بورهان شێخ رەئوف: قەیرانی نیشتەجێبوون لە عیراقدا.
قەیرانی نیشتەجێبوون لە عیراقدا قەیرانێكە هەم كۆنە و هەم نوێشە، بەڵام كەڵەكەبووی قۆناغەكانی پێشترە و ئێستاش چەند هێندە زیادیكردووە تا بۆتە یەكێك لە سەختترین قەیرانەكانی گوزەرانی هاونیشتمانیانی عیراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە.
فاكتەرەكانی پشت ئەم قەیرانە زۆرن، ناكرێت تەنها هۆكارێكی هەبێت، بۆیە شێوازەكانی چارەسەركردنیشی فرەن، چارەسەرێكی سیحریش لەبەردەستدا نییە هەموو بەربەست و رێگرییەكان لاببات.
هەوڵدەدەم بەكورتی فاكتەرە سەرەكییەكانی بخەمەڕوو بەو هیواییەی بتوانرێت چارەی بۆ بدۆزرێتەوە لە داهاتوودا:
1- نەبوونی نەخشەو پلان و گەندەڵیی كارگێڕی گورزێكی گەورەی لە كەرتی نیشتەجێبوون داوە لە عیراقدا كە هاووڵاتیان باجەكەی دەدەن، بەتایبەتی گەندەڵی كارێكی وایكردووە كە بەشی زۆری ئەو پڕۆژانەی خراونەتە بواری جێبەجێكردنەوە، كارەكانیان بووەستێنن. هەروەها بوونی پڕۆژەی وەهمی زۆر لە وڵاتدا و ناردنە دەرەوەی بە پڕۆسەی سپیكردنەوەی پارەكە، جگە لەوەش لاوازیی دامودەزگاكانی دەوڵەت لە سزادانی تاوانباران و بیرۆكراسی و رۆتین و تەشقەڵە و شەڕفرۆشتن بە وەبەرهێنەران و زۆرشتی تریش.
2- زیادبوونی دانیشتووانی عیراق لە شەش دەیەی پێشوودا، تا گەیشتۆتە سەرووی 40 ملیۆن كەسەوە، ئەم هەڵكشانە خێرایە لە ژمارەی دانیشتوواندا هاوتا و هاوتەریب و هاوسەنگ نییە لەگەڵ گەشەكردنی ژێرخانی نیشتەجێبوون و خزمەتگوزاریی پێویست.
3- ناهاوسەنگی نێوان خواست و خستنەڕوو لە بازاڕی كەرتی نیشتەجێبوون، لە ئەنجامی هەڵكشانی ژمارەی دانیشتووان، خراپ هەڵسوكەوت كردن لەگەڵ داخوازی و پێداویستییەكانیدا، لە ئاسۆوە قەیرانێكی گەورەی نیشتەجێبوون دەركەوتووە، كە داخوازییەكی زۆر لەسەر یەكەی نیشتەجێبوون هەیە بە تێكڕای 50 تا 100 هەزار یەكە لە ساڵێكدا.
ئەم داخوازی و پێداویستییە ساڵانە كەڵەكەبووە، كە ئێستا خۆی لە ملیۆنان یەكەدا دەبینێتەوە، لەبەرئەوەی ئەم قەیرانە لە سەرەتای سەرهەڵدانییەوە چارەی بۆ نەدۆزراوەتەوە وەكو پێویست، نەبوونی هاوسەنگی لە نێوان خواست و خستنەڕوودا، نرخی خانووبەرە بە شێوەیەكی ئێجگار زۆر بەرزبۆتەوە، بە جۆرێك نرخی خانووبەرە لە هەندێك شاری عیراقدا لە پایتەختەكانی ئەوروپا گرانترە.
4- گۆڕانكاری لە سروشتی كۆمەڵگەدا، ئەگەر جاران خێزانەكان لە ژوورێكدا دەژیان كوڕ لە ماڵی باوكیدا ژنی دەهێنا، ئێستا ئەو دۆخە گۆڕاوە و هەموو خێزانێكی نوێ پێویستی بە یەكەیەكی نیشتەجێبوونی تایبەت بەخۆی هەیە. ئەو كێشەیە رێژەی جیابوونەوەشی زیادكردووە لە نێوان ژن و پیاودا و كاریگەریی زۆریشی لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی خانووبەرە دروستكردووە.
5- كۆچ لە لادێ-وە بۆ ناو شارەكان رۆڵێكی زۆری بینیووە لە قەرباڵغی و بەرزبوونەوەی نرخی خانووبەرە.
6- گرنگی نەدان بە بیناو تەلاری نیشتەجێبوونی ستوونی، سەرەڕای بوونی قەیرانی نیشتەجێبوون و كەمیی زەوی نیشتەجێبوون، بەڵام هێشتا حكومەت گرنگی زۆر بە بنیاتنانی تەلاری ستوونی نەداوە كە ئەوە چارەسەرێكی گونجاو و ریشەییە بۆ قەیرانی نیشتەجێبوون.
وەكو لە سەرەتاەوە ئاماژەم پێكرد، هەمان ئەو فاكتەرانە هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە.