکەی ئابڵاخ، تا زەرگەتە و کانی کوردە و کانی سپیکە و کانی بەردینە، هەمووی دەغڵو دان بوو. ئەو سەردەمە خاڵی پشکنینی شاری سلێمانی و ویستگەی ئامانەکەی سەرچنار – بەردەرکی سەرا ، لەسەر شەقامی سالم بوو، لە لای ویستگەی کارەباکە ی شار، بەرامبەر یانەی ئەندازیارانی ئێستا.
ئێمە رۆژانە ئەو کرێکارێکارانەی ئابڵاخمان دەبینی، بە شان قۆڵ و بازوی خۆیان و بە بێڵ و چەکوش، خەریکی دەرهێنانی بەرد بوون، لە کانە بەردەکانی( گردی ئەندازیاران و رەعایە شەباب و زنجیرە گردەکان )ی شاری جوانی ئێستا.
ئێمە هەموومان پێکەوە یاری و شەڕە گەڕەکمان دەکرد و ئاشتیش دەبووینەوە، ئەوەندە بزێو و قیرسچمە بووین، پێکەوە هەموو گردەکانی دەوری گەڕەک دە گەڕاین، رۆژانی چوار شەموان و هەینی، لە کاتی سەیران و زیارەتی خەڵکی شار بۆ نزا لە شەخسەکەی ئابڵاخ، ئێمە کاتەکانمان بە راوە ماسی و مەلەی گۆمە کەی بەردەم دوو کانییەکە بەڕێ دەکرد.
ئاوی هەردوو کانیەکەی سەرووی شەخسەکە، لەو گۆمەدا کۆدەبوەوە و بە دوو چەمدا، بە خوار شەخسەکەدا، تێ دەپەڕی بۆ ناو بێستانی ئابڵاخییەکان.
لەو سەردەمانەدا، لە گەڵ محەمەدی مەردان، لە یاری دووگۆڵی گەڕەکاو گەڕەک و لە تیپی تۆپی پێی هونەر و چەند بۆنەیەکدا، بووین بە هاوڕێ و لە زۆر راوبۆچندا، لەیەک نزیک بووین.
محمەد مەردان لە هەموو هەڵسوکەوت و هەڵوێستەکانیدا، بەهای جوانی مرۆڤ و مرۆڤایەتی و هاوڕێی رۆژانی تەنگانە بوو، نمونەی شکۆی راستگۆ یی و ئەدەب و رێز و و ەفا و ئەمەک بوو، لە ساڵی 1977 دا، محەمەدم لە بەردەم کتێبخانەی شانۆ لە شەقامی کاوە بینی، سەرقاڵی کڕینی کتێب بوو، زۆرم پێ خۆش بوو، وەک هاوڕییەک پێم وت: زۆرم پێ خۆشە، ماوەیەکە، بوویت بە هاوڕێ ی رۆژنامەو گۆڤار و کتێب، ئەم هاوڕێیانەت، وەک خۆت بەوەفان، رۆژێ لە رۆژان، دەستبەرداریان نەبیت.
دوای ئەنفال
لە پایزی 1989 محەمەدی مەردان لە خانوویەکی کرێ، لە گەڕەکی چوارباخ لە ناو شاری سلیمانیدا دەژیا، بە چاو نەترسی خۆی، ئەو خانووەی کردبوو، بە حەشارگەی ئەو پارتیزانانەی لە شارباژێر و سەرسنوورەوە، بە نهێنی خۆیان دەکرد بە شاردا:
( جەلال سیرەمیرگی و سەلاح لیوا عەشرین و وەستا جەمال و شەهید خاڵە بەکر و هاوڕێ نوری و رزگار کەریم باقی و دلاوەر عوسمان و عادل کەرکوکی و بیستون و وەستا عەبدول و جەزا پوشێنی و رزگار حاجی کەریم و شەهید عوسمان بڕنەو شەهید کاوە کەڵۆز و سمایلی بەتالیونی 7 و شەهید ئاکۆ کەرکوکی و شەهید هیوا مام فەتاح و شەهید سالار ).
