ڕۆدۆڵف ڕۆکەر: مارکس و ئەنارکیزم – بەشی چوارەم.
و: زاهیر باهیر
مارکس وەک سەرنووسەری ڕۆژنامەی ڕینیش زایتونگ، (Rheinische Zeitung ) کە یەکێکە لە ڕۆژنامە پێشەنگەکانی دیموکراسی ئەڵمانیا، لەو ڕێگایەوە بە گرنگترین نووسەرانی سۆسیالیستیی فەرەنسا ئاشنا بوو ، هەرچەندە خۆی هێشتا پشتگیری لە دۆزی سۆسیالیستی نەکردبوو.
پێشتر باسمان لەوە کردووە کە لە نوسێنێکیدا ئاماژە بە ڤیکتۆر کۆنسیدرانت و پیێر لیرۆکس و پرۆدۆن (Victor Considerant ، Pierre Leroux، Proudhon) دەکات و گومانی تێدا نییە کە کۆنسیدرانت و پرۆدۆن ئەو مامۆستایانە بوون کە ئەویان بۆ سۆسیالیزم ڕاکێشاوە. بێ هیچ گومانێک، کتێبی موڵکیەت چییە؟ کاریگەرییەکی سەرەکی بوو لەسەر گەشەکردنی مارکس وەك سۆسیالیستێك. بەم پێیە لە گۆڤاری دەوریدا، باسی پرۆدۆنی ئیلهامبەخش بە “خۆڕاگرترین و ژیرترین نووسەرانی سۆسیالیستی” ناودەبات[7 ] .
لە ساڵی 1843دا کە سانسۆری برۆسسیا ‘ ڕینیشە زایتونگی’ (Rheinische Zeitung) بێدەنگ کرد، مارکس وڵاتی بەجێهێشت و هەر لەو قۆناغەدا بوو کە بەرەو سۆسیالیزم هەنگاوی نا. ئەم گۆڕانکارییە لە نامەکانیدا بۆ نووسەری بەناوبانگ ئارنۆڵد ڕوج (Arnold Ruge) تێبینی کراوە و تەنانەت زیاتریش لە بەرهەمەکەیدا بە ناوی “خێزانی پیرۆز، ڕەخنەیەك لە ڕەخنەی ڕەخنەگرانە” کە بەیەکەوە لەگەڵ فرێدریك ئەنگڵس بڵاویکردووەتەوە، تەواو دیار و بەرچاوە. کتێبەکەی ساڵی 1845 ی بە ئامانجی جەدەلکردن لە دژی ئەو مەیلە دەرکەوت کە بیرمەندی ئەڵمانی برۆنۆ باوەر (Bruno Bauer ) [8 ] سەرۆکایەتی دەکرد. سەرەڕای بابەتە فەلسەفییەکان، کتێبەکە باسی ئابووری سیاسی و سۆسیالیزمیشی کردووە و بە تایبەتیش ئەم بەشانەن کە لێرەدا پەیوەندییان بە ئێمەوە هەیە.
لە هەموو ئەو بەرهەمانەی مارکس و ئەنگڵس چاپیان کردووە، ‘ خێزانی پیرۆز’ [The Holy Family ] تاکە بەرهەمە کە وەرنەگێڕدراوەتە سەر زمانەکانی دیکە و سۆسیالیستە ئەڵمانییەکان چاپیان نەکردووەتەوە. ڕاستە، فرانز مێهرینگ، [Franz Mehring ] جێبەجێکاری ئەدەبییاتی مارکس و ئەنگڵس، بەهاندانی حزبی سۆسیالیستی ئەڵمانی، لەگەڵ نووسینەکانی دیکەی ساڵانی سەرەتای خۆیان وەك سۆسیالیستە چالاکەکان ‘خێزانی پیرۆزیان’ بڵاوکردەوە، بەڵام ئەمە دوای شەست ساڵ لە دەرچوونی بۆ یەکەمجار ئەنجامدرا. هەروەها هۆکارێکی دیکەش بڵاوکردنەوەکەیان بۆ کەسانی موتەمەکین و پسپۆڕان بوو، بەو پێیەی کڕینی بۆ کرێکار زۆر گران بوو. جگە لەوەش، پرۆدۆن ئەوەندە نەناسراو بوو لە ئەڵمانیادا، تەنیا زۆر کەم کەس دەرکیان بەوە کردووە کە کەلێنێکی گەورە لە نێوان ئەو بۆچوونانەی کە مارکس لە یەکەم جاردا لە سەر ئەو و نوسینەکانی دەریبڕیون و ئەو بۆچوونانەی کە دواتر هەیبێ.
لەگەڵ ئەوەشدا کتێبەکە بە ڕوونی گەشەسەندنی سۆسیالیزمی مارکس و ئەو کاریگەرییە بەهێزە نیشان دەدات کە پرۆدۆن بەسەر ئەو گەشەسەندنەدا هەیبوو. لە کتێبی ‘خێزانی پیرۆزدا’ مارکس دان بەوەدا دەنێت کە پرۆدۆن هەموو ئەو شایستەیانەی/ تایبەتمەندییانەی هەیە، کە دواتر دەکرا مایەی بایاخ و ڕینمایی بێت بۆ مارکسییەکان.
با بزانین لەم بارەیەوە لە لاپەڕەی 36دا چی دەڵێت:
“هەموو دیراسەکان لەسەر ئابووری سیاسی، موڵکییەتی تایبەتی بە شتێکی ئاسایی وەردەگرن و حاشا هەڵنەگرە، ئەم بنەما بنەڕەتییە بۆ ئەوان ڕاستییەکە جێی مشتومڕ نییە کە هیچ لێکۆڵینەوەیەکی زیاتری بۆ تەرخان ناکەن، لە ڕاستیدا ڕاستییەکەی کە قسەی لەسەر دەکرێت تەنها “ڕێکەوتە ” ، وەک ئەوەی’سەی’ (Say ) ساویلکانە دان بەوەدا دەنێت [9 ] . بەڵام پرۆدۆن لێکۆڵینەوەیەکی ڕەخنەگرانە دەکاتە یەکەم لێکۆڵینەوەی یەکلاکەرەوە و بێبەزەیی و لە هەمان کاتدا زانستیی لەسەر بنەمای ئابووری سیاسیی، موڵکییەتی تایبەتیی. ئەمە ئەو پێشکەوتنە زانستییە گەورەیە کە کردوویەتی، پێشکەوتنێک کە شۆڕشێک لە ئابووری سیاسیدا دەکات و بۆ یەکەمجار زانستێکی ڕاستەقینەی ئابووری سیاسی دەکاتە مومکین. کتێبەکەی پرۆدۆن ‘ موڵکییەت چییە’ بۆ ئابووری سیاسی مۆدێرن هێندەی کارەکانی’ سێیس’ گرنگە کە ‘ سێیەم ئیستەیتە’*** (The Third Estate )بۆ سیاسەتی مۆدێرن”.
جێگای سەرنجە کە ئەم قسانە بەراورد بکەین لەگەڵ ئەوەی کە مارکس دواتر لەبارەی بیرمەندی گەورەی ئەنارکیستەوە دەیگوت. لە کتێبی ‘خێزانی پیرۆزدا’ سەبارەت بە کتێبەکەی پرۆدۆن ‘موڵکییەت چییە؟’ دەڵیت یەکەم شیکاری زانستییە بۆ مەڵکییەتی تایبەتیی و ئەوەی کە ئەگەری دروستکردنی زانستێکی ڕاستەقینەی لە ئابووری نیشتمانییەوە کردەوە. بەڵام لە نامە مەشوورەکەی کە بۆ مردنی پرۆدۆن بۆ سۆزیالدێمۆکرات-ی نوسی ،( Sozialdemokrat ) هەمان مارکس ئیدعای ئەوە دەکات کە لە مێژوویەکی زانستی تەواوی ئابووریدا ئەو کارە بەدەگمەن باسکردنێک هەڵدەسەنگێنێت.
* وەرگێڕانی ئەم ئەم وتارە بە مەبەستی چەلەحانێی نێوانی مارکسییەکان و ئەنارکیستەکان نییە، بەڵکو بۆ ڕوونکردنەوە، یا تیشك خستنە سەر هەندێك لایەنی تاریکی دوو کەسایەتی زۆر گەورەیە کە مارکس و پرۆدۆنە. بەتایبەت مارکس کە مارکسییە کوردەکان بە ئاگای ئەوە نین کە مارکسی لاو ، لاوێکی یاخیی، کۆمۆنیست بووە، بەڵام مارکسی بە تەمەن ڕادیکالییەکەی وردە وردە کاڵ دەبێتەوە تا ئەو جێیەی کە خەباتی پڕۆلیتاریا بەرەو پەڕەلەمانتاریزم دەبات.
بەڕای من زەروورە کە مارکس وەکو خۆی کە بووە ببینین، نەك وەکو ئەوەی کە دەمانەوێت.