محەمەدی مەردان و سروەخانی هاوسەری، خواردن و هەموو پێویستییەکیان بۆ دابین دەکردن، محەمەد بە پاسە پۆلۆنیەکەی ئەو پارتیزانانەی لەم ماڵەوە دەبرد بۆ ئەو ماڵ و لەم گەڕەکەوە دەیگواستنەوە بۆ ئەو گەڕەک.
سروەخان چەندان جار کڵا شینکۆف و دەمانچەو نارنجۆک و تاقمی فیشەکدانی پارتیزانەکانی لە ژێر عەباکەیەوە لە خۆی دەبەست و دەیگەیاندە شوێنی دیاری کراو.
کرانەوەی سنگ
لە سەعات 8 و 30 ی بەیانی ، 23. 5 . 2023 لە گەڵ بەختیاری مەلا عیزەت و خالید ی مەلا عەبدوڵڵا روومان کردە، نەخۆشخانەی بوژانەوەی دڵ ،لە پرسگەکە بواریان پێ دام، رووم کردە ژوورەکەی محەمەد مەردان، لە نهۆمی خوارەوە لە گەڵ محەمەد باوەشمان کرد بە یەکدا، وەک جاران بە ئیرادەی پۆڵاین، بە ورەیەکی باڵا و بە ئەدەب و رێزەوە دەدوا، بەڕووە خۆشە کەی و بە نوکتە حازر بە دەستەکانی هەموومانی خستە پێکەنین.
لەو کاتەدا دکتۆرە کەی گەیشتە لای و چەند پرسیارێکی لێ کرد و لەوەڵامدا وتی: دوو جار نەشتەرگەریم بۆ کراوە، شەکرەم هەیە، ئێستا و هەموو کاتێ ئاسایم، ئامادەم بۆ نەشتەرگەری کرانەوەی سنگ و دڵ.
لەو ساتەدا محەمەد هەردوو دەستی بەرز کردوە و لە گەڵ دکتۆرەکەدا خۆیان کرد بەهۆڵی نەشتەر گەریدا.منیش لە قادرمەکانی نهۆمی خورەوە، بەرەو نهۆمی سەرەوە هەنگاوم نا، ئەو رۆژەم هاتەوە یاد:
ئێوارەیەکی زستانی 1990 بوو، بە رێکەوت محەمەدی مەردانم لە شەقامی کاوە بینی، بەهەمان هەست و پەرۆشی و هەستی جوانی هاوڕێیەتی جارانەوە وتی: دەمێکە دەمەوێت بتبینم، ئەو نوسینانەم دەوێت، لە بڵاو کراوەکانی شاخ و لە گۆڤاری نووسەرانی شاخ بڵاوت کردوەتەوە!
ئەو نەیدەزانی چەند رۆژێک لەمەوەوبەر، لە شعبەی 5 ی زیندانی ئیستیخباراتی گشتی کازمیەی بەغداد و لە زیندانی ژمارە یەکی معسکر رەشیدی بەغداد و لە زیندانی داخراوی مەرگی ئەبوغرێب ئازاد کراوم، نەیدەزانی لیستی ناوی من و 400ندانی تر برابووە بەردەم سەدام حسین، لە بری ئەوەی ئیمزای گولە باران کردنمان بکات، بە مکرمەیەک، ئازادی کردوین.
پێ یان وتین:
– ئێوە لە ژێر چاودێردان، گەر ئەمجارە دەسگیر بکرێن، یەکسەر گولە باران دەکرێن.
لەو کاتەدا بەختیاری هاوڕێ م بانگی کردم.
– ئەمجا زانیم، لە ئەبوغرێب نیم، لە بوژانەوەی دڵم.