* پێش شۆڕش، کۆمەڵی فەرەنسی بەسەر سێ ڕیزبەندی / پۆلینە یان ئیستەیتەکانی پاشایەتیدا دابەش بوو بوو – ئیستەیتی/ پۆلینەی یەکەم ( قەشە و کاهین و ڕۆحانییەکان)، ئیستەیتی/ پۆلینەی دووەم ( نوبەلاکان / ئەشراف) و ئیستەیتی/ پۆلینەی سێیەم( خەڵکانی ئاسایی ) کە دژ بە پاشایەتی و دەسەڵاتداران بوون کە نزیکەی 27 ملیۆن کەس ژمارەیان بوو، واتە لەسەدا 98ی دانیشتوانی فەرەنسای ئەو کاتە. ئەم ئیستەیتە کە لەو دوانەی تر ژمارەیان زیاتر بوو بەڵام لەبەرچاو ون بوون واتە لە ڕوی سیاسییەوە حسابیان بۆ نەدەکرا، نوێنەرایەتی نەبوو لە حکومەتدا و هیچ کاریگەرییەکی لەسەر حکومەت نەبوو. ئەندامانی ئیستەیتی سێیەم لە سواڵکەر و کۆڵبەری تێکۆشەرەوە تا دەگاتە پیشەکاران و کرێکارانی شار؛ لە دوکاندار و چینی ناوەندی بازرگانییەوە تا دەوڵەمەندترین جوتیاران و دوکانداران و بازرگانانی بچوك. سەرەڕای قەبارەی گەورەی ئەم بەشە و گرنگی بینینی ڕۆڵیان لە ئابووریدا، تاڕادەیەك هیچ ڕۆڵێکی لە حکومەت یان بڕیاردانی ڕژێمی ئەو کاتەدا نەبوو. بێزاری و ناڕەزایی و ئازارەکانی ئەم بەشە لە خەڵکی، بوونە هۆکاری سەرەکی شۆڕشی فەرەنسا.
[7] Rheinische Zeitung, 7 January 1843.
[8] B. Bauer : بی.باوەر یەکێک بوو لە ئەندامە بەئەمەکەکانی بازنەی بەرلین “ئازاد”، کە کەسایەتییە دیارەکانی جیهانی بیری ئازادی ئەڵمانی (نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدەهەم) لەوێدا دەبینرا. کەسایەتییەکانی وەک فۆیەرباخ، نووسەری کتێبی جەوهەری مەسیحیەت، کە بەرهەمێکی قووڵی بێدینیە، یان ماکس ستێرنەر، نووسەری کتێبی ئیگۆ و خۆی. بیری پاوانخوازانەی کارل مارکس لەگەڵ بیرکردنەوەی ئازادی بی.باوەر و هاوڕێکانیدا لە بەیەکداداندا بوو. لە نێویاندا نابێت ئی.باوەر لەبیر بکەین، کە کتێبەکەی Der Kritik mit Kirche und Staat [ڕەخنەیەک لە کەنیسە و دەوڵەت] بوو بە تەواوی، لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە چاپی یەکەم 1843 دەستی بەسەردا گیرا و سووتێنرا . چاپی دووەم (بێرن، 1844) بەختی باشتری هەبوو. بەڵام نووسەر خۆی نا، بەهۆی بیرۆکە دژە دەوڵەت و دژە کڵێساکانیەوە تەنها سزای بەسەردا سەپێندرا و زیندانیکرا. (تێبینی سەرنوسەر.)
[9] J. B. Say, ئابووریناسێکی ئینگلیزی ئەو سەردەمەیە کە بەرهەمە تەواوبووەکانی ماکس ستێرنەر وەریگێڕاوە بۆ زمانی ئەڵمانی. فۆبیای کارل مارکس بۆ بیرمەندی ئەنارکیستی فەرەنسی (وەک دەزانین هەژاری فەلسەفەی ڕەخنەیەکی بەردەوامە لە فەلسەفەی هەژاری پرۆدۆن) یان بۆ ئازادبیرانی ئەڵمانی (کتێبی بەرفراوانی بەڵگەنامەکانی سۆسیالیزم هەوڵێکی بێهودە و پێکەنیناوییە بۆ ئەوەی کەمێک لە(زە ئیگۆ و خۆی – ماکس شتێرنەر)، هەروەها دژی ئەم کۆمەڵناسە ڕاپەڕیوە، کە لەو کاتەدا زۆر باسی لێدەکرا لەلایەن هەر کەسێکەوە کە ڕەخنەی لە دەوڵەت بوو و هەوڵی ڕزگاربوون لە ستەمکارییەکەی دەدا. (تێبینی سەرنوسەر)